cover

مرۆڤایەتی بەرەو کوێ دەڕوات؟

سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر

مرۆڤایەتی بەرەو کوێ دەڕوات؟

سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر
بەرگی حەوتەم: ئاکیرا کورۆساوا
نوسینی: کارزان کاردۆزی
بژاردەیەکی کورت لە بارەی تێڕوانینی ڕەشبینی کورۆساوا لە فیلمی “ڕان” بۆ سروشتی شەڕانگێزی مرۆڤ، وە ڕەنگدانەوەی زیمەکانی کارما و بودازیم 

بیرۆکەی فیلمی "ڕان" دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکان. لە دوای تەواوکردنی کاری وێنەگرتنی فیلمی "دیرسو ئوزالا”، کورۆساوا دەست دەکات بە کاری نووسینی فیلمی "ڕان"  و بۆ نزیکەی دە ساڵ لە چاوەڕوانیدا دەبێت بۆ دۆزینەوەی بوجەیەکی بەرهەمهێنان و لەم ماوەیەدا زۆربەی دیمەنەکانی سیناریۆکە وەکوو ستۆریبۆرد و تابلۆ بە ڕەنگ دەکێشێت. بەهەمان شێوەی فیلمی "کاگەموشا"، بیرۆکەی چیرۆکی فیلمی "ڕان" سەرچاوە دەگرێت لە لێکۆڵینەوەکانی کورۆساوا لە بارەی ساڵانی مێژووی جەنگی ناوخۆی ژاپۆن، بە تایبەتی لێکۆڵێنەوەکانی لەسەر یەکێک لە سەرۆک هۆزەکان کە بەشداری چەندان لە جەنگە گەورەکانی ناوخۆ دەکات، مۆریۆ مۆتۆناری (١٤٩٧ – ١٥٧١)، سەرۆکی هۆزی مۆری

لە ڕاستی مێژوویدا، مۆتۆناری سێ کوڕی گوێڕایەڵی دەبێت و هەر یەکێک لەم سێ کوڕەی وەفادارانە خزمەتی دەکەن و فەرمانەکانی جێبەجێ دەکەن و بە یارمەتی ئەوان دەتوانێت شکست بهێنێت بە چەندان لە هۆزە ڕکابەرەکانی و کۆنتڕۆڵی ناوچەیەکی زۆر دەکات. هەر وەکوو هیدیتۆرای کارەکتەری سەرەکی فیلمی “ڕان”، مۆتۆناری بۆ زیاتر لە پەنجا ساڵ خەریکی کوشتن و جەنگ و تاڵانی دەبێت، چەندان کۆمەڵکووژی ئەنجام ئەدات و دەیان کۆشکی ڕکابەرەکانی دەسوتێنێت. کە دەمرێت، بەهێزترین دایمیۆ دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ژاپۆن  ناوچەیەکی گەورەی لە ژێر دەسەڵاتداریەتی هۆزەکەیدا دەبێت و کوڕەکانی بەیەکەوە حوکمڕانی ئەم ناوچەیە دەکەن. تەنها دوو دایمیۆ و سەرکردەی تر بەهەمانی شێوەی مۆتۆناری کۆنتڕۆڵی ڕێژەیەکی زۆری خاک دەکەن لە ژاپۆن لە ساڵانی جەنگی ناوخۆ: شینگین تاکیدا و نۆبۆناگا ئۆدا کە هەروودکیان لە ناوچەکانی ناوەڕاستی ژاپۆن دەبن و پێشتر کورۆساوا فیلمی "کاگەموشا" ی لە  بارەی ڕکابەری و جەنگی ئەوان دروستکردبوو.

گەرچی هیچ کاتێک ئاماژە نەکراوە بۆ ئەو ساڵەی کە ڕووداوەکانی فیلمی "ڕان" ی تێدا ڕوو ئەدات، بەڵام ئەگەرێک هەیە ڕووداوەکان چەند ساڵێک پێش ڕووداوەکانی فیلمی "کاگەموشا"  ڕوو بدەن، لە کاتێکدا ژاپۆن هەر لە جەنگی ناوخۆدا دەبێت، بەڵام بۆ ماوەیەک ئاشتەوانی بەرقەرار دەبێت و لەم ماوەیەدا هۆزەکان خۆیان بەهێزتر و پڕچەکتر دەکەن بۆ جەنگی گەورەتر. بەڵام زیاتر لە ڕاستییەکی مێژووی وەکوو لە فیلمی  "کاگەموشا"، ئەمجارە زیاتر گرنگی دراوە بە داستان، هەم کارەکتەری هیدیتۆرا و هەم هۆزی ئچیمۆنجی دروستکراوی داستانین، گەرچی سەرچاوەیان مۆتۆناری و هۆزی مۆری دەبێت، بەڵام گۆڕانکاری گەورەیان تێدا کراوە و بە تەواوەتی کەسایەتیان پێچەوانە کراوەتەوە، چونکە لە کاتی لێکۆڵینەوەکانی لە بارەی مۆتۆناری، کورۆساوا پرسیارێک لە خۆی دەکات کە چی ڕووی ئەدا ئەگەر ئەم سێ کوڕەی مۆتۆناری گوێڕایەڵ نەبوونایە و فەرمانەکانی باوکیان فەرامۆش بکردایە و هەر یەکێکیان بە دوای ئامانج و خواستێکی خۆی بکەوتایە و دژی یەکتر بجەنگانایە؟ بە بڕوای کورۆساوا ئەوەی ڕووی ئەدا، داڕمانی باوکیان و هۆزەکەیان و تەنانەت خۆشیان دەبێت. ئەمە دووبارەبوونەوەی هەمان چیرۆکی  فیلمی "کاگەموشا" دەبێت، کە بەهۆی دووبەرەکی و خواست بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، هۆزێک بەرەو داڕمان دەڕوات.

