cover

ژیان شایستەی ئەوەیە تیایدا بژیت.

هەشت چیرۆکی زۆر کورت

 

 

ژیان شایستەی ئەوەیە تیایدا بژیت.

 


وەرگێڕانی: تاهیر عەبدولواحید

 

 

درامای شکست خواردوو 

(گابریل گارسیا مارکیز ـ کۆڵۆمبیا)

 

 

درامای بێ هوودە کە خۆی لەنهۆمی دەیەمی ئاپارتمانەکەوە بەردایەوە سەر شەقامەکە، لەکاتی بەربوونەوەی لەپەنجەرەکانەوە ژیانی تایبەتی ماڵە دراوسێکانی دەبینی، مەرگەساتە بچوکەکانی نێوماڵ، پەیوەندی خۆشەویستی نهێنی، ساتی دڵخۆشیە کتوپڕەکان کە هەواڵەکانی نەدەگەیشتنە پلیکانە هاوبەشەکانی ئاپارتمانەکە .ئەوساتەی کە کەللەی سەری بەشۆستەی شەقامەکە پژا ،دراما تێڕوانینی بۆ دونیا بەتەواوی گۆڕیبوو، باوەڕی بەوە هێنابوو ئەوژیانەی کەئەو بۆهەتایی لەدەروازەیەکی هەڵەوە جێی هێشت، شایستەی ئەوەبوو تیایدا بژی.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

براکەم

 (ڕافائێل نۆبوا ـ ئیسپانیا)

 

هەرگێز لەبرا جمکەکەم نەبورام، کەبۆماوەی شەش چرکە منی جێهێشت لەسکی دایکما، لەوێ بەتەنیا جێی هێشتم، لەنێو ترس و تاریکیدا، وەک کەشتیەوانێکی ئاسمانی لەنێو ئەو شلەمەنیە لینجەدا مەلەم دەکرد.گوێ بیستی ئەو ماچانە بووم کە لەولاوە دادەبارینە سەر ئەو. ئەوە درێژترین شەش چرکەی ژیانم بوون. هەرئەوەش لەکۆتاییدا وای کرد کە براکەم ببێتە کوڕی نۆبەرە و شایستە لەلای دایکم. لەوکاتەوە، پێشبڕکێم دەکرد بۆ چوونەدەروە لە هەموو شوێنەکان لەپێش بابلۆوە. لەژوورەکە، لەماڵەوە، لەقوتابخانە، لە قوداسی کەنیسە، لەسینەما ـ سەرباری ئەوەی کە ئەم هەڵوێستەم بە نەبینینی دوا دیمەنی فیلمەکان لەسەرم دەکەوت.

ڕۆژێک لەڕۆژان ، سەرقاڵ بووم، براکەم پێش من چووە دەرەوە بۆشەقامەکە، ئەوکاتەی بە خەندەی خواحافیزیەوە لەمنی ئەڕوانی، ماشێنێک لێیدا و شێلای، یەتەوە یادم ئەوکاتەی دایکم گوێ بیستی دەنگی لێدانەکە بوو، بەپەلە لەماڵ هاتەدەرەوە و بەبەردەمی مندا بەڕاکردن تێپەڕی ناوی منی دەهێنا، باوەشی کردبوو بە لاشەی براکەمدا. منیش هەرگیز ئەو هەڵەیەم بۆ ڕاست نەکردەوە.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

مەڕی ڕەش

 (ئۆگستۆ مۆنتێرۆسۆ ـ گواتیمالا)

 

لەووڵاتێکی دوور چەندین ساڵ بەرلەئێستا ، مەڕێکی ڕەش هەبوو.

گوللەبارانیان کرد.

دوای سەد ساڵ ، دانیشتوانی پەشیمانی ئەو ووڵاتە پەیکەری قارەمانێکیان وەک ڕێزلێنان بۆ ئەو مەڕە دروست کرد. دیمەنێکی زۆر جوان و قەشەنگی هەبوو لەنێو باخچەکە.

ئیتر وەها و لەوکاتەوە، هەر مەڕێکی ڕەش دەردەکەوێت، دەستبەجێ دەکوژرێت، هەتا نەوەکانی داهاتووی مێگەلە مەڕەکان ئەوانیش ڕاهێنان بۆ تواناکانی خۆیان بکەن لەسەر داتاشینی پەیکەر.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

شەمەندەفەری خێرا 

(پێرا کالدیس ـ کاتالۆنیا ـ ئیسپانیا)

 

کەس نەیدەویست کاتی گەیشتنی شەمەندەفەرەکەی پێ بڵێت. بینیبویان کە دەناڵێنێت بەدەست باری جانتاکانیەوە. گرنگ ئەوەبوو تێی بگەیەنن کەهەرگیز لەوێ هێڵ وێستگەی شەمەندەفەری لێ نەبووە.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

