cover

کامێرا یان مۆنتاژ؟

یەکێک لەو پرسیارە گرنگانەی کە دەرهێنەرێک دەبێت لە خۆی بکات

کامێرا یان مۆنتاژ؟

نوسینی: کارزان کاردۆزی

یەکێک لەو پرسیارە گرنگانەی کە دەرهێنەرێک دەبێت لە خۆی بکات پێش پرۆسەی بەرهەمهێنانی فیلمێک، پرسیارێکە: کە ئایا ژیان ئەدات بە فیلمەکەی لە پرۆسەی وێنەگرتن یان لە پرۆسەی مۆنتاژدا؟ لە ناو کامێرادا یان لە ژووری مۆنتاژ؟

ڕەنگە تێڕوانینێکی گشتی و هاوڕابوونێک هەبێت کە ناتوانرێت فیلمێک دروست بکرێت بەبێ کامێرا و بەبێ مۆنتاژ. گەرچی ئەمە تێڕوانینێکی گشتگیرییە و لە هەندێک ڕووەوە ڕاستە، بەڵام بە بونی سینەما بە هونەرێک کە دەتوانرێت هەموو جۆرە تاقیکردنەوە و ئێکسپیرمەنتێکی تێدا بکرێت، چەندان فیلم و کاری وێنەی جوڵاو بوونیان هەیە کە لە ڕێگەی تەنها کامێرا یان مۆنتاژ دروست کراون. بۆ نموونە: دەرهێنەری ڕوسی، ئەلیکساندەر سوکەرۆڤ فیلمی “کەشتی ڕوسی” لە ساڵی ٢٠٠٢ دروست کردووە بە تەنها لە کامێرادا، فیلمەکە لە تەنها یەک گرتەی درێژ پێکهاتووە و هیچ بڕین و مۆنتاژێک بوونی نیە. یاخود دەرهێنەری ئێکسپیرمەنتالی کەنەدی، نۆرمان مەکلارن، چەندان کورتە فیلمی هەیە کە دروستکراون بەبێ بەکارهێنانی کامێرا، لەسەر فیلمی خاو گرتە و دیمەن و خاڵبەندی کێشراون و جوڵەیان پێ دراوە بە لکاندنیان بەیەکەوە لە ڕیگەی مۆنتاژ.

سوکەرۆڤ پێویستی بە مۆنتاژ نەبووە و لە ناو کامێرادا فیلمەکەی دروستکردووە، لە کاتێکدا مەکلارن پێویستی بە کامێرا نەبووە بۆ دروستکردنی کورتە فیلمەکانی، چونکە تەنها لە ژووری مۆنتاژدا فیلمە خاوەکانی لکاندووە بەیەکەوە. 

بەڵام بە گشتی ئەم جۆرە فیلمانە دەخرێنە ناو ژانرای فیلمی ئێکسپیرمەنتال و ڕێژەیەکی زۆر کەمی فیلم لە سینەمادا بوونیان هەیە کە لە ڕێگەیەوە بەرهەمێهنراون. 

ئەگەر سەیری مێژووی سینەما بکەین، بە گشتی زۆر لە دەرهێنەران ڕێگەی ناوەڕاست ئەگرن، بە یەکسانی گرنگی ئەدەن بە پرۆسەی وێنەگرتن و دواتر بە پرۆسەی مۆنتاژ. بۆ نموونە ئەگەر ئەکتەرێكی بلیمەتی وەکوو مارلن براندۆ لە بەردەم کامێرادا بێت، دەرهێنەر دەتوانێت بۆ چەندان خولەک بەبێ بڕین لە یەک گۆشەوە بە درێژی وێنەی دیمەنێک بگرێت و دواتر لە پرۆسەی مۆنتاژدا گرتەکە وەکوو خۆی بەکار بهێنێت. بەڵام ئەگەر ئەکتەرێکی لاواز لەبەردەم کامێرادا بێت، ئەوا ناچار دەبێت کە هەمان دیمەن وێنە بگرێت لە چەندان گۆشەی جیاواز و دواتر لە ژوری مۆنتاژدا بڕین بکات لە نێوان گۆشەکاندا و هەوڵی شاردنەوەی لاوازی ئاکتینی ئەکتەرەکە بدات. بەپێی دۆخ و بابەت و ئامانجی دیمەنێک، گرنگی کامێرا یان مۆنتاژ بۆ دەرهێنەرەکە دەگۆڕدرێت. بەڵام چەندان لە مامۆستا مەزنەکانی سینەما، لەگەڵ ڕۆشتنی کاتدا، بە جۆرێک هەوڵیانداوە کە گرنگییەکی زیاتر بدەن بە یەکێک لە پرۆسەکان، بە دروستکردنی فیلم لە ناو کامێرادا لە کاتی وێنەگرتن، یان دواتر لە ژووری مۆنتاژ. نموونە: چارلی چاپلن و بەستەر کیتن. چاپلن یەکەم گرنگی بۆ نمایشکردن دەبێت، هەر بۆیە لە ناو کامێرادا مۆنتاژ دەکات و زۆرترین کاتەکانی بۆ پرۆسەی وێنەگرتن دەبێت. لە کاتێکدا کیتن یەکەم گرنگی جوڵە دەبێت، هەر بۆیە زیاتر گرنگی ئەدات بە مۆنتاژ. 

