cover

سیفەتی میهرەبانی لەرزۆک نییە

بازرگانی ڤینیسیا نغرۆبوونە لەو ساتە مێژووییەی کە تێیدا سەرمایەداری لەدایکبوو

 

سیفەتی میهرەبانی لەرزۆک نییە

بازرگانی ڤینیسیا نغرۆبوونە لەو ساتە مێژووییەی کە تێیدا سەرمایەداری لەدایکبوو

 

ملادن دۆلار

وەرگێڕانی: ئەرسەلان ئەفراسیاو


یەکەم

بەناوبانگترین قەرز لە مێژووی قەرزدا -کە بەپێی دەیڤد گریبەر[1] مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا- ئەو سێ هەزار ملەلیرەیە کە شایلۆک بە وادەی سێ مانگ بەشێوەی قەرز دای بە ئەنتۆنیۆ، بازرگانەکەی ڤێنیسیا. ئەو قەرزەی کە ئەگەر لە ماوەی خۆیدا نەدرێتەوە، وەک شایلۆک پاش بیرلێکردنەوەیەکی "گاڵتەئامێزانە" ئاماژەی پێکرد، باجەکەی بریتی دەبێت لە "ڕەتڵێک[2] گۆشتی زیندووی تۆ، هەر شوێنێکی جەستەتم پێ خۆش بێت لەوێی دەکەمەوە"[3]. ئەم قسە گاڵتەئامێزە بەناوبانگە بەر لە هەر شتێک دەمانخاتە ناو هاوکێشەیەکەوە کە ڕاستەوخۆ دەچێتەوە سەر کرۆکی قەرز: مرۆڤ بە گۆشت قەرزارە. مرۆڤ هەمیشە [گۆشتی خۆی لە بارمتەی قەرزەکانیدا داناوە] و قەرزارە بە گۆشت. قەرز بە تەنها پەیوەندییەکی ئابووری نییە، بەجۆرێک کە ڕێز لە گرێبەستی قەرزەکە بگیرێت و ئەو پارەی قەرزکراوە لە وادەی خۆیدا بدرێتەوە، چ بە سوودەوە بێت یان بەبێ سوود -لێرەدا دەبێ بڵێم شایلۆک، ئەو سووخۆرە بەدناوەی کە نموونەی سووخۆرییە (کە تەنانەت بە ئاماژەدانێکی تەمومژاویانە بە چیرۆکی ئەیوب و لابان لە ئینجیل، شەرعیەت بە ڕەوایەتیی سووخواردن دەدات) ئەم قەرزەی بەجۆرێک دا کە تەواو پێچەوانەی سروشتە بێبەزەییانە سووخۆریەکەیەتی، ئاخر ئەو داوای هیچ سوودێکی نەکرد، تەنیا شتێک داوایکرد ئەوەبوو ئەگەر لە وادەی خۆیدا قەرزەکەی نەگەڕاندەوە، سزاکەی بەسەردا جێبەجێ بکرێت. شایلۆک لە چاکەی خۆی ئەمەی کرد، مامەڵەیەکی تایبەت بوو پێشکەش بە ئیگۆی دیکەی خۆیی کرد، پێشکەش بە دوژمنە دڵخوازەکەی، بە هاوڕێ ئازیزەکەی. لەڕێی ئەم گرێبەستە تایبەتەی کە ئاڕاستەی ئەنتۆنیۆی کرد، ئاڕاستەی ئەو بازرگارگانە مەسیحییە ئەنتیکەی کرد، شایلۆک بێ مەبەست پەردەی لەسەر مەرجێک هەڵماڵی کە لە هەموو گرێبەستێکی قەرزدا هەیە، بەڵام شاراوەیە و لەژێر ناوی مامەڵەی دارایی پەتیدا پەردەپۆشکراوە: مرۆڤ هەرکاتێک قەرز دەکات، ڕەتڵێک لە گۆشتی خۆی بە بارمتە دەدات. هەڵبەت ئەمەش شتێکی زۆر شاراوە نییە؛ ئاخر ئەم مەرجە لە سەروەختی دانانی بناغەی یاسای ڕۆمانییەوە هەیە، لە سەردەمی دوانزە تابلۆکەوە هەیە (هەڵبەت لە بنەڕەتدا دە دانەیە نەک دوانزە)، کە یەکەمین بەڵگەنامەی یاسایی ڕۆمانییە (و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٤٥٠ پێش زایین)، لە یەکێک لە نوسخە دێرینەکانیدا نووسراوە: Qui non habet in aere, luat in corpore "هەرکەس پارەی نەبوو دەبێ لە جەستەی خۆی ببەخشێت".

مارکس لە پەراوێزی کتێبی سەرمایەدا بەکورتی باسی ئەمە دەکات، دەڵێت کاتێک خانەدانە ڕۆمانیەکان قەرزیان بە خەڵکی ئاسایی دەدا، "گۆشت و خوێنی قەرزارەکانیان لەبری پارەکانیان داناوە": "لێرەوە تێدەگەین بۆچی ئەم یاسا شایلۆکییە لە دوانزە تابلۆکەدا هەیە. ڕەنگە ئەو گریمانەیەی لۆنگێت، کە دەڵێت خانەدانە خاوەن قەرزەکان ماوە ماوە لەسەر لێواری ڕووباری تیبر خوانیان لە گۆشتی قەرزدارەکانیان دروستدەکرد، نەسەلمابێت، ڕێک وەک تێزەکەی دامەر دەربارەی سروتی خوانی مەسیحی"[4]. بەم پێیەش، شایلۆک هەر لە سەرەتاوە هەیە، دەمێکە لە دوانزە تابلۆکەدا تۆمارکراوە، بەڕادەیەک کە، واپێدەچێت، ڕێگەی بە خاوەن قەرزەکان داوە خوانی مرۆڤخۆری ڕێکخەن و کتومت گۆشتی قەرزدارەکانیان بخۆن – مارکس، بە وریاییەوە، مەسەلەکە بەهەڵپەسێردراوی دەهێڵێتەوە: ئایا ئەم گریمانەیە لەسەر واقیعێکی ڕاستەقینە بونیادنراوە، یان "پڕوپاگەندەیەکی بونیادیی زەرورە"، یان فەنتازیایەکی زەرورە دەربارەی مرۆڤخۆرێتیی یاسا کە هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە پەیڕەوی لێدەکات[5]. پاشئەوەی دەست بەسەر هەموو موڵکەکانیدا دەگیرێت، ئەگەر قەرزار نەیتوانی قەرزەکەی بداتەوە، ئەوکات جەستەی، وەک کۆتا بارمتەی قەرزەکەی، دەکەوێتە بەر ڕەحمی خاوەن قەرزەکە، کە مافی ئەوەی هەیە چی بووێت لێی بکات – بیکات بە کۆیلەی خۆی یان لاقەی بکات یان ئەشکەنجەی بدات و پارچەپارچەی بکات و لەکۆتاییدا ئەگەر ویستی بیخوات. نیچە دەڵێت ئەوکات خاوەن قەرز، لانیکەم، چێژ لەوە دەبینێت کە دەبینێت قەرزدارەکەی لە ئازاردا دەژی و بە تەواوی لە ژێر بەزەیی ئەودایە. ئەو قەرزارەی کە ناتوانێت قەرزەکەی بداتەوە هۆمۆساکەرە، خوێنی حەڵاڵە، هەرکەس دەتوانێت بێ هیچ سزایەک ئەشکەنجەی بدات و بیکوژێت. مرۆڤ بە گۆشتی خۆی قەرز دەکات، مرۆڤ کاتێک کە قەرز دەکات گۆشتی خۆی لە بەرامبەردا دادەنێت[6].

لەو پەراوێزە نایابە پوخت و سەرسوڕهێنەرەدا، مارکس لە هەمان ڕستەدا لۆنگێت[7] و تێزەکەی خۆی دەربارەی خواردنی گۆشتی قەرزارە ڕۆمانییەکان و دامەر[8] و ئەو تێزەی کۆدەکاتەوە کە دەڵێت سروتی خوانی مەسیحی لە بنەڕەتدا نەک بە مانایەکی میتافۆڕی بەڵکو کتومت و هەر بەڕاست سروتێکی مرۆڤخۆرییە. بۆیە دەبینین ڕەتڵێک گۆشت دڵی پەیمانی (نوێی) مەسیحییە. بەڵام ئەم سەرنجە خێرایە پێویستی بە دڵێکی ئازا هەیە؛ ئاخر ئەوەی لە سروستی خوانی مەسیحیدا دەخورێت گۆشتی قەرزدار نییە، بگرە گۆشتی قەرزدەرە – ئەمەش هەڵخزانێکی خێرایە لە شایلۆکەوە بۆ [عیسای] مەسیح (ئایا ئەمە هەڵخزان نییە لە سووخۆرییەوە بۆ میهرەبانی؟). تێبینیەکەی مارکس، کە خستوویەتییە پەراوێزەوە، تێبینییەکی خێرا و "دوودڵانەیە"، چونکە نایەوێت "ئەو چاکەیە بخاتە پاڵ" لۆنگێت یان دامەر، لەگەڵ ئەوەشدا، لەو چەند دێڕە کەمەدا تارمایی ڕەتڵێک گۆشتمان نیشان دەدات کە بەسەر بناغەی یاسا (دوانزە تابلۆکە) و بناغەی ئاییندا (سروتی خوانی مەسیحیدا) دێت و دەچێت، و بەجۆرێک ئاوێزانی کردوون کە لەیەکتر جیاناکرێنەوە، لەکاتێکدا ئێمە، لە ڕواڵەتدا، خەریکی لێکۆڵینەوەین لە سروشتی مامەڵەیەکی دارایی سەرەتایی و زۆر سادە، کە بریتییە لە قەرز. چ ئایین و چ یاسا و چ ئابووری، ڕەتڵێک گۆشتی لەخۆیدا هەڵگرتووە کە دەبێت بکرێتە بارمتە، لەسەر مافێکی شاراوەی دانەوە [و گێڕانەوەی ئەو بارمتەیە] دامەزراوە – ئاخر هەر بە بارمتەدانی ڕەتڵێک لە گۆشتمان دەبینە ئیماندار، دەبینە ملکەچی یاسا، دەبینە بکەری ئابووری (یان ملکەچ، ملکەچی ڕووت؟). قەرز لەسەر ئابووریی کات دامەزراوە[9]، کاتی دواکەوتن و دواخستن، ئابوورییەک کە لەسەر بەڵێنێک دامەزراوە کە مرۆڤ دەبێت بیباتەسەر و پێوەی پابەند بێت، پابەندبوونێک کە "لە کۆتایی شیکارییدا" مرۆڤ دەبێت بە بوونی خۆی، بەگۆشتی خۆی، گەرەنتیی بکات. "ئەو کۆتایی شیکارییەی کە هەرگیز کاتی نایەت"، هەتا گوتەزا بەناوبانگەکەی ئاڵتۆسێر نەهێنینە ئاراوە[10]. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، تارمایی کۆتایی شیکاری، تارمایی ڕەتڵێک گۆشت، هەمیشە ئامادەیە، هێزی چەکە نموونەیی و شۆکهێنەرەکەی شایلۆکیش لەوەدایە کە ئەم تارماییەی تێدا بەرجەستە بووە، بۆتە گۆشت. ئاخر چەکەکەی شایلۆک جۆرێکە لە "بەرجەستەبوونی جەستە"، چونکە ئاشکراکردنی بەرجەستەبوونی تارماییە لە گۆشتدا، ئاشکراکردنێکی ئابڕووبەرانەی ئەو هەڕەشە شاراوەیە کە هەر لە یەکەمین دروستبوونی (ئەوروپیانەیەوە) لەنێو یاسادا خۆی مەڵاسداوە. جۆرێکە لە دووبارە نواندنەوەی بنەڕەت، بنەڕەتی ڕۆمانیانەی یاسا بە دوانزە تابلۆکەیەوە کە یەکەمین داڕشتنی یاساییانەی قەرزە، نواندنەوەیەک کە لە بەرەبەیانی مۆدێرنەدا ڕوویدا (سەروەختی واژۆکردنی چەک و نووسینی شانۆگەرییەکە، ساڵی ١٥٩٦)؛ جۆرێکە لە مۆنۆمێنتێکی جەستەیی کە بنەڕەتمان بیردەخاتەوە، لە ساتەوەختی دەرکەوتنی ئەو قەوارە بێجەستە و دوورەدەستەدا – [کە بریتییە لە] سەرمایە.

