cover

خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ فیلمی ئەزموون

خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ فیلمی ئەزموون و ئەزموونە سینەماییەکەی شەوکەت ئەمین

خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ فیلمی ئەزموون

نووسینی: شاهۆ عارف
ماستەر لە دیجیتاڵ میدیا و فیلم

دیمەنی کرانەوە بە کچە خوێندکارێک دەستپێدەکات کە بە جلوبەرگ و جانتای مەکتەبەوە دەچێتە لێواری ئاوێکی بێسنور، چەقۆیەک لە جانتاکەی دەردێنێ و بە نیگەرانی و هەنسکەوە لێی دەڕوانێ، دواجاریش بۆ ساتێک لەبەردەم ئەو دەریا بێ بنەدا، لەنێوان تەماشای چەقۆ و دەریادا، دەوەستێت. ناونیشانی چوارەم فیلمی شەوکەوت ئەمین ئەپەڕێتە سەر سکرین: ''ئەزموون''. ڕەنگە ئەم دیمەنە باشترین گوزارشت بێت لە کۆی ئەزموونە سینەماییەکەی شەوکەت. فیلمسازێک کە بە خوێنی پێشمەرگەکانی ''پەڕینەوە لە غوبار'' ئەزموونە سینەماییەکەی سەرپێخست، ئێستا پاڵەوانە گەنجەکانی لەو ئەزموونەدا، لەسەر بەلەم و لەبەردەم ئاودا دەگەنە بن بەست!
 
لە یەکەم فیلمی درێژییەوە شەوکەت ئەمین وەکو گێڕەوەیەکی سینەمایی خۆی سەلماند. گێڕەوەیەک کە ڕەگەزەکانی فیلم دەناسێت و دەتوانێت بە زمانی فیلم بدوێ و بگێڕێتەوە. بەڵام دژواری زمانی سینەما، وەکو هەموو هونەرەکانی تر، بە تەنیا زانینی بەکارهێنانی نییە، بەڵکو چۆنێتی و چییەتی بەکارهێنانیشیەتی. ڕەنگە ئەمە ئەو خاڵە بێت کە دەتوانین ئەم گێڕەرەوە کوردە سینەماییەی تێدا ڕابگرین.
 
کێشە زۆرەکانی گێڕانەوە لە فیلمسازی کوردییدا، وامان لێدەکات پێزانینێکی زیاترمان هەبێت بۆ شەوکەت ئەمین و فیلمەکانی، دەتوانین بڵێین ئەم فیلمەیشی هەروەکو ئەوانی تر نموونەی گێڕانەوەیەکی تری سینەماییە کە هەموو ڕەگەزەکانی فیلم پێکەوە و هەماهەنگ کاریان کردووە. شەوکەت بەباشی دەستی گرتووە بەسەر فیلمەکەیدا؛ لەبەرئەوەی گێڕانەوەکەی واقیعیی و درامییە، هەوڵیداوە نواندنی ئەکتەرەکان تەبابێت لەگەڵ چیرۆک[1] و دراماکەیدا، شوێنەکان و ڕێکخستنەکان[2]ی لە ئاست پێداویستی چیرۆکەکەی زیاتر نەبێت. ڕووناکی نزیک بێت لە ڕووناکی واقیعییەوە، ئاخاوتنەکانی لە پیشە و پێگە و دونیابینی کارەکتەرەکانیەوە بێتەدەر. جوڵەی کامێرای وەکو چاوی مرۆڤ: جێگیر، بادراو بەلای ڕاست و چەپ، بەسەر دەستەوە و شوێنی کردە و کارەکتەرەکان بکەوێت. لەڕووی مۆنتاژیشەوە؛ گرتە و دیمەنەکانی سەرەتا ماوە و کورت و خێران، بەڵام  بە تێپەڕبوونی کات، ڕیتمی فیلمەکە خاو دەبێتەوە و شوێنی هێڵەکان دەکەوین. ئەگەرچی لە دیمەنەکانی سەرەتادا، هەست بە ڕەقی کەرت[3]کردنەکان دەکەین لەسەر کردەکان، یاخود بە زمانێکی تر، لەڕووی ماوەوە، هەست دەکەین هەندێک لە گرتەکان بەر لەوەی هەناسەبدەنەوە قرتاون، بەڵام لە دواجاردا دەسەڵاتی مۆنتاژ بەسەر ڕێکخستن و شوێنگەی گرتە و بەش و دیمەنەکانەوە دیارە، سەرکەوتووانە یەکەیەکی سینەمایی دروستکردووە کە بە درێژایی گێڕانەوەکە هەستی پەرۆشی، پرسیار، گومان و ڕاڕایمان بۆ دروست دەکات.
 
فیلمەکانی شەوکەت، پێ بە پێی هەلومەرجە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و کلتورییەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەت باشوری کوردستان، گەشەیان کردووە. لە هەموو فیلمێکدا ڕەنگدانەوەی ساتە مێژووییەکان، بابەتە هەنووکەییەکانی ڕۆژ و گۆڕانی بەهاکان بە بابەتی سەرەکی فیلمەکانیەوە دیارە. خۆ ئەگەر کەمێک وردتر بدوێین، دەبێت بڵێین فیلمەکانی چیرۆکی سینەمایی ئەو هەلومەرجانەیە. فیلمی ئەزموون چیرۆکی سەردەمێکە کە بەهاکانی نیولیبراڵیزم و سەرمایەداری جیهانی لە کوردستاندا بەرەو شێوەگرتن دەچن. سەردەمێک کە هەڵپەی بازاڕی ئازاد و کەرتی تایبەت جێگەیان بە هەموو سیستمێکی ناوەندی و حکومی لێژکردووە و کۆی چیرۆکی فیلمی ئەزموونیان دروستکردووە. شەڕی داعش و بازاڕە گەرمەکەی لەسەر سنورەکانی کوردستان لەلایەک، نا یەکسانی دابەشبوونی داهات و کێشمەکێشی توند لە پێناو بەدەستهێنانی پێگە و پارە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی سەقامگیرتر، لە نموونەی ئەو ئاماژە واقیعییانەی فیلمەکەن کە داینەمۆ و بزوێنەری کۆی چیرۆکی فیلمی ئەزموونن.
 
چیرۆکی فیلمەکە لە بنەمادا چیرۆکێکی خێزانی و کۆمەڵایەتییە بەڵام بەتوندی بەستراوەتەوە بە دەرکەوتە و گۆڕانە ئابوریی و سیاسییەکانەوە. لە هەمان کاتیشدا چەندین ڕەهەندی تری کلتوری و دینی و ڕۆشنبیری هەیە. دەرئەنجام، گێڕانەوەکە بە چەندین کارەکتەر و هێڵەچیرۆکەوە کەشێکی درامی توند و نەفەسبڕ دروست دەکات کە لە زۆر جێگەدا فریا ناکەوین بیر لەو ئاستەنگ و چارانە بکەینەوە کە بۆمان دروست دەکات. بۆئەوەی زیاتر لە هێزی گێڕانەوەکە و چنینی ڕووداوەکان و دروستکردنی هێڵەچیرۆکەکان تێبگەین دەتوانین زیاتر بچینە بنجەوە.
 
کاتێک فیلمەکە دەست پێدەکات، خۆشەویستەکەی ڕۆژین (ڤانیا سەلام) کوردستانی جێهێشتووە و دیارنەماوە. ئەم ڕووداوە، دواتر بەجۆرێک دەبێتەهۆی بێ هیوابوونی ڕۆژین کە هەوڵی خۆکوژی بدات و ئارەزووی دەرچوون و چوونە زانکۆیشی نەبێت. بێگومان دۆخی ڕۆژین دەبێت بە یەکەم جەمسەری چیرۆکەکە. عەزیزی باوکی ڕۆژین (حەمەڕەشید هەرەس) دەیەوێت ژن بێنێت و ڕۆژین بدات بە شوو، لەبەرئەوەیش کە جددیی دیارە لە هەڵوێستەکانیدا، خەریکە چارەنووسێکی نەخوازراو دەسەپێنێت بەسەر کچەکەیدا. عەزیز کە دەروون و خواستی ڕۆژینی فەرامۆشکردووە و خاوەنی تێگەیشتنێکی چەقبەستووە بۆ داهاتووی کچەکەی دەبێتە جەمسەری دووەمی چیرۆکەکە. ڕۆژین و باوکی، جگە لە دیمەنی خوازبێنییەکە کە چەندجارێک باوکی بانگی دەکات و ئەو وەڵام ناداتەوە، لە هیچ جێگەیەکی فیلمەکەدا ئاخاوتن ناکەن و بەریەک ناکەون. ئەوەی وادەکات کە ئەم دوو کارەکتەرە وەکو دوو ئاڕاستە لە بەرامبەر یەکتردا چالاکبن شیلان (ئاڤان جەمال)ە. شیلان لە دیمەنی دووەمی فیلمەکەدا (وەک ئەوەی کاردانەوەی بۆ دیمەنی بە بنبەست گەیشتنی ڕۆژین لەسەر دەریا هەبێت) بەخێرایی بە کۆڵانە تەسک و باریکەکاندا تێدەپەڕێت و دەگاتە ماڵی باوکی بۆ ڕێگریکردن لە بەشوودانی خوشەکەکەی. بەنزیکەیی، شیلان بەدرێژایی گێڕانەوەکە نیگەران و پەرۆشە، ئەگەرچی بەگشتی زیاتر لە خوشکێک، ڕۆڵی دایکێک بۆ ڕۆژین دەگێڕێت، بەڵام بەگشتی زیادەڕەوی لە خواست و هەست و دەربڕینەکانیدا بەدیدەکرێت. هەر ئەو زیادڕەوییەیە وادەکات شیلان پاڵەوان و بزوێنەری کۆی گێڕانەوەکە بێت. خواستەکانی باوکی و ڕۆژین تۆخ دەکاتەوە و دەیاندات بەیەکتردا. وەک دیارە، خواستەکانی ڕۆژین و باوکی جگە لە دیمەنی خوازبێنییەکە لە هیچ شوێنێکی تری گێڕانەوەکەدا خۆیان نوێنەرایەتی ناکەن، ئەو دوو کارەکتەرە بەگشتی لە بەرامبەر یەکتردا ناچالاکن، بەڵام شیلان بەهۆی ئەزموونە تاڵەکەی خۆی و هەوڵدانی خۆکوژییەکەی ڕۆژین، زۆر بەبایەخ و گرنگییەوە بیر لە چارەنووسێکی تر بۆ ڕۆژین دەکاتەوە. دەیەوێت بەر بگرێت بە هەر ئاکامێک کە ڕۆژین بەهۆی فرۆشتنی خانووەکە و ژنهێنانی باوکییەوە دووچاری ببێت. بە کورتی شیلان دروستکەری ئامانجی گێڕانەوەکەیە کە ناردنی خوشکەکەیەتی بۆ زانکۆ. بەڵام ئایا ڕۆژین ئەوەی دەویست؟ شیلان وەکو چاوساغ و بڕیادەری ژیانی ڕۆژین، ئەو دوو ئاڕاستەیە لە مەیل و بیرکردنەوە بە توندی دەدات بەیەکدا و دەبێتە نوێنەر و زمانحاڵی ڕۆژین لە ماڵەوە و دەرەوە.
 
