بەڵگەفیلم چییە؟
ەڵگەفیلم دەرخستنی ئافرێنەرانەی ڕاستییەکانە
بەڵگەفیلم چییە؟
نوسینی : ئازاد عەزیزیان
بەڵگەفیلم چییە؟ جان گرییرسۆن کە زۆر جار بە "باوکی بەڵگەفیلم" پێناسە دەکردرێت بۆ یەکەمجار وشەی داکیۆمەنتەری بەکار هێنا و بڕوای وابوو کە بەڵگەفیلم دەرخستنی ئافرێنەرانەی ڕاستییەکانە. لەو کاتەوە دوو وشەی "ئافراندن" و "ڕاستیی" گرینگترین بابەتی ئەو باسانەن کە بۆ دیاریکردنی پانتایی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕاستییدا لەم فۆرمە تایبەتەدا بەکاردەهێندرێن. بێڵ نیکۆڵس ئەم ڕووبەڕووبوونەوانە وەکوو "مۆد" ناوزەد دەکات و دەڵێت کە شەش مۆدی بەڵگەفیلم بوونیان هەیە.
ڕوونکەرەوە (ئێکسپازێتۆری): ئەم جۆرە بەڵگەفیلمانە بەدوای ڕوونکردنەوە و ڕازیکردنی بینەردان بۆ بڕواهێنان بە بیرۆکەیەکی تایبەت لە ڕێگای بەڵگە وێناییەکانەوە. بۆ ئەم مەبەستە، دەرهێنەر کۆمەڵێک گرتەی جیاواز لێک کۆدەکاتەوە. لە زۆربەی ئەم جۆرە بەڵگەفیلمانەدا گێڕەوە یان چیرۆک بێژێک بوونی هەیە و بابەتەکان شی دەکاتەوە. گێڕەوەکە یان لە دەرەوەی چیرۆکی بەڵگەفیلمەکەدایە و وەکوو "دەنگی خودا" پێناسەدەکردرێت یان کەسێکی سەرەکی بەڵگەفیلمەکەیە.

نموونە:
What Happened,
Miss Simone (2015)
https://www.youtube.com/watch?v=z7jIOawq8y8
شاعیرانە (پوەتێک): ئەم جۆرە بەڵگەفیلمانە
هەستی بینەر دەگرنە ئامانج و هەوڵیان ئەوەیە کە بینەرەکەیان وەکوو کامێراکە هەست
بە جیهان بکات. لە زۆربەی بەڵگەفیلمە شاعیرانەکاندا، چیرۆکێکی تێروتەسەل بوونی
نییە. ئارمانجی دەرهێنەرەکانی ئەم جۆرە بەڵگەفیلمانە کاریگەریی خستنەسەر هەستەکانە
و بۆ ئەم مەبەستەش زۆر گرینگی دەدەن بە کۆمپۆزیسیۆن گرتەکان و دیزاینی دەنگ.
نموونە:
Leviathan (2012)
https://www.youtube.com/watch?v=U2wNiJt-I6U&t=23s
نمایشکارانە (پێرفۆرمەتیڤ): ئەم جۆرە
بەڵگەفیلمانە هەوڵ دەدەن نوێنەرایەتی ڕوانگەیەکی تایبەت بە وردە-فەرهەنگ یان
کەسێکی پەراوێزخراوەوە بکەن. "نوێنەرایەتیکردن" گرینگترین پێناسەی ئەم
بەڵگەفیلمانەیە. زۆربەی دەرهێنەرەکانی ئەم بەڵگەفیلمانە هێڵی ناوبەری چیرۆک و
بەڵگەفیلم تێک دەشکێنن و جۆرە ڕوانینێکی تازە و جیاواز بۆ دەربڕینی ژیان پێناسە
دەکەن کە زۆربەی کات دژبەری ڕوانینە زاڵەکانە.
نموونە:
The Act of
Killing (2012)
https://www.youtube.com/watch?v=n_cXCOBcH5c
لێکدەرەوە (ڕێفلێکسیڤ): ئەم بەڵگەفیلمانە
هەوڵ دەدەن بیرۆکەکانی بینەر سەبارەت بە سیاسەتی ڕۆژ و هەروەها چوارچێوەکانی
سینەما بگۆڕن. کەواتە داوا لە بینەر دەکەن کە بیر لە حەقیقەتێکی گەورەتر لەوەی
"بەرچاو" بکاتەوە. بەڵگەفیلمە ڵێکدەرەکان لەدژی شەپۆل مەلە دەکەن و بۆ
بینەر دەردەخەن کە بەڵگەفیلمەکە چۆن سازکراوە. هەروەها ئەم جۆرە بەڵگەفیلمانە
ئاماژە بە سازکرابوونی چەمکی "ڕاستیی" دەکەن و پێیان وایە حەقیقەت لەژێر
کاریگەری هێزی سیاسی و هێزی دەرهێنەردایە.

نموونە:
Man with a Movie Camera (1929)
https://www.youtube.com/watch?v=qOCFNAZX3r8&t=28s
چاولێکەر (ئابزێرڤێتۆری): ئەم جۆرە
بەڵگەفیلمانە تەنیا چاو لە جیهان ئەکەن و تەنیا بینەری جیهانن و بەشداریی لەو
جیهانەدا ناکەن کە پیشانی دەدەن. لە بەڵگەفیلم چاولێکەرەکاندا دەرهێنەری و تیمەکەی
هەوڵ دەدەن کەمترین ئاستی کاریگەرییان لەسەر جیهانی فیلمەکە هەبێت. بۆ ئەم
مەبەستەش زۆربەی ئەم دەرهێنانە کاتێکی زۆر لەگەڵ بەشداربوواندا تێپەڕدەکەن تا
بەشداربووەکان لەبیریان بچێتەوە کە کامێرا چاو لە ژیانیان دەکات.
نموونە:
Honeyland
(2019)
https://www.youtube.com/watch?v=B27ORUHlp6E
بەشدارکەر (پارتێسێپێتۆری): لەم جۆرە
بەڵگەفیلمانەدا، دەرهێنەر دەبێت بە بەشداربوو و کاریگەریی دەخاتە سەر جیهانێک کە
وێنای دەکات. لەم جۆرە بەڵگەفیلمانەدا دەرهێنەرەکان بڕوایان وایە کە بەڵگەفیلم
ناتوانە لە خۆیەوە ڕووبدات و ئەمە تەنیا هەبوونی کامێرایە کە ئەو دەرفەتە
دەڕەخسێنێت. کەواتە کامێرا یارمەتی بەشداربووان دەکات کە "ڕاستگۆترین"
ڕوومەتی خۆیان دەربخەن. ئەم دەرهێنەرانە بڕوایان بەوە نییە کە حەقیقەتێکی
گەردوونیی بوونی هەیە.
نموونە:
Chronicle of
a Summer (1961)