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، کورۆساوا دەست دەکات بە نوسینی سیناریۆی فیلمی "ڕان" و لە کاتی نوسینی سیناریۆکەدا بۆی دەردەکەوێت کە چیرۆکی پادشایەک کە سێ منداڵی هەیە وەکوو چیرۆکی شانۆیی "پادشا لێر" ی ویلیام شەکسپیر وایە، هەر بۆیە شانۆیەکەی شەکسپیر تێکەڵ دەکات بە چیرۆکی فیلمەکە، لە جیاتی سێ کچ، سێ منداڵەکە دەکات بە سێ کوڕ: تارۆ و جیرۆ و سابورۆ 

ناوی فیلمەکە، "ڕان”، بە زمانی ژاپۆنی بە مانای "کەیئۆس" یاخود "ئاژاوە"، "بێسەروبەری" یان "شەپەرزەیی" دێت و خودی ئەم ناوە ئاماژەکردنە بۆ زیمە سەرەکیەکانی و چیرۆکی فیلمەکە کە لە دەوری شەپەرزیی و بیسەروبەریدا دروستکراوە، لە دەوری نایەلیزم و جەنگ و توندوتیژی. هەروەها ناوەکە ڕەنگدانەوەی تێڕوانینێکی تاریکی کورۆساوایە بۆ ساڵانی جەنگی ناوخۆی ژاپۆن، تاریکترین ساڵانی مێژووی وڵاتەکە، هەر بۆیە ئەتوانرێت بوترێت کە فیلمی  "ڕان” تاریکترین کاری کورۆساوایە لەناو گشت فیلمە مێژوویەکانیدا. بە ڕادەیەک جیهان گەندەڵ و توندوتیژ بووە، براکان خیانە لەیەکتر و لە باوکیان دەکەن، جەنگ هەڵدەگیرسێنن بۆ مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵات و خواستی تاکیان، کوڕەکان، بە تایبەتی  تارۆ و جیرۆ، ئامادەن باوکیان و سابورۆی برایان بکوژن و بەهۆی ئەم خواستەوە هەزاران مرۆڤ لە ناو دەچێت و هۆزێک دائەڕمێت. بەڵام تارۆ و جیرۆ بەرهەم و بەردەوامییەکی کەسایەتی و کردارەکانی باوکیانن، بەردەوامییەکی بازنەی جەنگ و ئاڵۆزیەکانن و وەکوو میراتییەک خراپەیان بۆ ماوەتەوە لە باوکیانەوە. هیدیتۆرا لە ڕێگەی جەنگ و کوشتن هاتۆتە سەر دەسەڵات و پێگەی خۆی پاراستووە وەکوو سەرۆکی هۆزەکەی، کوڕەکانی بەهەمان شێوەی ئەو لە ڕێگەی جەنگ و کوشت دێنە سەر دەسەڵات و پارێزگاری لە مانەوەیان دەکەن لەسەر دەسەڵات. بە بڕوای کورۆساوا، هەر چۆن ئەم کوڕانە وەکوو باوکیان هەمان کردار دووبارە دەکەنەوە، بەهەمان شێوە مرۆڤایەتی هەمیشە هەمان شت دووبارە دەکاتەوە، هەمیشە لە جەنگ و ئاڵۆزیدا دەبێت، کە بەرەو ئاراستەیەکی داڕمان، پووچبوون و لەناوچوون دەڕوات. بە تایبەتی لەگەڵ زیاتر پێشکەوتنی تەکنەلۆجی و گەشەکردنی چەکی مۆدێرن، ئاسانکاری زیاتر دەکرێت بۆ کۆمەڵکووژی و لە ناوبردنی مرۆڤەکان. 