لە جیهانی دەرەوەدا، هێڵەچیرۆکی موهەندیس (هۆشیار نێروایی) و شەماڵ (کاوە قادر)، مامۆستا کەریم (عادل عەبدولڕەحمان) خزمەت بە خواستی شیلان و ڕۆژین دەکەن، کە گەیشتنی ڕۆژینە بە زانکۆ. لە بەرامبەردا، هێڵەچیرۆکی هاوڕێکان؛ سەردار (حوسێن حەسەن) و فایەق (زەریا سامی)، لەگەڵ هێڵەچیرۆکی مامۆستاکان؛ مونیرە (نیگار عوسمان)، جەمال (شوان عەتوف) بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ خزمەت بە خواست و بیرکردنەوەی عەزیز دەکەن. وەک دیارە کارەکتەرەکانی ناو ئەم هێڵانە هیچیان بێ کێشەنین لەگەڵ ئەوی تریان، هەریەکەیان خاوەن بیرکردنەوە و تێڕوانین و هەندێکجار بەرژەوەندی جیاوازن بۆ کێشەکان. ئەمەیش بەهێزی کارەکتەرسازی لەناو ئەم چیرۆکە تێکچڕژاوەدا پیشان دەدات.
 
یەکێک لە دیارترین ئەو ناکۆکیانەی کە بەشێکی زۆری پلۆت[4]ەکە پێکدێنێت لە هێڵی مامۆستاکاندایە. مونیرە و جەمال لە بنەمادا کێشەیان نییە، هەردووکیان باوەڕیان بە ڕێوشوێن و یاساکانی تاقیکردنەوەکان هەیە. بەڵام ئەو هەستیاریەیان بەیەکتر وادیارە زیاتر بێت لە دەستوەردانەکانی جەمال و پێشینەیەکی هەبێت. لەوانەیشە بە ئامانجی گومان دروستکردن بێت لەسەر مونیرە لە دزەپێکردنی پرسیارەکاندا. جەمال کارەکتەرێکی ناوەندییە لە دروستکردنی کێشەکان و قوڵکردنەوەیان. پلۆتەکە لە چەند ڕوویەکەوە مافی زۆری پێداوە؛ جەمال لەگەڵ ئەوەی کارەکتەرێکی فزول و سەر بەکێشەیە لەناو مەکتەب، فزولیەتەکەی دەپەڕێتەوە بۆ دەرەوەی دەسەڵاتی خۆی لە دەرەوەی مەکتەبیش. بەبێ ئەوەی کە دیاربێت لە هیچ لیژنەیەکی وەزاریدایە، بەشێوەیەکی پۆلیسیانە بەدوای کێشە و سەرەداوەکاندا دەچێت! کە لە واقیعدا، ئەو کارە دوورە لە بەرپرسیارێتی مامۆستایەک. ڕەنگە هەر بەهۆی ئەم فزولیەتەی بێت کە لە پلۆتەکەیشدا ڕووبەرێکی زیاتری پێدراوە. چونکە دووجار لە دوو گۆشە و باری جیاوازدا دەمان باتە ماڵی جەمالەوە کە وادیار نییە جگە لە تەنیاییەکەی خزمەتێکی ئەوتۆی بە کۆی گێڕانەوەکە کردبێت. ئەمە سەرباری ئەوەی کە لە فەزای دەرەوەی قوتابخانە، لە کۆڵان و لە خواردنەوەیش دەیبینین. جەمال سەرباری ڕۆڵە یەکلاکەرەوەکەی کارەکتەرێکی بێ پاساوە. ئەگەر گێڕانەوەکە پاساوی بۆ ئەو کارەکتەرانە دۆزیبێتەوە کە ڕۆڵی گرنگ و یەکلاکەرەوە دەبینن، ئەوا جەمالی بە تەواوی فەرامۆش کردووە و نازانین پاڵنەرەکانی جەمال لەو سیاقە وێرانە و گەندەڵەدا چیین بۆ جددیەت و دڵسۆزییەکەی؟
 
بەر لە دوێتە یەکلاکەرەوەکەی شیلان و جەمال لە کافتریاکە، ناتوانین ڕۆڵی هەرە گرنگی سەردار وەکو نوێنەری خواستەکانی عەزیز لە یاد بکەین. سەردار هەر لە سەرەتاوە، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەست بە گومان دەکات لە هەڵسوکەوتی شیلان. وادیارە کە ئەو ژن و مێردە پەیوەندییان خراپ بێت، بەڵام لە درێژایی گێڕانەوەکەدا جگە لەوەی سەردار بە بایەخە زۆرەکەی شیلان بۆ ڕۆژین پەست دەبێت، گومان و ئەنجامگیری هەڵە دەکات لە هەڵسوکەوتەکانی ژنەکەی. لە ئەنجامدا سەردار (بە یارمەتی هاوڕێکەی؟) کۆی گەمەکە لە ژنەکەی و ڕۆژین تێکدەدات و ڕۆڵی مونیرە و جەمال (بە تایبەت جەمال) بەهێزتر و کاریگەرتر دەکات. مایەپووچی سەردار ئەوەیە کە دەئاڵێت بە کێشەیەکەوە کە لە بنەمادا هی خۆی نییە! دواجاریش ئەم دوو هێڵە، ئەو ململانێیەی کە بە ئاسپایی لەنێوان ڕۆژین و باوکی لە ماڵەوە دەستی پێکرد، لە دەرەوە و لە کافتریاکەدا بە نوێنەرایەتی شیلان و جەمال یەکلادەبێتەوە و شیلان بە خراپی شکست دێنێت!
 
شکستەکەی شیلان شکستێکی زۆر قورس و بەئازارە، هەتا ئەو ڕادەیەی شیلان دەباتە شوێنی کارەکەی سەردار و لەبەرچاوی خەڵکدا چەپۆکی قەهر دەکوتێت، شیلان دەباتەوە سەر گۆڕەکەی دایکی و شکستە گەورەکەی خۆی لەڕۆڵی دایکێکدا، بە فرمێسک، بەسەر شان و سنگە بچووکەکەی کچەکەیدا دەبارێنێت، هەر لەوێدا گێڕانەوەکە بە پارچەیەک میوزیک هاوسۆزی لەگەڵ دەکات. دواتریش توڕەیی و زریانی ناخی بەسەر ڕۆژیندا دەبارێنێت، لەوکاتەی کە ڕۆژین ئامادەنییە دوای قۆپیەکە بچێتەوە هۆڵی تاقیکردنەوە. گێڕانەوەکە باری سەرشانی شیلان سوکتر دەکات، کاتێک لایەنەکانی تر بەسەر دەکاتەوە کە چۆن خۆیان لەگەڵ بارودۆخی پاش شکستەکەدا دەگونجێنن. دواجار ڕێگەدەدات بە ڕۆژین هەڵبێت لە ماڵ و عەزیزی باوکیشی بەدوای شوێن پێکانیدا بگەڕێت.
 
توندی کەشەکەی و جەبری پلۆتەکە لە هەندێک جێگەدا فێڵ لە بینەر دەکات و ڕێگەنادات هەموو ئەو ڕووداو و زانیاریانە هەڵسەنگێنین کە پێمان دەبەخشێت، بەڵام لەبەرئەوەی کۆی ڕەگەز و پێکهاتە و بەشەکانی فیلمەکە پێکەوە کاریان کردووە، وە بەدرێژایی گێڕانەوەکە خواست و سەرنج و هەستەکانمان ئاڕاستەدەکات و تووشی هیچ ناسازییەکی زەقمان ناکات، ئەگەر کورتهێنانێکیش لە هەر پێکهاتەیەکی گێرانەوەکەدا هەبێت بە ئاسپایی تێدەپەڕێت و نابێتە پەڵە بەسەر کۆی کارەکەوە. لێرەدا باس لە چەند حاڵەتێک دەکەم کە بەهۆی توندی و جەبری پلۆتەکەوە بەباشی شێوەیان نەگرتووە.
 