"ساتەوەختی کۆتایی شیکاری دوورە و هەرگیز نایەت"، ئاڵتۆسێر لە میانی گفتوگۆکردنی لەسەر حەتمیەتی ئابووری لە تیۆری مارکسیستیدا وادەڵێت، مرۆڤ دەتوانێت مەبەستی ئەم وتەیەی ئەو بەمجۆرە بخاتەڕوو: "هیچ ئابوورییەک نییە کە بتوانرێت وەک شتێکی سەربەخۆ و خۆکرد جیابکرێتەوە"، ئابوورییەک کە لە پایە کۆمەڵایەتی و یاسایی و ئایینییەکانی جیابکرێتەوە. شانۆگەریی بازرگانی ڤینیسیایش هەر دەربارەی ئەمەیە: چۆنیەتی نغرۆبوونی مامەڵەی ئابووری، کە چەقی شانۆگەرییەکەیە (قەرزکردنی ئەنتۆنیۆ لە شایلۆک)، لە زنجیرەیەک مامەڵەی کۆمەڵایەتی و ئایینی و سۆزداری و سێکسیدا، بەجۆرێک کە ئابوورییە جۆراوجۆرەکان -ئابووریی پارە و سامان و ئارەزوو و خۆشەویستی- یەکتری دەنوێنێننەوە، وەکو وابێت ئاوێنەی یەکتر بن، لەکاتێکدا هاوکات لە گرێیەکدا وەها بەیەکترەوە ئاڵاون کە ئەستەمە لەیەکتر جیابکرێنەوە. بۆیە ئابووری، بەم مانا فراوانە، دەتوانێت ڕێنیشاندەرێک بێت کە ڕێگەمان پێدەدات کۆمەڵێک بەراوردکاری و هاوکێشە و پێوانە دابنێین، لە نێو کۆمەڵێک ڕووبەردا کە لە یەکەم نیگاوە وادەرناکەون هیچ زەمینەیەکی هاوبەشیان هەبێت، هیچ خاڵێکی هاوبەش. ئاخر لە سەرەتادا هیچ ئابووری و قەرز و نەختینەیەک نییە بەبێ کۆمەڵێک گریمانەی ئایینیی سەرتاپاگیر دەربارەی سروشتی ئابووری، بەکورتی، هیچ ئابوورییەک نییە بەبێ تیۆلۆجیا. بۆیە هەموو ئەو ئابوورییەی لە شانۆگەریەکەدا هەیە لەناو چوارچێوەی مەسیحیەت بەرامبەر بە جوودا ناواخنکراوە. بەڵام ئەمە کرۆکی مەسەلەکەیە: هەر کە ئابووری بوو بە چوارچێوەیەکی سەربەخۆ لەناو کۆمەڵگای بۆرژوازیی پێشکەوتوودا، کە مارکس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی بوو، واتە هەر کە ئابووری لە ژێر باڵی تیۆلۆجیادا هاتەدەر -کە ئەمەش ڕێک کرۆکی مۆدێرنەیە- لەژێر تەونێکی کارەساتباودا خۆی بوو بە تیۆلۆجیایەکی کردەنی و میتافیزیکێکی کردەنی، بەڵام لە شێوەیەکی فریودەرانەدا، لە شێوەیەکی تەواو سکۆلارانەدا (وەک لە مانیفێستی کۆمۆنیستیدا دەخوێنینەوە "هەرچی پیرۆز هەیە دەبێتە سکۆلار"). هەر بۆیە مارکس لە یەکێک لە ناودارترین وتەکانی نێو سەرمایەدا دەڵێت: "کاڵا، لە یەکەمین نیگادا، وەک شتێکی تەواو پووچ و بێگرێ دەردەکەوێت. بەڵام کە شیدەکەینەوە دەزانین چەند شتێکی سەیرە، شتێکە کە بە کۆڵێک وردەکاریی میتافیزیکی و تیۆلۆجییەوە تەنراوە"[11]. هەر کە دەربازبوو لە تیۆلۆجیا، ئابووری بووە تیۆلۆجیایەکی شاراوە و پەردەپۆشکراو، بووە میتافیزیکێکی ڕۆژانە – هەڵماڵینی پەردەش لەسەر ئەم لێکدژییە یەکێک بوو لە ئەرکە سەرەکییەکانی مارکس. ئیدی تیۆلۆجیا، لە شکڵە فریودەرەکەیدا، لە شکڵە بەتاڵەکەیدا، لە شکڵە تەواو ئاشکرا و خۆدەرخەرەکەیدا، بوو بە بوونێکی سەرتاسەری کە لە هەموو شوێنێکدا هەیە، بەڵام لەبەرچاودا نییە و شاراوە. لێرەدا ئیتر دەبێت وتە گرنگەکەی واڵتەر بنیامین دەربارەی "سەرمایەداری وەک ئایین" بەیادی خۆمان بێنینەوە.

 

دووەم

لەنێو هەموو شانۆنامەکانی شکسپیردا، بازرگانی ڤینیسیا تەنیا دانەیەکیانە کە، بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە، لەو ساتە مێژووییەدا نغرۆبووە کە تێیدا سەرمایەداری لەدایکبوو، ساتی لەدایکبوونی مۆدێرنە، لەو ساتە جیاکەرەوەدا کە مۆدێرنە و پێش مۆدیرنە لەیەکتر جیادەکاتەوە، ئەویش بەهۆی تێما و ئایدیای سێ سندوقەکەوە[12]، بەهۆی مۆتیڤی 'چی بچێنیت ئەوە ئەدۆریتەوە' و 'گەر چاڵت بۆ براکەت هەڵکەند خۆتی تێدەکەویت'، ئەگەرچی شێوەی کۆمەڵێک چیرۆکی ئەفسانەیی دەرەزەمەنیشی هەیە. بەر لە هەرشتێک، لە شانۆگەریەکەدا واقیعی ئەو شتە دەبینینەوە کە مارکس ناوی دەنێت کەڵەکەبوونی سەرەتاییانەی سەرمایە، یان لانیکەم "بەحساب کەڵەکەبوونی سەرەتاییانەی سەرمایە". چونکە کەڵەکەبوونێکی سەرەتایی نییە بەو مانایەی کرێکاری ماندوو و دەستپێوەگر پاشەکەوتی ئەوە بکات کە لە پێویستییەکانی زیادە، بۆئەوەی بە ئارەقی ناوچاوی دووبارە وەبەرهێنانی پێوە بکات. بەڵکو واقیعە مێژووییەکە ڕێک بەوجۆرە بووە کە شانۆگەرییەکە وێنای کردووە. ئاخر لەو کاتەدا جیهانگیری لە ترۆپکیدا بوو، کەشتییە بازرگانییەکانی ئەنتۆنیۆ بە هەموو پنتێکی جیهاندا بڵاوبووبوونەوە، لە تەرابلوس و مەکسیک و هیندستان و ئینگلترا. بۆیە، ئەم بازرگانە مەسیحییە نایابە، ئەم خاوەنکارە خێرخوازە، کە هەرگیز قەرزی بە سوودەوە نەدەدا، کە بازرگانییەکەی وەک کارێکی خێرخوازی بەڕێوەدەبات، لە بنەمادا بەهۆی کۆڵۆنیاڵیزمەوە دەوڵەمەند بووە، کە ئەوکات گەشەسەندووترین بازرگانی بوو؛ واتە، بە کورتی، سەروەتەکەی بەهۆی دزی و ڕاوڕووتەوە بەدەستهێناوە. لەوەش زیاتر: لە دیمەنی دادگاییەکەدا، بۆ بەرگریکردن لە دۆسیەکەی، شایلۆک بەراوردی حاڵی خۆی و ڕەتڵە گۆشتەکەی ئەنتۆنیۆ بە حاڵی خەڵکی ڤینیسیا و کۆیلەکانیان دەکات، دەڵێت: "ئێوە چەندین کۆیلەتان هەیە کە کڕیوتانن، هەر بە چەشنی کەر و سەگ و هێسترەکانتان، بە بیانووی ئەوەی کە کڕیوتانن، لە دزێوترین و ناشرینترین کاردا بەکاریان دێنن". بەم پێیەش، مادام ئێوە چەندین ڕەتڵ گۆشت لە بندەستاندایە و چۆنتان بووێت وەها بەکاریان دێنن، مافی ئەوەتان نییە بێبەشم بکەن لەم ڕەتڵە گۆشتەی کە بەجۆرێک بەدەستمهێناوە لە ڕووی یاساییەوە هیچی کەمتر نییە لە خاوەندارێتیکردنی ئێوە لە (چەندین ڕەتڵ گۆشتی) کۆیلەکانتان. ئەم بەراوردکارییە تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕاستییەی کە ئابووریی ڤینیسیا، بە چەشنی دۆخی گشتیی ئابووری لە زۆرینەی بەشەکانی جیهانی خۆرئاوادا (هەتا شەڕی ناوخۆی ئەمریکا)، ئابوورییەکە کە لە بنەڕەتدا لەسەر کاری کۆیلە دامەزراوە. بەمجۆرە شانۆگەرییەکە زۆر بە ڕوونی پەردە لەسەر حەقیقەتی کەڵەکەبوونی سەرەتاییانەی سەرمایە هەڵدەماڵێت: کۆڵۆنیاڵیزم و کۆیلایەتی. مرۆڤ لە شانۆگەرییەکەدا هیچ بەرهەمێنەر و وەبەرهێنەر و کارسازێک نابینێت، ئەو پاڵەوانە ئەفسانەییانەی کەڵەکەبوونی سەرەتاییانەی سەرمایە، کە پاشەوپاش دروستکراون.

پاشان، لەناو شانۆنامەکەدا دوو جۆر سەرمایە بەرامبەر بە یەک دەبینین: یەکەم، کە ئەنتۆنیۆ نوێنەرایەتی لێدەکات، سەرمایەیەکی بازرگانییە، کە لە بنەڕەتدا لەسەر کۆڵۆنیاڵیزم و تاڵانی دامەزراوە، بەڵام لافی ئەوە لێدەدات کە بازرگانییەکی مەسیحیی ڕێزدار و ڕەوایە، هیچ قۆرخکاری و دەسبڕینێکی تێدا نییە و لەسەر ئاڵوگۆڕێکی ڕەوا دامەزراوە. ئەم سەرمایەش "بێقازانجە"، بە هەردوو مانای وشەکە، واتە نە قازانجێکی سووخۆرانەی تێدایە لەپێناو قازانجی دارایی، نە هەوڵێکیشە بۆ بەدیهێنانی مەبەستی شەخسی. دووەمیش، کە شایلۆک نوێنەرایەتی لێدەکات، سەرمایەی نەختینەییە، کە لەسەر "بەرهەمهێنانی پارە بە پارە" دامەزراوە، واتە لە بنەڕەتدا لەسەر دڵنیایی و قەرز و سوود و مامەڵەی بانکی دامەزراوە. ئەمەیە بوونەوەری دووڕوو، ڕوویەکی سەرمایەداریی جوان و ڕوویەکی سەرمایەداریی ناشرین – ئایا دەکرێت ئەنتۆنیۆ و شایلۆک وەک یەک بوونەوەر ببینین کە دوو کەسایەتی هەیە، سەرمایەدارێکی سەرەتایی کە دوو ڕوخساری کیانوسی هەیە؟ بەڵام تەنانەت لەم جیاکارییەشدا، ئەنتۆنیۆی گوماناوی، تاڕادەیەک، لایەنگری ئابووریی دادپەروەرانەیە، کە لەسەر تەنها پڕکردنەوەی پێویستییەکان دامەزراوە – ئاخر ئابووریی ئەنتۆنیۆ ئابوورییەکە لە مەترسیدایە، جۆرێکە لە بەڕێوەبردنی مەترسی، بە ناردنی (کەشتییەکانی) بە سەرتاسەری جیهاندا، بە ئامانجی بەدەستهێنانی داهاتی زەبەلاح. بەڵام شانۆگەرییەکە بەمجۆرە نیشانمان نادات، بەڵکو وەک پیاوێکی خاوەن کەرەم و چاکەخواز نیشانمان دەدات، خاوەن باڵانسێکی بەرز (بەپێچەوانەی باسانیۆوە کە لە قەرزدا چەقیوە و کەس نایەوێت قەرزی پێ بدات). وەک سەرمایەدارێکی سەخی نیشانمان دەدات، کە هەردەم ئامادەیە لەپێناو خۆشەویستی و هاوڕێیەتیدا، بێ ئەوەی چاوەڕوانی هیچ پاداشتێک بێت، سامانەکەی دەخاتە مەترسییەوە. شانۆگەرییەکە ئەم سەخاوەتە مەسیحییە، کە چاوەڕوانی هیچ قازانجێک نییە، بەرامبەر بە ئابووریی جوولەکە (ی سووخۆرانە) نیشان دەدات، کە تەنها ئامانجی قازانجە، بە بەرهەمهێنانی پارە بە پارە، بێ ئەوەی ڕەچاوی پەیوەندییە مرۆییەکان بکات، جگە لەو پەیوەندییەی کە قەرزی لەسەر دامەزراوە، کە ئەویش پەیوەندیی حسابات و سزا نامرۆییەکانە. بەڵام ئەم بەرامبەرییە (کە زیاتر لە درزێکی فرۆیدی دەچێت کە جەستەی ئابووری دوو لەت دەکات، یەکێکیان چاکە و ئەویتریان خراپ)، لەگەڵ ئابوورییەکی دیکەدا تێکئاڵاوە ناتوانرێت لێی جیابکرێتەوە: ئابووریی ئارەزوو، ئابووریی سێکسی. ئاخر ئەنتۆنیۆ تەنیا بەهۆی هاوڕێیەتییەوە ئەم قەرزە مەترسیدارەی لە شایلۆک وەرنەگرت، بەڵکو بەهۆی ئەو وابەستەییە سۆزدارییە چڕەیەوە بوو کە هۆگری باسانیۆی کردبوو، بەهۆی ئەو خۆشەویستییە یەکلایەنەی کە، بێگومان، هۆگرییەکی هاوڕەگەزخوازانە بوو. ئەو ئامادەبوو ڕەتڵێک لە گۆشتی خۆی بە بارمتە بدات، نەک لەپێناوی قەرزدا، بەڵکو لەپێناوی خۆشەویستیدا، لە ئابوورییەکدا کە لە بەرامبەردا چاوەڕوانی هیچ نییە؛ ئامادە بوو دڵی بە بارمتە بدات و هەر بەڕاست دڵی لەبری قەرزەکە بداتەوە، ئەوەتا دەڵێت: "ئەگەر ئەو جوولەکەیە لە بڕینەوەی ئەو گۆشتەی پێویستی پێیەتی قووڵبێتەوە، دەستبەجێ بە دڵم قەرزەکەی دەدەمەوە". لێکردنەوەی ڕەتڵێک گۆشت -جێگرەوەی ئەو زێدەباییەی کە هەردەم وەک شتێکی زیاتر لە ئاڵوگۆڕ لەناو قەرزدا خۆی مەڵاسداوە- عەرەبوون[13] و بەڵگەی خۆشەیوستییە، ئەو بەخشینەیە کە چاو لەدوای نییە و هیچ پاداشت و قەرەبوویەک نایەتەوە جێی، بەهۆی ئەو سروشتە "لادەرانە"ی کە هەیەتی – لێرەوە دەستپێک و کۆتایی غەمگینانەی شانۆگەرییەکە مانا وەردەگرێت، لە دەستپێکدا ئەنتۆنیۆ لە یەکەمین ڕستەدا بە هاوڕێکانی دەڵێت: "هەر بەڕاست، نازانم من بۆ تا ئەم ڕادەیە دڵتەنگم"، لە کۆتاییشدا ئەنتۆنیۆ لە کۆشکی پۆرشا لە بێلمۆنێت تەنیا کەوتووە و لەولایشەوە مەعشوقەکان (باسانیۆ و پۆرشا، لۆرینز و جێسیکا، گرازیانۆ و نێریسا) دوو بە دوو بەخۆشحاڵییەوە گاڵتەوگەپ دەکەن.