هەروەکوو لە فیلمی "کاگەموشا"، ئەمجارەش لە فیلمی "ڕان”، کورۆساوا ئاماژە دەکات بۆ کاریگەریەکی خراپی مۆدێرنەتی، بە تایبەتی کاریگەری پیشکەوتنی تەکنەلۆجیەکانی جەنگ، لە گەشەکردنی بەکارهێنانی تفەنگ و تەقەمەنی لە ساڵانی جەنگی ناوخۆی ژاپۆن. لە هەردوو دیمەنی کلایماکسی فیلمەکەدا، کۆمەڵکووژییەک ڕوو ئەدات بەهۆی بەکارهێنانی تەکنەلۆجی نوێی چەک و تەقەمەنی. بە بڕوای کورۆساوا، پێشکەوتنی تەکنەلۆجی و هاتنی چەرخی ئەتۆم هەڕەشەی جەنگ و کۆمەڵکووژی زیاتر دەکات، کە مۆدێرنەتی مانای ژیریی نیە، کە گۆڕانکاری و پێشکەوتن لە بوارەکانی زانست و تەکنەلۆجیادا مانای ئەوە نابێت کە سروشتی مرۆڤ بەرەو چاکتر بڕوات،  ئاشتەوانییەک و خواستێکی ژیریانەی پێکەوە ژیان دروست بێت، بەڵکوو مۆدێرنەتی و پێشکەوتنی تەکنەلۆجی دەبێتە هۆی دۆزینەوەی ڕێگەی نوێتر بۆ مرۆڤەکان بۆ لەناوبردنی یەکتری. کە چەکی کۆمەڵکووی بە ڕادەیەک پەرە دەسەنێت و تەکنەلۆجی کوشتن و لەناوبردن ئاسانتر دەکات، مرۆڤایەتی بەرەو لەناوچوونێکی کۆتایی دەبات، بەرەو لێوارێکی داڕمان و چیتر ڕیگەیەک نابێت بۆ گەڕانەوە. پێشتر لە زۆر فیلمیدا کورۆساوا ئاماژەی کردبوو بۆ هیوایەک لە ئەگەری گۆڕانکاری بەرەو ئاراستەیەکی چاکتر، بەڵام ئەمجارە لە فیلمی "ڕان"، چیتر تەنانەت ئەم هیواشە بوونی نیە، مرۆڤایەتی نیشان ئەدات کە کوێر و ونبووە، ڕێگەیان لێ ونبووە و نازانن کە بەرەو ئاراستەی لەناوبردنی بە کۆمەڵ دەڕۆن:

“کە سەیری دۆخی جیهان دەکەم، هەست دەکەم کە ئەستەمە لەم ڕۆژانە و لەم چەرخەدا تێڕوانینێکی گەشبینت هەبێت. هەموو پێشکەوتنە تەکنەلۆجیەکانی ساڵانی ڕابردوو تەنها مرۆڤەکانی فێرکردووە کە چۆن بە خێراتر یەکتری لەناو بەرن. سەختە بۆ من لەم دۆخەدا تیڕوانینێکی گەشبینم هەبێت"

ئەم تێڕوانینە تاریکەی کورۆساوا لە دواهەمین گرتەی فیلمەکەدا زۆر بە زەقی و ڕەمزیانە ئاماژەی بۆ کراوە. فیلمەکە کۆتایی دێت بە نیشاندانی تسورومارۆ، لاوێک کە لە ڕابردوودا بە فەرمانی هیدیتۆرا چاوەکانی کوێر کراون، تسورومارۆ لە لیواری بەرزی کۆشکێکی داڕماو گیری خواردووە و گەر هەنگاوێکی تر بنێت، بەر دەبێتەوە و لەناو دەچێت. خۆر لە ئاوابووندایە و شەو دێت، برسی و تینویەتی و تەنهایە، چاوەڕوانی گەڕانەوەی تەنها خوشکەکەی دەکات، سویێ، بەڵام نازانێت کە سویێ کوژراوە و سەری پەڕێندراوە. بودا  و خوداکان و سویێ خوشکی لە هیچ شوێنێک نابینرێن تاوەکوو ڕزگاری بکەن

ئەم کۆتاییە مانایەکی زۆر ڕەمزیانەی هەیە، زیاتر لە تەنها ئاماژەکردنێک بۆ چارەنووسی تسورومارۆ وەکوو کارەکتەرێک، زیاتر ئەو وەکوو ڕەمزێکی مرۆڤایەتی نیشان دراوە، مرۆڤایەتی کە لە لایەن خوداکان و بودا فەرامۆشکراوە. گەرچی تسورومارۆ وێنەی بودای بە دەستەوەیە و خوشکەکەی پێی وتووە کە بودا دەیپارێزێت، بەڵام لە ئێستادا بە تەنها ماوەتەوە لە لێواری کۆشكێكی داڕماودایە و لە هەر چرکەیەکەدا بێت، بەر دەبێتەوە بۆ دۆڵێکی قوڵ و لە ناو دەچێت. دوای چەندان کاتژێر چاوەڕوانی، تسورومارۆ هەنگاوێک دەنێت، دارەکەی دەستی بەر بۆشایی پێشەوەی لوتکەی کۆشکە داڕماوەکە دەکەوێت، تسورومارۆ دەزانێت کە ناتوانێت لەوە زیاتر بڕواتە پێش، دەشڵەژێت و وێنەی بودای لێ دەکەوێتە خوار. چیتر بوداش بوونی نیە تاوەکوو پارێزگاری لێ بکات. بۆ هەمیشەیی خودا و بودا پشتیان دەکەنە مرۆڤایەتی. لەم ساتەدا، کورۆساوا بڕینێک دەکات بۆ وێنەکەی بودا کە بەربۆتەوە خوارەوە، گەرچی دەوری بە تاریکی گیراوە، بەڵام وێنەکە بریقە ئەداتەوە بە ڕەنگی ئاڵتوونی و زەرد، خەمگینییەک لە چاوەکانی بودا دەبینرێت وەکوو وابێت بگری.