لە بیست ساڵی سەرەتای سینەمادا، لە نێوان ١٨٩٥ بۆ ١٩١٥، بە گشتی ئەو فیلمانەی کە بەرهەم دەهێنرێن لە ناو کامێرادا دروست دەکرێن. بۆ نموونە ئەگەر سەیری فیلمە سەرەتایەکانی برایانی لومێیر و ژۆرژ میلیەس بکەین، دەبینرێت کە زۆر لە فیلمەکانیان پێکهاتوون لە تەنها یەک گرتەی درێژ، بیست چرکە یان خولەکێک، کامێرایەک بە نەجوڵاوی وێنەی دیمەنێک دەگرێت، گەر گەشتی شەمەندەفەرێک بێت، یان نمایشێکی جادووگەری و شانۆیی. دواتر هەر چۆن کامێراکە وێنەی دیمەنەکەی گرتووە، وەکوو خۆی نمایش کراوە. لێرەدا شتێک نەبووە بە ناوی مۆنتاژ، بەڵکوو لەناو کامێرادا فیلمەکە دروستکراوە.

لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، بۆ دەرهێنەران دەردەکەوێت کە ئەگەر خواستیان بێت فیلمی درێژتر لە یەک خولەک دروست بکەن، یان نمایشی ساتی گرنگ و هەستبزوێنەر بکەن، یان سنورەکانی کات و شوێن بشکێنن، یان نمایشی هاوشانی چەد ڕووداوێک بکەن لە یەک کاتدا، ئەوا پێویستیان بە مۆنتاژ دەبێت، بە وێنەگرتنی چەند گرتەیەک و لکاندنیان بەیەکەوە. لە ئەمریکا لە ساڵی ١٩٠٣ ئیدوین ئێس پۆرتەر بۆ یەکەم جار سەرکەوتووانە مۆنتاژ بەم جۆرە بەکار دەهێنێت لە فیلمی “ئاگرکوژێنەوەیەکی ئەمریکی”، بە نیشاندانی دیمەنی کۆمەڵێک ئاگرکوژێنەوە‌ لە دەرەوەی ماڵێک و دیمەنی کەسێک کە لە ناوەوەی ماڵەکەدایە ، لە ڕێگەی مۆنتاژ ئاڵوگۆڕ لە نێوان ئەم دوو دیمەنە‌دا دەکرێت بۆ ورووژاندنی هەستی بینەر، ئایا ئەو کەسەی ناو ماڵەکە دەسوتێت یان ڕزگار دەکرێت؟

ئەو دەرهێنەرەی کە بۆ یەکەم جار مۆنتاژ دەکات بە زمانێکی گرنگی سینەما، دی دەبلیو گریفیز دەبێت، بە تایبەتی لە فیلمەکانی “لە دایکبوونی نەتەوەیەک” و “نالێبوردەیی”. زۆربەی ئەو تەکنیکانەی کە لە ئێستادا بوون بە بەشێک لە زمانی مۆنتاژ، ئەتوانرێت بوترێت کە ڕەگیان دەگەڕێتەوە بۆ گریفیز. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە کە گریفیز دەرهێنەرێک دەبێت کە تەنها گرنگی ئەدات بە مۆنتاژ، بە پێچەوانەوە، یەکەم ئەزمونی گریفیز لە شانۆدا دەبێت، هەر بۆیە هەمیشە گرنگی یەکەمی بە ئاکتینی ئەکتەرەکانی دەبێت، بە چۆنیەتی وێنەگرتن و گۆشەی کامێرا، پاشان مۆنتاژ و بە گشتی ئەو کاتانەی گریفیز گرنگی ئەدات بە مۆنتاژ بۆ دیمەنی ئاکشن یان دیمەنی هەستوژورێنەر دەبێت. 

