لە دەرەوەی سینەما
وتووێژ لەگەڵ ئینگمار بێرگمان
لە دەرەوەی سینەما
وتووێژ لەگەڵ ئینگمار بێرگمان
ئەی. ئەلڤارێس، ١٩٧٥
وەرگێڕانی: دلاوەر قەرەداغی

ئینگمار بێرگمان وەک مرۆڤ تەواو جیاوازە لەو کەسەی کە
لە فیلمەکانیدا مەزەندەی دەکەی. ئەو پیاوێکی باڵابەرز و بە قەڵافەت، ڕەوتاری
هاوڕێیانە و بە تەرزێکی نائاگا سەرنجڕاکێشە. بە زۆریی هاسان دەخەنێ و دەبلیو. بی.
ییتس گوتەنی؛ خودان "گەرموگوڕیی" ییەکی خۆڕسکە و ئەمەش بەو مانایەیە کە
هەر کاتێک قسەی لەگەڵ دەکەی؛ خێرا هەست دەکەی ساڵەهای ساڵە دەیناسیت. لەگەڵ
ئەوەشدا، بێرگمان پێچەوانەی زوربەی بلیمەتان، زۆر سەخاوەتمەندانە و تەواو ئازادانە
سەبارەت بە خۆی و بە نیگەرانیی و دوودڵییەکانی قسان دەکا. هونەری ئەو وەک
هونەرەکەی ستریندبێرگ؛ ڕێگایەکە بۆ هەڵاتن لە دڵئێشان و نائومێدییەکانی. ئەو تەنها
نەختێک تووڕەیە، کاتێ قسان دەکا کوتەدارێک لەنێوان پەنجەکانیدا وەردەسووڕێنێ،
کوتەدارێک کە ڕەشداگەڕان و ساف و لووسییەکەی نیشانەی ئەوەیە کە ماوەیەکی درێژە
خووی پێوە گرتووە. ساڵانێک دوای ژەهراویی بوونی بە نیکۆتین، بێرگمان وازی لە
جگەرەکێشان هێناوە و ڕەنگبێ ئەو کوتە دارە سووکنایی پێ ببەخشێ.
ئەو ئێستا لە تەمەنی ٥۷ ساڵیدایە، قژی نەختێ ڕووتاوەتەوە و ڕەشایی جێگەی بۆ ڕەنگی ماشوبرنجیی چۆڵ کردووە. دەتوانرێ هەمیشە بزە بە لێوییەوە ببینرێ و دەمی کە بەردەوام دەجووڵێ، هەستێک لە خۆشمەشرەفی و سوعبەتچێتی دەبەخشێ. بەڵام سەرنجڕاکێشترین ئەندامی ڕوخساری، چاوییەتی کە لەژێر ساباتی برۆ ئەستوورەکانیدا نائارام دەنوێنێ. چاوی چەپی نەختێ لە چاوی ڕاستی قوچاوترە. وەک ئەوەی بە تفەنگ ڕووەو تۆ نیشانە لە شتێک بگرێتەوە و هەڵبەتە ئەو لەم ڕووەوە هیچ شتێک چرووک ناکا، نەک هەر ئاگای لە یەکبەیەکی قسەکانتە، بەڵکو لە لەرەی دەنگت و لە وچان و دوودڵیی و نەگوتراوەکانیشت تێدەگا. لە کۆتایی ئەم دەمەتەقێیەدا دەڵێ "ئێمە هیچ مەرز و سنوورێکمان نییە. ئەگەر پەیوەندی توندوتۆڵ لەنێوانماندا دروست ببێ، ئەوا ڕێگە بۆ نێو قووڵایی یەکتریش دەکەینەوە. پێچەوانەی ئەمە، تەنیا و داماو دەکەوینەوە."

گەرچی لە کاتی دەمەتەقێکەماندا؛ فلووتە
ئەفسووناوییەکەی بێرگمان، گێڕانەوە سینەماییەکەی وی بۆ ئۆپراکەی مۆزارت؛
پێشوازییەکی نێودەوڵەتیی لێ دەکرا، بەڵام بڕیار نەبوو ئێمە لەبارەی سینەماوە
بدوێین، بەڵکو نیازم وا بوو لەبارەی پەیوەندی ئینسانیی ـ کولتووریی وڵاتی سوێد و
شارێکی یۆتۆپیایی ئیرەیی ورووژێنەوە بدوێین؛ کە خەڵکی ئەو دەڤەرە پێی گەییشتوون.
ئەنجامگەلێک کە ئەو وڵاتەی بۆ ماوەی ١٥٠ ساڵ لە ئاشتی و ئارامیدا ڕاگرتووە و لە
هەردوو جەنگی جیهانییشدا بێلایەن هێشتوویەتییەوە. بە ڕووکەش گەشەی سەرسوڕهێنی
سامانی ئەم وڵاتە لە ساڵی ۱۹٤٥
ــەوە، کاتێک کە پیشەسازی سوێد ئامادەیی جێبەجێکردنی داخوازییەکانی ئەوروپای
خۆرئاوای لە جەنگدا وێرانبووی بەدەست هێنا؛ دەست پێ دەکا. بەڵام بەو تەرزەی کە
بێرگمان دەڵێ "ئەو شۆڕشە تەواو بێ خوێنڕێژییە"؛ ساڵانێک پێشتر دەستی پێ
کردبوو. ڕەنگبێ لە ساڵی ۱۹۳۲
ـــەوەوە، واتە کاتێک کە سوشیالدیمۆکراتەکان جڵەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست.
هاوکات کە بێرگمان قسەی لەبارەی کۆمەڵگەی سوێدییەوە دەکرد، باسەکەمان نەختێ بەرفراوانتر بوو و سەری بۆ ژیانی تایبەتی خۆیشی کێشا. ئاخر کاتێ دەیگوت "دیدگای من دیدگایەکی ناپیشەییە، بەڵام ڕاکانم یەکلاکەرەوانەن، چونکە من ئەم وڵاتە و خەڵکەکەیم خۆش دەوێن. بەڵام ناتوانم گەرەنتی ڕاست و دروستیی قسەکانم بدەم، لەبەرئەوەی من هەرگیز ئەزموونی شیکاری زانستی و پیشەییم لە مژارەکانی سۆسیۆلۆژییدا نەبووە." لەگەڵ ئەوەشدا، پێم وایە لەو ڕوانگەیەوە کە بێرگمان بەنێوبانگترین هاوڵاتی سوێدە؛ کاردانەوەی کەسەکی و ڕاکانی وی، بەها و کاریگەری زیاتری لە هەر زانایەکی زانستەکانی سۆسیۆلۆژی هەیە.