چیرۆکێکی ئەفسانەیی

 

(ئیلیخاندرۆ خۆدۆرسکی ـ چیللی)

 

بۆقێک کە تاجێکی بەسەرەوە بوو بەپیاوێکی وت: بەباشی خۆت ماچێکم بکە.. پیاوەکە وەهای بیرلێکردەوە : ئەم ئاژەڵە ئەفسوناویە و لەوانەیە ببێتە شازادەکی جوان، جێ نشینی تەختی پادشایەک بێت، هاوسەرگیری لەگەڵ دەکەم و زەنگین دەبم.. ماچی کرد. خۆی بینیەوە بۆتە بۆقێکی لینج، بۆقەکە بە شاگەشکەبوونەوە پێی وت: ئای خۆشەویستەکەم ، ماوەیەکی دوورودرێژە تۆ تەلیسمت لێکراوە، بەڵام دواجار توانیم ڕزگارت بکەم.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

ئیمپراتۆری چین 

مارکۆ دنیبی ـ ئەرجەنتین.

 

ئەوکاتەی ئیمپراتۆر (ۆ  تی) لەسەر چرپا پان و بەرینەکەی نێوجەرگەی کۆشکی سەرۆکایەتی گیانی سپارد ، هیچ کەس سەرنجی بابەتەکەی نەدا ، هەمووان سەرقاڵی جێبەجێ کردنی فەرمانەکان بوون ، تاکەکەس کە بە بابەتەکەی زانیبوو سەرۆک وەزیران ( وانگ مانگ) بوو ، ئەو پیاوە ئارەزوی گرتنەدەستی دەسەڵاتی هەبوو.هیچی نەدرکاند و لاشەی پادشای لەبەرچاو ون کرد. ساڵێک تێپەڕی و ئیمپراتۆریەتەکە گەشەسەندنێکی گەورەی بەخۆوە دی، هەتا ئەوکاتەی (وانگ مانگ) ئێسکەپەیکەری ڕووت و قووتی ئیمبراتۆری کۆچکردووی پیشانی خەڵکی وڵات دا : پێی وتن دەبینن؟بەدرێژایی ساڵێک ئەو مردووە، لەسەر تەختی شاهانە دانیشتبوو و من بەکردار  فەرمانڕەوا بووم. بۆیە شایستەی ئەوەم کە ببمە ئیمپراتۆر).. خەڵکی ئەو وڵاتە چۆکیان بۆ ویستەکەی ئەو دادا و لەسەر تەختی ئیمپراتۆریەتیان دانا ، دواتریش کوشتیان، هەتا ببێتە نمونەی باڵای وەک پێشینەکانی و ئیمپراتۆریەتەکەیان بەردەوام لە پێشکەوتندا بێت .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

مێژووی هونەر 

(ئێدواردۆ گالینۆ) ئۆرۆگوای

 

لەڕۆژێکی باشدا ، شارەوانی یەکێکیانی ڕاسپارد پەیکەری ئەسپێکی گەورە لەگۆڕەپانی شاردا دروست بکات، بەلۆریەکی گەورە بەردئەستێیەکی زەبەلاحیان بۆ شوێنی کارەکەی هێنا ، پەیکەرتاشەکە لەسەری دەستی بەکارکردن کرد . چوە سەر پەیژەکە و چەکوش و قەڵەمی پەیکەرتاشی بەکارهێنا. منداڵەکان لەکاتی کارەکەیدا چاودێریان دەکرد. دواتر مناڵەکان چونەوە بۆ بەسەربردنی پشووەکەیان. ڕویان لەشاخ و دەریا کرد، ئەوکاتەی گەڕانەوە پەیکەرتاشەکە ئەسپەکەی پیشاندان کە تەواوی کردبوو، یەکێک لەمناڵەکان بەدووچاوی کراوەی فراوان پرسیاری لێکرد..

بەڵام تۆ چۆن زانیت لەنێو ئەوبەردەدا ئەو ئەسپەی تیایە؟

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

پەیام 

لویس ماتیۆ دیس ـ ئیسپانیا

 

هەموو بەیانیەک، کەدەگەمە نووسینگەکەم ، دائەنیشم ، گڵۆپەکە هەڵدەکەم  و جانتا چەرمەکەم دەکەمەوە ، پێش ئەوەی ئیش و کاری ڕۆژانەم دەست پێ بکەم ، دێڕێک لەو پەیامە دورودرێژە دەنووسم ، کە چواردەساڵە تیایدا بەدورودرێژی هۆکاری خۆکوشتنەکەمی تێدا باس دەکەم

© 2023. All rights reserved