ئەو دەرهێنەرانەی کە بۆ یەکەم جار گرنگی تایبەتی ئەدەن هەم بە مۆنتاژ و هەم بە کامێرا و خواستیان دەبێت کە سنورەکانی پێشتر بشکێنن، دەرهێنەرانی قوتابخانەی ئیمپرێشینیزمی فەڕەنسی دەبن لە ساڵانی دوای جەنگی یەکەمی جیهان و سەرەتای دەیەی بیستەکان، بە تایبەتی ئابێل گانس، ژان ئێپشتاین،  لویس دولوک، ژێرمن دولاک و مارسێل لێربیر. ئەم دەرهێنەرانە لەژێر کاریگەریی قوتابخانەی وێنەکێشانی ئیمپرێشینیزمی فەڕەنسی سەدەی نۆزدەیەمدا دەبن و خواستیان دەبێت لە ڕێگەی تەکنیک هەستی کارەکتەرەکانیان نمایش بکەن، بە تایبەتی تەکنیکەکانی ناو کامێرا و پرۆسەی مۆنتاژ، ئامانجیان دەبێت کە کامێرا و مۆنتاژ وەک چاوێک و هزری کارەکتەرەکانیان بەکار بهێنن، هەر بۆیە تاوەکوو دەتوانن لە فیلمەکانیاندا تاقیکردنەوە دەکەن لەسه‌ر تەکنیک، بە تایبەتی تەکنیکەکانی کامێرا و مۆنتاژ. بۆ نموونە خواستیان دەبێت نمایشی ساتی سەرخۆشی یان گێژبوونی کارەکتەرێک بکەن، لە کاتی وێنەگرتندا کامێراکە لار دەکەنەوە، دەیخەن بە زەویدا، بە خێرایی بەرز و نزمی دەکەنەوە، پاشان لە ژووری مۆنتاژدا ڕیتم و تێمپۆ ئەدەن بە گرتەکان، یان ئیفێکتی وەکوو سلەومەوش و فاست مەوشن، خاو و خێراکردن، یان سپلیت سکرین بەکار دەهێنن بۆ نمایشكردنی ئەم هەستی سەرخۆشی و گێژبوونە. لێرەدا ئەم دەرهێنەرانە خواستیان دەبێت کە وا لە کامێرا و مۆنتاژ بکەن کە ببێتە کەرەستەیەک بۆ نمایشکردنی هەستی مرۆڤەکان کە ڕۆژانە دەیبینن، هەستی پێ دەکەن و ئەزمونیان لەگەڵیاندا دەبێت، یان هەندێک هەست و جوڵە و ئەزمون کە لە سنوری مرۆڤەکان تێپەڕ دەبێت، بۆ نموونە خاوکردن و خێراکردنی کات. هەر بۆیە پێوستییەکی یەکسانیان هەم بە کامێرا و هەم مۆنتاژ دەبێت. 

لە ژێر کاریگەری گریفیز و گانس و دەرهێنەرانی قوتابخانەی ئیمپرێشینیزمی فەڕەنسی، لە ناوەڕاستی دەیەی بیستەکاندا، گروپێک دەرهێنەر لە یەکیەتی سۆڤیەت دەست دەکەن بە تاقیکردنەوە و ئێکسپیرمەنت لەسەر مۆنتاژ، چەندان شاکار دروست دەکەن و پەرتووک بڵاو دەکەنەوە کە تیایاندا گرنگی یەکەمیان بە مۆنتاژ دەبێت، بە بڕوای ئەم دەرهێنەرانە، فیلمێک دروست دەکرێت لە ژووری مۆنتاژ، نەک تەنها لە کاتی وێنەگرتن. یەکەم کارکردنی ئەم دەرهێنەرانە لە خولێکی فێربووندا دەبێت لە سەرەتای بیستەکان بە ناوی “خوولی فێربوونی کولیشۆڤ” لە شاری مۆسکۆ. لەژێر دەستی لیڤ کولیشۆڤدا، ئەم قوتابیانە خۆیان فێری مۆنتاژ دەکەن و دەبن بە دەرهێنەر، ئەکتەر و ستافی قوتابخانەی مۆنتاژی سۆڤییەتی، کەسانێکی وەکوو سێرگەی ‎ئاینزیستاین، فسێڤۆلەت پۆدۆڤکین و بۆریس بارنیت. سەربەخۆ لەوان، دزیگا ڤیرتۆڤ خەریکی تاقیکردنەوە دەبێت لەسەر مۆنتاژ. لەبەر سستیی ئابووری و بە هۆی جەنگی ناوخۆی ڕووسیا و هەروەها ئابڵووقەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر یەکێتیی سۆڤییەت، کولیشۆڤ و قوتابییەکانی لە سەرەتادا ناتوانن فیلمی خاو بە دەست بهێنن و وێنەی فیلمه‌كانی خۆیانی پێ بگرن، هەر بۆیە گرتەی فیلمی دەرهێنه‌رانی تر بەکار دەهێن و لەسەر ئەم گرتانە تاقیکردنەوە و ئێکسپیرمەنت دەکەن. بەبێ بوونی کامێرا، تەنها دەتوانن گرتەکان بەیەکەوە بلکێن، دیمەن دروست بکەن و مانا بدەن بە کۆدیمەنەکان و لەم ڕێگەیەوە پەرە ئەدەن به‌ چەند تیۆرییەکی جیاوازی مۆنتاژ. بۆ نموونە، چەند جارێک فیلمی “نالێبورده‌یی” گریفیز  مۆنتاژ دەکەوە بە شێوەی جیاواز لە ڕێگەی پێکەوەنانه‌وه‌ی گرتەکانی فیلمەکە و بۆیان دەردەکەوێت کە دەتوانرێت لە ژوری مۆنتاژدا مانای تایبەتی بدرێت بە گرتەکانی ئەم فیلمە بەپێی چۆنیەتی لکاندانیان بەیەوە. ئەمە دەبێتە هۆی گەشەکردنی تیۆری ئیفێکتی کولیشۆڤ، یەکێک لە ڕەگە گرنگەکانی زمانی مۆنتاژ. 