یەکەم ڕۆژی تاقیکردنەوەکەی ڕۆژین بەبیر بهێننەوە، ئەوکاتەی کە ٢٠ خولەکی سەرەتای فیلمەکە ئێمەی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی بزانین چۆن چۆنی پلانی قۆپیکردنەکە سەردەگرێت. لەو بەیانییەدا کە چەند هەنگاوێکی ماوە بگاتە مامۆستا چاودێرەکە، بۆئەوەی بەر لە چوونە ژوورەوە بیپشکنێت، یەکێک لە هاوڕێکانی بانگی ڕۆژین دەکات و باسی هەستی خۆی دەکات کە چۆن نان و ئاوی بەهۆی سەعیکردنەوە لێ تاڵ بووە. ئەم بانگکردنەی هاوڕێکەی بە تەواوی سەرنجی ئێمە لەسەر پشکنینەکە لادەبات. لەکاتێکدا ئەو ساتە بە گوێرەی لۆژیکی گێڕانەوەکە دەبوو ساتێکی هەستیاربێت کە بۆیەکەمجار ڕۆژین گوێ و گیانی دەپشکنرێت. کەچی کاتێک ڕۆژین و هاوڕێکەی جانتاکەیان دادەنێن، کامێرا ١٨٠ پلە دەگوازێتەوە بۆ پشتەوە، مامۆستا جەمالمان پیشان دەدات، کە چۆن ئەمبەر و ئەوبەری دەرگاکە دەکات و بێبەشمان دەکات لە قوڵایی چێوە[5]کە کە خوێندکارانی تێدا دەپشکنرێن. دواجار کاتێک سەرەی ڕۆژین دێت، گێڕانەوەکە ڕێگەنادات پشکنینەکەی تەواو بێت و دیمەنەکە کەرت دەبێت بۆ ژوورەوە کە خوێندکاران لە هۆڵی تاقیکردنەوە دانیشتوون. ئینجا لە ژوورەوە نیگەرانی و ڕاڕاییەکانی ڕۆژین دەستپێدەکات. چەند ڕۆژ دواتریش، ئەوکاتەی ڕۆژین نوشتەکە بە بەر یەخەیەوە هەڵدەواسێت، مامۆستای چاودێرەکە دەبینین کە بە ئاسانی تێبینی شتێکی بینراو و جێگومان دەکات. ئەم پشکنین و تێبینیکردنە لەلایەن مامۆستاکەوە پرسیاری ئەوەمان لادروست دەکات کە بۆچی گێڕانەوەکە پێشتر ئەوەندە بە ئاسپایی بەسەر پشکنین یان لانی کەم بەسەر ترسی ڕۆژین لە یەکەم ڕۆژی تاقیکردنەوەکەدا بازیدا؟
 
ڕەنگە نموونەیەکی تری جێ سەرنج ئەوساتە بێت کە یەکێک لە مامۆستاکان لە سەدا حەفتای وەڵامی پرسیارەکانیان دەدات بە موهەندیس. موهەندیس لە وەڵامدا دەڵێ ''حەفتا لە سەدی چی، من وەعدم دایتە خەڵک،'' بەڵام دواتر کە وەڵامەکان دەخوێنرێنەوە، موشتەرییەکان بەبێ کێشە و بە ڕێنمایی شەماڵ بەڕێدەکرێن بۆ دەرەوە. لەکاتێکدا وادیارە موهەندیس پارەی بۆ کۆی وەڵامەکان وەرگرتووە، بەڵام لەگەڵ دووپاتکردنەوەی بەڵێنی ئامادەکردنی کۆی وەڵامەکان بۆ ڕۆژی دواتر، موشتەرییەکان شوێنەکە جێدەهێڵن.
 
ئەگەرچی بەگشتی نواندن و ئاخاوتنەکانی ئەم فیلمە واقیعییانەیە و لە ئاست چیرۆکەکە و درامەکەیدایە. وە بەهۆی ئەوەیشەوە کە نواندنی فیلمەکە، نواندنێکی درامی و جددییە، لەبەرئەوە هەندێک لە ئاخاوتنەکان وەکو پێویست نین؛ بۆ نموونە لە چەندین جێگەدا هەست بە زمانگیری موهەندیس دەکەین لە کاتی قسەکردندا. یاخود ئاخاوتنەکانی نێوان مونیرە و جەمال، موهەندیس و بەرپرسەکە وەکو پێویست پتەونین.
 
دەتوانین ئاماژە بە نموونەیەک بکەین نەک وەکو ناڕێخکراوی ئاخاوتن بەڵکو وەکو لێکدژییەکی زەق لەنێوان قسە و هەڵسوکەوتی کارەکتەرەکاندا. ئەوکاتەی سەردار ئاشکرای دەکات کە شیلان خەریکی یارمەتیدانی خوشکەکەیەتی بە قۆپی، شەوەکەی شیلان و ڕۆژین لەسەر جێگەی نووستن یەکتر دەبینن، شیلان دەردڵی خۆی دەکات و دەڵێ: ''ڕۆژین قەت نەهێڵیت کەس مەجبوورت بکات بەشتێک کە خۆت ناتەوێت.'' بەڵام کاتێک سەیری کۆی گێڕانەوەکە دەکەین، دەبینین کە ئەوە شیلانە بەکردەوە ڕۆژین مەجبوور دەکات بە شتێک کە خۆی بڕیاری لێنەداوە! ڕۆژین بڕیاریدا خۆی بکوژێت و سەرکەوتوو نەبوو. لە پاش ئەو ڕووداوە، شیلانی خوشکی نەک تەنیا پێشنیاری ڕێگەی ژیانی بۆ دەکات بەڵکو مەجبووری دەکات قۆپی بکات، بەردەوام بێت لە قۆپی کردن بۆئەوەی بچێتە زانکۆ، دۆخی دەروونی بە نوشتە چاک دەکاتەوە، وە دواجاریش لە دیمەنی تەقینەوە و شکستە سەختەکەیدا، شیلان بەسەر خوشکە بچووکەکەیدا دەتەقێتەوە؛ ''گووت خواردووە ناچیت [بۆ تاقیکردنەوە]،'' ناچاری دەکاتەوە کە بەردەوام بێت. 
 
ڕۆژین بە لاوازی و ترسەوە پەیڕەوی ڕێنمایی و ئامۆژگاریەکانی خوشەکەکەی دەکات، ئەو ساتەی کە وایەرەکان لە سکی دەبەسترێت، ئەوکاتەیش کە وایەرەکان لە سکی دەکرێتەوە، بەبۆچوونی من بەهێزترین وێنەکانی فیلمەکەن. لەلایەک لەبەرئەوەی شەوکەت زیرەکانە تابۆیەکی کۆمەڵایەتی لەچێوارچێوەی سیاق و گێڕانەوەیەکی سینەماییدا ئاسایی و سادە دەکاتەوە، لەلایەکی تریشەوە بەستن و پیشاندانی وایەر لەسەر پێستێکی سارد و سڕ بۆ ئەوەی چارەنووسی جەستەیەک بە زانینێکی ساختە ڕزگاربکات وێنەیەکی سینەمایی تاقانەیە! ئەو دیمەنە نەک تەنیا شکستی خوێندکارێکی قۆپیکەرە، بەڵکو پیشاندەری وێنەی جەستەیەکی چەپێنراوە کە زانین ناتوانێت فریای بکەوێت. جەستەیەک کە شەکەت و ماندووی زانین نییە، دواجار نایشتوانێت قبوڵی بکات! ئەم ئەنجامە ئەگەرچی بە ئازارە بۆ ڕۆژین و خوشکەکەی، بەڵام چاوەڕوانییەکی قوڵی ئێمەی بینەرە بۆ دیتنەوەی ڕاستێتی شتەکان و دۆخەکان.
 
ڕاستێتی. ئەو ساتەی کە شیلان و جەمال لە کافتریاکەدا دانیشتوون، موهەندیس و پێڕەکەی شیلان ڕادەسپێرێن بە پارە کێشەکە لەگەڵ جەمال چارەسەر بکات. جەمال لە بەردەم تاقیکردنەوەی پارەدا نەک هەر وەفاداری و ڕاستگۆیی خۆی بۆ بیرکردنەوەکانی دووپات دەکاتەوە بەڵکو زۆر توند وەڵامی شیلان دەداتەوە: ‘’کڕین و فرۆشتنی من هەروا ئاسان نییە...بەڕێز’’ و پاشان پارەکە ڕەتدەکاتەوە و بە تەواوی شیلان تەریق دەکاتەوە لە کارەکەی. لەکۆی ئەو دیمەنەدا، بۆ یەکەم و دواجار، لە پاش ئەو دێڕەی جەمال، گرتەیەک هەیە کە گۆشەی کامێرا بەجۆرێک دانراوە لە قوڵایی گرتەکەدا شەوکەت ئەمین دەبینین؛ دەست و پەنجەکانی بەڕووی خانمێکی تردا لە باکگراوندا بەرزکردوەتەوە. وەکو ئەوەی شەوکەت نواندن بۆ ئەو دێڕە بکات کە جەمال بە شیلانی دەڵێت لە فۆگراوندا. ئایا مەبەستی شەوکەت لە دەرکەوتنی، لەو ساتەدا کە جەمال ئەو دێڕە بە شیلان دەڵێت چییە؟ ئایا شەوکەت ویستوویەتی بەو ئاماژەیە وەکو نووسەر و دەرهێنەری دەقەکە بەرگری لە جەمال و هەڵوێستە جددی و نەگۆڕەکەی بکات؟ ئایا ئەمە جەختکردنەوەی شەوکەوت نییە لە پیشاندانی جەمال وەکو ڕاستێتی و حەقیقەتێکی دەرەسیاق؟ لەکاتێکدا نازانرێت بۆچی جەمال ئەوەندە سور و جددیە لەسەر هەڵوێستەکانی؟ ئایا شەوکەوت لە پاڵ ئەو هەڵوێست و دێڕە جوانەی کارەکتەرەکەیدا دەیەوێت پەیامێکی ناڕاستەوخۆی بۆ لایەنەکانی دەوروبەری ئەزموونە سینەماییەکەی هەبێت؟
 