ئایا چی بەسەر تسورومارۆ دێت؟ هەنگاو دەنێت و بەر دەبێتەوە و دەمرێت؟ یان بۆ ڕۆژانێکی تر لە چاوەڕوانیدا دەبێت کە خوشکەکەی بگەڕێتەوە و ڕزگاری بکات و لەم چاوەڕوانیەیدا بۆ ڕزگاربوون دەمرێت؟ یان کەسێک ڕزگاری دەکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە نەدراونتەوە، چونکە لەم ساتەدا کورۆساوا کۆتایی دەهێنێت بە فیلمەکە: تسورومارۆ لە لێواری پاشماوەی کۆشکێکی داڕماو لە شاخێکدا گیری خواردووە. ئەمە دۆخی مرۆڤایەتیە بە بڕوای کورۆساوا لە جیهانێکی مۆدێرن، مرۆڤایەتی لە لێوارێکی لەناوچوونی هەمیشەییدایە بەهۆی جەنگ و سروشتی توندوتیژی. دواهەمین دیمەنی دواهەمین شاکاری کورۆساوا لە ژانرای مێژووی جیگای گێگی، دیمەنێکە کە ڕەنگدانەوەی زیمی تاریک و ڕەشبینی دوا ساڵانی ژیانیەتی:

"هەندێک لە گرنگترین دیمەنەکانی فیلمەکە سەرچاوەیان گرتووە لە بیرکردنەوەم لە بارەی خودا و بودا. کە ئەگەر بوونیان هەبێت، ئەوان چۆن سەیری ژیانی مرۆڤەکان دەکەن؟ ئەم مرۆڤایەتیە کە گیری خواردووە لە دووبارەکردنەوەی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە بێمانایانە"

لە کۆتایی فیلمی "ڕان" خراپە سەردەکەوێت بەسەر چاکەدا، ئەمە تێڕوانیێکی تاریکی کورۆساوایە و ئاماژە کراوە بۆ ئەوەی کە ئەمە دووبارەبوونەوەی بازنەی توندوتیژی ژیانی مرۆڤەکانە، کە لە ڕابردوودا ڕوویداوە و لە داهاتوودا ڕوو ئەدات. ئەم تێڕوانینە بە زەقی نمایشکراوە دوای کوژرانی سابورۆ، کوڕە چاکەکەی هیدیتۆرا، وە هەروەها مردنی هیدیتۆرا. دوای مردنی هەردووکیان، خزمەتکارەکەی هیدیتۆرا، کیۆوامی، لەسەر لاشەی مردویان دەست دەکات بە گریان، ڕوو دەکاتە ئاسمان و جنێو ئەدات بە خوداکان و بە بودا، کە ئەوان بێدەنگن و ڕێگە ئەدەن مرۆڤەکان بەم جۆرە خەریکی کوشتن و جەنگ بن. لە بەرامبەردا، جەنەرال و هاوەڵێکی سابورۆ، تانگۆ، سەرزەنشی کیۆوامی دەکات، کە خەتای بودا و خوداکان نەگرێت، کە خودی مرۆڤەکان خەتابارن و خۆیان ئەم جیهانە توندوتیژەیان دروستکردووە:

کیۆوامی: "کوا، خوداکان و بودا بوونیان نیە؟ ئەگەر بونتان هەیە، بیستم بن. ئێوە خراپ و توندوتیژن، ئایا بێزاربوون لە سەرەوە و دەبێت ئێمە بپلیشێننەوە وەکوو مێروولەکان؟ چێژ وەردەگرن لە سەیرکردنی ئێمە کە دەگرین؟"

تانگۆ: "بەسە ئەم کفرکردنە. ئەوە خوداکانن کە بۆ ئێمە دەگرین. دەبینن کە ئێمە خەریکی کوشتنی یەکترین لەوەتەی کات بوونی هەیە. ئەوان ناتوانن ئێمە ڕزگار بکەن لە دەستی خۆمان. مەگری، جیهان بەم جۆرە دروستکراوە. مرۆڤ خەم بە چاکتر دەزانێت لە بەختەوەری، نەهامەتی و ئازار لە جیاتی ئاشتەوانی. ئاهەنگ دەگێڕن بۆ کوشتن"