ئەلڤارێس : وا پێ دەچێ لەنێوان گەشەی کۆمەڵایەتی سوێدی
مۆدێرن و نەمانی شەڕوشۆڕی ڕەگەزپەرستانە،
ئاسایش و سەنگی ئابووری نێودەوڵەتیی، ئازادی سیاسیی، ڕەوتی دابەزینی ژمارەی
دانیشتوان لەبری هەڵکشانی ـ و هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم وڵاتە؛ دژبەیەکییەکی
کونجکاوی وروژێنی لەخۆی گرتبێ. بەگوێرەی ئاماری فەرمیی لەنێوان ساڵانی ۱۹٦٦ و ۱۹۷٠، ڕێژەی ژنهێنان
دابەزیوە و ڕێژەی جیابوونەوەش لە سەدا پەنجا زیادی کردووە. ژنهێنانی دووبارەش بە
شێوەیەکی سەرسووڕهێن کەم بووەتەوە و لەدایکبوونی منداڵی ناشەرعییش زۆر بووە. بە
ڕای ئێوە ئاخۆ ئەمە سەیر نییە؟
بێرگمان : پێم وایە هەلومەرجێکی ئاساییە. ئامارەکانی
ئێوە وەک ئاماری خۆکوشتن وایە. لە کاتی جەنگدا ڕێژەی خۆکوشتن کەم دەکا و لە کاتی
ئاشتییدا بەرز دەبێتەوە. لە دەورانێکدا کە هەموو شتێک ئاسان و ئارامە و هاوسەنگیی
بەرقەرارە؛ هیچ حەوجە بە شەڕ بۆ مانەوە ناکات، کاتێ وا پێ دەچێ هەموو کێشەکان
چارەسەر کرابن، ئەوکات گرفتەکان دێنە پێش. وا بزانم دەکرێ جیابوونەوە هەرزۆر
تەندروست و ڕۆنەر بێت؛ دیارە بەسۆیە، بەڵام ئەگەر خەڵک لەبری پێکەوە مانەوە و ڕق و
لە یەک مۆڕبوونەوە ئەو هەنگاوە هەڵبنێن، ئەوا وا بزانم ساغڵەمیی ئاوەزیان دەخەنە
ڕوو.
ئەلڤارێس : جیابوونەوە نەک هەر بەسۆیە بەڵکو تێچوویشی زۆرە. ئایا هەڵکشانی ڕێژەی جیابوونەوە و پەیوەندی ناشەرعی لە سوێد و داکشانی ڕێژەی دووبارە ژنهێنانەوە، هیچ هۆکارێکی تایبەتیی هەیە؟ بۆ نموونە ئێوە دەزانن کە ژن نەهێنان لە وڵاتی ئێوە تایبەتمەندی ئەرێنیی لە ڕووی باجەوە هەیە.

بێرگمان : هەڵبەتە جیابوونەوە لە سوێد ئەو تێچووە
زۆرەشی نییە. دیارە ناچار دەبیت نەفەقەی منداڵەکانت بکێشیت، بەڵام ئەگەر هاوسەری
پێشووت نەخۆش یان بەساڵداچوو نەبێت؛ ئەوا پێویست ناکا خەرجیی ژیانی دابین بکەیت.
وا بزانم ئامادەیی ژنان لە حکومەت و هەوڵەکانیان بووەتە هۆکاری ئەوەی یاساکان بە
چەشنێک بنووسرێنەوە کە هەلومەرجی ژنانی جیابووەوە سەخت بێت. پێم وایە ئەوە
بیرۆکەیەکی باشە، بەڵام هێشتا پێگەی خۆی نەدۆزیوەتەوە. ئازادی ڕێژەیی ئەمڕۆی ژنانی
سوێد بەشێکە لەو ئازادییە بێ قەید و شەرتەی کە ئەوان لە سەردەمی فیوداڵییەت یان
تەنانەت بەر لەو قۆناغەش، کاتێک لە سەدەی حەڤدەدا وڵات هەمیشە لە شەڕی دەرەکییەوە
گلابوو، هەیانبوو. لەو سەردەمانەدا ئێمە سوپایەکی گەورەمان هەبووە کە هەمیشە لە
ڕووسیا و ئەڵمانیا و پۆڵەندا یەخەگیری جەنگ بووە. کاتێک نیو ملیۆن کەس لە پیاوانی
ئەم گەلە بچووکە لە دەرەوەی وڵات بووبن، ئەوا ژنان دەبوو تەنیایتەنیا بەڕێوەبردنی
وڵات لە ئەستۆ بگرن. ئەو هەلومەرجە بووە هۆی ئەوەی ژنان دەستیان بە ئازادی و
متمانەبەخۆبووندا ڕابگات. پاشان کە شۆڕشی پیشەسازی ڕووی دا، ئیدی متمانەبەخۆبوونی
ژنان و ڕۆڵی کاریگەریان لە کۆمەڵگادا لەبەین چوو، بەڵام ئەو قۆناغە زۆر کورت بوو.
دەرەنجام ژنانی ئەم وڵاتە هەنگاوێک لە ژنانی هەموو وڵاتانی تر لەپێشترن.
ئەلڤارێس : وا پێ دەچێ بزاڤی ئازادی ژنان لە سوێد بە
ئامانجەکانی خۆی گەییشتبێ. ژنان لە هەموو جێگایەک ئامادەییان هەیە؛ لە حکومەت، لە
پسپۆڕیی، تەنانەت لە کاری دەستیشدا ڕۆڵی کاریگەریان هەیە. بەڵام لە ئەمریکا ئازادی
ژنان بە مانای ناکۆکی نێوان دوو ڕەگەزە. ئایا لە سوێد ناکۆکییەکی ئاوها لەنێوان ژن
و پیاودا هەیە؟
بێرگمان : من زانیاری زۆرم لەبارەی وڵاتانی ترەوە
نییە. بەڵام هەست دەکەم ئێمە لێرە لە سەرەتای شۆڕشێکی مەزنداین و ژنان دواجار باری
بەرپرسیارێتی خۆیان بە تەواوی لە ئەستۆ دەگرن. هەڵبەتە هێشتا کێشەی زۆر هەیە.
ناتوانرێ بە تەرزێکی یەکلاکەرەوە پێشبینی ئایندە بکرێت. لەلایەک دەنگی ژنانی
پێشەنگ دێتە گوێ و لەلایەکی تر ژمارەیەکی زۆر ژنی ئاسایی هەن کە هێشتا نەهاتوونەتە
مەیدان. لەگەڵ ئەوەشدا، لەهەر یەکێ لە ژنانی سوێددا، تەنانەت لە گرووپی
پێشەنگەکانیشدا، هەستێک لە وێرانکاری هەیە. من نازانم ئەو هەستە "بانگی
دایکانەیە و لە مێژووی کپکراو" ی خۆیاندایە؛ یاخود ڕایەڵی بە بونیادی
فیسیۆلۆجییانەوە هەیە. بەڵام بەهەرحاڵ هەموو ئەوانە باوەڕێکی نادروست و
وێرانکەریان هەیە. ئەوان هەست دەکەن کێشەیەک لە ئارادایە بەڵام نازانن چۆن چارەسەری
بکەن. بەهەرحاڵ بزاوت یان ڕەوتێک هاتووەتە ئارا و بەبێ ئەوەی ئەوان بزانن بەرەو
کوێ دەڕوات یان چییان دەوێ، بەرەو پێش دەچێت.
ئەلڤارێس : ئایا ئەوەی ئێوە دەیڵێن ڕوخساری کۆمەڵگەیەکە
کە بە گەشەی پێویستی خۆی گەییشتووە؟
بێرگمان : ڕەنگە، بەڵام هەندێ جار خواستەکان لایەنی
ئەقڵانیی زیاتریان هەیە و هەندێ جاریش کاڵ و نائەقڵانین. سەرنج بدە کە ٥٠ ساڵ
لەمەوبەر سوێد وڵاتێکی تەواو هەژار بوو، خەڵک بەدەست برسێتییەوە حاڵیان خەراپ و
ژیانیان بە شێوەیەکی گشتی سەخت بووە. پاشان ئەم شۆڕشە بەبێ خوێنڕێژیی ڕووی دا.
بەلای منەوە ڕووداوێکی سەیر بوو. دەزانیت هەرچەندێک زیاتر هەوڵ بدەی ڕەوشەکان
بگۆڕیت؛ زیاتر دەتوانیت درک بە خەوش و کەماسییەکان بکەیت. هەرچەندێک زیاتر لە
ڕەوشی ڕۆژەڤ بکۆڵیتەوە زیاتر درک بەوە دەکەیت کە هەروا ئاسەواری زۆر لە برینی
نەوەکانی ڕابوردوو و سەردەمانی کۆن جێ ماوە.