ئاشکرایە کە دانتی هاوڕەگەزخوازەکانی هاوشانی یەکتر داناوە، هەردووکیانی خستۆتە بازنەی حەوتەمی نۆ بازنەکەی دۆزەخ، چونکە لێکچوونێکی بونیادی لەنێوان گوناهی هەردووکیاندا هەیە. لە کۆتاییە خۆشەکەی شانۆگەرییەکەشدا، دەبینین ئەنتۆنیۆ و شایلۆک هاوشانی یەکتر کراون، هەردووکیان وەک دوو نەفرەتلێکراو لە خۆشەویستی دوورخراونەتەوە و لە بەختەوەری بەدەرخراون. ئەوان وەک دووانەیەکی ئەستەمن، نەک لەبەرئەوەی دووانەیەکن کە لە مەسیحییەک و جوولەکەیەک پێکهاتوون، لە سەرمایەدارێکی باش و سەرمایەدارێکی خراپ، بەڵکو لەبەرئەوەش کە هاوکات لە هاوڕەگەزخوازێک و سووخۆرێک پێکهاتوون، لە نوێنەری دوو تاوانی هاوشێوە. ئاخر سووخۆری درێژبوونەوەی چاوچنۆکییە، کەڵەکەکردنی سامان و زیادکردنیەتی تەنیا بۆ خۆت و بۆ خۆت، ڕەتکردنەوەی ئاڵوگۆڕ و دەستاودەستکردنە، ئەو پەیوەندییە کۆمەلایەتییانە دەپچڕێنێت کە لەسەر بەخشین و ئاڵوگۆڕ دامەزراون؛ سووخۆریی جۆرێکە لە چاوچنۆکییەکی گەشەسەندوو، چاوچنۆکییەکی کۆمەڵایەتی، وەک ئەوە وایە خۆپەرستی کرابێتە پرسێکی کۆمەڵایەتی، لەڕێی دروستکردنی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی لادەرانە، کە لەسەر بناغەیەکی ناکۆمەڵایەتییانە دامەزراوە، چونکە لەسەر بەرژەوەندیی شەخسی و کەڵەکەبوون دامەزراوە، لەسەر داماڵینی ناشەرعیانەی زێدەبایی (قازانج) لە ئەویتر، کە تەنها بەرهەمی زاوزێی پارەیە. چونکە لەماوەی نێوان قەرزکردن و دانەوەیدا، پارەکان جووت دەبن و زاوزێدەکەن، بێ ئەوەی قەرزدەر، کە هیچ کارێکی نییە و هیچ بەرهەم ناهێنێت، ماندوو بێت و ڕەنج بکێشێت. ئەو خۆی بەتاڵە و کات ئیشی بۆ دەکات (تەنانەت ئەو کاتەش کە خەوتووە). هەر لێرەوە ئەو ئایدیایەی سەدەکانی ناوەڕاست هاتووە کە دەڵێت سووخۆر دزە، کات دەدزێت، ئەو شتەی کە تەنیا خودا خاوەنیەتی. سووخۆرەکان کاتدزن[14]. ئاخر وەک ئەو پەندەی سەدەکانی ناوەراست دەڵێت، کە لە وەرگێڕانێکی تۆماس ئەکویناسدا بۆ یەکێک لە ئامۆژگارییەکانی ئەرستۆ لە بەرگی یەکەمی کتێبی سیاسەتدا هاتووە، پارە دووگیان نابێت بە پارە. کەواتە هەر لە بنچینەی سووخۆریدا ئاماژەیەک هەیە بۆ سێکسکردنی پارە لەگەڵ خۆی، بۆئەوەی زاوزێ بکات و پارەی زیاتر بخاتەوە، نەک هیچی تر. ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە سووخۆری دەکاتە هاوشانی هاوڕەگەزخوازی، کە بەسەر خۆیدا دێت، کە خۆی لە ئاڵوگۆڕی سێکسی دەبوێرێت (واتە، وەک لیڤی شتراوس دەڵێت، خۆی لە هاوسەرگیریی دەرەکی و لە ئاڵوگۆڕکردنی ژنان وەک هاوسەر، کە بنەمای ئاوێتەبوونە، لادەدات). بەڵگەی لادەربوونی ئەوەیە بێبەرهەمە، نەزۆکە، منداڵ ناخاتەوە، بۆیە ئامانج لێی "چێژە تەنیا لەپێنای چێژدا"، کەڵەکەکردنی چێژە وەک بەرامبەرێکی کەڵەکەکردنی سامان. سەرکۆنەکردنی سووخۆری و هاوڕەگەزخوازی پشتیوانی لە یەکتر دەکەن: دەبێت خۆشەویستی بەرهەمدار بێت (بۆیە سێکس دەبێت لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر بێت)، دەبێت پارەش نەزۆک بێت (بۆیە سووخۆری حەرامە)، ئەمەیە سیستەمی سروشتیی گریمانەکراو: خۆشەویستی دەبێت وەچە بخاتەوە، پارە نابێت وەچە بخاتەوە. ئیدی قەدەغەکردنی سووخواردن دەست لەناو دەستی قەدەغەکردنی هاوڕەگەزخوازی هەنگاو دەنێت.

دەبێ لێرەدا بڵێم پرسی قازانجی سووخۆری پەیوەندییەکی قووڵی بە هاتنی مۆدێرنەوە هەیە. مارتن لۆسەر کۆتا جەنگاوەری جەنگی توند و دوورودرێژی سەدەکانی ناوەڕاست بوو دژ بە سووخۆری[15]، لەکاتێکدا جۆن کاڵڤین یەکەمین بیرمەندی نوێ بوو ڕەوایەتی بە سووخۆری بدات و بڵێت هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ بازرگانی (پاش ئەویش فەیلەسوفی ئینگلیزی فرانسیس بیکۆن ڕەوایەتی پێدا). تەنیا پێنج ساڵ لەنێوان ئەو نامەی لۆسەر کە لە ساڵی ١٥٤٠دا بڵاوبۆتەوە و تێیدا بەرگری لە حەرامیەتیی سووخۆری دەکات و لەنێوان ئەو نامەیەی کاڵڤیندا هەیە کە لە ساڵی ١٥٤٥دا بڵاوبۆتەوە و تێیدا بەرگری لە ڕەوایەتیی سووخۆری دەکات[16]. بۆیە دەبێت یەکەمین سەردەرهێنانی ئابووریی نوێی قەرز، ئەو ئابوورییەی کە ڕێگای بۆ هەڵکشانی سەرمایەداری خۆشکرد، کە لەسەر قەرز و سووخۆری و قازانجی کەڵەکەبوو دامەزراوە، لەم ماوەیەدا، لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٥٤٠-١٥٤٥ دەستنیشان بکەین[17]. ئەگەرچی بازرگانی ڤینیسیا لە ساڵانی ١٥٩٥-١٥٩٦ نووسراوە، واتە نیو سەدە پاش ئەو ماوەیە نووسراوە، بەڵام هێشتا دیدگای ئابووریی پێش مۆدێرن دەخاتەڕوو (میهرەبانی و ڕەتکردنەوەی سووخۆری)، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵگری سروشتێکی تەواو ئاڵۆزە، ئاڵۆزییەک کە دەتوانین لەمەدا کورتی بکەینەوە: میهرەبانیی مەسیحی، سەرئەنجام، هیچ لە چاوچنۆکی و سووخۆریی جوولەکە باشتر نییە. بگرە لە ڕاستیدا، لە لێکدژییەکی مێژووییشدا، ئەگەر ئەم شانۆگەرییە دەربارەی سەرمایەداری بێت، ئەوا دەریدەخات میهرەبانیی مەسیحی زۆر لەوان خراپترە. چونکە ئەوەی لەم شانۆگەرییەدا وەک پێش مۆدێرن دەردەکەوێت، ڕۆشنکەرەوەی ئەو ڕێگا پاش مۆدێرنانەیە کە سەرمایە کاریان پێدەکات (وەک دواتر ڕوونی دەکەینەوە).

 

سێهەم

بازرگانی ڤینیسیا شانۆگەرییەکە دەربارەی جووتایەتی، دەربارەی زنجیرەیەک جووت، هەر جووتێکیشیان لە دووانەیەکی دژبەیەک پێکهاتووە، یەکیان باش و ئەویتریان خراپ. بەڵام لەکۆتاییدا دەردەکەوێت هەردوو لایەنەکە ئاوێتەی یەکترن، واتە نە باشەکە تەواو باشە و نە خراپەکە تەواو خراپ، تێکەڵی و هاریکارییەکی سەیر لەنێوانیاندا هەیە، بۆیە هەردووکیان لەسەر شریتی مۆبیوس[18]ـن نەک لەسەر دوو ڕووبەری دژ بەیەک. بۆیە مرۆڤ کاتێک لۆژیکی یەکێکیان بەرەو دواسنووری خۆی دەبات، کاتێک دەزانێت لە سنووری ئەویدیکەیاندایە.

پرسی قەرز و ڕەتڵێک گۆشت، لە شانۆگەرییەکەدا، بە تەواوی گرێدراوی چیرۆکێکی خۆشەویستییە. لەو ڕوونکردنەوەشدا کە لەسەر پەڕەی ناونیشانی چاپی یەکەمی ساڵی ١٦٠٠دا نووسراوە، ئەم گرێدراوییە بەتینە بە ڕوونی دەبینرێت، کاتێک دەڵێت: "چیرۆکی نایابی بازرگانی ڤینیسیا. [چیرۆکێکە دەربارەی] دڵڕەقیی بێوێنەی شایلۆکی جوولەکە بەرامبەر بازرگانی ناوبراو، کە سوورە لەسەر بڕینەوەی ڕەتڵێک لە گۆشتی ئەو؛ [چیرۆکێکە دەربارەی]  هاوسەرگیری پۆرشا لەڕێی هەڵبژاردن لەنێوان سێ سندوقدا". بۆیە، ئەگەر ئەنتۆنیۆ و شایلۆک یەکەم دووانەی شانۆگەرییەکە بن، دووانەیەک کە، وەک پێشتر ڕوونمان کردەوە، لە چەقی [شوێنکاتی] لەدایکبوونی سەرمایەداری و نیشانە و بناغەی دامەزراندنیدا وەستاون، ئەوا گرنگترین دووانە، وەک لە داهاتوودا ڕوونی دەکەینەوە، دووانەیەکە کە لە شایلۆک و پۆرشا پێکهاتووە. ئەنتۆنیۆ بەهۆکاری خۆشویستنی باسانیۆی هاوڕێی ئامادەیە بەرگەی [ئاکامەکانی] ئەو قەرزە بگرێت، ئەو باسانیۆی کە لە قەرزدا نوقم بووە و پلانی وایە گرفتە داراییەکانی بە هاوسەرگیریکردن لەگەڵ پۆرشا چارەسەر بکات، ئەوەتا بە ڕاشکاوی دەڵێت: "...بەڵام خەمی گەورەم دانەوەی ئەو قەرزانەیە کە سەرشانیان قورس کردووم"، بەرلەوەی باسی پۆرشا بکات و بڵێت: "لە بلیمۆنت خانمێک هەیە پارەیەکی زۆری بەمیراتی بۆ ماوەتەوە..."، بەمجۆرە ئەم خانمە خۆشەویستە، بێ ئەملاولا، خرایە ژێر مانشێتی دانەوەی قەرزەوە. بەڵام بۆ ئەوەی باسانیۆ ئەمە بکات، سەرەتا پێویستی بەوەیە دەوڵەمەند ببێت، بۆئەوەی خۆی وەک خوازبێنیکارێکی شیاو نیشان بدات کە بتوانێت کێبڕکێی خوازبێنیکارە دەوڵەمەندەکانی پۆرشا بکات، لێرەوە پێویستی بەوەیە پەنا بۆ قەرزی زیاتر ببات.