کارەکتەری سەرەکی فیلمی “ڕان”، هیدیتۆرا، نموونەی ئەو مرۆڤانەیە کە بە دوای جەنگ و کوشتن و خەم و نەهەماتی و ئازار کەوتوون، کە ئاهەنگ دەگێڕن بۆ کوشتن. هیدیتۆرا هەموو ژیانی بەسەربردووە لە بەرەکانی جەنگ. لە لێدوانی بۆ سێ کوڕەکەی،  شانازی دەکات بە ڕابردووی کە چۆن چەندان سەرۆک هۆزی تری کوشتووە، چۆن دەستی گرتووە بەسەر سامان و کۆشکەکانیاندا و لەم ڕێگەیەوە هۆزەکەی خۆی بەهێزکردووە و ئەم کۆشکانەی بۆ کوڕەکانی بەجێهیشتووە. تارۆ و جیرۆ هەردووکیان هاوسەرگیریان کردووە لەگەڵ خانم کایدێ و خانم سویێ دوای ئەوەی هیدیتۆرا هەموو خانەوادەکەی ئەوانی کوشتووە، کۆشکەکانی سوتاندوون و دەستی گرتووە بە سەر سامانەکانیاندا و بە زۆر ئەوانی ناچار کردووە هاوسەرگریی بکەن لەگەڵ کوڕەکانی. باوکەکانی خانم کایدێ و خانم سویێ لە لایەن هیدیتۆرا سەریان پەڕێندراوە، براکانیان کۆمەڵکووژ کراون، بەڵام خۆیان ناچار کراون لەگەڵ تارۆ و جیرۆ هاوسەرگیری بکەن

ئەم جۆرە هاوسەرگیریە لە نێوان چینی سامۆرایەکان و دایمیۆکان داب و نەریتێک دەبێت کە پەیڕەو دەکرێت لە ساڵانی جەنگی ناوخی ژاپۆن. چەند جۆرێک هاوسەرگیری بوونی دەبێت: جۆرێکیان بە ئاشتەوانی دەبێت لە نێوان کچی سەرۆک هۆزێک و کوڕی سەرۆکێکی هۆزێکی تر وەکوو لە سەرەتای فیلمەکەدا نیشان دراوە لە سەردانی دوو دایمیۆ بۆ ئەوەی کچەکانیان هاوسەرگیری بکەن لەگەڵ سابورۆ. لە ڕێگەی ئەم هاوسەرگیریە ئەم هۆزانە هاوپەیمانی دروست دەکەن، یان هەندێک کات کەسێکی وەکوو هیدیتۆرا کوڕەکەی دەکات بە هاوسەری کچی سەرۆک هۆزێکی تر و لەم ڕێگەیەوە کۆنتڕۆڵی ئەم هۆزە دەکات. دووەم جۆرە هاوسەرگیری بە زۆر دەبێت، دوای ئەوەی هۆزێک داگیر دەکرێت، هەموو کوڕەکانی سەرۆکی هۆزە داگیرکراوەکە دەکوژرێن تەنها کچێکیان نەبێت کە بە زۆر دەکرێت بە هاوسەری کوڕێکی هۆزە سەرکەوتووەکە، لەم ڕێگەیەوە ئەندامانی هۆزە شکستخواردووەکە ناچار دەبن کە وەفاداریان هەبێت بۆ ئەم کوڕە چونکە ئەو هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ تەنها میراتی سەرۆکی هۆزی پێشتریان. هیدیتۆرا بەم شێوەیە هاوسەرگیری کردووە بە تارۆ و جیرۆی کوڕی لەگەڵ خانم کایدێ و خانم سویێ 

هیدیتۆرا داوا لە کوڕەکانی دەکات کە هەر یەکێک لە کۆشکێکدا حوکمڕانی بکەن و دژی یەکتری نەجەنگن و ڕازی بن بەو شتانەی کە هەیانە. بەڵام ئەمە ڕوو نادات، چونکە کوڕەکانی لە باوکیانەوە فێربوون کە تەنها ڕێگەیەک بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، لەناوبردنی گشت ڕکابەرەکانیانە، هەر بۆیە براکانی خۆیان و خودی هیدیتۆرا بە ڕکابەریان دەزانن و دەبێت لەناویان بەرن