ئەلڤارێس : مەبەستتان لەوەیە خووڕەوشتی پروتستاتییانە
کۆتایی پێ هاتووە؟
بێرگمان : دیارە سوێد وڵاتێکی لۆتەریی کالفینییە.
هەڵبەت بە شێوەیەکی ئاگایانە نا. بەڵێ، ئەم بابەتە باوەڕێکی نائاگایانەی
ژێرەوانێیە. دین لە دوو زەمینەدا قسان دەکا: یاسا و عیشق. کێشەکە لەوێدایە کە
هەموان عیشقیان لە یاد کردووە و تەنها یاساکانیان لەبیرن. ئەو لەیادکردنە
دەرەنجامی کارەساتباری لێ کەوتووەتەوە. ئێمە ئاگایانە بەڵام نائومێدانە هەوڵ
دەدەین ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزینەوە. سیاسەتمەدارەکانی ئێمە گۆشەنیگای
هەمەچەشنیان هەیە، بەڵام ئێمە هێشتا لە پشێوی و بێ سەروبەرییدا دەژین.
ئەلڤاریس : ئیلییا ئێرینبورگ لە جێگەیەکدا نوسیویەتی:
"سوێدییەکان شاعیرانی ماددەن". ئایا ڕاستە بڵێین خەڵکی وڵاتی ئێوە
بەرلەوەی مرۆڤەکانیان خۆش بوێن، شەیدای شتی ماددیاتن؟
بێرگمان : لە ڕوویەکەوە قسەکەی ئێوە ڕاستە. ئێمە
باوەڕمان بە جۆرێک لە ماددەگەرایی هەیە و زۆر پێوەی ڕایەڵین، لەبەرئەوەی بە
کێشەوبێشەی زۆردا پێی گەییشتووین. لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانیت بە هیچکام لەو جحێڵە
چەپگەرا توندڕۆیانەی کە بۆ نموونە عەسرانی ڕۆژانی هەینی سوار ئوتومبێل دەبن و
لەگەڵ خێزانەکانیاندا بۆ ڤێلاکانی خۆیان لە کەنار دەریا، جێگاگەلێک کە بەلەمیشیان
تێدان، دەڕۆن، بقوبڵێنیت کە ئەو ڕێگەیەی ئێمە پیایدا ڕۆیشتووین ناڕاست بووە و غەدر
لە مافی کرێکاران کراوە. ئەو وا بیر دەکاتەوە ئازادە و هەموو شت بە باشی بەڕێوە
دەچێت. ناتوانرێ ئیقنا بکرێ ئەوە قەبوڵ بکا کە ئەم شۆڕشە درۆیەکی گەورە بووە و خۆی
و خێزانەکەی لەژێر وەبەرهێنانی داودەزگادان. لە لایەکی تر، کرێکارێکی سادە لە
کاتێکدا ئەگەر وا بیر بکاتەوە هاوکارەکانی لەژێر سووکایەتی و ستەمدان، ئەوا سووک و
هاسان دەتوانێ بە مانگرتنێکی نایاسایی سەراپاگیرەوە ڕایەڵ ببێ. ئەمەش شتێکە کە بە
زۆریی لێرە ڕوو دەدا، لەبەرئەوەی وەفاداری بە یەکێتیی و ساندیکاوە گرینگییەکی زۆری
هەیە. کێشەکە لێرەدایە ئێستا ئێمە نەوەیەک لە گەنجانمان هەن کە پەروەردەیەکی
ئازادتریان هەیە و مەیلی چەپگەرایانەیان مەودای زیاتری لە سۆسیالدیمۆکراتانی
تەقلیدیی گرتووە. ئەم نەوە گەنجە پرسیاری زۆر دەخەنە ڕوو، بڕستی پەیڕەوێتی
تەواوەتییان نییە و بە زۆریی ناقاییلن لەو بڕیارانەی کە بەبێ بەشداری ئەوان
دەدرێن. لەبەرئەوە زۆر زوو مان دەگرن. جاران کاتێک ڕێککەوتنێک بۆ حەقدەست دەکرا،
هەموو شت بە باشیی کۆتایی دەهات و ڕەوشەکان بۆ باری ئاسایی خۆیان دەگەڕانەوە.
بەڵام ئەمڕۆ چاوەڕوانییەکان زۆر هەڵکشاوترن. کێشەی سەرەکی ئێمە هەڵکشانی
چاوەڕوانییەکانە. پاشان سیاسەتمەدارانی خۆڵەمێشیپۆشی ئێمە، واتە ئەندامانی
کۆمیسیۆنە حکومییەکان، دێن. دادەنیشن و دواجار لەگەڵ ڕێژیسۆردا ڕێک دەکەون.
دەزانیت ئێمە ئامادەییمان لە تەڵەدانان و بینینی ڕۆڵی کارتێکەردا نییە.
ئەلڤاریس : سەیرە کە ئێوە ئاوها بەم شێوەیە ڕا لەبارەی
خەڵکی وڵاتەکەی خۆتانەوە دەدەن!
بێرگمان : بەڵێ سەیرە... دەزانیت ئێمە ئەکتەری بەتوانا
و شایستەمان لە سکاندیناڤیا هەن، بەڵام ناتوانین بە جوانیی ڕۆڵی خۆمان لە ژیانی
کۆمەڵایەتیدا ببینین.
ئەلڤاریس : لەگەڵ ئەوەشدا جیهان بە چاوی ئیرەییەوە
تەماشای سوێد دەکا. وڵاتەکەی ئێوە لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە، شاری یۆتۆپیای
سەرجەم پنتەکانی دونیایە.
بێرگمان : دەزانم... ئێمەش سەیرمان لێ دێ کاتێ
خەڵکانێک لە زۆرینەی وڵاتانەوە بۆ ئێرە دێن و پێمان دەڵێن ئێوە لە بەهەشتدا دەژین.