ئا لێرەدا دەستپێکی شاعیرانەی ئابووریی قەرز دەبینینەوە کە بەرەو ئەودیوی حساباتی داهات و قازانج کشاوە. ئەوەتا کاتێک باسانیۆ دەیەوێت قەرزێکی تر لە ئەنتۆنیۆ بکات، بۆ ئەوەی پۆرشای پێ مارە بکات، بەمجۆرە دەریدەبڕێت: "جاران کە خوێندکاری قوتابخانە بووم، هەرکات بەڕێکەوت تیرێکم لێ ونببوایە، تیرێکی ترم بە هەمان ئاڕاستەی هاوێشتنی تیری یەکەمدا دەهاوێشت و بە وردی چاودێریم دەکرد [بزانم لەکوێ ئەگرسێتەوە]، بەمجۆرە بە خستنەمەترسیی تیرێکی تر هەردوو تیرەکەم پێکەوە دەدۆزییەوە. من ئەم چیرۆکی منداڵییەم بۆ مەبەستێکی پاک دەگێڕمەوە". بەمشێوە باسانیۆ، بۆئەوەی قەرز لە ئەنتۆنیۆ بکات، بە پاکیی منداڵی دەستخەڕۆی دەکات: من چەندین قەرزی تۆم لە لایە، بۆیە دەمەوێت قەرزی زیاترت لێ بکەم تا بتوانم کۆی قەرزەکان بدەمەوە، لەسەر بنەمای ئومێدێکی منداڵی بەوەی قەرزە تازەکان قەرزە کۆنەکان پڕبکەنەوە، وەکچۆن تیری دووەم، سیحرئاسا، تیری ونبووی یەکەم دەهێنێتەوە. لێرەدا دەبینین ئابووری و سیحری منداڵی ئاوێزان دەبن، ئەو بیروباوەڕە خوڕافییە دەبینینەوە کە پێیوایە زەرەر بە بەخت جێی پڕدێتەوە، کە پێیوایە مرۆڤ دەتوانێت ئەو زیانەی بەهۆی سەرکێشییەکەوە کردوویەتی بە سەرکێشیی تر چارەسەر بکات، کە پێیوایە هەر شتێک لە کێشکردنێکی سیحریدا هاوچەشنەکەی دەدۆزێتەوە، کە پێیوایە قەرزێک قەرزێکی تر دەدۆزێتەوە پڕی دەکاتەوە، کە پێیوایە زیانێکی دووقات قازانجێکی دووقات بەدوای خۆیدا دێنێت. کەواتە لە نێوجەرگەی ئابووریی داراییدا ئابوورییەکی سیحری هەیە، بە تەواوی حساباتی ڕیسک و سەرکێشیی تێپەڕاندوە، بە تەواوی ئەو گریمانەیەی تێپەڕاندوە کە دەڵێت گەمەی ئابووری لەلایەن دوو یاریزانی ئاقڵمەندەوە دەکرێت کە بڕیاری ئەقڵانی دەدەن. بەڵکو لە ڕێگەی ڕیسکی زیاترەوە، شتەکان سیحرئاسا بەبارێکی باشدا ئاوەژۆ دەبنەوە. ئەمە ڕێک سایکۆلۆژیای سیحریی قوماربازە، ئەو بیروباوەڕە چەسپیو و نەگۆڕەی قوماربازە کە پێیوایە پەرجوویەک ڕوودەدات و سەرباری هەموو شتێک ئەو لە کۆتاییدا دەیباتەوە. ئاخر هەموو قوماربازێک پێیوایە ئەو دانسقە و بەبەختە. ئەمانە ئەو حساباتانەن کە لەودیوی خودی حسابات خۆیەوەن، حساباتێک کە ئەسڵەن قابیلی حساب نییە.

باسانیۆ بۆ بەدەستهێنانی پۆرشا ئەم ڕێگەیەی گرتەبەر، بگرە لەوە خراپتریشی کرد، خۆی لەوە بوارد خۆی بچێتە ژێر باری سەرکێشی و قەرزەکە، چونکە ئەنتۆنیۆ هەبوو ئەم کارە لەبری ئەو بکات، ئەنتۆنیۆیەک کە خۆشەویستیی خۆی، ڕەتڵێک لە گۆشتی خۆی، دڵی خۆی وەک پێشمەرجێکی ئەم ئابوورییە کردە بارمتە. بەمجۆرەش باسانیۆ توانی کارێکی گەورە بکات: مقاوەلاتی بەسەر قەرز و سەرکێشییەوە کرد. دەتوانین ئەم دیمەنانە بەتێکڕا وەک جۆرێک لە "لەدایکبوونی نیولیبڕاڵیزم لە رۆحی باسانیۆوە" تەماشا بکەین، نیولیبڕاڵیزمێک کە وەک بەرائەتێکی ڕووت گوزارشتی لێکراوە، ئاخر ڕیشەی ئەم قەیرانە ئابووریانەی ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ستراتیژە هەرزەکارانە، دەگەڕێتەوە بۆ باسانیۆ و تۆم سوێر. باسانیۆ بە لۆژیکە ئەرستۆکراتیەکەی: بەرەو بانک – لێرەدا ئەرستۆکرات، واتە سەرکێشی دارایی پێش مۆدێرن، لەڕێی بازدانێکی کورتکەرەوەوە، بە سەرمایەداری نەختینەیی مۆدێرن دەگات. پەیڕەوکارانی ستراتیژی بەرەو بانک لە کاروباری دارایی و خۆشەویستیدا: باسانیۆ بەمجۆرە پۆرشا بەدەستدێنێت، بەوەی کە سندوقە ڕاستەکە هەڵدەبژێرێت، سندوقە خۆڵەمێشییە ناسەرنجڕاکێشەکە، کە لەسەری نووسراوە: "هەرکەس هەڵمبژێرێت دەبێت هەرشتێکی هەیە بیبەخشێت و سەرکێشی پێوە بکات". باسانیۆش نەک تەنیا ئەو شتانەی بەخشی کە هەیەتی، ئەوانەشی بەخشی کە خۆی خاوەنی نییە و نییەتی (پارەی ئەنتۆنیۆ، گۆشت و دڵیشی)، کە ئەمەش ڕێک لاساییکردنەوەیەکی گاڵتەجاڕانەی پێناسەکەی ژاک لاکان بۆ خۆشەویستی: خۆشەویستی بریتییە لە بەخشینی ئەو شتەی کە نیتە.

لە بەرامبەر باسانیۆی ئەرستۆکراتدا، شایلۆکی بۆرژوازی نوێ دەبینین، بۆرژوازێکی دڵڕەق (کە لە بۆرژوازێکی نەرمونیانی وەک ئەنتۆنیۆدا خۆی حەشارداوە)، بۆرژوازێک کە خەریکی حساباتی ورد و چەک و باڵانسە، شارەزایە لە خەمڵاندنی زەرەر و قازانج، کۆکەرەوەی قەرز و قازانجخواز و بێدڵە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرئەنجام ئەوە دڵی بوو کە لە کۆتاییدا بەرەو لەناوچوونی برد. ئاخر ئەو قەرزەی کە دای بە ئەنتۆنیۆ، تەنیا مامەڵەیەکی دارایی شایلۆک بوو کە بە دڵ کردی، کە ساویلکانە پێیوابوو تۆڵەی خۆی لەژێر سایەی یاسا و گرێبەستدا دەسێنێتەوە، کە پێیوابوو نەک تەنها سێ هەزار ملەلیرەکە و ڕەتڵێک گۆشت بەدەستدێنێتەوە بەڵکو ئەو قەرزەی جوولەکەش کە لەلای مەسیحیەتە دەسێنێتەوە، تۆڵەی چەوسانەوە و زەلیلبوونی هەتاهەتایی جوولەکەکان لە سایەی مەسیحیەکاندا دەکاتەوە، تۆڵەی پشتکردنی مەسیحیەت لە ڕیشە جوولەکەییەکەی دەکاتەوە، کە هەمیشە بە دەرکردن و سزادانی بەردەوامی جوولەکەکان گوزارشت لە خۆی دەکات. چۆن دەکرێت ئەوێکی جوولەکە، کە شارەزای یاسا (شەرع) و دەق (تەورات) و گرێبەستە (پەیمان و بەڵێن)، وەها ساویلکانە چاوەڕوانی ئەوە بکات کە دەتوانێت بۆ شاردنەوەی ئارەزووی تۆڵەکردنەوەی لەژێر سایەی یاسای ئەوانیتردا ئەم هەلە بقۆزێتەوە و بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاریبێنێت؟! چۆن دەتوانێت ڕێگە بە ئەوانیتر بدات لە جودیزم (شارەزایی یاساییدا) باڵادەست بن؟!

ئەم دیمەنانەی باسانیۆ شێوازی ڕوانینمان بۆ پرسی میهرەبانی لەخۆیدا هەڵگرتووە، کە بریتییە لە: باوەڕێکی خوڕافی بە چارەنووسێکی میهرەبان، باوەڕبوون بەوەی مرۆڤ لەڕێی سەرکێشیی بوێرانەوە دەتوانێت قەرزەکانی بداتەوە، باوەڕبوون بەوەی کە سەرکەوتن نە لەڕێی خەمڵاندن و لێکدانەوەی دارایی ژیرانەوە بەدەستدێت، نە لەڕیی دەستی شاراوەی بازاڕەوە، نە لەڕێی "یاساکانی بازاڕ"ەوە، بەڵکو لەڕێی میهرەبانیی ئەویدیی گەورەوە [دەسەڵات و سیستەمی کۆمەڵایەتی و ڕەمزی] بەدەستدێت کە لەودیوی یاساکانی ئابوورییەوە وەستاوە، لەسەر ئەو بوێرییەشی موعجیزەئاسا پاداشتی دەداتەوە. ئەم ڕوانینە بۆ میهرەبانی، لەنێوجەرگەی سەرکێشیی ئابووریدا خۆی مەڵاسداوە. ئاخر ئەفسانە و بیروباوەڕی خوڕافی لە هەناوی ئابووریدا کاری خۆی دەکات، بەجۆرێک کە وادەکات ئەستەم دەبێت هەمیشە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ئەقڵانی شوێنپێی سەرمایەی نەختینەیی و بازاڕی پشکەکان بکەویت، هەر بۆیە ئابووری هەرگیز (بە تەنیا خۆی، بەبێ ڕەچاوکردنی خوڕافیاتی بونیادی، ئەوەی کە لە حساباتی ئابووریدا حسابی بۆ ناکرێت) نابێتە زانست. چونکە هەمیشە پشت بە میهرەبانی دەبەسترێت، هەمیشە حساب بۆ بەزەیی دەکرێت. خاوەن هێز و دەسەڵاتدارەکان بەمجۆرە میهرەبانی دەبینن، تیۆری ژێرەوانکێی ئەوان [دەربارەی میهرەبانی] بەمجۆرەیە: دەوڵەمەندیی بەڵگەی باشی و میهرەبانیی خودایە، بۆیە دەوڵەمەند شایەنی میهرەبانییە -خودا خۆی میهرەبانیی بەرامبەر کردوە ئیتر چۆن دەبێ خەڵک میهرەبانیی بەرامبەر نەکەن- ئینجا بەپێی بەزەییەکی زیاتریش (کە ئەمەیان هی تویستە)، دەوڵەمەند تەنها ئەوکاتە شایەن بە میهرەبانی نییە کە سامانی هەیە، ئەوکاتەش شایەن بە میهرەبانییە کە کورتهێنانی دارایی هەیە و قەرزارە، لەبەر ئەو پێگە و دەسەڵاتەی کە لە بنەڕەتدا هەیەتی (کە هەر ئەمەش بوێریی ئابووریی پێدەبەخشێت). دەسەڵات بەهۆی میهرەبانییەوە هەیە، هەر مرۆڤێکیش هەیبێت شایەنی میهرەبانییە. وەگەر پشت بە میهرەبانی ببەستیت، گریمانەی ئەوە بکەیت کە شایستەی میهرەبانیت، ئەوا لە ڕاستیدا چیتر پێویستت بە میهرەبانی نییە.