لێرەدا کورۆساوا ئاماژەیەکی ڕەمزیانە دەکات بۆ بازنەی جەنگ و توندوتیژی و خواست بۆ گەیشتن بە دەسەڵات وەکوو سروشتێکی شەڕانگێزی مرۆڤ کە هەمیشە بوونی هەبووە و بوونی دەبێت. بۆ چەندان ساڵ هیدیتۆرا خەریکی جەنگ و کۆمەڵکوژی بووە و بێباک بووە لە نەهامەتی ئەو کەسانەی کە لەناوی بردوون. تەنها دوای ئەوەی خۆی توشی قوربانی و توندوتیژی  دەبێت، ئەو کاتە بۆی دەردەکەوێت کە چەندە لە ڕابردوودا ئەو کەسێکی خراپ بووە. گەرچی بڕیاری لە دابەشکردنی میراتییەکەی بەسەر کوڕەکانیدا هۆکارێکی داڕمانی خۆی و کوڕەکانی و هۆزەکەی دەبێت، بەڵام ئەو کەسەی کە لە کۆتایدا دەبێتە هۆکاری سەرەکی داڕمانی ئەوان، خانم کایدێ دەبێت، بە تایبەتی خواستی تۆڵەسەندنەوەی خانم کایدێ لە هیدتیۆرا کە لە ڕابردوودا خانەوادەکەی لەناوبردووە. لەم ڕووەوە، ڕابردووی هیدیتۆرا و خراپەکانی، لە کۆمەڵکووژی خانەوادەکەی خانم کایدێ و لە ناوبردنی هۆزەکەی و سوتاندنی کۆشکی خانەوادەکەی و چەندان کرداری کۆمەڵکووژی و خراپی تر، ئەمانە هۆکار دەبن کە هیدیتۆرا و کوڕەکانی و هۆزەکەی لەناو دەچن

ئەمە ڕەنگدانەوەی تێڕوانینێکیی بودایانەیە بۆ کارما، بۆ بازنەی چاکە و خراپە، بۆ بازنەی ژیان. کە ئەوانەی خراپە ئەنجام ئەدەن، خراپە دێتە ڕێگەیان، گەر خراپە نەشیەتە ڕێگەی خۆیان، دێتە سەر ڕێگەی منداڵەکانیان یان کەسانی خۆشەویستیان. چەندە لە کۆتایدا هیدیتۆرا خواستی دەبێت کە چاکە ئەنجام بدات، کە کۆتایی بهێنێت بە توندوتیژی و میراتیەکانی دابەش دەکات بەسەر کوڕەکانیدا بۆ ئەوەی لە داهاتوودا نەجەنگن لەسەر ئەم میراتیە دوای مردنی، هەروەها هەست بە پەشیمانییەک دەکات لە کردارەکانی ڕابردووی، بەڵام ئەم خواستەی بۆ ئاشتەوانی و بەرقەراربوونی ئاشتەوانی درەنگە، هیچ یەکێک لەمانە نە خۆی و نە  کوڕەکانی ڕزگار ناکات، بازنەی کارما و سروشتی توندوتیژی و چارەنووس بەهێزترن لەو. خواست و هێزی مرۆڤەکان و بڕیارەکانیان ناتوانن زاڵبن بەسەر سروشتی توندوتیژی و دووبارەبوونەوەی کارما. دەبێت کوڕەکان هەمان سیناریۆی باوکیان دووبارە بکەنەوە بۆ ئەوەی بگەن بە دەسەڵات، توندوتیژی، تۆڵەسەندنەوە، کوشتن و جەنگ.

هەموو کەسەکان و هەموو شتێک خراپ نین لە فیلمی "ڕان”. گەرچی فیلمەکە یەکێکە لە ڕەشبینترین کارەکانی کورۆساوا، بەڵام لە ساتێکدا کورۆساوا ئاماژەیەک دەکات بۆ ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردن و کۆتایهێنان بە بازنەی توندوتیژی و جەنگ، ئەم ڕێگەیە دەبینرێت لە چوارچێوەی کەسایەتی و کردارەکانی خانم سویێ، یەکەم هاوسەری جیرۆ

لە ڕابردوودا، خانەوادە و هۆزەکەی خانم سویێ لە لایەن هیدیتۆرا  کۆمەڵکووژ کراون و بە زۆر خانم سویێ ناچار کراوە هاوسەرگیری بکات لەگەڵ جیرۆ، کۆشکی خانەوادەکەی سوتێندراوە، تەنانەت برا بچکۆلەکەی، تسورومارۆ، چاوەکانی کوێرکراوە بە قێزەوترین شێوە بە فەرمانی هیدیتۆرا. بەڵام لە جیاتی ئەوەی خانم سویێ بیر بکاتەوە لە تۆڵەسەندنەوە و و  قین و ڕق ببێت بە هێزی یەکەمی و  پیلان دابنێت کە چۆن هیدیتۆرا و کوڕەکانی لەناو بەرێت و هەمان بازنەی توندوتیژی و جەنگ دووبارە بکاتەوە،  خانم سویێ بڕوای بە لێبوردەیی هەیە، خۆی ڕزگارکردووە لە بازنەی کارما، ڕازی بووە بە چارەنووسی، لە هیدیتۆرا و کوڕەکانی خۆشبووە و لە ژێر بڕوایەکی بودازیم ڕازیبووە بەو نەهامەتیەکانی بەسەریدا هاتووە و هیچ خواستێکی نیە بۆ تۆڵەسەندنەوە. تەنانەت بەهەمان شێوەی خۆی، پەروەردەی تسورومارۆ برا بچکۆلەکەی کردووە کە بیر نەکاتەوە لە تۆڵەسەندنەوە. بۆ ئەوەی ئازار و نەهامەتیەکانی تسورومارۆ کەم بکاتەوە، وێنەیەکی ئامیدای بودای پێداوە، وێنەیەک کە ڕەمزی بەخشندەیی و مهیرەبانییە. بەڵام ئەم وێنەیە لە جیهانی مرۆڤەکاندا هیچ سودێکی نابێت و بەخشنەدەیی و میهرەبانی بودا ناتوانێت پارێزگاری نە لە خانم سویێ و نە تسورومارۆ بکات.