ڕەنگبێ لە هەندێک بابەتدا هەلومەرجەکان لە ئاست چاوەڕوانیدا بن، بەڵام لە ڕووی
کۆمەڵایەتییەوە هێشتا ئێمە بە کامڵیی نەگەییوین. هێشتا مەودایەکی دوورمان لێیەوە
هەیە. بەڵام لە هەوڵی خۆمان بەردەوام دەبین. دەبێ ئاگامان لەوە بێت کە ئێمە
وڵاتێکی گچکەین و تەنها هەشت ملیۆن حەشیمەتین. ئەوەی لێرە ڕوو دەدا لە ڕوانگەی زۆر
لە خەڵکانی دەرەوە ماندووکەر و مایەی بێزارییە، بەڵام ئێمە زۆر حەزمان لە
ئاشتەواییە. خەڵکانێکی زۆر بە گۆشەنیگای تەواو جیاوازەوە ڕۆژان و شەوانی لەسەریەک
و لە کۆنفرانسی قەرەباڵخدا و بەرامبەر یەک دادەنیشن. ئەو خەڵکانە ڕقیان لە
بیروباوەڕی یەکتریشە، بەڵام دواجار دەگەنە ئاشتی. هەڵبەتە ئەو ئیشە، هێندەش
پاڵەوانانە نییە، بەڵام هەنگاوی بەرایی ئاکارییانەی ئێمە ئاوها ئیش دەکا. سەرەڕای
ئەوە دەبێ بڵێم من ئێکجار هەست دەکەم سوێدیم. لێرە دەژیم و قەت ناتوانم بۆ
ماوەیەکی درێژ لە جێگەیەکی تر بژیم. ڕەگوڕیشەم بەم خاکەدا ڕۆ چووە. هەر یەکێک لە
ئێمە سووک و هاسان دەتوانین شوێنپێی خانەوادەییمان بۆ سەدەی شازدەیەمی زایینی
هەڵبگرین. لەبەرئەوە من لێرە لەگەڵ ڕەگوڕیشەکانمدا دەژیم. کێشەم لەگەڵ فام و
کاردانەوەی خەڵکی سوێددا نییە. ڕاستییەکەی من حەزم لەو شێوازەیە. تەنانەت ڕۆحییەتی
ئاشتەواییانە و ئاشتیخوازانەمانم خۆش دەوێن. من کەسێکی نائارامم و بە زەحمەت
دەتوانم خۆم بەدەست سازانەوە بدەم، بەڵام باوەڕم وایە ئەگەر ئێوە بتانەوێ شتێک لەم
وڵاتەدا جێبەجێ بکەن، ئەوا ناتوانن باوەڕی خۆتان بەسەر خەڵکانی تردا بسەپێنن. ئێوە
دەبێ لەپاڵ ئەوانی تردا دانیشن و لەبارەی ئەو شتەوە کە دەتانەوێ ئەنجامی بدەن؛
بدوێن. بۆ نموونە من لە دوورگەی فۆرۆ خانوویەکی کۆنم نۆژەن کردەوە، ئیشی نۆژەن
کردنەوەکە بە بەشداری جووتیاران و ماسیگرانی دەڤەرەکە ئەنجام درا. ئەوانە خودان
توانای سەرسووڕهێن و دەست و بازووی بەهێزن. ئێمە هیچ پسپۆڕییەکمان لە نەخشەسازی
خانووبەرەدا نەبوو. بەڵام پێکەوە دانیشتین و قسەمان لەبارەی بابەتەکەوە کرد. ئەم
هەنگاوە تا سەر ئێسک سوێدییانەیە. خەڵک حەز دەکەن بەرنامەڕێژییەکانی خۆیان بە
شێوەیەکی هەرەوەزی ئەنجام بدەن. کاتێ فیلمیش دەکەم بە هەمان شێوە ئیش دەکەم.
ناتوانم بڵێم "باشە، من ئێستا ئەم یان ئەو ئیش دەکەم"، لەبری ئەوە لەگەڵ
هەموو خەڵکانی پەیوەست بە پرۆژەکە دادەنیشین، سیناریۆکە دەخوێنینەوە و لەبارەیەوە
قسان دەکەین. من لەبارەی خواستەکانمەوە دەدوێم و ئەوان پێشنیارەکانی خۆیان دەخەنە
ڕوو. ئەم شێوازی ئیشکردنە زۆر لەبەردڵانە و بۆ من ڕێگایەکە تا لە تەنیایی
دەرووننەخۆشانەی خۆم قوتارم ببێ.
ئەلڤاریس : تەنیایی ناوەڕۆکی دووبارە بووەوەی زوربەی
کارەکانتانە. وا بزانم ئەو ناوەڕۆکەش کەڵکەڵەیەکی تەواو سوێدییانەیە. هەڵبەت ڕەنگە
ئەم سەرنجە هەڵە بێت، لەبەرئەوەی من تەنها لە ڕێی فیلمەکانی ئێوەوە لە سوێد دەنۆڕم.
بێرگمان : پێم وا نییە تەنیایی نیشانێکی ڕەسەنی سوێدی
بێت، یان لانی کەم دەتوانم بەم چەشنە بڵێم: تەنیایی بەو ڕادەیەی سوێدییە،
ئەمریکایی یان ئینگلیزییشە. وا بزانم تەنیایی خەسڵەتێکی ئینسانییە. نەوەی من بە
تەرزێکی زۆر خەراپ پەروەردە کراوین، تەرزێک کە بە ناچاری ئێمەی ڕووەو تەنیاییە
دەروون نەخۆشانەکە بردووە. نەوەی تازە ئاگایی زیاتری بەرامبەر شتەیلێک هەیە کە دەبێ
خۆیانی لێ بە دوور بگرن.
ئەلڤاریس : پێم وایە ئەم سیستمە کۆمەڵایەتییە نوێیە بە
جۆرێک لە جۆرەکان تەنیایی دادەمەزرێنێ. پارە بە دایکان دەدا تا تەمەنی حەوت مانگیی
ئاگایان لە منداڵەکانیان بێت و پاشان ئەگەر بیانەوێ درێژە بە کاری خۆیان بدەن،
ئەوا دەبێ بە سەرپەرستانی منداڵانیان بسپێرن. بە بڕوای من هەنگاوێکی لەو چەشنە
کۆڵەگەکانی تەنیایی و دوورکەوتنەوە لە بەختەوەریی ئەو منداڵانە، ئەویش لە تەمەنێکی
هێند هەستیاردا، تۆکمە دەکات. تەمەنی حەوت مانگیی بەدڵنیاییەوە تەمەنی گونجاو بۆ
چوونە نێو کۆمەڵگا نییە.
بێرگمان : پێم وا نییە گەشەی منداڵان لەپاڵ منداڵانی
تردا شتێکی هێندەش خەراپ بێت. کێشەکە لەوێدایە کە هەموو شت بە تەرزی تەواو و حیساب
بۆ کراو ناگاتە ئەنجام. دەزانی چوونە دەرەوەی ژنان لە تەنیایی خۆیان لە ماڵ و
بەشداری لە چالاکی کۆمەڵایەتیدا هەم پێویستە و هەم بونیادنەریش، بەڵام هاوتەریب
لەگەڵ ئەمەدا، ئەو گۆڕانکاری ژینگەییە بۆ منداڵان ڕەنگە ئارامیی دەروونییان بخاتە
بەر مەترسییەوە. هێشتا بە دروستی نازانین ئایا ئەم سیستمە کاردانەوەی گونجاوی هەیە
یان نا. سیستمی پەرستاری لە منداڵ تەمەنێکی زۆری نییە، بۆیە هێشتا نازانین ئایا
ئامادەیی منداڵان لەپاڵ و لەگەڵ یەکدا بە درێژایی ڕۆژ و لەژێر چاودێری ژنانی
تایبەتمەند، کە پسپۆڕ و شارەزای دایکایەتین باشترە، یان باشتر ئەوەیە کە ئەو
منداڵانە لای دایکانی تووڕە و تەنیای خۆیان لە ماڵەوە بمێننەوە؟ ڕای من تەواو
لەگەڵ ڕای ئێوەدا نایەتەوە. بە بڕوای من بونیادی ئەمڕۆیی خێزانەکان زۆر ئازار بە
منداڵان دەگەیەنن و وا باشترە قوتابخانەکان و سیستمی پەرستاری ڕۆژانە پشکێک لە
بەرپرسیارێتیی پەروەردەی نەوەی ئایندە لە ئەستۆ بگرێ. دەزانی لەم سیستمەدا بە
زۆریی سێ یان چوار ژن پێکەوە بەرپرسیاری ئاگالێبوونی منداڵ لە ئەستۆ دەگرن. لەم
وڵاتەدا ژنانێکی زۆر هەن ئامادەیی سەرسووڕهێنیان لە دایکایەتیدا هەیە. ئەم ژنانە
دەبێ بێنە پێشەوە و بناسرێن، دەبێ ئەم ژنانە نەوەی ئایندە پەروەردە بکەن. ژنانێکی
تر هەن ئامادەیی دایکایەتییان نییە، بەڵام ناتوانرێ پێیان بگوترێ منداڵ مەخەنەوە.
قسەیەکی لەو چەشنە، ستەمکارانەیە.
ئەلڤاریس : لەگەڵ ئەوەشدا سەد ساڵ لەمەوبەر کارێکی لەم
جۆرە شتێکی تەواو جێگەی قەبوڵ بوو، تەنانەت شایانی ڕێزیش بووە. هەمیشە بۆ ژنانێک
کە بڕیاریان دەدا شوو نەکەن یان منداڵ نەخەنەوە، جێگەیەک هەبوو تا بە شێوازی
دڵخوازی خۆیان تیایاندا بمێننەوە، بۆ نموونە کڵێسا.