نازانین ئەو پرسیارانە هەتا چەند گرنگ و پێویستن، بەڵام هەرچۆن بێت ئێمە جەمال وەکو مرۆڤ و مامۆستا دەبینین، کە بە درێژایی دەرکەوتنی خاڵی لاواز و کەموکورتی هەیە. بە خوێندنەوەی ئاماژەکان و باسکردنی مەبەستەکان خەریکە لە درێژدادڕی ئەو نەخشە چڕەی نێوان کارەکتەرەکان و پێکهاتەی گێڕانەوەکە بەهۆش دێینەوە. ئەگەر زۆرمان لەوبارەیەوە وتبێت، ئەوە کۆی گێڕانەوەی فیلمی ئەزموونە کە سەرنجی ڕاکێشاوین بۆ کارەکتەرەکان و ململانێی خواستەکانیان، هێڵەچیرۆکەکان و پەیوەندییەکانیان، ئامانجەکان و سەرئەنجامەکان. شەوکەت خەریکە بیرمان دەباتەوە لەپشت هەموو ئەم دراما و چنیننانەوە چیی هەیە و دەیەوێت چی بڵێت؟
 
بێگومان کڵێشە و پەیکەری گێڕانەوە تێما و بابەت دەخاتەڕوو. ئەگەر ژن، خۆشەویستی، نیشتیمان، پەروەردە، خوێندن و گەندەڵی تێماکانی ئەم فیلمەبن ئەوا کێشەی ژن، کێشەی پەروەردە و سیستمی پەروەردە، گەندەڵی ئیداری و بەڕێوەبردن لە باشوری کوردستان بابەتەکانی ئەم فیلمەن. سەرەکیترین بابەتی فیلمەکە مەسەلەی ژنە. دیمەنی کرانەوەی فیلمەکە بە کچێکی نیگەران دەستپێدەکات لەبەردەم ئاوێکی بێسنوردا، ڕامان دەکێشت بۆ ئەوەی سەرنج لە مەسەلەی ژن بدەین. هەر ئەو دیمەنە لە کۆتاییدا دەبینینەوە بەو جیاوازییەی کە ژنێکی تر هاتۆتە دیمەنەکە وە بەو ئەنجامەی کە هەردووکیان بەسەر باردۆخێکی ناهەمواری کۆمەڵایەتییەوە گەیشتوونەتە ئەوێ. کەواتە فیلمەکە کێشمان دەکات بۆ کێشەکانی ژن لە کۆمەڵگەی کوردیدا.
 
کێشەی جێندەر یاخود ژن کێشەیەکی تازە نییە لە فیلمسازی کوردیدا و پێشتر لە فیلمەکانی بەهمەنی قوبادیدا بە تۆخی دەرکەوتووە. لەم دوو فیلمەی کۆتاییدا، شەوکەوت ئەمین، ژن و کێشەی ژنی وەکو بابەتی سەرەکی و بەرەوپێشبەری درام بەکارهێناوە. دەبینین کە پاڵەوانە ژنەکانی زیاتر لە پیاوەکان ڕووبەریان هەیە، ئامانجێک دروست دەکەن و زیاتر لە پیاوەکان لە ڕووبەری فیلمەکاندا دەڕۆن و دەجوڵێن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان. بەڵام دواجار هەر ئەوانیشن کە لەسەر سکرین پەرۆشن، ئەترسن، خەفەت ئەخۆن و ئەگرین! بیر لە ژنەکانی بیرەوەرییەکانی سەربەرد بکەنەوە، تەنانەت بە ژنی فیلمسازەکەیشەوە، هەموویان سنوردار و لە قاڵبدراون بە دەسەڵاتی پیاوانە. سنور (کچە پاڵەوانی فیلمەکە) بەیادبهێننەوە کە چۆن گەورەترین قوربانی دەدات لەپێناو بەشداریکردنی لە فیلمێکی سینەماییدا. دووبارە بیر لەم فیلمە بکەنەوە کە چۆن دەسەڵاتی چەسپیوو و پیاوانەی بەهێز ژنەکان ناچار بە کاردانەوە دەکات. عەزیزی باوکی ڕۆژین تەنانەت باکی بە هەوڵی خۆکوژی، چوون و نەچوونی کچەکەی نییە بۆ زانکۆ، مەگەر هەر ئەوە نییە وادەکات شیلان بیر لە خراپترین ڕێگە بکاتەوە بۆ یارمەتیدانی خوشکەکەی؟ سەرداری مێردی شیلان، هیچ تێگەیشتنێکی نییە بۆ نیگەرانییەکانی ژنەکەی. تەنانەت مامۆستا جەمالیش لە کافتریاکەدا، هەمان تێڕوانینی زاڵ دووبارە دەکاتەوە، ''هەموو کچێک ئەبێت شوو بکات''.
 
شیلان کە دەیەوێت بەجۆرێک ڕۆژین لە دۆزەخی ماڵەباوان ڕزگاربکات، لە چەند دیمەنێکی فیلمەکەدا، ئەم جووتە خوشکە، بەجیا و بەتەنیا دەبینینەوە لە بەردەم پەنجەرەدا! وەکو ئەوەی بەردەوام بۆ هیوایەک بڕوانن. ئەگەر ڕۆژین و شیلان خوازیاری ئازادییەکی ڕێژەیی بن و دواجاریش نەتوانن بەدەستی بهێنن، ئایا دەتوانین بگەین بەو ئەنجامەی کە ژن بوونەوەرێکی چەوساوەیە لە دیدی شەوکەت ئەمیندا؟
 
بێگومان نەخێر. لەبەرئەوەی لەم چیرۆکەدا جگە لە شیلان و ڕۆژین، چەندین ژنی تر بە دەرکەوتنی جیاواز هەن. لە گرنگترینیان؛ مونیرە و ئەو ژنەیە کە دەیەوێت مێردەکەی بە قۆپی، ''لە ڕقی هەندێک کەس،'' بنێرێت بۆ زانکۆ. کاتێک سەیری ئەو کارەکتەرانە دەکەیت هەستدەکەیت کە ژن تەنیا وەکو ڕۆژین و شیلان چەوساوە نییە، بەڵکو دەکرێت بەرهەڵەستکار و خاوەن پێگەبێت وەکو مونیرە، یاخود باڵادەست و بڕیاردەری پیاوەکەی بێت وەکو ئەو ژنەی کە باسمان کرد. ئەگەر کۆی گێڕانەوەکە ویستبێتی پیشانمان بدات کە چۆن ژن هەوڵ و قوربانیدەدا بۆ ئەوەی بەسەر سنور و کۆسپە پیاوانەکاندا سەرکەوێت، ئەوا هەر گێڕانەوەکەیشە پێمان دەڵێت کە ئەو کۆسپانە لە نەبوونی نێرینەدا دروستبووە! مەگەر بارودۆخی ڕۆژین سەرچاوەکەی لە دەستدانی هیوای خۆشەویستی نییە؟
 
نێرینە؟
 
کاتێک باسی مەسەلەی ژن دەکەین دەبێت درک بەوە بکەین کە ئەو چەمکە لە دوالیزمی ژن و پیاوەوە سەرچاوەی گرتووە. ژن و پیاو دوو چەمکی زۆر گشتین کە لە هەناویاندا؛ نێر و مێ هەیە؛ جیاکردنەوە مرۆڤە لەسەر بنەمای ڕەگەز، هەروەها، ژن و پیاویش هەیە؛ ئەو ڕۆڵانەی کە دەرئەنجامی بەڵێننامەی هاوسەرگیری دروست دەبێت، هەروەها ئەو پێناسە و ڕۆڵە کۆمەڵایەتی و کلتوریانەش دەگرێتەوە کە کۆمەڵگە دەیسەپێنێت بەسەر هەموو نێر و مێییەکدا لە فەزای گشتییدا. وە هاوپێچ بە هەمان بابەت چەمکی باوکسالاری و ژنسالاری و ...هتد هەیە.
 
فیلمی ئەزموون، هەموو ئەو فۆرمانەی کە لەسەرەوە باسمان کردن لە بابەتی فیلمەکەدا جێکردوەتەوە بەڵام هیچ تێڕوانیێکی گشتی و تایبەتی بۆ ئەو جیاکاریانە نییە. ئەگەر عەزیزی باوک و سەرداری مێرد و جەمالی هاوپیشە، سنوریان بۆ ئازادییەکان و دەسەڵاتی ڕۆژینی کچ و شیلانی ژن و مونیرەی هاوپیشە دانابێت و مێیینە لە هەموو ئەم فۆرم و ڕۆڵانەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووبێتنەوە، بەڵام ئەو ژنەی کە مێردەکەی دەنێرێت بۆ زانکۆ، تێگەیشتنی سنورداری و دەسەڵاتی پیاوانە هەڵدەوەشێنێتەوە! بەجۆرێک نەک تەنیا لەو ژنەدا هەست بە هاوسەنگی هێز دەکەیت لەگەڵ مێردەکەیدا بەڵکو هەستدەکەین جۆرێک لە باڵادەستیشی بەسەر مێردەکەیدا هەیە. لەگەڵ هەموو ئەو زۆروزەنگەدا کە پیاو بەسەر ژنیدا دەهێنێت، کەچی ڕۆژین لە پاش دوو ساڵیش لە داوی  خۆشەویستی هیوا نەهاتۆتەدەر. مونیرە ئامادەیە درێژە بە چەلەحانێکانی بدات لەگەڵ جەمالدا لە دەرەوەی ژیانی پیشەیی. لێرەوە دەگەین بەو ئەنجامەی کە ئەم فیلمە نەی ویستووە یەک تێڕوانینی سەربەخۆی بۆ مەسەلەی ژن هەبێت. چونکە بینیمان کە ژنەکان یەک دەرکەوتنیان نییە، ئەگەر شیلان و ڕۆژین بۆ ڕووبەرێکی زیاتری ئازادی بگەڕێن، مونیرە و ژنە مێردارەکە لەو ڕووبەرەدان؛ ئەوان پێگەیشتوون و هێز و دەسەڵاتییان بۆ ژیانی خۆیان وەرگرتووە.
 