پەیوەندیەک دروستکراوە لە نێوان خانم سویێ و بودازیم، ئەو وەکوو کەسێکی پاک و ڕەمزێکی بودا نیشان دراوە. یەکەم جار کە دەناسرێت بە بینەر، لە کاتی سەردانی هیدیتۆرا دەبێت بۆ کوخێکی بچکۆلەی بودا لە کۆشکی دووەم کە تیایدا خانم سویێ نزا دەکات، بڕینێک دەکرێت بۆ کلەوسەپی وێنەیەکی ئاڵتونیانەی بودا کە لەناو کوخەکەدا بریقە ئەداتەوە. پاشان بڕینێکی تر دەکرێت بۆ پشتی خانم سویێ کە پۆشاکێکی زەردی ئاڵتوونی لەبەردایە، لە بەردەم خۆرئابووندا لەسەر گردێک نزا دەکات و ئاسمان بە ڕەنگی ئاڵتوونی داپۆشراوە. ڕاستەوخۆ پەیوەندییەکی وێنەی دروست دەکرێت لە نێوان بودا و خانم سویێ، هەم لە کۆی پێگەی کۆمپۆزشنی گرتەکەی خانم  سویێ کە لەگەڵ وێنەکەی بودا لە هەمان پیگەی کۆمپۆزشنن، هەم  ڕەنگی پۆشاکەکانی خانم  سویێ  هەمان ڕەنگی وێنەکەی بودایە، ئاڵتوونی و زەرد. بۆ چەند خولەکێک خانم سویێ نزا دەکات بۆ بودا  و ئەم نزاکردنەی بە گرتەیەکی درێژ نیشان دراوە

خانم سویێ بە دوای جوڵەی “خاکی پاکی بودازیم” کەوتووە، جوڵەیەکی بودازیم کە لە سەدەی دوازدەیەم لە ژاپۆن گەشە دەکات. یەکێک لە داب و نەریتەکانی جوڵەکە نزاکردن دەبێت بە دووبارەکردنەوەی ناوی ئەمیتا بودا، گوایە لەم ڕێگەیەوە کەسێک دەتوانێت هزری پڕ بکات لە ئامۆژگاری و پەندەکانی بودا و ئەم نزاکردنەوە دەبێتە هۆی پاکردنەوەی هزر و ڕێگەیەک بۆ ڕگاربوون لە بازنەی لە دایکبوون و مردن، لە بازنەی نەهامەتی و گەیشتن بە ڕوناکبوونەوە لە ماوەی یەک بازنی ژیان. بە بڕوای جوڵەی “خاکی پاکی بودازیم”، پێویست ناکات زۆر لە فەلسەفەی بودازیم تێبگەیت یان زۆر داب و نەریت و ڕیچوال ئەنجام بدەیت، تەنها دووبارەکردنەوەی ناوی بودا بەسە بۆ گەیشتن بە ڕوناکبوونەوەیەک، بۆ خۆپاکردنەوە لە گوناح و تاوان و خۆ بەدورگرتن لە کرداری خراپە، لەو جۆرە کردارە خراپانەی کە هیدیتۆرا و کوڕەکانی و خانم کایدێ  ئەنجامی ئەدەن. ئەمە هۆکارێکە کە خانم سویێ زۆر نزا دەکات و هەمیشە ناوی ئەمیتا بودا دووبارە دەکاتەوە و بڕوایەکی ڕوحی هەیە کە گوایە لە دوای مردن لە نەهامەتیەکانی جیهان ڕزگاری دەبێت و دەگات بە بەهەشت، هەروەها لە ڕێگەی ئەم نزاکردنە خانم سویێ هزری خۆی پاک دەکاتەوە لە ڕق و قین و خراپە. گەورەترین تراجیدی فیلمی “ڕان” کوشتن و پەڕاندنی سەری خانم سویێیە لە دەشتێکدا و بەجێهێشتنی جەستەکەی بۆ ئەوەی ئاژەڵانی دڕندە بیخۆن.  خانم سویێ، کەسێکی چاک کە هیچ خراپەیەکی ئەنجام نەداوە،  بە توندوتیژترین شێوە دەکوژرێت