بێرگمان : سەد ساڵ لەمەوبەر ژیان زۆر هاسانتر بوو.
لەبەرئەوەی هەموو نەوەکان لەپاڵ یەکدا دەژیان. ئەو زەمانە ئەگەر ژنان ناچار
بوونایە شانبەشانی مێردەکانیان لە کێڵگەدا کار بکەن، ئەوا هەمیشە نەنکێک، دایەنێک،
ئامۆزا و پوورزایەک هەبوو تا ئاگای لە منداڵەکانیان بێت. ئەمڕۆ بابەتی ژن و
مێردایەتیی و بۆنەکانی کۆمەڵایەتیی زیاتر ئاڵۆزترە و بە بڕوای من مەترسییەکەی بۆ
منداڵان زیاترە. ژنان بە درێژایی ڕۆژ لە دەرەوەی ماڵ کار دەکەن و عەسران شەکەت و
خەمین بۆ ماڵەوە دەگەڕێنەوە و هەوڵ دەدەن فریای لێنانی خواردنێک بکەون و بە
کاروبارەکانی ماڵدا ڕابگەن. ئەوانە کات و وزەی پێویستیان بۆ پەروەردەی منداڵەکانی
خۆیان نییە، کە هەڵبەتە ئەوە خاڵێکی ئازاردەرە، لەبەرئەوە ئێمە هەروا بە دوای
ڕێگەچارەیەکدا دەگەڕێین.
ئەلڤارێس : هەڵبەت من لەگەڵ ئەو تیۆرەیەدا نیم. بەڵام
فامی دەکەم، چونکە وەک هەر منداڵێکی تری چینی ناوەندی دەیەی سی بریتانیا، منیش
لەژێر چاودێری دایەنێکدا گەورە بووم و بە دەگمەن دایک و باوکی خۆم دەبینین.
بێرگمان : منیش ڕێک بەهەمان شێوە بووم. لەگەڵ دایک و
باوکمدا دەژیام، بەڵام هیج پەیوەندییەکم لەگەڵیان نەبوو. ئێمە نەماندەتوانی پێکەوە
لەبارەی هیچ بابەتێکی دیاریکراوەوە قسان بکەین. کاتێک توانیمان بە ئارامیی دانیشین
و پێکەوە قسان بکەین، کاتێک بوو کە دایکم بۆ جاری سێیەم جەڵتەی دڵ لێی دا. دایکم
تەمەنی ٧٩ ساڵ و من ٢٦ یان ٢٧ ساڵ بووم. دڵنیام ئەگەر لە لانکی منداڵدا گەورە
بووبام، ئەوا وەک منداڵێک خۆشحاڵتر و بەختەوەرتر دەبووم.
ئەلڤارێس : ئایا دەکرێ سیستمی پەرستاری منداڵان بە
یەکەم هەنگاو لە شاڕێگەی پچڕانی تەواوەتی بابەتی ژنومێردایەتی لە بیروبۆچوونە
نەریتییەکان بزانرێت؟
بێرگمان : وڵاتێک بە دەوڵەمەندیی سوێد لە توانایدایە
ئازادی تەواو بداتە هەر تاکێک تا شێوەی ژیانی خۆی هەڵبژێرێت. ئەگەر کەسێک بیەوێ
شەش سەعات لە ڕۆژێکدا ئیش بکات، ئەوا دەتوانرێ شەش سەعات کاری لە ڕۆژێکدا بدرێتێ.
ئەگەر کەسێک بیەوێ لەبریی سەعات حەوت، سەعات دە دەست بە کار بکات، دەتوانرێ سووک و
هاسان ئەو بابەتەی بۆ جۆر بکرێ. ئەگەر ژنێک بیەوێ سێ ساڵ لە ماڵەوە لای منداڵەکانی بمێنێتەوە، ئەوا دەبێ پارەی
بدەینێ. ئەگەر دوو کەس بیانەوێ لە یەکدی جیا ببنەوە، دەبێ یارمەتییان بدرێ جیا
ببنەوە. ئێمە سەرچاوەی پێویستمان بۆ دابینی هەموو ئەو خەرجییانە هەن. کێشەکە
لێرەدایە کە حکومەتی ئەم وڵاتە تا ڕادەیەک وەک پەرستار هەڵسوکەوت دەکا. حکومەت
دەیەوێ ڕۆڵی دایەنمان بۆ ببینێ. حکومەت بە تەرزێکی سەختگیرانە پێمان دەڵێ دەبێ ئەم
یان ئەو کار ئەنجام بدەن، لەبەرئەوەی لە بەرژەوەندی خۆتاندایە. پاشان دەکەوێتە
سازان و ئێمە ناچار دەبین کارەکان بە شێوەیەکی جیاواز ئەنجام بدەین. ئەم
گۆڕانکارییانە هەستێک لە بێدەسەڵاتی، هەستێک لە سستی و تەمبەڵیمان تێدا دروست دەکا.
ئەلڤارێس : ئایا پێت وا نییە بێدەسەڵاتیی بۆ ئێوە،
ئەویش کاتێک کە ئەوانی تر خەریکی کار و هەوڵن، دژوار و ناشایستە بێت؟
بێرگمان : ئەمەی تۆ دەیڵێی بابەتێکی تری پەیوەست بەم
بەهەشتە زەمینییەیە. زوربەی خەڵک لە ڕووی زەینییەوە بە کەم دەگیرێن. کاتێ شەش
سەعات کاری ڕۆژانە دەسەلمێنرێ، ئەوا کێشەی زۆر دروست دەبێ. خەڵک دوای سەعاتەکانی
کار چی لەو هەموو کاتی ئازادە بکەن؟ لە وڵاتێکی وەک سوێد کە مادەگەرایی لەوپەڕی
چڕییدایە، دەبێ بۆ پەروەردەی منداڵەکانتان و هاندانیان کە لەبری خوێندنەوەی گۆڤاری
زەرد و چیڕۆکی وێنەدار، کتێب بخوێننەوە، ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە. هەڵبەت ئەوە کارێکی
سەختە. بۆ نموونە من کوڕێکی دوازدە ساڵانم هەیە، منداڵێکی زرینگە، بەرامبەر ژیان
تا بڵێی کونجکاوە، بەڵام هەرگیز کتێب ناخوێنێتەوە. ئەو Donal Duck1 و
چیڕۆکی وێنەداری تایبەت بە هیۆلاکان دەخوێنێتەوە و حەزی لە خوێندنەوەی کتێبی جیددی
نییە. ئەگەر خەڵک کتێب نەخوێننەوە، کێشەی هەمەجۆر دروست دەبێ. تا زەمانێک کە وشە
گرینگترین ئامڕازی پەیوەندی خودئاگایانەیە، ئەدی میللەتێک کە بە وشە نامۆ بێ، چ
چارەنووسێکی دەبێت؟ ئەم بابەتە هەم بە هەستەکان و هەم بە بابەتە هۆشەکییەکانەوە
ڕایەڵە. ئەوان هەستیان هەیە، بەڵام توانای توێکاری و ڕاڤەیان نییە، لەبەرئەوەی بە
وشە نامۆن. ئەوانە توانایان نییە وشە بۆ گوزارشت لە ئەزموونی ئاڵۆزی خۆیان لەپاڵ
یەکدا ڕیز بکەن، ئەوانە شێوازی کاریگەریدانان لەسەر ژیانی خۆیان لەدەست دەدەن و
نائاگایانە یەخەگیری نائومێدی و ناقاییلمەندیی دەبن. ئەوسا ئەگەر پێیان بڵێن
"ئێوە ناقاییلەمەند و نائومێدن، چونکە ناتوانن سوود لە وشە بۆ دەربڕینی
ناوەوەی خۆتان ببینن"، ئەوا بە شێتتان دەزانن.