باشە ئەگەر ئێستا وابیربکەینەوە کە قوربانی بوونی (ڕۆژین) (هەروەکو سنور لە بیروەریەکاندا) پەیوەندی بە تەمەن و فەزای ماڵەباوانەوە هەیە، ئایا دەتوانین کێشەی ژن ببەستینەوە بە مەسەلەی تەمەنەوە؟ شەوکەت ئەمین پێمان دەڵێت نەخێر. لەبەرئەوەی شووکردن و چوونەدەرەوە لە ماڵی باوک، مەرج نییە ئاستەنگەکانی نێرینەکان لەبەردەم ژندا لابەرێت و هەمان ئازادییەکانی نێر بە مێ ببەخشێت. وەک لە نموونەی شووکردنی شیلان و سنور لە بیروەرییەکاندا دەبینین تەنیا فۆرمی ئاستەنگەکان و جۆری کێشەکان دەگۆڕێت! چونکە کێشەی ژن بە تەنیا پەیوەندی بە مومامەرەسەی باوکسالارانەی باوکەکان و پیاوسالارانەی مێردەکانەوە نییە، بەڵکو دەسەڵاتی نێرینە لە دەرەوەی فەزای ماڵدا بەشێوەیەکی بەهێزتر لەشێوەی کلتورێکی چەسپیودا ئامادەیی هەیە. ئەگەر لە فیلمی بیرەوەرییەکاندا هەموو ژنەکان بەسنوردابوونیان بە دەسەڵاتی پیاو ئازاربچێژن، ئەوا شەوکەت لەم فیلمەدا لەپاڵ قوربانی بوونی ژنەپاڵەوانەکانیدا، پێمان دەڵێت کە کلتوری کوردی خۆی واڵا کردووە بۆ قبوڵکردنی ئازادییەکانی ژنیش. ئەمەیش تەنیا لە ڕێگەی مونیرە و ژنە مێرددارەکەوە نییە کە نموونەی دووژنی پێگەیشتوون بەڵکو لەڕێگەی ئیشپێکردنی گۆرانی کچێکی گەنجیشەوەیە، ''بانە شێروان''، لە دیمەنی کافتریەکەدا، ''بۆچی دونیام ئەشوێنی...''.
 
لێرەوە دەتوانین بگەین بەو ئەنجامەی کە شەوکەت سەرباری جوڵاندن و بە هەندوەرگرتنی مەسەلەی ژن، تێڕوانینێکی تایبەت و جیاوازی بۆ بابەتی سەرەکی فیلمەکەی نییە. نەیوستووە فیلمەکەی کورتبکاتەوە بۆ پڕوپاگەندەی فیمینیزم، هەروەک نەیشی وویستووە بمان باتە ناو هیچ ڕەهەندێکی تایبەتی ژنبوونەوە. بەڵکو ئەو، وەکو لەسەرەوە وتمان، ویستوویەتی پێ بە پێی واقیع هەنگاوبنێت و فیلمەکەی بکاتە ئاوێنەی ئەو وێنە تێکەڵە واقیعیەی کە لە ئێستادا ژن لە کلتوریی کوردیدا هەیەتی.
 
چیرۆکەکە بە تەنیا لە بابەتی ژندا خۆی نەبەستۆتەوە بە واقیعەوە، بەڵکو لە پیشاندانی پەروەردە و کەم و کوڕییەکانی سیستمی پەروەردەیشدایە هەمان کاری کردووە. ئەگەر پەروەردەی خێزان چەوسێنەر و سەرکوتکەر بێت، بێگومان سیستمی پەروەردەی کۆمەڵگەکەیش لەوە کەمتر ناکات. لە کاتێکدا کە چارەنووسی پیشەیی و بگرە هەموو ژیانی خوێندکاران دەبەستێتەوە بە تاقیکردنەوەیەکەوە. گۆڕانە تازەکان؛ تێکچوونی باری ئابوری بەهۆی شەڕی داعش، لاوازبوونی سیستمی حکومی و زۆربوونی هەڵپەی کەسی بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخەکان، کاریگەری ڕیشەیی لەسەر پەروەردەی تاک و کۆ دروستکردووە.  عەزیز کە لەماڵەوە بەدیار تەلەفزیۆنی ڕووداوەوە و لەسەر جادە، لە دەوامەکەیدا، چاودێری دۆخی شەڕ دەکات، ناپەرژێتە سەر ژیان و دەروونی کچە خوێندکارەکەی، لە مەکتەبیش مامۆستا کەریم لە پاش ٣٠ ساڵ ئەزموون، ڕۆژگار فێری دەکات کە دەست بە کڵاوی خۆیەوە بگرێت و ژیانی تایبەتی خۆی  بخاتە پێش چارەنووسی نەوەیەکی گەنج. ئەم فیلمە پێمان دەڵێت خراپی ڕەوشی پەروەردە لە ناو خێزان و مەکتەبیش بەدەر نییە لەو شڵەژانە سەراپاگیرەی کە تەواوی بەش و سێکتەرەکانی تری کۆمەڵگەی گرتووەتەوە. وەکو موهەندیس ئەڵێت، ''نەیان هێشت مەکتەبەکەم تەواو بکەم،'' وەکو بەرپرسەکە هەڕەشە دەکات، ئەگەر [مەسەلەی قۆپی کوڕەی] بگەیەنێت بە وەزیر ئەتوانێت کێشەکەی حەل بکات. ئەوکاتەی ژیان دەبێت بە شەڕی مانەوە و پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان لۆژیکی بەرژەوەندی و دەسەڵات بەڕێوەی دەبات، دیسپلینە کۆمەڵایەتییەکان کاڵ و لاواز دەبن. قورئانی ناو تەکسیەکە هیچ کاریگەریەک لەسەر ویژدانی سایەق تەکسیەکە دروست ناکات! ڕاڕاییەکانی ڕۆژین بەرامبەر بە ستەمکردن لە هاوڕێ تێکۆشەرەکەی ناتوانێت بەر بە قۆپیکردنەکەی بگرێت و شیلانیش ساردناکاتەوە لەو پلانەی کە هەیەتی. خۆ ئەگەر مامۆستاکان لە دڵیشەوە پێیان ناخۆش بێت، بەرژەوەندی خۆیان ناچاریان دەکات وەڵامەکان بە موهەندیس بڵێنەوە ئەگەرچی لە سەدا حەفتای وەڵامەکانیش بێت. شیلان ئامادەیە بۆ سەرگرتنی پلانەکەی چەندین جار درۆ لەگەڵ مێردەکەی بکات و حەبی مەنعیش بخوات. ئەم لادانانە لە بەها و نۆرمەکان بە تەنیا دەرئەنجامی ژیانی شار نییە بەڵکو دەرئەنجامی شێوەگرتنی نیولیبراڵیزم و ئەو کێشمەکێشانەیە کە بارودۆخ و هەلومەرجە سیاسی و ئابورییەکان دروستیان کردووە.
 
پیشاندانی ژمارە (١٤٠) لەسەر ئەو سندوقەی کە پرسیاری تاقیکردنەوەکانی تێدایە، وادیارە ئاماژەیەک بێت بۆ بەستنەوەی چارەنووسی نەوە و نەتەوەیەک بە تاقیکردنەوەی زانین و زانستەوە. بەڵام گومان دروستکردن لەڕێگەی تاقیکردنەوەوە لە زانین، گەنج و داهاتوو، دواجار سیستمی پەروەردە لەناو کۆیەکی گشتگیرتردا دوورە لە مەبەستی ئەم فیلمەوە. بە تێکشکانی شیلان و موهەندیس و پێڕە فێڵباز و لادەرەکەیان لە بەرامبەر مامۆستا جەمالدا، شەوکەت دەیەوێت لەڕووی ماناوە ئیرادەی گەندەڵی و تاوانکاری لەبەرامبەر یاسا و حەقانەتێکی جوزئی و بەشەکیدا تێکبشکێنێت. ئەگەرچی شەوکەت هەوڵیداوە پاساو بۆ موهەندیس دروست بکات بەوەی کە گرێیەکی تاکەکەسی هەیە و مامۆستا کەریمیش ئەزموونی ژیان ناچار بە گەندەڵی دەکات، بەڵام هەر خودی پاساوەکانیان بە گوێرەی چیرۆکەکە ئەوەندە لاوازە، کە بینەر خۆشحاڵبێت بە تڕۆبوونیان لە بەرامبەر جەمالدا. لەکاتێکدا ئێمە نەک تەنیا وەکو بینەری ئەو چیرۆکە بەڵکو وەکو مرۆڤێک لەو جیهانەی کە چیرۆکەکەی لێوەهاتۆتە دەر، هەست بەوە دەکەین کە سەرڕاستی و بەهێزی مامۆستا جەمال و بیرکردنەوە مەبدەئیەکەی، یاخود سەرخستنی پرۆسەی خوێندن و پاراستنی لەو تەڵەکەبازییە، کۆتاییەکی گاڵتەجاڕانەیە کە شەوکەت بە ئاسانی هەڵیبژاردووە! وادیارە شەوکەت لەڕێگەی سەرشۆڕکردنی قۆپیکەرانەوە بیەوێت ئاسۆیەک بۆ ڕزگاری و چارەنووسی میللەتێک و بەدەستهێنانەوەی مافەکانمان بدۆزێتەوە، بەڵام ئایا دڵخۆشبوون بە سیستمێکی پەروەردە کە لە بنەمادا کادیرە حیزبییەکان (لەبری کەسانی پسپۆڕ) بە ئامانج و ستراتیژی بەرتەسکی حیزبی خۆیان دایان ڕشتووە شایەنی ئەوەبوو کە شەوکەوت بەرگری لێبکات و چارەنووسی چیرۆکەکەی خۆی پێوە ببەستێتەوە؟ بە پاکی هێشتنەوەی تاقیکردنەوەکان، کە هەر خودی چیرۆکەکەی شەوکەوت ئاماژە دەدات کە تاقیکردنەوەی خوێندکارە هەژار و نەدارەکانەوە، ئایا بەڕاستی ڕاستکردنەوەی کێشەکانی خوێندن و پەروەردەی کوردستانە؟ بەرگریکردن لە مامۆستا جەمال و بیرکردنەوە موجەڕەدەکانی، ئایا کورتبینی نییە لە ئاست بێبەهاکردنی خوێندن و مەعریفە لە هەموو ئاستەکانیدا؟ ئایا شەوکەت بەرگری لە پاک بەڕێوەچوونی ئەو تاقیکردنەوانە دەکات کە خوێندکارە یەکەمەکانی چەند مانگ لەمەوپێش کەوتنە سەرجادە؟ ئایا ئەم تاقیکردنەوانە ئەوەندە گرنگن لە کاتێکدا کە ساڵانە دەرچووە یەکەمەکانی زانکۆکانیش دەستبەتاڵ لە دەرەوە دەسوڕێنەوە؟
 