 

چوارەم

بەڵام پرسی میهرەبانی، کە لەم شانۆگەرییەدا پرسێکی سەرەکییە، بە ڕوونی دەچێتە نێو ڕووبەرێکی دیکەی جیاواز لەم ڕووبەرە ئابوورییە. کاتێک دۆسیەکەی شایلۆک گەیشت بە دادگا، کاتێک کە وادەرکەوت خەریکە دەیباتەوە، پێشنیاری ئەوەیان بۆ کرد سێ قاتی قەرزەکەی دەدەنەوە، بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە، سووربوو لەسەرئەوەی ئەو سزایەی پێ بگەیەنێت کە لە چەکەکەدا هاتووە. کاتێکیش دانیان بەوەدا نا کە مافی خۆیەتی ڕەتڵێک گۆشتی لێ بکاتەوە، لێی پاڕانەوە کە میهرەبان بێت و بەبەزەیی، بەبیانووی ئەوەی شایلۆک تەنها لەڕێی عەدالەتەوە دەتوانێت ئامانجی خۆی بەدەست بێنێت، بەڵام عەدالەت بەس نییە، ئەوەی لەسەروو عەدالەتەوەیە میهرەبانییە. ئەمە لێکدژییە سەرەکییەکەیە: گرێبەست گرێبەستە، دەبێت پابەند بیت پێوەی، دەقیش هیچ ئەملاولای تێدا نییە، بەڵام میهرەبانی شتێکە کە ناتوانرێت لەڕێی هیچ گرێبەستێکەوە دیاری بکرێت، شتێکە پابەند نییە بە یاساوە، بگرە زیاترە لە یاسا، کاتێکیش دەچێتە ناو گرێبەستەوە چیتر میهرەبانی نییە. ئاخر میهرەبانی ئارەزوومەندانە نەبێت نابەخشرێت، نە دەسەپێنرێت نە بەزۆر بەدەستدێت، بەڵکو بەسەخاوەتەوە و دوور لە هەر پابەندییەک دەبەخشرێت، یان وەک پۆرشا دەڵێت: "میهرەبانی بە زۆر وەرناگیرێت، بەڵکو وەک تنۆکی باران کە لە ئاسمانەوە بەسەر زەویدا دەبارێت، لە مرۆڤ دەچۆڕێت. نیعمەتێکە بۆ هەردوولا: هەم بۆ ئەو کەسەی میهرەبانی دەنوێنێت و هەم بۆ ئەو کەسەی میهرەبانی بەرامبەر کراوە. ئەمەیە میهرەبانیی دوولایەنە: یەکەم، نیعمەتێکە بۆ ئەو کەسەی میهرەبانیی بەرکەوتووە، لەبەرئەوەی بێ ئەوەی شایستەی بێت بەریکەوتووە، چونکە ئەگەر شایستەی بووایە ئیدی ئەوکات میهرەبانی نەدەبوو، تەنیا قەرەبوویەکی عادیلانە دەبوو. بۆیە دەبێت بە خۆشەویستییەکی بێسنوور وەڵام بەم بەخشینە سەخییە بداتەوە. خۆشەویستییەکی بێسنوور بەرامبەر بە میهرەبانییەکی بێسنوور. دووەم، نیعمەتێکە بۆ ئەو کەسەی میهرەبانیی بەخشیووە، چونکە لە بەرامبەر ئەو میهرەبانییەیدا نەک تەنیا خۆشەویستیی کەسی بەخشراو بەدەستدێنێت، بەڵکو ناوبانگی چاکە و سەخاوەتیش بەدەستدێنێت، چونکە کارێکی کردووە باڵاترە لەوەی کە دەبوو بکرێت، بۆیە شایستەی ئەو پێگە باڵایە کە وایلێدەکات میهرەبانی بەسەر ئەوانیتردا ببەخشێتەوە.

ئەم وتارەی پۆرشا تیۆرێکی بچووککراوە دەربارەی دەسەڵات لەخۆدەگرێت: دەسەڵات لە گۆچان و میهرەبانی/خۆشەویستی پێکهاتووە. گۆچان "گوزارشت لە هێزی دەسەڵاتی دونیایی دەکات، هێمایە بۆ سەنگ و شکۆ، سەرچاوەی ترس و سڵەمینەوەیە لە پاشاکان". کەواتە گۆچان سام و ترس دەبەخشێت. "بەڵام میهرەبانی باڵاترە لە گۆچان و پاشاکەی... میهرەبانی سیفەتێکە لە سیفەتەکانی خودا. بۆیە کاتێک پاشاکان میهرەبانی دەنوێنن، دەسەڵاتیان دەبێتە هاوشیوەی دەسەڵاتی خودا". بەپێچەوانەی گۆچان و زۆردارییەکەی، میهرەبانی خۆشەویستی و گوێڕایەڵیی ئارەزوومەندانە و دڵسۆزی دەبەخشێت. گۆچان هێمای دەسەڵاتی دونیاییە، گوزارشت لە هێز و زۆرداری دەکات، بەڵام میهرەبانی پێکهاتەیەکی خوداییە لە دەسەڵاتدا: خودا بە میهرەبانیی خۆی دەسەڵاتی بە پاشا بەخشیووە، پاشایش ناتوانێت ئەم نیعمەتە لەخۆیدا بەرجەستە بکات ئەوکاتە نەبێت کە ئەویش لەودیوی یاسا و عەدالەتەوە میهرەبانی بەرامبەر بە خەڵک دەنوێنێت، بەمەش دەیسەلمێنێت شایستەیە بە پێگەی دەسەڵات، واتە شایستەیە بە میهرەبانیی خودا کە لە بنەڕەتدا هەر ئەو خستوویەتییە ئەو پێگەوە. بێگومان پاشا دەتوانێت تەنها بە یاسا، بە هێز، بە عەدالەت حوکم بکات، بەڵام تەنها ئەوکاتە دەیسەلمێنێت شایستەی دەسەڵاتە کە، ئارەزوومەندانە و بێ پابەندبوون، شتێک دەبەخشێت کە لەسەروو یاسا و هێز و عەدالەتەوەیە: میهرەبانی. لێرەدا میهرەبانی -کە دۆستی عەدالەتە- لەودیوی شەرعیەتی یاساییەوە شەرعیەت بە دەسەڵات دەدات. هەر لێرەش دوو سەرچاوەی دەسەڵات دەبینینەوە: یاسا و خۆشەویستی.

پۆرشا بە سەلیقە ئاڵتۆسێرییە: ئاخر پوختەی وتارەکەی ئاماژەیە بۆ ئەو جیاکارییەی کە ئاڵتۆسێر لەنێوان دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی دەوڵەت و دەزگا ئایدۆلۆژییەکانی دەوڵەتدا دەیکات. یەکەمیان لەسەر لەسەر "ترس و سڵەمینەوە لە پاشاکان" دامەزراوە، دووەمیان لەسەر گوێڕایەڵیی ئارەزوومەندانە -و بابڵێین- خۆشەویستی دامەزراوە. بانگکردنی ئاڵتۆسێریانە -کە بەهۆیەوە تاک خۆی وەک سوبێکتێک دەناسێت کە خاوەنی ناسنامەیەکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراوە، واتە لە یەک کاتدا هەم سەربەخۆیە و هەم ملکەچ، چونکە لێرەدا ملکەچی شێوەی سەربەخۆیی وەردەگرێت- بە تەنیا نیشتیمانی ناسینەوەی ناسنامەیەکی کۆمەڵایەتی نییە، بگرە نیشتیمانی میهرەبانییشە. چونکە تاک بۆ وەرگرتنی ناسنامەیەکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراو بانگ دەکرێت، وەکو وابێت ئەویدیی گەورە بەم بانگکردنە میهرەبانیی خۆی بەسەر تاکدا ڕژاندبێت. هەر کە تاکیش وەک وەرگرێکی ئەو میهرەبانییە خۆی ناسی، دەبێتە سوبێکت. وەک بڵێی سوبێکت نابێتە سوبێکت بەهۆی میهرەبانیی ئەویدیی گەورەوە نەبێت، بەمەش تاک قەرزاری ئەم نیعمەتەی ئەوە، قەرزێک کە هەرگیز نادرێتەوە، تەنها شتێک کە تاک لەدەستی بێت بۆ ئەمە ئەوەیە پاداشتی ئەم نیعمەتە بە خۆشەویستی بداتەوە، بەڵام تەنانەت کامڵترین شێوەکانی خۆشەویستی و کراوەترینیان هێشتا بەس نییە. کەواتە، لە پاشخانی زۆرداری و سەرکوتکاریدا، میهرەبانی دەبێتە دڵی ئایدۆلۆژیا.

لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەنگە ئاڵتۆسێریزمی پۆرشا گومان لەسەر تیۆرەکەی ئاڵتۆسێر دروستکات، لەسەر ڕوانینی ئەو بۆ کێشەی دەسەڵات و ئەو جیاکارییەی کە دەیکات: داپڵۆساندن/ئایدۆلۆژیا، زۆرداری/میهرەبانی، دەرەنشین/ناونشین (بەلای کەسێکی وەک فۆکۆوە، گەر بە کورتی بیبڕمەوە، ئەوە هەرگیز کێشە نەبووە، چونکە بەلای ئەوەوە هەمیشە کۆڵێک هێزی سەرکوتکار و ئایدۆلۆژی هەن بەجۆرێک تێکئاڵاون بە ئاستەم لەیەکتر جیادەکرێنەوە). ئاخر شتێک کە لەم جیاکارییەدا ونە هێزی ڕەمزییە، کە ڕێک لە خاڵی یەکتربڕی دوو جەمسەری ئەم جیاکارییەدا کاری خۆی دەکات، "توندوتیژیی ڕەمزییە" کە دڵی ئەم جیاکارییەیە بەڵام شاراوەیە و ناوەکی. شایەنی باسە ماوریتزیۆ لازارتۆ، لە کتێبێکیدا سەبارەت بە مرۆڤی قەرزار، کتومت قەرز دەخاتە ئەم خاڵی یەکتربڕەوە، دەڵێت: "هێزی قەرز لەڕێی سەرکوتکردن و ئایدیۆلۆژیاوە پیادە ناکرێت. چونکە قەرزار (ئازادە)، بەڵام کردار و ڕەفتارەکانی لەناو ئەو سنوورانەدا توندکراوە کە قەرزەکەی سەر شانی دەیسەپێنێت"[19]. بەمەش لازارتۆ قەرزی ئابووری هاوتای قەرزی ڕەمزی دەکات کە وا لە سوبێکت دەکات "پێشوەختە و بەردەوام قەرزار بێت" (بە گەڕانەوە بۆ ئەو پەیوەندییە جەوهەرییەی کە نیچە لەنێوان Schuld [قەرز] و Schulden [گوناهـ]دا دەیکات).

پۆرشا هەر بە سەلیقە ئاگامبینییشە: ئاخر ئاگامبین بەمجۆرە تەماشای سەروەری دەکات: سەروەر (خاوەنسەروەری) "لە هەمان کاتدا لە ناوەوە و لە دەرەوەی سیستەمی یاساییدایە... چونکە لەبەرئەوەی کە دەتوانێت یاسا هەڵپەسێرێت، هەر بە یاسا، یاسا بەتاڵ دەکاتەوە"[20]. سەروەری لەسەر ئاوارتە دروستدەبێت، تەنها سەروەر دەتوانێت یاسا هەڵپەسێرێت، میهرەبانییش ئاوارتە و بەدەربوونە لە یاسا، هەڵپەسێردەریەتی، چونکە لەودیوی سنووری یاسا و گرێبەستەوەیە، پتر زیادەیەکە و بەندە بە ئارەزووی سەروەرەوە، کە دەتوانێت بێ هیچ پابەندییەک و بە هەوەسی خۆی بیبەخشێت یان قەدەغەی بکات. میهرەبانیی دۆخی ئاوارتەیە لە باشترین شێوەیدا. سەروەر دەتوانێت یاسا هەڵپەسێرێت و توندوتیژییەکی ملهوڕانەی وەها بەسەر تاکەکاندا بێنێت کە بە هیچ بەربەستێکی یاسایی ماکیاژ نەکراوە، بەڵام دەشتوانێت یاسا هەڵپەسێرێت و میهرەبانی بڕژێنێت کە لەودیوی سنووری حوکمی یاسا و عەدالەتی ڕووتەوەیە، هەڵبەت وەک چاکەیەک کە دەبێت بە خۆشەویستی پاداشت بدرێتەوە، خۆشەویستی وەک تاکە دراوێک کە بەهۆیەوە دەتوانرێت قەرزی میهرەبانی بدرێتەوە (وەک لە داهاتوودا ڕوونیدەکەینەوە). لەسەر ئەم بنەمایەش، دەتوانین بڵێین هەریەک لە توندوتیژی و دەسەڵات و میهرەبانی و خۆشەویستی پێدراوی جیاوازی هەمان شتن. لەم ڕوانگەیەشەوە، میهرەبانی ئەو خۆشەویستییە نییە کە یاسا و سەرکوتکاری و گرێبەست و ئاڵوگۆڕ و عەدالەت و هتد تێدەپەڕێنێت، بەڵکو دەرگا لەسەر توندوتیژییەکی پەتی و جڵەوشکێنیش دەکاتەوە کە پێی دەوترێت دۆخی ئاوارتە. هەروەها دەتوانین بڵێین دیمەنی دادگاییەکە لە بەشی چواری شانۆنامەکەدا، لە بنەڕەتدا، دیمەنی "ژیانی ڕووتە": یەکەمیان ژیانی ڕووتی ئەنتۆنیۆیە کە لە بەرامبەر قەرزەکەیدا بە بارمتە گیراوە، کە ئەمەش لەگەڵ یاسای ڕۆمانیدا دێتەوە، دووەمیان ژیانی ڕووتی شایلۆکە، کە لە کۆتاییدا سەروەری ڤینیسیا بە میهرەبانیی خۆی بەخشی، وەک بەرابەرییەک لەگەڵ نامیهرەبانیی شایلۆک و دەستگرتنی بە دەقی گرێبەستەکەی. بەمجۆرە دەتوانین بڵێین سەروەری تێکەڵەیەکی ناڕوونی نێوان توندوتیژی و میهرەبانییە.