بە بڕوای کولیشۆڤ و لە چوارچێوەی تیۆری ئیفێکتی کولیشۆڤ، هێزی دیمەنێک و دروستکردنی هەستێک و مانایەک، لە به‌یه‌كه‌وه‌لکاندنی دوو گرتەوه‌ سەرچاوە دەگرێت، نەک تەنها لە چوارچێوەی خودی گرتەکەدا. لە ڕێگەی ئیفێکتی کولیشۆڤه‌وه‌، دەتوانرێت چەندین مانای جیاواز دروست بکرێت تەنها بە لکاندنی دوو گرتە بە یەکتر بەپێی خواستی دەرهێنەر و مۆنتێر. لە ڕێگەی چۆنێتیی به‌یه‌كه‌وه‌لکاندنی گرتەکانه‌وه‌، بینەر هەستێکی جیاواز و مانایەکی جیاوازی لا دروست دەبێت. بۆ سەلماندنی ئەم تێڕوانینەی، کولیشۆڤ چەند تاقیکردنەوە و ئێکسپیرمەنتێک دەکات و یەکێک لە بەناوبانگترین تاقیکردنەوەکانی لەگەڵ ئەکتەر ئیڤان مووژوخین دەبێت‌.

لە تاقیکردنەوەکەدا، کولیشۆڤ وێنەی گرتەیەکی کلەوسەپی سیمای مووژوخین دەگرێت و لەم گرتەدا مووژوخین هیچ هەستێک نیشان نادات، هیچ جۆرە ئاکتنێک ناکات، تەنها سیمایەکی بەتاڵ و بێهەستی دەبێت. لە دوای وێنەگرتنی ئەم گرتەیە، لە ژووری مۆنتاژدا کولیشۆڤ تاقیکردنەوە دەکات بە لکاندنی ئەم گرتەیە بە چەند گرتەیەکی تر کە لە شوێن و کاتی جیاوازدا وێنەی گرتبوون. جاری یەکەم گرتەکەی سیمای مووژوخین دەلکێنێت بە گرتەی قاپێکی پڕ لە خواردن. بینەران کە ئەم دوو گرتەیە دەبینن، مانایەک بە ساتی لکاندنی ئەم دوو گرتەیە ئەدەن، گوایە مووژوخین برسیەتی و بیر لە خواردن دەکاتەوە. جاری دووەم کولیشۆڤ هەمان گرتە بە گرتەی منداڵێکەوە دەلکێنێت کە لە تابووتدێکدایە. بینەران وا لێکی دەدەنەوە کە مووژوخین خەمگینە، لەبەر ئەوەی سەیری ئەم منداڵە مردووە دەکات لە تابووتەکەدا. لە گرتەی سێیەمدا، کولیشۆڤ هەمان گرتە دەلکێنێت بە گرتەی ئافرەتێکی قەشەنگ، بینەران وا دەزانن کە مووژوخین حەز و خۆشەویستی بۆ ئەو ئافرەتە هەیە و بەختەوەرە بە سەیرکردنی. لەم سێ جۆرە بڕینەدا، کولیشۆڤ هەمان گرتەی مووژوخین بەکار دەهێنێت، بەڵام بینەر سێ مانای جیاواز ئەدەن بە هەستەکانی مووژوخین و دیمەنەکان بەپێی ئەو گرتانەی کە لە دواتردا دێن و پێوەی لکاون. بە بڕوای کولیشۆڤ، مۆنتاژ پێش کامێرا دێت، کە ئەوەندە گرنگ نیە کە چۆن وێنەی دیمەنێک دەگریت بە کامێرا، بەڵکوو زیاتر گرنگە کە چۆن ئەم دوو گرتەیە بەیەکەوە دەلکێنیت. 