ئەلڤارێس : دوکتۆر مارتینسون یان ئەندازیار یوسفسون و
هی تر. وەک بڵێی کەسێک تەنها بەناونیشان کە دەچێتە پێش ناوەکەی، دەبێتە ناسنامەی.
بێرگمان : گرینگترین و قورسترین کاری ئێمەی
هونەرمەندان بەرامبەر دەوڵەت و خەڵکی وڵات ئەم خاڵەیە کە ئەوان شت نین لە قوتوویان
بنێین و ناونیشانێکیان لێ بدەین. ئێمە دەبێ بەردەوام دووبارەی بکەینەوە:
"ئێوە شت نین. ناتوانرێ ئێوە لە قوتوو بنرێن. ئێوە مرۆڤن. بوونەوەری ئاڵۆزن،
خودان کولتوور و بێسنوورن و کتوپڕ لەسەر ئەم گۆی زەوییە و لەنێو ئەودوای
ئاکنجییاندا دەرکەوتوون."
ئەلڤارێس : ئایا ئەوان باوەڕ بە قسەکانتان دەکەن؟
بێرگمان : نەء، بەڵام دەبێ ئێمە لە هەوڵی خۆمان
بەردەوام بین. ئەگەر ئێمە بەم شێوەیە لە گوتنی ئەم قسانە بەردەوام بین و کۆمەک لە
خەڵکانی گەورەی وەک شەکسپیر، مۆلێر، ستریندبێرگ، ئێپسن و مۆزارت وەربگرین، ئەوا
ڕەنگبێ پلە بە پلە بتوانین هەستێک لە دەوڵەمەندیی بوونگەراییان تێدا دروست بکەین و
چەمکی ئازادییان تێدا بەهێز بکەین. بەڵام من خۆم سەبارەت بە دەرەنجامی کارەکە
گەشبین نیم. بۆیە ئەگەر لێم بپرسن: ئەدی بۆچی هەر کار دەکەم و بەردەوامم، ئەوا
دەبێ پێتان بڵێم من ئەم کارە بۆ خۆم دەکەم نەک بۆ خەڵک. لە گۆشەنیگای منەوە هەر
درامایەک چ ئایینی یان سیاسی، درامایەکی ناخەکییە و لە ناخی خودی خۆمەوە
هەڵدەقوڵێ. جا چ باشتر ئەگەر دەرەنجامی کارەکە لە قازانجی خەڵکانی تریشدا بێت.
ئەلڤارێس : بەڵام فیلمی "دیمەنگەلێک لە ژن و
مێردایەتییەک" پێشوازییەکی جیهانیی بەرفراوانی لێ کرا. وایە؟
بێرگمان : بەڵێ. من خۆیشم لەو پێشوازییە سەرم سووڕ ما.
من دەقی ئەو فیلمەم تەنها بۆ خۆشیی نووسی و نەمدەزانی چی لێ بکەم. ڕووداوەکانی ئەم
فیلمە لە چارەنووسی وینی گەمژە2 دەچێت. دەزانیت کریستۆفەر ڕابین 3نەخۆش دەبێ و
هەموو شەوێک بەر لە خەوتن، ئالن ئەلیکساندەر میلن- ی باوکی، یەکێک لەم چیڕۆکە
کورتانەی خۆی بۆ دەخوێنێتەوە. پاشان کریستۆفەر هەموو ئەو چیرۆکانەی لە کۆمەڵەیەکدا
نووسینەوە و ئیدی کتوپڕ سەرجەم خوێنەران لێرەو لەوێی دنیادا پێشوازییان لە وینی
گەمژە کرد. "دیمەنگەلێک لەژن و مێردایەتییەک" یش هەر بە هەمان شێوە بوو.
من ئەم فیلمەم هەر بۆ سەرگەرمی و بۆ خۆم نووسی. بە دیمەنی سێیەم دەستم پێ کرد.
پاشان چوارەمیم نووسی و دواتر دووەم. تەنها چوار هەفتەی خایاند. سەرنج بدە کە
ناونیشانی فیلمەکە "دیمەنگەلێک لە ژن و مێردایەتییەک" ــــە، نەک
"ژن و مێردایەتی". بە بڕوای من ئەو فیلمە فیلمێکی تەواو کەسەکییە.
هەرچەند ئەو ئەزموونە کەسەکییە کتوپڕ گشتەکی بوو و ژمارەیەکی زۆر خەڵک وەک
ئەزموونێکی هاوبەش باسی دەکەن. بۆ نموونە لە دانیمارک ئاماری جیابوونەوە دوای
نمایشی فیلمەکە هەڵکشا...
ئەلڤارێس : پێم وایە فیلمێکی سەرسوڕهێن بوو، بەڵام
ڕەخنەیەکیشم لێی هەیە. ئەویش ئەوەیە منداڵان نە لە ژن و مێردایەتییەکە و نە لە
جیابوونەوەکەدا هیچ ڕۆڵێک نابینن.
بێرگمان : ڕاستە. بەڵام من مەبەستم بوو ڕوانینم لەسەر
دوو کەسێتی سەرەکی، واتە ماریان و یوهان چڕ بکەمەوە، هەر بەو پاساوە هاوڕێ و
کەسوکارەکانیانم بە تەواوەتی لە تێکستەکە کردنە دەرەوە. ئەگەر منداڵانم بخستنایەتە
ڕووداوەکانەوە، ئەوا گێڕانەوەکە بە دوو بەڵگەی ئاشکرا ئاڵۆزتر دەبوو. یەکەم: ئیش
لەگەڵ منداڵاندا زۆر سەختە و ڕێژیسۆران بەردەوام زەندەقیان لێی دەچێ. دووەم:
چارەسەری ئەو بابەتە بۆ من زۆر دژوار بوو. تۆ دەزانیت من شەش جار ژنم هێناوە، تا
بەر لە تەمەنی سی ساڵیی سێ جار ژنم هێنابوو و بووبوومە خاوەنی پێنج منداڵ.
ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشەی لەو چەشنە بۆ من زۆر ترسناک بوو. بۆیە بە خۆم گوت کە
من وەک مرۆڤ یەخەگیری زۆر ناکامیی ئابڕووبەرانە بووم، لەبەرئەوە دەبێ هەوڵ بدەم
وەک ڕێژیسۆر کارەکان بە دروستی ئەنجام بدەم. هەربۆیە پەنام بۆ شانۆ و ستۆدیۆکانی
فیلم برد. ئێستا لە ژیان لەو ژینگەیەدا هەست بە بەختەوەری دەکەم. لەگەڵ ئەوەشدا من
هەموو ژیانم وەک کەروێشک هەر خەریکی ڕاکەڕاک بووم، تا ئەو کاتەی ژیانم لە دوورگەی
فۆر(مەڕ) Fårö
دەست پێ کرد. ئەوە نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر بوو. ئیدی
لەو ساتەوە هەموو شت گۆڕا. وازم لە ڕاکەڕاک و ڕاوڕاوێن هێنا. ئارام بوومەوە و
هەوڵم دا بە ژیانی خۆمدا ڕا بگەم و بچمە نێو ڕەوشێکی نوێوە.
ئەلڤارێس : ئایا لە هەمان قۆناغدا بوو
"پێرسونا" تان دروست کرد؟ فیلمێک کە بە بڕوای من باشترین فیلمتانە.
