تێڕامان لە جیهان لە چاوی کوبریکەوە
کامێرا وەکوو قەڵەم
تێڕامان لە جیهان لە چاوی کوبریکەوە
نوسینی: ئازاد عەزیزیان
کاتێک باس لە بەکارهێنانی کامێرا و لێنزە جیاوازەکان دەکرێت، "ستەنلی کوبریک" یەکێکە لە ناودارترین دەرهێنەرەکانی جیهان. ئەزموونەکانی پێش بە دەرهێنەربوونی ناوبراو بۆ نموونە وێنەگریی، زانیاریی سەبارەت بە تەکنۆلۆژیای لێنزەکان و بوێربوون لە بەکارهێنانی لێنزە جیاوازەکان بۆ گرتە نائاساییەکان و درێژیی گرتەکان پێکەوە کوبریک لە دەرهێنەرەکانی دیکە جیا دەکەنەوە و دەیکەنە دەرهێنەرێکی "ئاوتوور." کوبریک دەیزانی چۆن وێنەهەڵگرتن بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکان بە باشترین شێوە بەکاربێنێت. ئەگەرچی کوبریک تەکنیک و لێنزی جۆربەجۆری بەکارهێناوە، پاش تەماشاکردنی فیلمەکانی لەوە تێدەگەین کە حەزی لە چ جۆرە لێنز و چ چەشنە درێژییەکی گرتە کردووە. لێنزی بەربڵاو، گرتەی کراوە و درێژ سێ کوچکەی سینەمای کوبریکن. ئەم تەکنیکانە هاوتەریب لەگەڵ جۆری تایبەتی گێڕانەوەکەی ڕوانگەکانی کوبریک دەگوازنەوە.
بە بەکارهێنانی لێنزی بەربڵاو، کوبریک
دەرفەت بە بینەر دەبەخشێت کە جگە لە کارەکتەرەکان دەورووبەریش ببینێت. بە
پێچەوانەی لێنزی بەرتەسک، واتە قووڵاییەکی کەمتر، لێنزی بەربڵاو تێشکۆیەکی
گەورەتری هەیە و هەموو بەشەکانی وێنە ڕوونن. پتربوونی قووڵایی وێنە واتا کارەکتەر
دەبێت بە بەشێک لە جیهانی چیرۆک و لە جیهانەکەی جیا ناکرێتەوە. بۆ نموونە، لە
فیلمی "درەوشان"[1]
دا بەکارهێنانی لێنزی بەربڵاو نەتەنیا لە نیشاندانی هۆتێلەکەدا سنوور دەبەزێنێت،
بەڵکوو ترس و دڵەڕاوکێی چیرۆکەکە زیادتر دەکات. لەو گرتەیەدا کە بە شێوەی ستێدیکەم
کامێرا دوای "دەنی" دەکەوێت کە لەسەر دووچەرخەکەیەتی ،کە یەکێکە لە
ناودارترین دیمەنەکانی ئەم فیلمە، لێنزی بەربڵاو منداڵەکە لە هۆڵە گەورەکەدا
بچووکتر دەکاتەوە و بە جۆرێک تاکی دەخاتەوە. ئەگەر دەرهێنەرێک بیهەوێت بە بینەر
بڵێت کە توندووتیژی بەشێکە لە شوناسی هەموو مرۆڤەکان، بەکارهێنانی لێنزی بەربڵاو و
ڕوونبوونی هەموو دەورووبەرەکە مرۆڤ وەکوو بەشێک لە سروشت دەنوێنێت. بەمشێوەیە
کوبریک بە بەکارهێنانی تەکنیک گێڕانەوەی چیرۆکەکەی دەگوازێتەوە بۆ سەر زمانی
سینەما.