لە کاتێکدا کولیشۆڤ و ئاینزیستاین و پۆدۆڤکین و ڤیرتۆڤ لە سۆڤیەت خەریکی ئەم جۆرە تاقیکردنەوانە دەبن، لە سەرەتا و ناوەڕاستی بیستەکان، لە ئەڵمانیدا دەرهێنەرانێک کە پێشتر ئەزمونیان دەبێت لە قوتابخانەی ئێکسپرێشینیزمی ئەڵمانیدا، بە تایبەتی فریتز لانگ و مۆرناو، هاوڕابوونێکیان دەبێت کە مۆنتاژ گرنگە، بەڵام بە بڕوای ئەوان، زیاتر لە ژووری مۆنتاژ، فیلمێک دروست دەکرێت لە کاتی وێنەگرتن. ئەمە بە تایبەتی ڕاست دەبێت بۆ مۆرناو. ئەزمونی سەرەتایی مۆرناو لە وێنەکێشاندا دەبێت، هەر بۆیە گرنگی تایبەتی ئەدات بە کۆمپۆزشن. بە بڕوای مۆرناو، فیلمێک دروست دەکرێت لە ناو کامێرادا، کە دەبێت دەرهێنەر گرنگی تایبەتی بدات بە کۆی بابەتەکانی ناو کۆمپۆزشن، کە هەر گرتەیەک ژیانێکی خۆی هەبێت، گۆشەی کامێرا، قەبارەی گرتە، ناوەڕاست، دوور یان کلەوسەپ، ئەکتەر چۆن دەجوڵێت، پێگەی لە کۆمپۆزشن، ڕیتمی جوڵەی، دیزانی سێت و دیکۆر یان لۆکەیشن، هتد. بە تایبەتی مۆرناو گرنگی ئەدات بە ڕوناکی و سێبەر، کە هەر گرتەیەک دەبێت زۆر بە وردی ڕوناکی و و سێبەری تێدا دیاری بکرێت. هەروەها  گرنگی تایبەتی ئەدات بە جوڵەی کامێرا. تەنها دوای ئەوەی دەرهێنەرێک دەتوانێت زۆر بە وردی کۆنتڕۆڵی هەموو ئەمانە بکات لە کاتی وێنەگرتن، ئەو کاتە ئەم دەرهێنەرە دەتوانێت لە ژووری مۆنتاژدا دیمەنەکان سەرکەوتووانە بەیەکەوە بلکێنێت و مەرج نیە کە خودی لکاندنی گرتەکان مانا و ژیان بدەن بە فیلمەکە، چونکە خودی هەر گرتەیەک ژیان و بوونێکی تایبەتی خۆی هەیە، نەک لکاندانی نێوان دوو گرتە. 

لە ناوەڕاستی بیستەکاندا، مۆرناو کۆچ دەکات بۆ ئەمریکا بۆ کارکردن لە هۆڵیوود و  چەند شاکارێک دروست دەکات، بە تایبەتی شاکاری “خۆرهەڵاتن” لە ساڵی ١٩٢٧. مۆرناو لە فیلمەکەدا زۆر بە وردی تیرۆیەکانی جێبەجێ دەکات، لە ڕێژەیەکی زۆری دیمەندا کامێرا دەجوڵێنێت، بە وردی دیزاینی سێتەکان دەکات، بۆ هەر گرتەیەک پیلانێکی وردی دەبێت بۆ ڕوناکی و سێبەر، چۆنیەتی پێگە و جوڵەی ئەکتەرەکانی ورتر  دیاری دەکات، بە تایبەتی ڕیتم و جوڵەیان، قوڵایی ئەدات بە دیمەنەکان و لەم ڕووەوە هەر لە ناو کامێرادا فیلمەکە دروست دەکات و دواتر لە ژووری مۆنتاژدا سادەیانە گرتەکان بەیەکەوە دەلکێنێت. فیلمەکەی مۆرناو کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر دەرهێنەرانی هۆڵیوود، بە تایبەتی لەسەر جۆن فۆرد. 

لە کۆتایی بیستەکان و بە تایبەتی لە سەرەتای سیەکاندا، لەگەڵ هاتنی دەنگ بۆ سینەما، کامێرا زاڵ دەبێت بەسەر مۆنتاژدا، بە تایبەتی لە هۆڵیوود. لەبەر ئەوەی تەکنەلۆجی و کەرەستەکانی ڕیکۆردکردنی دەنگ سەرەتایی دەبن، هەر بۆیە دەرهێنەران بە گشتی ناچار دەبن کە وەکوو ساڵانی سەرەتای سینەما، بە کامێرایەکی جێگیر وێنەی دیمەنێک بگرن، کارەکتەرەکان دێنە بەردەم کامێراکە، دایەلۆگەکانیان دەڵێن و دواتر سادەیانە گرتەکان بەیەکەوە دەلکێندرێن، ناتوانرێت مۆنتاژ بە زەقی بەکار بهێنرێت، چونکە مۆنتاژکردنی تراکە دەنگیەکان ئاسان نابێت بەو تەکنەلۆجیە ڕیکۆردکردن و میکسینەی کە لە سەرەتادا هاتنی دەنگدا بوونی دەبێت، هەر بۆیە تاوەکوو دەتوانرێت، دەرهێنەران خۆیان بە دوور دەگرن لە بەکارهێنانی زەقی مۆنتاژ. ئەمە دەبێتە هۆی گەشەکردنی ستایەلی وێنەگری لە هۆڵیوود کە پێی دەوترێت “مۆنتاژ لەناو کامێرا” و لەگەڵ ڕۆشتنی کاتدا، ئەم ستایەلە زیاتر پەرەی پێ ئەدرێت، بابەتەکانی ناو کۆمپۆزشن بەکار دەهێنرێن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بینەر بۆ کارەکتەرێک، یان شوێنێکی دیمەنەکان لە جیاتی ئەوەی بڕین بکرێت بۆ کارەکتەرەکە یان ئەم شوێنە. بۆ نموونە گرنگی ئەدرێت بە دیزاینی سێت، بە قوڵای کۆمپۆزشن، بە پێگەی ئەکتەر، چۆنیەتی وەستانیان، جوڵەیان، نیگای چاویان، هتد.