 

 

 

پێنجەم

دەرهەق بە وتارەکەی پۆرشا دەربارەی میهرەبانی، شایلۆک وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: "ئاکامی کردارەکانم لەسەر خۆمە و تەنیا خۆم باجەکەی دەدەم! من پابەندم بە یاساوە، ئەو سزایەم دەوێت کە لە گرێبەستەکەدا هاتووە". ئەمە هەمان ئەو قسانەیە کە مارکس بەکاریهێنانەوە، لە میانی مشتومڕکردنی دەربارەی یاسای ساڵی ١٨٤٤ی ئینگلترا کە دەیویست کاتژمێرەکانی کارکردن ڕێکبخات و ڕێگری لە کارکردنی ژنان و منداڵان بکات، بەڵام سەرمایەدارەکان لەرێی دەستگرتنیان بە کتومتی و دەقاودەقیی یاساکە توانییان ڕێگای پێچلێدان و خۆدزینەوە بدۆزنەوە، بۆیە مارکس دەڵێت: "کرێکاران و پشکنەرانی کارگەکان لەبەر هۆکاری تەندروستی و ئەخلاقی ناڕەزایەتییان دەربڕی، سەرمایەش بەمجۆرە وەڵامیدانەوە: ' ئاکامی کردارەکانم لەسەر خۆمە و تەنیا خۆم باجەکەی دەدەم! من پابەندم بە یاساوە'"[21]. لەوەش زیاتر: بەپێی دەقاودەقیی ئەم یاسایە، "سەرمایەدار نەک تەنیا دەتوانێت هێزی کاری منداڵانی هەشت ساڵ بێوچان لە کاتژمێر دووی نیوەڕۆوە تا کاتژمێر هەشت و نیوی ئێوارە بکێشێتەوە، بەڵکو ڕێگەیشی پێدەدات لەو ماوەیەدا برسییشیان بکات. سەرمایەدار بەچەشنێکی شایلۆکیانە دەست بە دەقاودەقیی یاسای ١٨٤٤ـەوە دەگرێت و دەڵێت: 'بەڵێ سنگی، ئەوەتا لە گرێبەستەکەدا ئاماژەی پێدراوە'". لە بڕگەیەکی ناوداری بەشی یەکی کتێبی سەرمایەدا، مارکس کاڵا دەکەسێنێت و دەیهێنێتە قسە: "ئەگەر کاڵاکان بیانتوانیایە قسە بکەن دەیانوت:..."، هەر لەسەر هەمان ڕیتم، لەم شوێنەدا کە مشتومڕ لەسەر یاسای ١٨٤٤ دەکات، خودی سەرمایە دەکەسێنێت: من، منی سەرمایە، قسە دەکەم[22]. ئەگەر سەرمایە بیتوانیایە قسە بکات، ئاخۆ چی دەوت؟ بێگومان قسەکانی شایلۆکی دووبارەدەکردەوە، بە دەنگی شایلۆک قسەی دەکرد (دەیوت: "من پابەندم بە یاساوە"، "بەڵێ سنگی، ئەوەتا لە گرێبەستەکەدا ئاماژی پێدراوە").

دواتر لە شوێنێکی دیکەی سەرمایەدا، مارکس قسە لەسەر لێکدژییەکانی پێشکەوتنی تەکنیکیی نێو پیشەسازیی گەورە دەکات و دەڵێت: "پێشتر بینیمان کە چۆن ئەم لێکدژییە ڕەهایە هەموو ئارامی و سەقامگیرییەکی ژیانی کرێکار وێران دەکات؛ کرێکارێک کە بەردەوام هەڕەشەی دزین و لێکێشانەوەی ئامڕازەکانی  ژیانکردنی لەسەرە، ئەویش بە ڕێگەی کێشانەوەی ئامڕازەکانی کارکردن لێی". لێرەدا مارکس سەرنجێک دەدات کە تێیدا شایلۆک بەکاردێنێتەوە: "کاتێک کە تۆ ئامڕازەکانی بژێویم لێ دەسێنیتەوە، ژیانم لێ دەسێنیتەوە". ئەمە هەمان ئەو قسەیە بوو کە شایلۆک کردی، پاشئەوەی دۆسیەکی دۆڕاند و میر بەمیهرەبانیی خۆی ڕێگەیدا بژی، بەڵام بە دەست بەسەر هەموو موڵکەکانیدا گیرا. ئەم سەرنجە بەڕاستی نایابە، ئێمە لێرەدا لەبەردەم بەکەسکردنی پرۆلیتاریاداین: من، منی کرێکار، قسەدەکەم. ئەگەر پرۆلیتاریا بیتوانیایە قسە بکات، ئاخۆ چی دەوت؟ بێگومان قسەکانی شایلۆکی دووبارەدەکردەوە، بە دەنگی شایلۆک قسەی دەکرد (دەیوت: "کاتێک کە تۆ ئامڕازەکانی بژێویم لێ دەسێنیتەوە، ژیانم لێ دەسێنیتەوە").

بەمشێوەیە بۆمان دەردەکەوێت کە شایلۆک کەسێکی تەواو ناڕوون و تێکەڵوپێکەڵە، ئاخر ئەو لەلایەک سووخۆرێکی نموونەییە، سەرمایەدارێکی (نەختینەیی) نموونەییە، وەفادارێکی نموونەییە بۆ ڕەتڵێک گۆشت کە هاوتایەکی جەستەیی زێدەباییە[23]، بەڵام هاوکات بەشخوراوێکی نموونەییە، چونکە لە کۆتایی چیرۆکەکەیدا دەبینین تا دوا سنوور سووکایەتی پێدەکرێت، لە هەموو ئەو شتانە بێبەش دەکرێت کە خاوەنیەتی، تەنانەت لە بیروباوەڕە ئایینیەکەشی بێبەش دەکرێت، هیچی بۆ ناهێڵرێتەوە ژیانی ڕووتی نەبێت، بەمەش دەچێتە پێگەی پرۆلیتاریا. ئەو سەرمایەدارێکی نامیهرەبان و پرۆلیتارێکی بێفرتوفێڵە، ستەمکارێکی نموونەیی و ستەمدیدەیەکی نموونەییە، چەوسێنەرێکی پلەیەک و چەوساوەیەکی پلەیەکە.

 

شەشەم

ئامانج لە بەقەرزدانی سووخۆرانە بەدەستهێنانی زیادەیەکە، مرۆڤ بۆیە قەرز بە سوود دەدات لەوە زیاتر وەربگرێتەوە کە داویەتی. هێزی ڕەمزی (و مەجازیی) قەرزەکەی شایلۆک لەوەدایە میکانیزمی ورد و شاراوەی قەرزدان دەخاتەڕوو – ئەو زیادەیە لە گۆشتمانەوە هەڵدەگۆزێت، سەرچاوەکەیشی بریتییە لە دزین و تاڵانکردنی چێژمان، بریتییە لە داماڵینی زێدەچێژ. لە بەرامبەریشدا، میهرەبانی هەیە کە بەخشینێکی خۆڕاییە و چاوەڕێی هیچ قەرەبوویەک نییە و "بەزۆر بەدەست نایەت". هەڵبەت ئەم دووانەش بەشێکن لەو زنجیرە جووت و بەرابەرانەی کە کۆی شانۆگەرییەکەی لەسەر دامەزراوە: چاوچنۆکی بەرامبەر بە چاکە (تاوانی وێرانکەر و چاکەی ڕزگارکەر)، پەیمانی کۆن بەرمابەر بە پەیمانی تازە، دەقاودەقیی یاسا بەرامبەر بە ڕۆحی یاسا، سزا بەرمابەر بە لێخۆشبوون، گرێبەستی ئابووری (کە لە چەکەکەی شایلۆکدا خۆی دەبینێتەوە) و بەربەستەکانی بەرامبەر بە گرێبەستی خۆشەویستی و بەربەستەکانی. ئەو گرێبەستە ئابووریانەی کە تەنها ئامانجیان بەدەستهێنانی داهاتێکی هاوتا و ئاڵوگۆڕێکی "عادیلانە" نییە، بەڵکو ئامانجیشیان بەدەستهێنانی زیادە و قازانجە (یان وەک مارکس دەڵێت: M’ لەسەروو M)، لەکاتێکدا واچاوەڕوان دەکرێت میهرەبانی بەبێ بەرامبەر بدرێت، سنووری گرێبەست تێپەڕێنێت.

بەڵام کرۆکی مەسەلەکە ئەوەیە میهرەبانییش، لەژێر پەردەی سەخاوەتدا، ئەویش پشتی بە زیادە و بەدەستهێنانی پاداشت بەستووە. عەدالەت بە یەکسانییە، پاداشت و سزایش بەپێی شایستەیی، بەپێی دەق. بەڵام میهرەبانی لەسەروو دەقەوەیە، لەسەروو یاسا و دادگەرییەوەیە، بە زۆر بەدەست نایەت و بە ئارەزوومەندانە دەبەخشرێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەخشین پێدانی قەرزە، وا لە وەرگری دەکات قەرزاری کەسی بەخشەر بێت، لەوەش خراپتر ئەوەیە مەرجەکانی دیاریکراو نین، وەگەر پێشوەختە مەرجەکانی دیاریبکرێن چیتر بەخشین و میهرەبانی نییە. بۆیە قەرزێکی کراوە و نادەستنیشانکراوە، قەرزێکی بێسنوورە، قەرزێکە بێکۆتایی. مرۆڤ هەرگیز شایەنی بەزەیی و میهرەبانی نییە (ئەگەرنا میهرەبانی نییە و مافە)، هەرشتێکیش کە مرۆڤ بەرامبەر بە میهرەبانی دەیداتەوە هیچوەخت بەس نییە [و قەرزی میهرەبانی پڕناکاتەوە]، هیچ شتێک ناتوانێت وەک دیارییەکی خۆڕایی ببێتە هاوتا و قەرەبووی میهرەبانی، چونکە مرۆڤ لەناو ئەو شتانەدا کە هەیەتی هاوتایەکی نییە بۆ میهرەبانی. لێرەوە دەبێت، بەرامبەر بە میهرەبانی، شتێک بدات کە هی خۆی نییە، ئەمەش ڕێک وەک وتمان پێناسەکەی لاکان بۆ خۆشەویستی. میهرەبانی تەنیا و تەنیا خۆشەویستییەکی بێسنووری وەک هاوتا و قەرەبووی خۆی دەوێت. میهرەبانی سووخۆرییەکە کە ڕێک لەڕێی داوانەکردنی سوودێکی دیاریکراوەوە قەرزێکی ڕەها بەسەر قەرزاردا دێنێت. ئەو لە بەرامبەردا داوای "ڕەتڵێک گۆشت ناکات"، بەڵکو داوای "ڕەتڵێک ڕۆح" دەکات – هەر بۆیە مەرجی میهرەبانیکردن لەگەڵ شایلۆک و لێخۆشبوون لێی ئەوە بوو واز لە جوودیزم بێنێت و ببێت بە مەسیحی: ئایینی خۆشەویستی[24]. ڕەتڵێک رۆح بەرامبەر بە ڕەتڵێک گۆشت. ڕەتڵێک گۆشت هاوتای قازانجە، زێدەباییە، ڕەتڵێک ڕۆحیش هاوتای خۆشەویستییە، زێدەبایی خۆشەویستییە. ئەمە "سووخۆریی خۆشەوسیتییە" لە بەرامبەر سووخۆریی پارەدا. میهرەبانی هیچی لێت ناوێت، چونکە بە خۆڕاییە، ئەو هیچی ناوێت، جگە لە رۆحت، جگە لە هەموو شتێک – ڕێک وەک دادگاییەکەی کافکا کە "هیچی لێت ناوێت، کاتێک دەچیت بەرەو ڕووی پێشوازیت لێدەکات و کاتێک دەڕۆیت بەڕێتدەکات"[25]، لەگەڵ ئەوەشدا، رۆحت دەبات، بەدەستی خۆی لە سێدارەی دەدات.

میهرەبانی تێپەڕە، چونکە دەقاودەقیی یاسا تێدەپەڕێنێت، وەک دیارییەکی خۆڕایی، وەک هەوا و هەوەس (کە لەگەڵ ئەوەشدا "بەزۆر ناسەنرێت")، بەم تێپەڕاندنەش ئەو کەسەی میهرەبانیی لەگەڵ کراوە دەکاتە قەرزار، کە زیاتر لە تەنیا گوێڕایەڵیکردنی یاسا و ڕێساکانی لێ چاوەڕوان دەکرێت. ئەو زیادەیەی کە شایلۆک داوای کرد، کە لە ڕەتڵێک گۆشتدا بەرجەستە بووبوو، لە چەکی قەرزەکەدا ئاماژەی پێدرابوو، بەمەش ئەو چەکە سروشتی گرێبەستی سەرمایەداری ئاشکرا دەکات، ئەو ڕێکەوتنە شاراوە ئاشکرا دەکات کە لە گرێبەستی یاسایی نێوان سەرمایەدار و کرێکاردا هەیە: سەرمایەدار کرێیەکی هاوتا بەو کارەی کرێکار دەیکات دەدات بە کرێکار. ئاخر ئەم ڕێکەوتنە یاساییە کە لەنێوان دوو بکەری ئازاددا ڕوودەدات، لە سایەیدا بەرهەمهێنانی زێدەبایی دەشاردرێتەوە (وەکو وابێت هێزی کار تەنیا بەڕێکەوت بەهایەکی زیاتر لەو کرێیەی وەریدەگرێت بەرهەمبێنێت). ئەمەیە لادانی یاسایی، ئەمەیە تێپەڕاندنی یاسا هەر لەناو سنووری یاسا خۆیدا، کە لە چەکەکەی شایلۆکدا لە شێوەی ڕەتڵێک گۆشتدا بەرجەستە بووە. بەڵام لەلایەکی دیکەوە، میهرەبانی دەچێتە ئەودیوی سنوورەکانی یاساوە و تێیدەپەڕێنێت، ئەویش بە سەپاندنی قەرزێک بەسەر لێخۆشبوودا کە هەرگیز ناتوانێت بیداتەوە. یاسا تێدەپەڕێت و داوای ڕەتڵێک گۆشت دەکات، میهرەبانییش تێدەپەڕێت و داوای ڕەتڵێک رۆج دەکات.