خاڵێکی سەرنجڕاکێش کە ڕەنگە ناڕاستەوخۆ کەمێک لەو سادەبینیەی شەوکەت کەم بکاتەوە بەرامبەر بە بەرگریکردن لە پرۆسەی خوێندن ئەوەیە کە موهەندیس و پێڕە گەندەڵەکەی وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و دەتوانن ڕزگاریان ببێت لە دەست یاسا و ڕێوشوێنەکان. بەم ئاماژەیە، شەوکەت دەریدەخات ئەگەرچی پشتگیریی لە باوەڕی مامۆستایەکی وەفادار کردووە، بەڵام هێشتا گەندەڵکارەکان سەرباری سزادانیشیان، دەتوانن بکەونەوە سەرپێ و بەجۆر و فۆرمی تر لە بزنسەکەیان بەردەوام بن! وە کەسانی دڵسۆز و خەمخۆریش سەرودەست و دڵشکاوبن. هەر ئەم سەرپێکەوتنەوەی گەندەڵی، بەردەوامی گەندەڵی؛ لە شوێن گۆڕینی خوێندکارە کوڕە قۆپیەکەرەکە، جارێکی تر دەریدەخات، کە ئاسان بڕیاردانی سەرخستنی مامۆستا جەمال و تێکشکاندنی قۆپییەکەرەکان بڕیاڕێکی کوژەر و کوشندە بێت بۆ چیرۆکەکەی شەوکەت، وە لەڕووی مانایشەوە دووبارە خۆبەستنەوەی شەوکەوت بێت بە سیستم و بە واقیعێکی وەهمی و ئایدیال. وە کورتبینییەکی ئاشکرا بێت لە بەرامبەر بینینی وێنەگەورەکەی پەروەردەدا.
 
ئێستا، دوای ئەوەی ڕێگەیەکی درێژمان بڕی، باسی بەهێزی گێڕانەوەکەمان کرد بە بەکارهێنانی ڕەگەزەکانی سینەما، هەروەها بە ووردی باسی کڵێشەی گێڕانەوە و پێکهاتەی چیرۆکەکەمان کرد، دواتر بابەت و بیرکردنەوە و مەبەستەکانی ئەم فیلمسازە سینەماییەمان لە بێژەنگدا. خەریکە دەتوانین بەجۆرێک لەم فیلمە، لە شەوکەت و ئەزموونە سینەماییەکەی تێبگەین: ئەگەر لە مەسەلەی خستنەڕووی بابەتی ژندا، دوور لە هەموو ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو، وە دوور لە هەموو نیگا و بینینێکی تازە، شەوکەت خۆی بەستبێتەوە بە واقیعی کۆمەڵایەتییەوە، ئەگەر لە مەسەلەی خوێندن و تاقیکردنەوەدا، سەرباری ڕەخنەکان شەوکەت وەفاداری و پشتگیری خۆی بۆ پرۆسەی دروست بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان دووبارەکردبێتەوە، وە (وەکو خۆی دەڵێ) ویستبێتی ڕۆڵێکی ئەرێنی و بگێڕێت لە ئاڕاستەکردنی خوێندکاراندا، ئەگەر گەندەڵی و شڵەژانی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی وەکو ڕووداوی دەرەوەی دەسەڵاتی خۆی نیشاندابێت. کەواتە دەتوانین بڵێین شەوکەت لەم فیلمەدا نەک تەنیا لە ڕووی بابەتەوە خۆی بەستۆتەوە بە واقیعەوە بەڵکو لەڕووی مانا و مەفهوم و لەڕاستیدا کۆی ئەزموونە سینەماییەکەی داوەتە دەست واقیع! بەڵام کام واقیع؟
 
چەمکی واقیع (ڕیاڵ) و واقیعگەرایی (ڕیاڵیزم) دوو چەمکی جیاوازن لە مێژووی هونەردا، واقیع چەمکێکی زۆر ئاڵۆزە لە مێژووی فیکر و بیرکردنەوەدا. لە کایە جیاوازە زانستییەکاندا، بە چەندین شێوە پێناسەی ڕیاڵ و ڕەهەندەکانی کراوە. واقیعگەرایی یاخود ڕیاڵیزم، لە هونەر و سینەمایشدا، نەریتێکی هونەرییە بۆ پیشاندانی واقیعیانەی جیهان. بەڵام کام واقیع؟ ئایا ئەگەر دوو فیلمساز هەردووکیان بەشێوەیەکی واقیعیانە باس لە مێژووی کورد بکەن لە باشور، بەڵام یەکێکیان کوردەکان بە شەڕەنگێز و تێکدەری وڵاتی عێراق وێنا بکات و ئەویتریان کورد وەکو نەتەوەیەکی چەوساوە وێنابکات و کە تێکۆشاوە بۆ مافە نەتەوەییەکانی، ئایا ئەم دوو فیلمسازە هەردووکیان بە نەریتی ڕیاڵیزمی سینەمایی باسی واقیع ناکەن؟ مەگەر ئەوەی کە ئەوان پیشانیانداوە دوو ڕەهەندی فاکتێکی مێژوویی نییە؟ ئایا هەر کوردەکان نەبوون کە نەیان هێشت عێراق ببێت بە وڵاتی نەتەوەی سەردەست و ئەزموونی سەدامیان شکست پێ هێنا؟ ئایا هەر کورد نەبوو کە قڕ ئەکرا و مافی سەربەخۆیی و مومارەسەی سیاسی لێ زەوتکرا؟ ئا لێرەوە دەبێت ئەوە جیاوازییە هەست پێبکەین ئەگەرچی فیلمەکان  بە ستایلی واقیعانەی هونەر لە واقیع و لە ژیانی ڕۆژانەمان نزیکمان بکەنەوە، بەڵام واقیع بۆ خۆی، زیاتر لە یاری ڕووبیک، چەندین ڕەهەندی هەیە. فیلمەکانی شەوکەت ئەمین سەر بە نەریتی ڕیالیزمن لە سینەمادا، هەوڵیانداوە بە بەکارهێنانی خەسڵەتەکانی ڕیاڵیزم چیرۆکی واقیعی کورد و کۆمەڵگەی کوردی لە باشور بگێڕنەوە. بەڵام دیسانەوە کام واقیع؟
 
ئەو واقیع-ان-ەی کە شەکەوت دەیان گێڕێتەوە لەو تێگەیشتنە باو و گشتیانەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئێمە بۆ ژیانی ڕۆژانە، ڕووداو و پێشهاتەکان و کۆی واقیعی کۆمەڵگەکەمان هەمانە. ئەو تێگەیشتنە گشتییەی کە میدیاکان، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و کۆی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆرمەکانی تر لەم کۆمەڵگەیەدا دروستیان کردووە و جەختی لێدەکەنەوە. ئەم واقیع-ان-ەی سیاسیەکان، ئایندارەکان، ئایدۆلۆژستەکان، داب و نەریت و کەلتور و ....هتد خاوەن و گێڕەرەوەکەیین. بەکورتی ئەگەر شەوکەت لەڕووی بابەتەوە خۆی بەستبێتەوە بەو واقیعەوە ئەوە لە ڕووی دونیابینی و تێگەیشتنیشەوە ئاوێنەی ئەو واقیعەیە و دروستی دەکاتەوە. ئەگەر سەرنج بدەین لە یەکەم فیلمییەوە پەڕینەوە لە غوبار هەتا فیلمی ئەزموون تێگەیشتن و دونیابینی خۆی بەو تێگەیشتنە گشتییانەوە بەستۆتەوە. پەڕینەوە لە غوبار نەک تەنیا وێنای پێشمەرگە وەکو کەسێکی بەخشندە و مرۆڤدۆست دەکات، بەڵکو پیشانیشی دەدات کە چۆن ئەو هێزە ئازادیخوازە لە ڕابردووی تاڵی خۆی خۆشدەبێت و بەشداری لە دروستکردنەوەی عێراقدا دەکات. بیروەرییەکانی سەر بەرد لە ڕێگەی بەنموونەکردنی فیلمسازێکەوە دەیەوێت کارەسات و تراژیدیای کۆمەڵگەیەک بگێڕێتەوە؛ کە ئەو کارەساتە تەنیا کارەساتێکی مێژوویی نییە بەڵکو ژانی ژن و کەم بایەخ سەیرکردنی هونەریشە. دواجاریش ئەزموون، ڕەخنەکردنی ئەزموونی حوکمڕانی کوردی و بە ئاستێکیش بەرگریکردنە لەدیوە ئەرێ-نییە-کانی (!).
 