جۆن فۆرد دەبێتە مامۆستایەکی مەزنی ئەم ستایەلە، هەر بۆیە لە کاتی وێنەگرتندا فیلمەکانی دروست دەکات لە ناو کامێردا و تەنها وێنەی ئەو دیمەنانە دەگرێت کە بەکاری دەهێنێت، زۆر کات بە گرتەی دوور یان مامناوەند، تەنها لە ساتی زۆر گرنگدا گرتەی کلەوسەپ بەکار دەهێنێت. بە ڕادەیەک فۆرد بلیمەت دەبێت لە بەکارهێنانی ستایەلی مۆنتاژ لەناو کامێرا، یاخود ستایەلی یەک گرتە یەک دیمەن، هەندێک کات کە فیلمەکانی مۆنتاژ دەکرێن، تەنها چەند مەترێک فیلمی زیادە دەمێنێتەوە کە بەکار نەهێنرابوون. بۆ بەرهەمهێنەران و بەڕێوەبەرانی ستۆدیۆکانی هۆڵیوود، ئەم ستایەلە وێنەگرییە لە هەندێک ڕووەوە گونجاو دەبێت، چونکە فۆرد زۆر فیلمی خاو سەرف ناکات بۆ وێنەگرتن و پارە دەگەڕێتەوە بۆ ستۆدیۆکان، کەم فیلمی خاو دەکڕن و کەمتر پرینتی دەکەن. بەڵام لە هەندێک ڕوووە، بەرهەمێنەران و بەڕێوەبەرانی ستۆدیۆکان ئەم ستایەلەیان بە دڵ نابێت، چونکە ناتوانن لە ژووری مۆنتاژدا گۆڕانکاری زۆر لە فیلمەکانی فۆردا بکەن، گرتەی کلەوسەپی زۆریان نابێت، یان چەندان گۆشەی هەمان دیمەنەیان نابێت، چونکە فۆرد زۆر کات تەنها یەک جار وێنەی دیمەنەکان دەگرێت بە یەک گۆشە. لە ژێر کاریگەری فۆردا، لە دەیەی چلەکاندا ئۆرسن وێڵز و ویلیام وایلەر زیاتر پەرە ئەدەن بەم ستایەلە و یەکەم گرنگیان بە کامێرا دەبێت.  

لە کاتێکدا فۆرد و ویڵز و وایلەر لە ئەمریکا پەرە ئەدات بە ستایەلی مۆنتاژ لە کامێرادا یاخود ستایەلی یەک گرتە یەک دیمەن، لە ژاپۆن دەرهێنەرێکی تری مەزن پەرە ئەدات بەهەمان ستایەل لە ناوەڕاستی سیەکان و دەیەی چلەکاندا، کینجی میزوگوچی. بەڵام جیاوازی میزوگوچی لە فۆرد و ویڵز و وایلەر لەوەدا دەبێت کە میزوگوچی زۆر گرنگی ئەدات بە جوڵەی کامێرا، لە کاتێکدا فۆرد زیاتر گرنگی ئەدات بە قوڵایی، بە نیشاندانی سێ چین لە ئاکشن و کارەکتەر لە هەمان کۆمپۆزشن، پێشەوە و ناوەڕاست و دواوە. میزوگوچی کامێراکەی دەجوڵێنێت، لە جیاتی بڕین بکات لە نێوان دوو بۆشایی یان دوو کارەکتەر، کامێراکەی دەجوڵێنێت بە نێوانیاندا. هەر وەکوو فۆرد، میزوگوچی بڕوای بە کامێرا دەبێت، بە دروستکردنی فیلم لە کاتی وێنەگرتن، بە مۆنتاژ لە ناو کامێرا، بە پێدانی ڕیتم و تێمپۆ لە کاتی وێنەگرتن و کۆی کۆمپۆزشنی هەر دیمەنێک، یان لە ڕێگەی جوڵەی کامێرا.