بێرگمان : بەڵێ. لە هەمان قۆناغدا بوو. دوو ساڵ بوو
بەڕێوەبردنی "شانۆی گەل"م لە ستۆکهۆڵم لە ئەستۆ گرتبوو. لە بەرایی
پاییزدا یەخەگیری ڤایرۆسێک بووم و نیشانەکانی دەردەسیم تێدا بینرا. وێڕای ئەوەش
توانای هاوسەنگیم بزر کرد. بۆ ماوەی چوار مانگ لەسەر کورسی دانیشتم و لە خاڵێکی
سەر دیوار ورد دەبوومەوە. ئەگەر گچکەترین جووڵەم کردبا، ئەوا دەتگوت هەموو دنیام
بەسەردا دەڕووخێ. هەر بۆیە بیرۆکەیەکم بۆ هات. بیرۆکەی فیلمێک بە دوو کەسێتییەوە
کە یەکێکیان قسە دەکا و ئەویتریان تەنها بێدەنگ دەبێ. لە مانگی یونیدا سیناریۆکەم
نووسی و لە ئۆگۆستیدا بردمە بەردەم کامێرا. وێنەگرتنی ئەو فیلمە ژیانی منی ڕزگار
کرد. چونکە کاتێک دەستمان پێ کرد، هەستم دەکرد دەست و لاقم لە کۆت و زنجیردان،
پاشان کتوپڕ هەموو شت گۆڕا. سەرنجم دا دەتوانم واز لە شانۆی گەل بهێنم. هەستم کرد
پیاوێکی ئازادم کە دەتوانم تەڵاق وەربگرم و دەستبەرداری ژیانی کۆمەڵایەتیم لەم
شارە ببم و بۆ دوورگە بڕۆم. لەو سەردەمەدا ڕزگارییەکی ترم ئەزموون کرد. هەموو
ژیانی خۆمم بە شەڕ لەگەڵ مەسەلە ئاینییەکاندا بەڕێ کردبوو. پاشان نەشتەرگەرییەکی
سادەم کرد و ماوەی پێنج سەعات بێهۆش بووم. تەواو بێدەنگ. تەواو مەحف و ئازاد. دوای
ئەو ئەزموونە پێنج سەعاتییە کە بوونی نەبوو، چیدی لە مردن نەدەترسام. باکم بە هیچ
شتێک نەبوو کە لە دەرەوەی ئەم دنیایەدا بوایە. لەو کاتەوە بە دوا چیدی بیرم لە
خودا نەکردەوە.
ئەلڤاریس : چ سەیرە!
بێرگمان : بەڵێ، سەیرە. لە ئێستادا بڕوام وایە کە
هەموو ئەو سیفەتانەی ئێمە بە خودای دەدەین؛ لەوانە: خۆشەویستی، دلۆڤانی و جوانی،
هەر هەمووی زادەی مرۆڤن. ئەو سیفاتانە لە ناوەوەی ئێمەوە دێن و بە بڕوای من پەرجۆی
ڕاستەقینەش هەر ئەمەیە.
ئەلڤارێس : ئەوە ئێستا من سەرنجی هۆکاری گۆڕانکاری لە
ناوەڕۆکی کارەکانتدا دەدەم. کەسایەتییە بەراییەکانی فیلمەکانی ئێوە ڕۆحگەلی
سەرنجڕاکێش و پێچەڵپێچ بوون، بەڵام هیچکامیان دڵیان نەبوو، یان بەو جۆرە پیشان
دەدران کە دڵیان نییە. حاڵیحازر ئەوان کەمتر تەنیا و کەمتر بێبەرگری (زیانەوین)
ترن. وا نییە؟
بێرگمان : مرۆڤەکان دەگۆڕێن. خودی خۆتان ئایا لە
هەرزەکارییدا هەوڵتان نەداوە خۆتان بناسن؟ کتوپڕ هەستێکی سەیر و فەرامۆشکراوتان
بیر دێتەوە، هەستێک کە لە ماوەی ٥٠ ساڵدا لەبیرت کردووە و ئەمەش ڕێک لە کاتێکدا
ڕوو دەدا کە لە دوورگەیەکی ئارامدا ژیانێکی ڕێکوپێک و دوور لە هەراوزەنا دەست پێ
دەکەن و خەڵکانێک بە چواردەورتەوە دەبن کە چێژ لە بوونت لەگەڵیان دەبەی. گرینگ
دۆزینەوەی ڕیتمی تایبەتی و کەسەکی ژیانی خۆتانە. من پێم وایە کاتێ ئەو ڕیتمە
دەدۆزیتەوە، لێدانی دڵت لەگەڵ خرۆشی ڕۆحتدا هاوئامێز دەبێ و ڕیتمی تایبەتیت
دەفۆرمێنێ. ناکرێ باوەڕێکی لەم چەشنە وەهم یان ئەفسانە بێت، بەڵکو بەشێکە لە
ڕامانی پیشەیی من. ئەگەر ژیانێکی ئارامتان هەبێ یان ڕۆژانە لانی کەم بۆ ماوەی
سەعاتێک لە ئارامیی تەواوەتی لە سووچێکدا دابنیشن، ئیدی وردە وردە ڕیتمی خۆتان
دەدۆزنەوە. بەڵام مەخابن زۆرینەمان وا ناکەین و بە نکوڵی لێ کردنیشی، هەم لە ڕووی
لەشەکی و هەم لە ڕووی ڕۆحییەوە زەبر لە خۆمان دەدەین. بابەتی گرینگ ئەوەیە مۆڵەت
نەدەی خەڵکانی تر و ڕەوش و هەلومەرجەکانی دەرەوە زیان لەو ڕیتمە بدەن. دیارە سترێس
هەندێ جار بۆ مرۆڤ گرینگە. باشترە هەندێ جار لەم دوورگەیە بچمە دەرێ و پەنا بۆ
ژیانی بە هەڵپەی شار ببەم. ئەوە تەنها هەندێ جار. کاتێ بنیادەم ڕیتمی خۆی
دەدۆزێتەوە، هاوکات شتگەلی تریش بەدەست دەهێنێت.
ئەلڤارێس : لەگەڵ ئەوەشدا، گوشار و سترێس هەروەک
تەنیایی، کاکڵەی بنچینەیی فیلمەکانی ئێوەن. بۆ نموونە فیلمی ئایندەتان
"ڕووبەڕوو"، لەبارەی خۆکوژییەوەیە، کە دەتوانرێ ئەوە وەک جیددیترین
گوشاری ڕۆحی/ دەروونی مرۆڤ وەربگیرێت. ئایا کاکڵەی ئەم فیلمە هەروەک
"دیمەنگەلێک لە ژن و مێردایەتییەک"، تەواو کەسەکییە؟
بێرگمان : بەڵێ، من چەندین جار بیرۆکەی خۆکوشتنم بۆ
هاتووە. ڕێک وەک ئێوە، بەڵام کاری داهێنەرانە ڕزگاری کردووین. من هەمیشە ئیش دەکەم
و ئێوەش ناتوانن کاتێ خەریکی وێنەگرتن یان مۆنتاژی فیلمێکن خۆتان بکوژن. من
ئیرەییتان پێ نابەم، لەبەرئەوەی وەک نووسەر ئێوە زۆر تەنیان. بەڵام من لەگەڵ
خەڵکدا ئیش دەکەم- ئەکتەران و تەکینیککاران – و ئەم ئامادەییە لەگەڵ خەڵکدا ڕزگارم
دەکا. من سەعات چوار لە کاتێکدا شەیتانەکان چۆکیان لەسەر سینگم داداوە و دۆزەخ بە
دەوری سەرمدا دەسووڕێتەوە، لە خەو بێدار دەبمەوە، بەڵام ناچارم سەعات شەش لە
جێگاکەم هەستم و بۆ هۆڵی شانۆ، یان ستۆدیۆی فیلمسازی بڕۆم. لەوێ زۆر زوو دەرگیری
بابەتەکان دەبین، بابەتی هونەری، وێرانکارییەکانی خەڵک. ئەوکات هەست دەکەین کە
ئێمە و ئەودوای ئەندامانی گرووپەکە تەنها ئەندامانی یەک لەشین و ناومان کۆمپانیای
فیلمسازییە. پاشان لە فیکرەوە دەچم "ئای خودێی دلۆڤان، ئەوە خۆ ئەمڕۆ بەیانی
نیازم وا بوو خۆم بکوژم، چ خەیاڵێکی تووڕەهات!" هەربۆیە ئەگەرچی یەخەگیری
سترێس دەبم، بەڵام هەوڵ دەدەم بەسەر کێشەکاندا زاڵ ببم. من مرۆڤێکم چێژ لە ئیش
لەگەڵ ئەکتەراندا دەبەم. بە درێژایی ساڵانێک کە لەم دوورگەیەدا دەژیم، تەنانەت بۆ
یەک چرکەش بیرم لە خۆکوشتن نەکردووەتەوە.