بەکارهێنانی گرتەی کراوە واتا داڕشتنی دیمەنێک کە زانیاریی زیاتر لە خۆ دەگرێت و دەرفەتی زیاتر دەبەخشێتە بینەر کە بە شێوەیەکی ڕەهاتر چاو لە وێنەکە بکات. وەها بڕیارێک سەرنج دەخاتە سەر نیشاندانی لێکچوون و جیاوازییەکانی نێوان دوانەی کاراکتەر-دەورووبەر. لە فیلمی "گولەی ئاسنین[2]"دا نیشاندانی هەموو سەربازەکان لە گرتەیەکدا، با لە بەکگراوندیشدا بێت، دەرخەری ئارمانجە هاوبەشەکەیانە. هەموو کەسەکان بە یەک شێوە تەدریب دەکرێن بە ئامانجی بوونە سەرباز. لە دیمەنێکی دیکەدا، یەکێک لە ئەکتەرەکان، جۆکەر، کە ئەکتەری سەرەکی فیلمەکەیە، لەگەڵ لەشفرۆشێکی ڤیەتنامی مامەڵە دەکات و لە بەکگراونددا ڕیکلامی مەعجوونی پاککردنەوەی ددانی "هاینەس" دەبیندرێت. وەها دیمەنێک جەخت دەخاتە سەر دوانەی شار-شاخ و ئەو ناکۆکی و پارادۆکسانەی کە لە شەڕدا خۆ دەنوێنن. لە گرتە بەربڵاوەکاندا بینەر دەتوانێت چاو بە هەموو دیمەنەکەدا بخشێنێت و دەرهێنەرێکی کارامەی وەکوو کوبریک باش دەزانێت کە چلۆن بە وردی هەموو بەشەکانی دیمەنەکەی بە شێوەیەک دیزاین بکات کە لە کۆتاییدا خزمەت بە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی بکەن.

گرتەی کراوە زۆرجار ماوەکەی زۆرترە لە گرتە
داخراوەکان. زانیاری زیاتر پێویستی بە کاتێکی زیاترە بۆ لێ تێگەیشتن. ئەگەر ددان
بەوەدا بنێن کە هونەری مۆدێڕن خۆی لە تێگەیشتنە جیاوازەکاندا پێناسە دەکات و
مەیلەوبینەرە، ئەوا سینەماکەی کوبریک نموونەیەکی شایانی باسە. لە فیلمی
"پرتەقاڵ کۆکی[3]"دا
کاتێک سێهەمین قوربانیی
دەستە مرۆڤکوژەکە تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەکات و ئاگادارییان دەکاتەوە کە کەسێکی
گوماناوی لە بەر دەرکەکەیەتی، دیواری خانووکەی دەبینین کە بە کۆمەڵێک نیگار
خەمڵێندراوە و پشیلەکانی کە سەرخەو دەشکێنن. لەم دیمەنەدا، هیچ جۆرە کات[4]
و بڕینێک نابینین تا ئەو دەم کە سەردەستەی مرۆڤکوژەکان، "ئەلێکس،" دێتە
ژوورەوە و چاومان پێ دەکەوێ. بە درێژایی ئەم ماوەیە، دەرهێنەر دەرفەتمان پێ
دەبەخشێت کە چاوێک لە خانووەکە و بەرهەمە هونەرییەکان بکەین تا قوربانییەکە باشتر
بناسین. ئەم شێوە گێڕانەوەیە دەرفەت دەبەخشێتە بینەر کە زیاتر کارەکتەرەکان بناسێت
و تێکەڵ بە جیهانەکەیان ببێت. بەپێچەوانەوە، کات و بڕینی یەک لە دوای یەک لە
جیهانی کاراکتەرەکان دوورمان دەخاتەوە و بینەر کەمتر تێکەڵ بە جیهانەکەیان دەبێت.