دوای تەواوبوونی کاری وێنەگرتنی فیلمەکانیان، فۆرد و میزوگوچی تەنها پێداچوونەوەیەکی سەرەتایی دەکەن بۆ ڤێرژنی کۆتایی مۆنتاژ، چونکە ئەرکی مۆنتێرەکان تەنها لکاندنی ئەو گرتانە دەبێت کە وێنەیان گرتبوون. هەمان شت ڕاست دەبێت بۆ دەرهێنەری ئەڵمانی، ماکس ئۆفولس، کە زۆربەی فیلمەکانی لە فەڕەنسا و ئەمریکا دروست دەکات. ئۆفولس زیاتر نزیک دەبێت لە میزوگوچی، بڕوای بە پێدانی ڕیتم و تێمپۆ دەبێت لە ڕێگەی جوڵەی کامێرا، نەک تەنها بە پێدانی قوڵایی، یان دواتر لە ژووری مۆنتاژ. 

لە ناوەڕاستی دەیەی پەنجاکان بە دواوە، بەهۆی کاریگەری تەلەفزیۆن کە شاشەیەکی بچووکی دەبێت و زۆر لە دیمەنەکانی کارێکی تەلەفزیۆنی بە گرتەی ناوەڕاست یان کلەوسەپ وێنەیان دەگیرێت، لە هۆڵیوود دوو ستایەلی وێنەگری پەرە دەسەنێت. هۆڵیوود وەڵامی تەلەفیزۆن ئەداتەوە بە گەورەکردنی قەبارەی کۆمپۆزشن و نمایشکردنی فیلمەکان لەسەر شاشەی گەورەی لاکێشەیی. ئەو دەرهێنەرانی کە فیلمەکانیان وێنە دەگرن بە پرۆسە نوێیە قەبارە گەورەکانی وەکوو سینەماسکۆپ و ڤێستاڤێژن، زیاتر گرنگی ئەدەن بە کامێرا، چونکە مۆنتاژکردن و بڕین لە قەبارەیەکی گەورەی کۆمپۆزشن زەقتر دەردەکەوێت بەراورد بە قەبارەی ئاسایی، هەر بۆیە تاوەکوو دەتوانن ئەم دەرهێنەرانە هەوڵ ئەدەن خۆیان بە دوور بگرن لە مۆنتاژی زەق و نایانەوێت سەرنجی بینەر بۆ مۆنتاژ بڕوات. بەڵام دەرهێنەرانێکی تری لاو کە لە تەلەفزیۆندا دەست دەکەن بە کارکردن، یان هەر لە قەبارەی ئاسایدا فیلم دروست دەکەن، یەکەم گرنگیان بە مۆنتاژ دەبێت. چەندان لەم دەرهێنەرانە لە دەیەی شەستەکاندا دەبن بە ڕابەرانی سینەمایەکی نوێی هۆڵیوود، کەسانی وەکوو سام پەکیناه و ئارسەر پێن. کەسانێک کە یەکەم گرنگیان بە مۆنتاژ دەبێت، بە تایبەتی پەکیناه کە فیلمەکانی لە ناو ژووری مۆنتاژدا دروست دەکات. 

لە ئەوروپا لە دەیەی شەستەکاندا چەندان جوڵەی جیاوازی سینەمایی گەشە دەکات، بە تایبەتی شەپۆلە نوێکان. دەرهێنەرانی ئەم جوڵانە ئاشنای مێژووی سینەما دەبن و یەکەم دەرهێنەران دەبن کە دەتوانرێت بوترێت کە سینەفیلن، هەر بۆیە ئەو ستایەلە وێنەگری و مۆنتاژەی کە لە فیلمەکانیاندا بەکاری دەهێنن، بە جۆرێک لە ژێر کاریگەری دەرهێنەرانی ڕابردوودا دەبن و لە فیلمێک بۆ فیلمێکی تر ستایەلیان دەگۆڕن. بۆ نموونە دەرهێنەرانی شەپۆلی نوێی فەڕەنسی، کەسێکی وەکوو گۆدار  زۆر بە زەقی مۆنتاژ بەکار دەهێنێت لە سەرەتای ساڵانی شەستەکان، لە فیلمێکی وەکوو “هەناسەبڕکێ”، بەڵام لە ناوەڕاستی شەستەکاندا چەند فیلمێک دروست دەکات کە ڕێژەیەکی زۆری دیمەنی تێدا دەبێت بە ستایەلی یەک دیمەن یەک گرتە، وەکوو فیلمی “سوکایەتی”. کەسێکی وەکوو کلاود شابغۆل لە ژێر کاریگەری ئەلفرێد هیچکۆکدا دەبێت، هەر بۆیە یەکەم گرنگی بۆ مۆنتاژ دەبێت. لە کاتێکدا کەسێکی وەکوو ئێریک ڕۆمێر لە ژێر کاریگەری مۆرناو و ڕینوار و فۆردا دەبێت، هەر بۆیە تاوەکوو دەتوانێت ستایەلی یەک دیمەن یەک گرتە پەیڕەو دەکات، گرنگی ئەدات بە ئاکتین و دایەلۆگی کارەکتەرەکانی، بە گرتەی درێژ، کەمتر بە مۆنتاژ. 