ئێستا باشتر شەوکەت دەبینین کە بە درێژایی ئەزموونە سینەماییەکەی خۆی داوەتە دەست واقیع: ئەگەر سەردەمانێک لە ساتەوەختی پرۆسەی ئازادی عێراقدا ئێمە وەکو پاڵەوانێکی بێ عەیب سەیری پێشمەرگەمان کردبێت، شەوکەت ئەمین لە پەڕینەوە غوباردا هەمان تێگەیشتنی نواندوەتەوە. ئەگەر لە ساڵەکانی ٢٠١٠دا، سەرەتاکانی ئەزموونی شکستخواردووی دەسەڵاتی کوردیمان هەست پێکردبێت و کورتبینی دەسەڵاتی کوردی و کلتوری کوردیمان لە بەرامبەر هێزی هونەر و بەشداری ژن لە کایەکاندا دیبێت، بیرەوەرییەکان خۆی کردووە بە ئاوێنەی ئەو واقیعە. ئەگەر لە پاش  ٢٠١٧ وە کێشە سیاسی و ئابوریی و ناوچەییەکانی هەرێمی کوردستان زەمینەی کێشمەکێش و گەندەڵی زیاتر کردبێت، بەهۆی ڕۆڵی تەکنەلۆژیاوە بینیبێتمان کە چۆن کلتور و کۆمەڵگەی کوردی بەرەو هۆشیاریەکی جیاواز هەنگاو دەنێت، وە ڕەنگە بەرهەمی ئەو هەنگاونانەیش بێت کە ژن لە چەندین فۆرمی جیاوازدا دەبینین، ئەوا فیلمی ئەزموونیش وێنەیەکی لەو واقیعە دروستکردوەتەوە. بەکورتی شەوکەت ئەمین، پێ بە پێی ئەزموونی هەرێمی کوردستان شوێنی بابەتە واقیعییەکان و تێگەیشتنە باوەکان کەوتووە. وە هەر لەسەر ئەو بنەمایە جیهانە سینەماییەکەی دروستکردووە. بەڵام ئایا تێگەیشتنە باوەکان و شوێنکەوتنی واقیعی ڕۆژانە کێشەی هەیە؟
 
ڕەنگە ئەوکاتە هەست بە کێشەکەی نواندنەوەی واقیعی باو لە هونەردا بکەین کە بە قوڵی درک بەوە بکەین کە واقیعی ڕۆژانە گێڕەرەوەی بەهێزی خۆی هەیە. وە ئەم گێڕەرەوانە بە گوێرەی پێداونگەکانی خۆیان کاردەکەن کە جیاوازە لە پێودانگی فیلمسازێک. ئەوکاتەی کە شەوکەت بەبێ هەڵوێستەکردن شوێنی ئەو تێگەیشتن و دونیابینیانە دەکەوێت دەبێت ئاگاداری ئەوە بێت کە تێگەیشتنی باو هەروەک واقیع (هەر وەکو خەیاڵێک)، دەتوانێت خۆی هەڵگێڕێتەوە و دژ بەخۆی بوەستێت؛ هەر لە نموونەی ئەو پێشمەرگانەی کە شەوکەت هاوسۆزی لەگەڵ کردن و وەکو قارەمانی پیرۆزی نەتەوەیی سەیریکردن ئایا دز و جەردە و مافیاکانی ئەمڕۆ دەرنەچوون؟ هەر ئەو نیشتیمانەی کە شەوکەت خوێنی پێشمەرگەکانی بۆ ڕشت ئایا ئەمڕۆ دۆزەخی گەنجەکانی نییە؟ هەر ئەو ئاڵا زەردەی کە بۆ ڕزگاری کوردستان لە پەڕینەوە لە غوباردا ڕاوەشێنرا ئایا هۆکارێکی بە دەستەوەدانەوەی بەشێک لە کوردستان نەبوو؟ هەر ئەنجامی ئەو تاقیکردنەوە و ئەزموونە گشتیانە نەبوو چەند مانگ لەمەوبەر یەکەمەکانیان ڕژابوونە سەرجادە بەهۆی نایەکسانی چارەنووسی خوێندنیانەوە؟  
 
شوێنکەوتنی واقیع باجی خۆیشی هەیە! ئەکرێ بپرسیت فیلمەکانی شەوکەت بەجۆرێک ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و کلتوری و سیاسیشن؛ باشە بە فیلمکردنی ئەم کێشانە و تیشک خستنە سەر قەیرانەکان چ کێشەیەکی هەیە؟ مەگەر لە مێژوودا وەزیفەی هونەر ڕەخنەگرتن و و زەقکردنەوەی قەیرانەکان و دیوی دووەمی واقیع نییە؟
 
بەڵێ لە هەندێک قۆناغی مێژوویدا هونەر ئەو ڕۆڵەی هەبووە. بەڵام هەروەکو وتمان شەوکەت ئەمین شوێنی واقیعی باو کەوتووە، وە ئەم شوێنکەوتنەی لە هیچ کوێی ئەزموونە سینەمایەکەیدا لە ڕای گشتی و میدیای باو تێپەڕی نەکردووە. ئەوکاتەی هەمووان ستایشی پێشمەرگە دەکەن، شەوکەتیش ستایش دەکات، ئەوکاتە دەرگای ڕەخنەکان دەکرێنەوە، شەوکەتیش لە بیرەوەرییەکاندا بە ڕێژەیەک ڕەخنەدەکات، ئەوکاتەی کە فەزای ڕەخنە زۆرواڵا دەبێت، شەوکەتیش لە ئەزمووندا توندتر ڕەخنە دەکات. واتە لە هیچ کوێی ئەزموونە سینەماییەکەیدا، شەوکەت ئەمین لە پیشاندانی بابەتەکان و خستنەڕووی تێگەیشتنەکانیدا جیاوازتر و توندتر نەبووە لەوەی کە ئێمە ڕۆژانە لە میدیا و ڕاگەیاندن و فەزای گشتیدا دەیبینین. واتە شەوکەت چیرۆکێکی لەو واقیعە بە هەمان ناوەڕۆک و دونیابینییەوە نواندوەتەوە. بۆیە ئەو خەسڵەتە ڕەخنەیی و شۆڕشگێڕییەی کە لە درێژایی مێژووی سینەما لە هەندێک جێگە بینومانە بۆ سینەماکەی شەوکەت ئەمین ڕاست نییە.
 
واقیعی باو و ڕۆژانە لەگەڵ ئەوەی کە ئەکرێ هەڵگەڕێتەوە و خۆی بخواتەوە، دەتوانێت لەڕێگەی جۆرە جیاوازەکانی میدیا و هونەر و دامەزراوە کۆمەڵایەتی و گشتییەکانەوە بەردەوام بێت و درێژە بەخۆی بدات. لایەنە سیاسیەکان و میدیاکانیان پەیڕەوی لە باوەڕە بەهێزەکانی خەڵک و تێگەیشتنە باوەکان دەکەن، سەرباری ستراتیژ و ئەجێندا حیزبییەکانیان دەیانەوێت دواجار دەستبەسەر بینەر و خەڵکدا بگرن بە هەر نرخێک بێت. مزگەوتەکان سەرباری بانگەوازەکانیان بۆ هەر ڕاستییەک، دەبێت بە وریاییەوە ڕەخنە بگرن و زمان هەڵبڕین و قاوقیژیان ڕوو لە حیزب و سیاسییەکان نەبێت... بەگشتی هەموو ڕەهەندە زهنیی و فیزیکییەکانی واقیعی باو لە تەنیشت یەکەوە کار ئەکەن و بە هەماهەنگی دەچنە پێشەوە. خۆ ئەگەر لە جێگەیەکیشدا هەر کایەیەک، ئایدۆلۆژیا، یان دەزگا و دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی پێکدادان دروست بکات لەگەڵ بەها و نۆرمەکانی واقیعدا ئەوا شڵەژان لە فەزای گشتیدا دروست دەکات و هەر زوو گێڕەرەوەکان هەوڵی دەستبەسەراگرتن و هەرەسکردنی دەدەن لە بەرژەوەندی خۆیان. هونەری فیلم و دراما بەگشتی لەژێر جەبری گێڕەرەوەکانی واقیع دەرنەچووە لە کوردستان. بەگشتی ئەوەی بینومانە لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا هونەر کایەیەک بووە بۆ سەرگەرمکردن، ڕاکێشان و لە خشتەبردنی بینەرەکانی و خزمەتکردن بە مانەوە و درێژەدان بە کۆمەڵێک ستراتیژی سیاسی و حوکمڕانی. هەڵبەت من پێم وانییە وەزیفەی هەموو هونەرێک بەرپاکردنی جەنگێکی کڵێشەی ڕووت بێت بەجۆرێک کە میکانیزمە باوەکانی واقیع بتوانێت بە ئاسانی خۆی بکات بە دژبەری... ئەم بابەتە لەوە ئاڵۆزترە لێرەدا باسی بکەم، بەڵام بیرمان نەچێت کە مەبەستمان ئەوەبوو کە چۆن میدیاکان بە هونەریشەوە دەبن بە نێوەندێک و کەرەستەیەک بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن درێژە بەدۆخی باو و سەپاو دەدەن.
 