ئەگەرچی
قووڵبوونی وێنە، گرتەی بەربڵاو و درێژ وێنەکە لە
بینەر نزیکتر دەکاتەوە، کوبریک جارجار ئەم پێوەندییە تێک دەشکێنێت و
ڕاستییە چەماوەکەی جیهانمان نیشان دەدات. بەکارهێنانی لێنزی کراوە واتا تێکدانی
جیهان لە وێنەدا. ئەم جۆرە لێنزە جیهانی وێنە نزیکتر دەکاتەوە لە بینەر. لە دیمەنی
دەستدرێژییەکەی فیلمی "پرتەقاڵ کۆکی"دا، ئەم تێکدانە یارمەتیمان دەدات
کە لە نالەباربوون و تاریکبوونی جیهانی دژەکارەکتەرەکان تێبگەین. لە فیلمی
"درەوشان"دا ئەم شێواندنە هۆتێلەکە وەکوو جیهانێکی ترسناکی بێکۆتایی
نیشان دەدات و قووڵاییەکی یەکجار زۆر دەبەخشێتە وێنەکان. ئەم تایبەتمەندییە هەستی
گرفتاربوون و زیندانیبوون لە هۆتێلەکە و بەگشتی لە جیهاندا دەگوازێتەوە بۆ بینەر جا بگەر بینەر هۆشیارانە لەم بابەتەش
تێنەگات.
هەموو ئەم تەکنیک و تایبەتمەندییانە پێکەوە ئیش دەکەن و شێوازی وێنەگریی و گێڕانەوە پێکەوە گرێ دەدەن. ئەگەر توندوتیژیی لە خۆزای مرۆڤدایە، ئەوا ستەنلی کوبریک بە بەکارهێنانی ژانرگەلێک وەکوو ژانرگەلی زانستی، ترسناک و شەڕ هۆشیارانە باس لەم تایبەتمەندییە دەکات. لەو ڕۆژگارەوەی کە مرۆڤی سەرەتایی بۆ یەکەمین جار بەسەر دوو لاقەوە ڕێدەکات و بیر لەوە دەکاتەوە کە ئاخۆ چلۆن لەم جیهانەدا خۆی بپارێزێت و مێشکی بۆ دروستکردنی کەرەستە بەکار دەهێنێت، هەروەها کە لە فیلم " ٢٠٠١ ئۆدیسەی ئاسمانیی[5]" دا دەیبینین، ئاستی توندوتیژیی زیاتر دەبێت. توندوتیژیی و تێگەیشتن لە ناخی مرۆڤ بابەتە سەرەتاییەکانی سینەمای کوبریکن و ئەم دەرهێنەرە کەڵک لە تەکنیک و تەکنۆلۆژیای جۆربەجۆر وەردەگرێت کە بیردۆزەکانی بسەلمێنێت. لە فیلمی "درەوشان"دا، کوبریک پێمان دەڵێت کە چۆن کەوتنە دوای ناو و ناوبانگ و ئارەزووی بوون بە نووسەرێکی گەورە دەتوانن دێوی دەروونی مرۆڤ لە خەو ڕاچڵەکێنن. لە "پرتەقاڵ کۆکی"دا کوبریک ڕادەگەیەنێت چۆن مرۆڤەکانی تینووی توندوتیژین و چلۆن دەسەڵات و زانست، کە بانگەشەی ژیانێکی باشتر کردن دەکەن، دەبنە سەرچاوەی توندوتیژیی. "گولەی ئاسنین" باسی شەڕ دەکات و دەریدەخات کە چلۆن شەڕ دەتوانێت بێگوناهترین مرۆڤەکان بکاتە مرۆڤکوژ و لەوانەشە تەنیا دەست بۆ ئەو توندوتیژییە دەروونییە ببات کە ساڵەهایە لەگەڵ مرۆڤدایە. وەکوو دەرهێنەرێکی "ئاوتوور" کوبریک خاوەنی تێگەیشتن لە جیهان و هەڵگری زانیارییە سەبارەت بە تەکنیک و بە کەڵک وەرگرتن لەم دوانەیە هەوڵی داوە چیرۆکەکانی بەشێوەی خۆی بگێڕێتەوە.
وشەنامە:
ئاوتوور: ئەم وشەیە کە پاش بزووتنەوەی شەپۆلی نوێی فەڕانسە لە ساڵەکانی ١٩٥٠دا باو بووە واتا دەرهێنەرێک کە نووسەری فیلمەکەیەتی و کامێرا وەکوو قەڵەم بەکار دەهێنێت بە مەبەستی گێڕانەوەیەکی زۆر جیاواز و تایبەت بە خۆی.