لە دەیەی حەفتاکان و هەشتەکان بە دواوە، بە گشتی مۆنتاژ زاڵ دەبێت بەسەر کامێرا، ئەمە زیاتر پەرە دەسەنێت لە سەدەی بیست و یەکەمدا بەهۆی گەشەکردنی تەکنەلۆجی دیجیتال. لەبەر ئەوەی چیتر پارەیەک پێویست نابێت بۆ کڕین و پرینتکردنی فیلمی خاو، هەر بۆیە دەرهێنەران دەتوانن بە خواستی خۆیان وێنەی دیمەن بگرن، دەیان کاژێر دیمەن وێنە دەگرن بۆ فیلمێکی دوو کاتژێر، لە دەیان گۆشەوە وێنەی هەمان دیمەن دەگرن و دواتر لە ژووری مۆنتاژدا هەوڵ ئەدەن ژیان بدەن بە فیلمەکانیان. هۆکارێک کە زیاتر لە ڕابردوو، لە ئێستادا ڕیتمی فیلم خێراتر بووە و ڕێژەی گرتەکان زۆرترن، بە تایبەتی فیلمە بازاڕی و ئینتەرتەینمەنتەکان.

گەرچی لە ئێستادا مۆنتاژ زاڵبووە بەسەر کامێرادا، بەڵام هەر دەرهێنەرانێک و مامۆستایانی مەزنی سینەما هەن کە دەتوانن یەکسانی بدۆزنەوە لە نێوان ئەم دوو ستایەلەدا و بەپێی چیرۆک و ژانرا و ڕووداوەکان، گۆڕانکاری دەکەن لە نێوان ئەم دوو ستایەلەدا. لە هەندێک ساتدا بە یەک کامێرای نەجوڵاو یان بە جوڵەی درێژ وێنەی دیمەنێک دەگرن و لە کاتی وێنەگرتندا ژیان ئەدەن بە دیمەنەکان، لە هەندێک کاتی تردا ئاڵووگۆڕی خێرایی گرتە دەکەن و لە ژووری مۆنتاژدا ئەمە دەکەن. هەندێک مامۆستای مەزن تەنها یەکێک لەم ستایەلانە پەیڕەو دەکات، بۆ نموونە دەرهێنەری کۆری، هۆنگ سان سوو ستایەلی مۆنتاژ لە کامێرا / یەک گرتە یەک دیمەن پەیڕەو دەکات، بە کامێرایەکی نەجوڵاو بە گشتی وێنەی دیمەنەکان دەگرێت، یاخود کامێراکە جوڵەیەکی بچکۆلەی پان دەکات، زۆر سادەیانە بڕین دەکات لە دیمەنێک بۆ دیمەنێکی تر و دوای تەواوبوونی کاری وێنەگرتن، هەندێک کات بە کەمتر لە یەک ڕۆژ فیلمێکی مۆنتاژ دەکات. بە پێچەوانەوە دەرهێنەرێکی چینی وەکوو ژان یاموو، یان وان کار وای، زیاتر گرنگی ئەدەن بە مۆنتاژ، ڕێژەیەکی زۆری گرتە و گۆشەی جیاواز بەکار دەهێنن بۆ وێنەگرتنی دیمەنێک و لە ژووری مۆنتاژ ژیان ئەدەن بە فیلمەکانیان. 

لە کۆتایدا کامێرا یان مۆنتاژ؟

بە بڕوای من هەردوو ستایەل گونجاون، دەتوانرێت هەردووکیان لە یەک فیلمدا بەکار بهێنرێن، یان بە درێژایی فیلمێک تەنها یەک ستایەلیان. بەڵام دەبێت بزانرێت، پەیڕەوکردنی تەنها یەک ستایەل بە درێژایی فیلمێک ئەزمون و شارەزایی و مامۆستایی دەوێت. تەنها مامۆستا مەزنەکانی سینەما زۆر سەرکەوتووانە توانیاویانە بە بلیمەتی بە درێژی فیلمێک، یان بە درێژایی ئەزمونی کارکردنیان لە فیلمێک بۆ فیلمێکی تر هەمان ستایەل بەکار بهێنن. توانیویانە ئەمە بکەن، لەبەر ئەوەی شارەزایی زۆر وردیان هەبووە لە هەردوو ستایەلدا. هەر بۆیە بە بڕوای من گرنگە کە هەوڵ بدەین لە هەردوو ستایەلدا فیلم دروست بکەین و لەگەڵ ڕۆشتنی کاتدا خۆت دەزانیت کام ستایەلەیان بۆ تۆ گونجاوە. جێگیرکردنی ستایەلێکی تایبەت بە خۆت لە ڕێگەی کارکردن و ئەزمونەوە دەبێت. 
    
تێبینی: شیکاری ورد و پوخت کراوە بۆ ستایەلی وێنەگرتن و مۆنتاژی گشت ئەو دەرهێنەرانی کە ناویان هاتووە لە زنجیرە پەرتووکی “سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر”

© 2023. All rights reserved