هەر لەسەرەتاکانی پەیدابوونی کامێرای فۆتۆگرافییەوە بۆ فیلمە سینەماییەکان، هونەری وێنەگرتن و فیلمسازی بەجۆرێک خەریکبووە هەمان دۆخی باڵا و چەسپیوی جیهان درێژە پێبدات. لێکۆڵەر و  ڕەخنەگرە ڕۆژئاواییەکان لەناویشایاندا سوزان سۆنتاگ[6] هەر زوو هەستیان بەم دیوە مەترسیدارەی گێڕانەوە کرد بۆیە لە ڕەخنەکردنی هونەری وێنەگرتنی جەنگدا سەرنجی ئەوەیان دابوو کە چۆن ئەو جۆرە لە وێنەگرتن بەشداری کارا دەکات لە درێژەدان بە هەمان شەڕ و کوشتن و ئایدۆلۆژیای باو. سۆنتاگ پێی وابوو ئەو وێنەگر و فیلمسازانەی کە وێنەدەگرن ناتوانن دەستوەردان لە واقیعدا بکەن و ڕەخنەی توند بگرن، ئەگەر توانییان ئەوە بکەن، ئەوا ناتوانن وێنەبگرن و تۆماربکەن. ئەو پێی وابوو کە ئەو دوو شتە پێچەوانەی یەکترن هەر بۆیە وێنەگرتن (و فیلمسازی) پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ سیاسەتدا هەیە و درێژە بە هەمان دۆخی زاڵ دەدەن. بێگومان دواتر فرانکفۆرتییەکان و دواتریش برێشت لە شانۆدا بە هۆشیاریەکی زۆرەوە بیریان لە پاراستنی زمانی هونەر کردەوە لەوەی نەبێتەوە بە دەستکەلای ئایدۆلۆژیای زاڵ و واقیعە کۆمەڵایەتییە چەسپیووەکان. ڕەنگە ژان لۆک گۆدار وەکو فیلمسازێکی دیار، گەورەترین هەوڵی سینەمایی دابێت بۆئەوەی گێڕانەوە لە گێڕانەوە بخات و چیتر نەبێتەوە بە ئاوێنەی چیرۆکەکانی واقیع.  
 
بەم پێیە ئەوەی شەوکەت بە ئەزموونە سینەماییەکەی و بەزمانی سینەما کردوویەتی هەمان ئەو تێگەیشتن و دیدگا باوانەیە کە جۆرەکانی تری میدیا لە کوردستان کردوویانە و دەیکەن.  شەوکەت دەستی وەرنەداوەتە واقیع، بەڵکو درێژەی پێداوە. هەر بەم جۆرەیش کە فیلمەکانی شەوکەوت دەتوانن زۆرتر سەرنجی میدیا و جەماوەر ڕابکێشێن چونکە لە بنەمادا لەناو هەمان بازنەی واقیعدا دەخولێنەوە کە میدیاکان تێیدا دەخولێنەوە. هەر هەمان ئەو دیدگا و بینینە باوانە بۆ بابەتەکان دووبارە دەکەنەوە کە لە هۆشیاری گشتیدا جێی باس و بایەخە. کورت و پوخت دەتوانین بڵێین کە شەوکەت فیلمسازێکی واقیعزادەیە نەک واقیع دروستکەر.
 
ڕەنگە گەورەترین هەوڵی فیلمسازەکان و باڵاترین جۆری هونەر ئەو هەوڵانە بێت کە فیلمسازەکان دەیانەوێت بە بەکارهێنانی زمانی سینەما نەک لە واقیعی باو خۆیان جیا بکانەوە، بەڵکو هەوڵی کەشفکردنی ڕەهەندەکانی تری واقیعی باو بدەن و زمان و واقیعی خۆیانی پێ دروست بکەن. بێگومان هەوڵی لەم جۆرە گێڕەوەیەک دروست دەکات کە بە دوای خۆی و زمانی خۆیدا دەگەڕێت. سینەمایەک دروست دەکات کە بیردەکاتەوە و جیهان دەخاتە خزمەت خۆییەوە نەک ببێت بە ئاوێنەیەک بۆ واقیعی باو. زۆرێک لە فیلمسازە مەزنەکان لە دروستکردنی جیهانی سینەمایی خۆیاندا هەوڵیانداوە بەدوای خۆیاندا بگەڕێن و فۆرمی سینەمایی جیاواز بەرهەم بهێنن. لە درێژایی ئەم هەوڵانەیاندا ئەزموونی تاڵ و خراپیان کردووە، چەندین جار دژ بە خۆیان و ڕێبازەکەیان وەستاونەتەوە، دواجاریش لە چەند بەرهەمێکدا گەیشتوونەتە ترۆپکی هێزی سینەمایی خۆیان. هونەر لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی دامەزراوە، ئەوکاتەی فیلمسازەکان هەوڵ دەدەن زمانی سینەمای خۆیان دروست بکەن، وە لەناو ئەم زمانەدا ڕەهەندە جیاوازەکانی جیهان کەشف بکەن. بێگومان ئەوکاتە ئەم فیلمسازانە بە دوای واقیعی سەربەخۆی خۆیان لەناو واقیعی باودا دەگەڕێن. وە هەموو ئەزموونە جیاواز و دژ بەیەکەکانی ئەو فیلمسازە جۆرێک دەبێت لە هەوڵدانی ڕەسەن بۆ خۆدۆزینەوە لەناو جیهان و لەناو زمانی سینەمادا. چونکە هەر لە بنەماوە فیلمسازەکە، هونەرمەندێکی گێڕەرەوەیە کە بە دوای زمانی خۆی و کەرەستەی خۆی و دیدی خۆیدا دەگەڕێت. وە نموونەی ئەو هونەرمەندە فیلمسازانەی کە زمانی سینەمایی خۆیان دروستدەکەن، بەرهەمەکانیان دەبێتەوە بە واقیع و سەرچاوەیەک بۆ گۆڕینی واقیعی باو. بەجۆرێک دووبارە پێناسەی چیرۆک و تراژیدیا و واقیع دەکەنەوە. ئەم میکانیزمە تەنیا بۆ سینەما ڕاست نییە، بەڵکو بۆ کۆی هونەرەکان ڕاستە.
 
شەوکەوت ئەمین لەگەڵ ئەوەی کە گێڕەوەیەکی سینەماییە بەباشی دەزانێت کەرەستە و ڕەگەزەکانی سینەما بەکاربهێنێت و بگێڕێتەوە بەڵام ئەو فۆرمە سینەماییەی کە بەکاریدەهێنێت و ئەو چیرۆکانەی دەیگێڕێتەوە و ئەو دید و دونیابینیەی کە لە فیلمەکانی دەکەوێتەوە، درێژکراوەی نەریتەکانی فیلم و هەمان واقیعی باون. جگە لە چڕکردنەوەی هەوڵەکانی لە چنین و سازکردنی گێڕانەوەدا، لەڕووی دونیابینیەوە هیچ مەودایەکی لەگەڵ دۆخ و واقیعی کوردستان دروست نەکردووە. بەڵام هێشتایش من پێموایە فیلمسازێکی گرنگە و کارەکانی جێگەی ڕێز و بایەخن. ئەگەرچی ئەزموونە سینەماییەکەی هەروەکو ڕۆژین چەقۆی بۆ خۆی هەڵگرتبێت، هێشتا کۆتایی ئەم گێڕەرەوە سینەماییەمان کراوەیە..

[1]  چیرۆک: هەموو ئەو ڕووداوانەیە کە دەیان بینینن و دەیان بیستین لە فیلمی گێڕەرەوەدا، هەروەها هەموو ئەو ڕووداوانەیش دەگرێتەوە کە ئێمە وێنا و مەزندەی دەکەین کە ڕوویداوە، یاخود ڕێکخراوە لە پەیوەندیەکی هۆییەکان، ڕێکخستنی هێڵی زمەنی، ماوە، چەندبارەبوونەوە، و پەیوەندییە شوێنییەکان دەبینین؛ بە پێچەوانەوەی پلۆتەوە، کە پیشاندانی ڕاستەقینەی ڕووداوەکانە لە چیرۆکەکەدا. (هونەری فیلم-دەیڤد بۆردوێڵ)

 

[2]  Setting

 

[3]  Cut: کەرتکردن، یاخود بڕینی گرتەیەک.

[4]  Plot، پلۆت: هەموو ئەو ڕووداوانە دەگرێتەوە کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە فیلمی گێڕەرەوەدا نیشانماندەدرێت، لەناویدا پەیوەندییە هۆییەکان، ڕێکخستنی هێڵی زمەنی، ماوە، چەندبارەبوونەوە، و پەیوەندییە شوێنییەکان دەبینین؛ بە پێچەوانەوەی چیرۆکەوە کە وێناکردنی خەیاڵی بینەرە بۆ سەرلەبەری ڕووداوەکانی گێڕانەوەکە. (هونەری فیلم-دەیڤد بۆردوێڵ)

 

[5]  چێوە-Frame: ئەو چوارەچێوەیە کە وێنەکەی تێدا داڕێژراوە. بە مانایەکی تر ئەو ڕووبەرەیە کە لەسەر سکرین دەیبینین.

[6]  سوزان سونتاگ نووسەر و ڕۆماننووس چالاکوانێکی سیاسی ئەمریکیییە. بڕوانە کتێبەکەی ''دەربارەی وێنەگرتن'' ''On Photography''

© 2023. All rights reserved