شانۆگەریی بازرگانی ڤینیسیا بەدواداچوونێکی مێژووییشە بۆ دیسپۆزەتیڤی میهرەبانی، کە ڕەمزی کولتور و ئابووری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانمانە. چونکە شانۆگەرییەکە ئەوە نیشاندەدات کە چۆن میهرەبانی وەک منی باڵا[26] کاردەکات – واتە هەتا لە بەرامبەریدا زیاتر بدەین، هێشتا زیاتر قەرزاری دەبین و هەست بە تاوان دەکەین، زیاتر دەکەوینە ژێر بەزەیی ئەویدیی گەورەوە. پۆرشا، مژدەدەری میهرەبانی (کە دەتوانرێت وەک ئاڤاتار و بەرجەستەبوونێکی نوێ مریەمی پاکیزە تەماشابکرێت، ئەویش بە سەرنجدانی سەرچاوەی سەدەناوەڕاستیانەی دیمەنی دادگاییەکە: پرسی ئیبلیس[27])، لەژێر ڕوخساری جوانی میهرەبانیدا، ڕووی ناشرینی منی باڵا دەشارێتەوە. چونکە کاتێک وتاری دەربارەی میهرەبانی دا، لە پۆشاکی پیاوانەدا خۆی شاردبووەوە: منی باڵای "مێینە" لە پۆشاکی دادوەردا، کەواتە میهرەبانی خۆی بەپیاودەکات. لەوەش زیاتر: هەر زوو لە دیمەنی دادگاییەکەدا دەرکەوت کە وتارەکەی پۆرشا سەبارەت بە میهرەبانی سەرلەبەری هیچ نەبووە جگە لە فێڵێکی ڕەوانبێژانە، جگە لە میهرەبانییەک کە دووجار تووشی لادان بووە. پۆرشا دەیتوانی هەر یەکەمین ساتی دادگاییەکەوە بەو نهێنییە دەستپێبکات کە لەبارەی شایلۆکەوە دەیزانێت، ئەویش ئەوەیە کە شایلۆک "بیانییە" و بەپێی یاسای ڤینیسیا "بێگانەیە"، بۆیە ناتوانێت دادگایی هاوڵاتییەکی ڤینیسیا بکات، واتە دۆسیەکەی هەر لە سەرەتاوە بەتاڵ بووە. شایلۆک، بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت، هەر لە یەکەم ساتی چوونی بۆ دادگا لەژێر بەزەیی و میهرەبانیی دادگادا بووە. هەموو ئەو قسانەش کە دەربارەی میهرەبانی پێی وترا، میهرەبانییەک کە زۆر لێی پاڕانەوە بینوێنێت، هیچ نەبوو جگە لە فێڵێک، چونکە دۆسیەکەی هەر لە سەرەتاوە دۆڕابوو.

 

 

حەوتەم

زیادەی چاوچنۆکی و سووخۆری، کە لە جوولەکەدا بەرجەستە بووە، بە تەواوی هاوتای پێچەوانەکەیەتی، هاوتای زیادەی میهرەبانییە، کە لە ژنی جوان و زیرەکدا بەرجەستە بووە، کە لە پۆشاکێکی پیاوانەی دەسەڵاتدا (پۆشاکی دادوەردا) بە هەڵمدا دەچێت. ڕەنگە لە یەکەم نیگاوە وادەرکەوێت شایلۆک ڕەمزی سەرمایەدارییە، چونکە دوو سروشتی ئەو، دەستبڵاوی زیادەڕەوی هەموو ئەمانە بەرجەستە دەکەن: کەڵەکەکردن، قازانج، زێدەبایی، دەستبەسەرداگرتن و تووڕەیی، تێچوون و قوربانیی جەستەیی، سەرەتای سەرمایەی نەختینەیی، سوود، قەرز. بەمەش پۆرشا دەبێتە ڕەمزی میهرەبانیی پێش مۆدێرن، کە سەرورەیی لەسەر بونیاد دەنرێت، چونکە پاشاکان بۆیە میهرەبانی دەنوێنن تا نیشانی بدەن کە ئەوان نەک تەنها ئەو ئەویترە گەورەیەن کە یاسایە بەڵکو ئەویتری گەورەی خودی ئەو ئەویتری گەورەیەن، نیشانی بدەن کە ئەوان ئاوارتە سەروەرین، کە دەتوانن یاسا هەڵپەسێرن و میهرەبانی ببەخشن، ئەوان لایەنی میهرەبانی ئەم ئاوارتەیەن، لایەنێک کە شاراوەیە و هاوتایە لەگەڵ لایەنە دڕندە و قێزەونەکەی. بەلام ئایا پێچەوانەکەی راست نییە؟ ئایا بەرهەمهێنانی مرۆڤێک کە بۆ هەتاهەتایە قەرزارە، ئەوەی کە ماوریتیزیۆ لازاراتۆ بە وردودرشتی باسی دەکات، سەرکەوتنی مێژووییانەی میهرەبانی و قەرزە ناکۆتاکەی نییە، سەرکەوتنی مێژووییانەی بوون و ژیانکردن لە سایەی [بەزەیی و] میهرەبانیدا نییە، بەسەر ئابووریی شایلۆکیدا کە لەسەر قەرز و سوود دامەزراوە؟

لە توێژینەوەیەکی گرنگدا، سایمۆن کریچڵی و تۆم ماکارتی، وەک لە ناونیشانی توێژینەوەکەشیاندا دیارە، بەڵگە بۆ ئەوە دێننەوە کە ئێمە لە سایەی "شایلۆکخوازییەکی گەردوونیدا" دەژین. بەسەرچاوەوەرگرتن لە مارکس، دەڵێن:

جیهانی بۆرژوازی، جیهانی سەرمایەداریی مەسیحیی ئەنتۆنیۆخوازی، بۆتە جیهانێکی شایلۆکی. واتە جیهانی مەسیحی لەلایەن هەژموونی (ئابووریی) جوولەکەوە دەستی بەسەردا گیراوە، لەلایەن ئەو شتەوە کە مارکس پێی دەڵێت "جوودیزمی کرداری"... مەسیحییەکان بوونەتە جوولەکەی کرداری... سەرمایەداری سیستەمێکە لەسەر شایلۆکخوازیی گەردوونی دامەزراوە، بەجۆرێک کە، بەهۆی هێزی ئاڵوگۆڕی دارایی و زیادەکەیەوە، هەموو سنوورەکانی ئابووریی ئەنتۆنیۆخوازیی دادڕیوە، سنوورەکانی ئۆیکۆس[28]، ماڵ، لانکە، زێد[29]، نیشتیمانی دایک و مرۆڤ. قەرزی سووخۆری لە کردەیەکی پەراوێزی جوولەکەکانەوە... گۆڕاوە بۆ کردەیەک کە تادێت بەجیهانی دەبێت، کردەیەک کە لە ڕێگەیەوە ناسنامە دروستدەبێت... من قەرزارم، کەواتە من هەم... بۆئەوەی هەبیت دەبێ قەرزار بیت، چاکەیەک گەر هەبێت چاکەی قەرزکردنە.

بەڵام ئەوەی من دەمەوێت لە کۆتایی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا بەڵگەسازیی لەسەر بکەم، بەپێچەوانەی کیچڵی و ماکارتییەوە، ئەوەیە کە ئەگەر چاو بە ئابووریی دەستبڵاو و زیادەڕەوی شایلۆکدا بخشێنینەوە، بۆمان دەردەکەوێت ئەم ئابوورییەی ئەو نموونەیەکە بۆ ئەوەی کە جۆرج باتای پێی دەڵێت ئابووریی سنووردار و لەقاڵبدراو. وەگەر چاو بە پۆرشادا، بە بەرجەستەبووی میهرەبانیدا بخشێنینەوە، کە بە فریای ئەنتۆنیۆ و ئابوورییە مەسیحییەکەی دەکەوێت، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو بەرجەستەبوونی داهاتووی ئابووریی قەرزە، ڕاکێشانی ئابووریی قەرزە بەرەو "ئەودیوی سنووری بنەمای شایلۆکەوە"،  سروشتە بێبەربەست و بێسنوورە "نازۆرەملێ"ـکەیەتی، چونکە میهرەبانی "بە زۆر وەرناگیرێت".

لە دیدگای "شایلۆکخوازیی گەردوونی"ـیەوە، شایلۆک لە کۆتاییدا و سەرەڕای شکستە یاساییە گەورەکەی، لەڕێی کردنەوەی سەرمایەداری بەڕووی جیهاندا، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا. [چونکە بەبڕوای تیۆری شایلۆکخوازیی گەردوونی ئەمڕۆ لە جوودیزمی سەرمایەداریدا دەژین] جوودیزمی سەرمایەداری وەک واقیعێکی ئابووریی دڕندە و سەخت کە لەژێر پەردەی مەسیحیەتی میهرەباندا خۆی حەشارداوە. بەڵام ئایا، لەبری ئەوە، لەژێر سایەی "پۆرشاخوازییەکی گەردوونی"ـدا ناژین، کە تێیدا دەستی درێژی میهرەبانی وەک واقیعێكی ئابووریی (قەرزێکی ناکۆتا) و دەروونی (قەرزێک کە ناتوانرێت بدرێتەوە، ڕێک وەک قەرزی منی باڵا)، نەک وەک تەنها ماسکێکی فریودەرانە کە جوودیزمێکی ئابووریی دڕندە خۆی لەژێردا دەشارێتەوە، بەڵکو وەک بنەمایەک کە ئاڕاستەی ئابووری دەکات و لێی دەخوڕێت؟ لازاراتۆ، بەپشتبەستن بە دۆڵۆز، ناکۆتایەتیی قەرز، کە لەگەڵ مەسیحیەت و سەرمایەداریدا سەریهەڵدا، دەخاتە بەرامبەر سنووردارێتیی قەرز لە کۆمەڵگا کۆنەکاندا. بەڵام دەتوانین بڵێین ئەوەی لەم دواییانەدا بینیمان، بەدیاریکراوی لەپاش کەوتنەسەرپێی نیولیبڕاڵیزم لە سی ساڵی ڕابردوودا، سەرمایەداری بە گرتنەبەری میکانیزمی نوێی نیولیبڕاڵیزمی باڵادەست بێکۆتایی قەرزی هێندەی تر بێکۆتا کرد، پلەیەکی تری ناکۆتایی وەرگرت و بوو بە ناکۆتایەکی دووجارە.

دەتوانین شایلۆک بخەینە نێو ئەلبومی دوورودرێژی ڕەزیلەکانەوە، کە بە ئیکلینۆس دەستپێدەکات، پاڵەوانی شانۆنامەی "گۆزەی زێڕ"ی شانۆنووسی ڕۆمانی پلوتۆسە (١٩٥ ساڵ پێش زایین)، ئەو ڕەزیلە پێش مۆدێرنەی کە بەبێ قەرز و بەبێ سوود ئاڵتون عەمباردەکات. پاشان هارباگۆنی بەدوادا دێت، پاڵەوانی شانۆنامەی "ڕەزیل"ی مۆلیێر (ساڵی ١٦٨٨)، کە جۆرێکە لە نووسینەوەی شانۆنامەکەی پلوتۆس لەبەر دەرگا و لێواری مۆدێرنەدا. پاشان گۆبسێک دێت، پاڵەوانی ڕۆمانی "گۆبسێک"ی بەلزاک (ساڵی ١٨٣٠-١٨٣٥)، کە سووخۆرێکی تەواوە، پاشایەکی نهێنییە، لە ژوورێکی تاریکی ژێرزەمینەکەیدا ژێربەژێر حوکمڕانی دەکات، کە دواتر لە یەکەم پەردەلادەرترین کۆتایی ڕۆماندا کە بەلزاک بۆ ڕۆمانەکەی نووسیوە ئاشکرا دەبێت، بانکەوانێکی گەورەیە، یەکێکە لە بنەماڵەی ڕۆتچێلد لە سەدەی نۆزدەدا، سەدەیەک کە تێیدا سەرمایەداری بوو بە دۆخێکی سروشتی. ئینجا ئەلبومی ڕەزیلەکان بە سکروج کۆتایی دێت، پاڵەوانی ڕۆمانی "سرودی سەریساڵ"ی دیکنز (ساڵی ١٨٤٣)، ئەو کۆتا ڕەزیلەی کە، لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا کە تەنانەت لە کۆتایی ڕۆمانەکەی بەلزاکیش پەردەلادەرترینە، لە ڕەزیلەوە دەبێت بە میهرەبان. لەو ساتە بەدواوە چاوچنۆکی دەبێتە شتێکی شاراوە، هەموو ڕەزیلەکان دەبنە میهرەبان، ئابوورییش، بەگشتی، دەبێتە ڕێکار و ئیدارەدانی میهرەبانی. هەر کە کۆتا ڕەزیل بوو بە میهرەبان، بە تەواوی تیاچووین، بۆیە ئەمە ڕێک ئەو لادان و پێچەیە کە تییدا دەبێت هەست بە ترس بکەین، نەک بەرامبەر بەم چاکەیە، بەرامبەر بەم خێرخوازییە کتوپڕە شاگەشکە بین و بکەوینە ژێر کاریگەریی سۆزەوە.