گەرچی کورۆساوا لە ڕێگەی کردارە چاکەکانی خانم سویێ و بڕوابوونی بە بودازیم، بە لێبوردەیی و بەخشندەیی، ئاماژە دەکات بۆ ڕێگەیەک بۆ ڕزگاربوون لە جیهانی توندوتیژ و گەندەڵ و خراپی مرۆڤەکان، بەڵام ئەم ڕێگەیەش سەرکەوتوو نابێت لە کۆتایدا بەرامبەر بە توندوتیژی و جەنگی مرۆڤەکان، بەرامبەر بە هێزی کەسانێک کە بڕوایان بە توندوتیژی و فێڵبازی و جەنگ هەیە. هەر بۆیە خانم سویێ سەری دەپەڕێنرێت و دەکوژرێت و ئەمە دەکرێت بە فەرمانی خانم کایدێ. خراپە بەسەر چاکەدا زاڵ دەبێت. ڕەنگە کەسێک بتوانێت ئارامییەکی ڕوحی و ئاشتەوانی بدۆزێتەوە لە ڕێگەی بودازیزم، بەڵام تەنها دەتوانێت ئەمە بکات لە ناخی خۆیدا، تەنها خۆی دەتوانێت چاک بێت، ناتوانێت مرۆڤەکان و جیهانی دەوری بگۆڕێت. 

پێشتر کورۆساوا لە کۆتایی زۆر لە فیلمەکانیدا ئاماژەیەکی کردبوو بۆ بوونی هیوایەک، بۆ ڕێگەیەک کە دەتوانرێت بەهۆیەوە مرۆڤایەتی ڕزگار بکرێت. لە زۆر فیلمەکانی پێشتریدا پەندێکی مۆرالی بوونی دەبێت لە ئاماژەکردن بۆ ئەم هیوایە و زۆر کات ئەم پەندە لە کۆتایی فیلمەکەدا دەبێت. بۆ نموونە لە کۆتایی فیلمی "ڕاشۆمۆن"، داربڕەکە منداڵێکی بێکەس هەڵدەگرێتەوە و بڕیار ئەدات کە وەکوو منداڵێکی خۆی پەروەردەی بکات و بەم کردارەی هەم بینەران و هەم قەشە بوداکە هیوایەکیان بۆ دەگەڕێتەوە لە بڕوابوون بە چاکبوونێک لە سروشتی مرۆڤ، کە ڕاستە جیهانی ئێستا خراپە، بەڵام ڕەنگە لە داهاتوودا جیهانی مرۆڤەکان چاکتر بێت. بەڵام ئەمجارە لە کۆتایی فیلمی "ڕان"، ئەم هیوایە چیتر بوونی نابێت، کورۆساوا بە ڕادەیەک ڕەشبین دەبێت، چیتر بڕوا و هیوایەکی بە گۆڕانکاری نابێت، هەر بۆیە خواستی نابێت نمایشێکی ناڕاستی هیوایەک بکات بۆ گۆڕانکاری بەرەو ئاراستەیەکی چاکتردا:

"لەو بڕوایەدام کە هیچ ناگۆڕدرێت لە جیهاندا ئەگەر من ڕاستەوخۆ لە فیلمەکانمدا ئاماژەیەک بکەم بۆ ئەم گۆڕانکاریانە و بە بینەران بڵێم “ئەمە بکە” یان “ئەوە بکە”. جیهان ناگۆڕدرێت تاوەکوو بە خاوی خودی سروشتی مرۆڤ نەگۆڕین، دەبێت ڕێگەی بیرکردنەوەیان بگۆڕین. دەبێتە خراپە لە سروشتی مرۆڤ دەربهێنین، نەک تەنها ئاماژە بکەین بۆ چارەسەرێکی گرفتەکان یان تەنها ڕاستەخۆ نمایشی ئەم گرفتانە بکەین"

لە تەمەنی لاویەتیدا و تەنانەت تاوەکوو ساڵانی ناوەڕاستی شەستەکانیش کورۆساوا بەم جۆرە ڕەشبین نابێت. بەڵام لەگەڵ ڕۆشتنی کاتدا و لە ڕێگەی ئەزمونی لە ژیانیدا و تێڕوانینی بۆ دۆخی ژاپۆن و جیهان لە ساڵانی حەفتاکان بە دواوە، زیاتر ڕەشبین دەبێت و دەگات بەم تێڕوانینە تاریکەی لە ناوەڕاستی هەشتاکان و گەشەکردنی بڕوایەک کە نمایشکردنی ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردن، یان ئاماژەکردن بۆ گۆڕانکاری بەرەو ئاراستەیەکی چاکتر کە ئەگەری بوونی نیە، ئەمە ناڕاستگۆیی و درۆکردنێکە لەگەڵ خۆی و بینەر:

"هاتوومەتە  تێگەیشتنێک، کە ئەمە سودێکی نیە. کە جیهان ناگۆڕدرێت"

تێبینی: شیکاری ورد و پوخت کراوە بۆ ژیان و گشت فیلمەکانی کورۆساوا لە بەرگی حەوتەم لە زنجیرە پەرتووکی “سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر”

© 2023. All rights reserved