ئەلڤارێس : لەبەرئەوەی دوورگەکە زۆر جوانە؟
بێرگمان : نا لەبەرئەوەی هەموو شتەکان زۆر ڕاستەقینەن.
هەستی هەڤگریی ئێوە بە تەرزێکی تەواو قاییل دەبێ و بابەتەکانی پەیوەست بە ژیانتان،
شێوەی واقیعییانەی وردی خۆی، نە کەمتر و نە زیاتر بەدەست دێنێ. ئەگەر تووڕە ببم و
بچمە دەرەوە و لە کەنار دەریا هاوار بکەم، ئەوا ڕەنگە باڵندەیەکی گەمژە لە چڵێکەوە
بفڕێت، بەڵام ئەگەر لە ستۆدیۆ هاوار بکەم ئەوا دنیا بەسەر یەکدا قڵپ دەبێتەوە و
هەمووان لەوبارەیەوە دەدوێن. ئیدی تێگەییشتنێکی هەڵەم بەرامبەر بە خۆم لەلا دروست
دەبێ. لە دوورگە کەس گرینگیم پێ نادات.
ئەلڤارێس : ئایا کاتێک لە دوورگەیت، سەختتر کار دەکەی؟
بێرگمان : نا، هەرگیز. نزیکەی چوار سەعاتێک لە ڕۆژدا.
لە دەی بەیانییەوە تا یەک و لە یەکی پاشنیوەڕۆوە تا سێ ئیش دەکەم. پاشان سەعاتێک
دەخەوم. دوای ئەوە بۆ گوند دەڕۆم و ڕۆژنامە و نامەکانم وەردەگرم. عەسران بە زۆریی
کتێب دەخوێنمەوە، یان تەماشای فیلم دەکەم، یاخود بۆ دیداری هاوڕێکانم دەڕۆم. من
کۆمەڵێکی زۆر فیلمی دڵخوازی خۆمم هەن، کۆمەڵەیەکی تەواو تەکووز و پیشەیی.
ئەلڤارێس : ڕەنگبێ ئێوە گەییشتبنە ڕێگەچارەی کەسەکیی
گونجاو، بەڵام ئایا گەشبینن سەبارەت بە ئەزموونی سوێدییەکان لە ڕۆنانی بەهەشتی
زەوین؟
بێرگمان : ڕاستیت دەوێ نەء. بەڵام دەبێ ددان بەوەدا
بنێم کە هەوڵدان بەهەرحاڵ شتێکی جوانە. شتێکی نزیک لە دەروونشیکارییە: بۆی هەیە ٥
یان ٨ یاخود ١٠ سەعات بخایەنێت. بۆیشی هەیە تەواوی ژیانتان داگیر بکا، بەڵام
هەمیشە ئومێد بۆ گەییشتن بە سەرکەوتن، بوونی هەیە. کێشەکە لەوێدایە هەموو شت
دواجار لەگەڵ بوونەوەرێکدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە ناوی ئینسانە، بوونەوەرێک کە بە
بڕوای من بونیادی بوونێکی بێ سەروبەرەی هەیە. ئەگەر توانیبات ڕەفتاری خۆتان لەگەڵ
خەڵکانی تردا لە دەرەوەڕا تەماشا بکردایە، ئەوا بەو دەرەنجامە دەگەییشتن کە هیچکام
لەو ڕەفتارانە ئەقڵانی و مایەی تێگەییشتن نین. ناتوانرێ هیچکام لەو ڕەفتارانە لە
ڕووی ئایینی یان سیاسییەوە ڕاڤە بکرێن. ئێمە پێکهاتەیەکی سەیرین، ئەزموونێکی
سەیرین لە ژیانی ماددییدا. وا بزانم ڕۆژێک لە ڕۆژان دیار نامێنین و مێرووەکان
دەگەڕێنەوە. لەبەرئەوەی تاقە پێکهاتەی کامڵی زەوی، مێرووەکانن. کاستلەر تیۆرەیەکی
هەیە و باوەڕی وایە مێشکی مرۆڤ لە وەرەمێکی شێرپەنجەیی دەچێت. پێی وایە هەزاران
ساڵ لەمەوبەر لە کەللەی مەیمووندا شتێک ڕووی داوە و لەسەر مێشکە گچکە و کامڵەکەی
ئەو، مێشکێکی تر وەک خانەی شێرپەنجەیی گەشەی کردووە. ئەم مێشکە نوێیە پێکهاتەیەکی
گەمژانەیە کە لەگەڵ هیچکام لە بەشەکانی تری ئەم جیهانەدا پەیوەندی و هاوگونجانی
نییە. ڕایەڵی نێوان ئاوەزی نوێ و ئاوەزی کۆن زۆر دژوار و هەندێک جار مەحاڵە.
لەبەرئەوە ڕەگەزی مرۆڤ هەمیشە ئازار بەو شێرپەنجە مێشکییەوە دەکێشێت. ئێمە ناچارین
لەبری ئەو مێشکە کۆنەی کە بۆ بەڕێوەبردنی شتگەلی بەرایی سادە و تاسەر ئێسک ڕەسەنی
ئێمە بەس بوو، بە کۆڵ ئەم مێشکە ناپێویست و ناکردەگی و قەبەیە لەگەڵ خۆمان
بەملاولادا کێش بکەین. من ئەم تیۆرەیەم خۆش دەوێ. ڕەنگە ڕاست نەبێ، بەڵام بە باشی
لەگەڵیدا هەڵ دەکەم. لەبەرئەوەی زۆر خەراپ بەرامبەر بە ئایندەی بەشەر ڕەشبینم.
هێشتا وا بیر دەکەمەوە کە ژیان خۆشە.
ئەلڤارێس : پێتان وایە ئەگەر تەنها ئەو مێشکە گچکەیەی
مەیموونمان هەبوایە، ئەوا هەموو شت مایەی چ بێزاری و ماندووییەک دەبوو!
بێرگمان : بێگومان. منیش نامەوێ بگەڕێمەوە سەرەتای
ڕێگاکە. من هەموو شتێکم بەو شێوەیەی کە هەن، خۆش دەوێن. بێداربوونەوەی سەعات
چوارانم لەکاتێکدا کە تا سەر لێواری مەرگ زەندەقم چووە، خۆش دەوێ. بەڵێ، من چێژ لە
زەندەقچوون تا سەر لێواری مەرگ دەبەم. ئەو چێژە بە هیچ شتێک ناگۆڕمەوە.
سەرچاوە:
گفتوگو با برگمان
رافائل شارگل
ترجمە: آرمان صالحی
نشر شورآفرین، ١٣٩٣