"کارسازی خود"، ئەوەی کە لازاراتۆ لە کتێبەکەیدا باسی دەکات، کەسێکە کە دەبێت پشت بە میهرەبانیی ئەویتری گەورە ببەستێت، کەسێکە کە بەردەوام کەوتۆتە بەر بەزەیی ئەویتری گەورەوە، کەسێکە کە دەبێت لە چاوی ئەویتری گەورەدا بوونی خۆی بسەلمینیت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ئەوە بکات، چونکە ئەو زبڵ و خاشاکە، هەرگیز شایەنی میهرەبانیی ژیانکردن نییە، دەبێت زۆر سوپاسگوزار بێت بەو ژیانە چەرمەسەرییەی کە تێیدایە، چونکە ئەو بەرامبەر بەو بوونە بێنەوا و بەدبەختەی تاوانبارە و بۆ هەتاهەتایە قەرزارە. بەمجۆرە ڕێکاری خاشاک، کە خەڵک کراوە بە بەشێک لێی، دەبێتە هاوتای ڕێکاری میهرەبانی. دژەکەیشی، جووتە هەڵگەڕاوەکەی، ئەو وەبەرهێنەر و پارەبازەیە کە سەرباری سەرکێشییە کارەساتباو و زیانە گەورەکانی ڕاستەوخۆ شایستەی میهرەبانییە، کەسێکە کە خۆی بۆ خۆی ناچێتە ژێر باری قەرزەوە (ئاخر ئەوانەی قەرزی زەبەلاح دەکەن دەوڵەتە گەورەکان و بانکە زەبەلاحەکانن، نەک "مرۆڤی قەرزار"، کە نموونەیەکی بەرایی سوبێکتی نیولیبڕاڵە لەلای لازاراتۆ)، بەڵکو بەسەر حسابی هەمووانەوە میهرەبانی دەبەخشێتەوە.

"میهرەبانی بە زۆر وەرناگیرێت"، میهرەبانی زۆری لێ ناکرێت، ناچار ناکرێت، بەڵکو بەزۆر دەدرێت، دەسەپێنرێت، بەخراپترین شێوە دەسەپێنرێت.

 

سەرچاوەکانی ئەم وەرگێڕانە:

·                     Dolar, Mladen. "The Quality of Mercy Is Not Strained." The Yearbook of Comparative Literature 60 (2014): 9-26.

·                     ملادن دولار: إن الرحمة لا تنتزع كرها (أو دفاعا عن قضية شايلوك الخاسرة)، ترجمة: طارق عثمان، موقع كتب مملة: https://boringbooks.net/2022/06/shylock-lost-cas.html

 



[1] Graeber, David. Debt: The First 5,000 Years. New York: Melville House, 2011

[2] ڕەتڵ pound: یەکەیەکی کێشانەکردنە کە بە نزیکەیی دەکاتە نیو کیلۆ. و.ک

[3] Shakespeare, William. The Merchant of Venice. Ed. Jay L. Halio. Oxford: Oxford University Press (Oxford World’s Classics), 1993.

[4] Marx, Karl. Capital: A Critique of Political Economy, Trans. Ben Fowkes. Harmondsworth: Penguin Books, 1976. Vol. 1, p. 400.

[5] شایلۆک [لەو مۆنۆلۆگەدا کە باس لە ڕقی خۆی بەرامبەر بە ئەنتۆنیۆ دەکات] دەڵێت: "ئەو ڕق و کینە لەمێژینەم بە گۆشتی ئەو تێر دەکەم"، پاشان دواتر [کاتێک قسە بۆ جێسیکای کچی دەکات و پاساو بۆ ئەوە دێنێتەوە کە بۆچی دەچێت لەلای ئەنتۆنیۆ خوانی ئێوارە دەخوات] دەڵێت: "بەڵام من بەهۆکاری بوغز و کینە دەچم، بۆئەوە دەچم لەسەر لەم مەسیحییە بخۆم". لێرەدا مرۆڤخۆرییەک دەبینینەوە کە زۆر بەئاشکرا گوزارشتی لێکراوە. هەر بۆیە ڕۆبێرت فلیس (فلیهلەم فلیسی هاوڕێی نزیکی فرۆید) ئەو گریمانەیە دەخاتەڕوو کە دەڵێت دەبێ شایلۆک لە خانەی oral type جۆری دەمییدا پۆڵێن بکەین نەک لە خانەی anal type جۆری کۆمی، هاوڕایشە لەگەڵ ئەو پەیوەندییەی کە فرۆید لەنێوان چاوچنۆکی و کۆمدا دەیکات. ئەم گریمانەیەش لەگەڵ ئەو دەنگۆ بەربڵاوەدا دێتەوە کە دەڵێت جوولەکەکان ڕێوڕەسمی مرۆڤخۆرانە لەسەر منداڵی مەسیحی سازدەکەن.

[6] نیچە دەڵێت: "قەرزدەر دەتوانێت هەموو جۆرە ئەشکەنجەو سوکایەتییەک بەسەر قەرزداردا بێنێت، بۆنموونە دەتوانێت بەرامبەر بە قەرزەکەی چەندە گۆشتی پێ خۆش بێ لە جەستەی قەرزدارەکەی بکاتەوە - پێشتر لە زۆر شوێن هەڵسەنگاندنی زۆر وردم لەسەر ئەمە بینیوە، هەڵسەنگاندنگەلێک کە لە ڕووی یاساییەوە پشتی پێ بەستراوە و بەهای هەر پارچەیەکی جەستەی دەستنیشان کردوە". بڕوانە:

Nietzsche, Friedrich. On the Genealogy of Morals. Trans. Douglas Smith. Oxford: Oxford University Press (Oxford World’s Classics), 2006, 42.

[7] سیمۆن نیکۆلا هێنری لۆنگێت (١٧٣٦-١٧٩٤)، مێژوونووس و مافپەروەر و تیۆریسیۆنێکی یاسایی فەرەنسییە، نووسەرێکە کە لە زۆر بواردا قسەی هەبووە، لە شۆڕشی فەرەنسیدا بەشداریی کردوە، بێگومان سەرئەنجامیش بە ملپەڕاندن کۆتایی بەژیانی هاتووە.

[8] جۆرج فریدریش دامەر (1800-1875)، فەیلەسوف و مێژوونووس و شاعیرێکی ئەڵمانییە. لە قوتابخانەی نورنبێرگ لەسەر دەستی هیگڵ خوێندویەتی. وەک مامۆستای کاسپەر هاوزەر لە ساڵانی ١٨٢٨-١٨٣٠ ناسراوە. بەرلەوەی لە ساڵی ١٨٥٨دا ببێتە  کاسۆلیک و ببێتە بەرگریکارێکی سەرسەختی ئایینی مەسیحی، سەرقاڵی هێرشێکی ژەهراوی بووە لەدژی ئایینی مەسیحی. مارکس و ئەنگڵس لە ساڵی ١٨٥٠دا ڕەخنەیەکی توندیان لە کتێبێکی بەناونیشانی "ئایینی سەردەمی نوێ" (Religion des neuen weltalters) گرتووە.

[9] مارکس دەڵێت: "ئابووریی کات، کە سەرئەنجام هەموو ئابوورییەکانی تر دەچنەوە سەری". بڕوانە:

Marx, Karl. Grundrisse. Trans. Martin Nicolaus. Harmondsworth: Penguin Books, 1993, 89.

قەرزیش لە ئابووریی کاتە لە سادەترین شێوەیدا، هەڵبەت ئەوەی مارکس لێرەدا باسی دەکات قەرز نییە، باسەکەی ئەو لەسەر شتێکی ترە.

[10] "لە کۆتایی شیکاریدا" زاراوەیەکە لوی ئاڵتۆسێر لە ئەنگڵسەوە وەریگرتووە.  لە چوارچێوەی ڕاستکردنەوەی ئەو ڕوانینە مارکسییەدا بەکاریدێنێت کە سەرخانی کۆمەڵگا (ئایدۆلۆژیا، کولتوور و سیاسەت) بە تەواوی دەگەڕێنێتەوە بۆ ژێرخان (ئابووری، شێوازی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی)، یان ئەوەی پێی دەوترێت حەتمیەتیی ئابووری. ئاڵتۆسێر دەیەوێت تاڕادەیەک ڕۆڵێکی مێژوویی بە سەرخان ببەخشێت و بەرامبەر بە کەمێک سەربەخۆیی پێ بدات، هاوکات سیفەتێکی ماتریاڵی پێ بدات. بەڵام هاوکات دەیەوێت ئەو ڕۆڵە سەرەکییە وەک خۆی بهێڵێتەوە کە ئابووری دەیگێڕێت. بۆ ئەمەش، دەڵێت سەرخان ڕۆڵی هەیە و سەربەخۆیە، بەڵام لە کۆتاییدا، لە کۆتایی شیکاریدا، مەحکومە بە سەرخان. بەلام ئەم ساتە بێگەردەی کە تێیدا سەرخان بە تەواوی مەحکومە بە ژێرخان، واتە ساتی کۆتایی شیکاری، ساتێکە کە هەرگیز نایەت. و.ع

[11] Marx, Karl. Capital, vol. 1,  p. 163.

[12] باوکی پۆرشا بەرلەوەی بمرێت، دەیویست لە قەبرەکەیەوە خۆی هاوسەر بۆ کچەکەی هەڵبژێرێت. بۆیە لەبری ئەوەی ڕێگە بدات کچەکەی بە ئازادی هاوسەر بۆ خۆی هەڵبژێرێت، چارەنووسی بەست بە تیروپشکێکەوە. سێ سندوقی بۆ جێهێشت، یەکەمیان لە ئاڵتون، دووەمیان لە زیو، سێهەمیان لە قوڕقوشم، لەناو یەکێکیاندا وێنەی پۆرشای دانابوو. ئەو کەسەی خوازبێنی دەکرد، دەبوایە یەکێک لەو سێ سندوقە هەڵبژێرێت، هەرکەسێک ئەو سندوقەی هەڵبژاردایە کە وێنەکەی پۆرشای تێدابوو (کە سندقە قوڕقوشمییەکەیان بوو) هاوسەرگیریی لەگەڵ پۆرشا دەکرد. و.ع

[13] Deposit

[14] کاتدزەکان Time Bandits ناونیشانی فیلمێکی تێری گلیمە لە ساڵی ١٩٨١دا دەرچووە و هەڵگری ئەم دروشمەیە: ئەوان مێژوویان دروست نەکرد، دزییان. و.ع

[15] مارکس لە کتێبی سەرمایەدا زۆرێک لە قسەکانی مارتن لۆسەر بە نموونە دێنێتەوە.

[16] هەر بەو بۆنەوە با بڵێم، کڵێسای کاسۆلیکی تەنیا ساڵی ١٨٢٩ ئینجا سووخۆریی حەرامکرد. بۆ زانیاریی زیاتر لەوبارەوە بڕوانە ئەم لێکۆڵینەوە کلاسیکییەی نێلسن بنیامین لە خوارەوە:

Nelson, Benjamin. The Idea of Usury: From Tribal Brotherhood to Universal Otherhood. Chicago: The University of Chicago Press, 1969.

[17] لە بەرامبەر ئەمەدا، لە ئێستادا، دەتوانین ئەو ژمارە گەورانە ببینین کە لازاراتۆ لە کتێبەکەیدا دەربارەی قەرز ئاماژەی بۆ کردوون: فەرەنسا، لەماوەی نێوان ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١١، ٥٠ ملیۆن سوودی بەرامبەر بەو قەرزانە داوە کە کردوونی، کە ئەوەش پارەیەکە زۆر لە بودجەی بەرگریی فەرەنسا زیاترە. ئاخر سوود، پێکهێنەری تایبەتی مۆدێرنە، بنەڕەتی سەرمایەی نەختینەیی، لەکۆتاییدا دەمانخنکێنێت. بروانە:

Lazzarato, Maurizio. The Making of the Indebted Man. Trans. Joshua David Jordan. Amsterdam: Semiotext(e), 2011, p. 18.

[18] Möbius strip

[19] Lazzarato, the making of the indebt man, p. 31.

[20]  Agamben, Giorgio. Homo Sacer. Trans. Daniel Heller-Roazen. Stanford: Stanford University Press, 1998, 23.

[21] Marx, Capital, vol. 1,  p. 399

[22] لەسەر وتەکەی جاک لاکان کە دەڵێت: Moi, la verite, je parle من، منی حەقیقەت، قسە دەکەم. و.ع

[23] جەستە وەک ماتریاڵی چێژ. لێرەوە لاکان دەستەواژەی "زێدەچێژ" دادێنێت، هەڵبەت بە چاوکردن لە دەستەواژەکەی مارکس: "زێدەبایی". دەستەواژەکەی لاکان هاوتای جەستەیی دەستەواژەکەی مارکسە: زێدەچێژ هاوتای جەستەیی زێدەباییە.

[24] هەر بەو بۆنەوە، ناچارکردنی شایلۆک بەوەی دەستبەرداری ئایینەکەی بێت، بەگشتی تاکە شتێکە کە شیکسپیر بۆ چیرۆکە ئەسڵیەکەی زیادکردوە.

[25] Kafka, Franz. The Trial. Trans. Mike Mitchell. Oxford: Oxford University Press (Oxford World’s Classics), 2009, p. 160.

[26] Super ego

[27] Processus Belial

[28] Oikos: وشەیەکی کۆنی یۆنانییە و ئاماژەیە بۆ سێ چەمکی پەیوەندیدار و هاوکات جیاواز: خێزان، موڵکی خێزان، ماڵ. و.ک

[29] Heimat: وشەیەکی ئەڵمانییە و ئاماژەیە بۆ زێد و لانکە و ماڵ. و.ک

© 2023. All rights reserved