یەڵماز گیونەی
سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر
سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر
کارزان کاردۆزی
بەرگ: یەڵماز گیونەی
بژاردەیەکی کورت لە بارەی کوردبوون، چەوساندنەوە و کۆمەڵکووژی کوردەکان لە باکوری کوردستان و کاریگەری لەسەر گیونەی و فیلمەکانی
بە بوونی گیونەی لە خانەوادەیەکی جوتیار و هەژار و دوژمندار کە ناچار دەبن خاکی باپیرانیان بەجێبهێڵن و بۆ کەسانێکی تر کار بکەن، بە تایبەتی لە کێڵگە کشتووکاڵیەکان و بەخێوکردنی ئاژەڵان. زیاتر لە ژیانی جوتیاری و هەژاری، زیاتر لە چەوساندنەوەی ئاغا و دەرەبەگەکان، زیاتر لە دوژمنداری، زیاتر لەمانە، بوونی باوک و دایکی گیونەی وەکوو کوردێک، ئەمە نەهامەتیەکی گەورەتر دەبێت بۆ گیونەی و خانەوادەکەی لە تورکیایەکی نوێی ژێر .دەسەڵاتداریەتی موستەفا کەمال ئەتاتورک

ڕۆژانە گیونەی منداڵ بیستی لێدوانەکانی باوکی دەبێت کە باسی ژیانی نەهامەتی دەکات لە بوونی وەکوو هەژارێک، بە تایبەتی لە بوونی وەکوو کوردێک، چونکە بوونی ڕەگ و ڕەچەڵەی وەکوو کوردێک زۆر جار دەبووە سەرچاوەی کوێرەوەری و گرفت بۆ خۆی و خانەوادەکەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دەوڵەتدا کە خواستیان دەبێت بەهەموو شێوەیەک زمان، نەریت و کلتوری کوردەکان لەناو بەرن.
یەکێک لە بیرەوەریەکانی تەمەنی منداڵی گیونەی، ساتەکانی توڕە بوون و هەڵچوونی باوکی دەبێت. لەم ساتانەدا باوکی بە زمانی کوردی گۆرانی، حەیران و لاوانەوە دەڵێت، گۆرانی غەمگینی فۆلکلۆری کوردی. ئەم گۆرانیانە بۆ ساتێک باوکی هێمن دەکەنەوە و لە ڕێگەیانەوە خەم و پەژارەیی خۆی هەڵدەڕێژێت. گیونەی هەر لە منداڵیەوە دەزانێت کە چەندە سەختە ژیان بۆ کەسێک کە هەم هەژارە و هەم کوردە لە ووڵاتی تورکیادا.
گیونەی هەمیشە خۆشەویستی بۆ کەسانێکی هەژار، جوتیار و کوردی وەکوو باوکی دەبێت و لە ساڵانی داهاتوودا هەمیشە خۆی پێناسە دەکات وەکوو “کوڕە جوتیارێک”، “کوڕە کرێکارێک”، “کوڕە هەژارێک”، بە تایبەتی “کوڕی خێزانێکی بە ڕەچەڵەک کورد”. بیرکردنەوە و تێڕوانینی بۆ ژیان وەکوو جوتیارێک، کرێکارێک و کوردێکی چەوساوە دەبێتە ناسنامەی کەسایەتی و ڕەگێکی گرنگی سینەماکەی.
لە بەرواری ٢٣ ی تەمموز ١٩٢٠، لە ژێر ڕێکەوتننامەی لۆزان، خاکی کوردستان پارچە پارچە و دابەش دەکرێت بەسەر چوار بەشدا: کوردستانی باکور بۆ تورکیا دەڕوات، کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ ئێران، کوردستانی باشور بۆ عێراق، کوردستانی ڕۆژئاوا بۆ سوریا، وە پارچەکانی تری کوردستان و هەزاران کورد خۆیان ئەدۆزنەوە لە ناو سنووری هەر یەکێک لە ووڵاتەکانی ئەرمینیا و جۆرجیا و یەکیەتی سۆڤیەت.
وەکوو زۆربەی کوردەکان، خانەوادەی دایک و باوکی گیونەی خۆیان دەبیننەوە لە نێوان ئەم سنورە دەستکردە داخراوانەدا. لە باکوری کوردستاندا لە ژێر دەسەڵاتداری و سنووری نوێی دەوڵەتی تورکیادا ناچار دەبن کە وەکوو جوتیار و ئاژەڵدار نیشتەجێبن. گەرچی بۆ چەندان ساڵ هەر بەردەوام دەبن لە ژیانیان وەکوو کۆچبەرێک لە نێوان سنورە داخراوەکانی تورکیادا، بەڵام بە خاوی ژیانی کۆچبەریان بەرەو کۆتای دەڕوات و ناچار دەبن لە گوندەکاندا نیشتەجێ بن. 

باوکی گیونەی، حەمید ئەرەبان پوتون، بە ڕەچەڵەک کوردێکی زازای لە دایکبوونی گوندی دیسمان دەبێت لە ناوچەکانی سیڤەرەک لە سەر سنوری نێوان باکور و ڕۆژئاوا کوردستان. لە دوای دابەش بوونی کوردستان، وەکوو ملیۆنان کوردی تر خۆی ئەدۆزێتەوە لە بوونی بە هاوڵاتی ووڵاتێکی نوێ کاتێک کە ناوچەکانی سیڤەرەک دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتداریەتی و سنووری دەوڵەتی نوێی تورکیا. ئەو ناوچانەی کە خانەوادەی پوتونی تێدا نیشتەجێ دەبن بەسەر سنورەکاندا دابەش دەکرێن، هەندێک جار لە ناوەڕاستی گوندەکاندا سنورە نوێکان دروست دەکرێن. حەمید لە خزمەکانی دائەبڕێت، ئەندامانی خێزانی، خزم و دۆستەکانی، خانەوادە و هۆزەکەی وەکوو سنوری کوردستان دابەش دەکرێن: نیوەی ئەندامانی خانەوادەکەی دەکەونە سنووری دەوڵەتی نوێی سوریایەوە لە ناوچەکانی کۆبانی، وە نیوەکەی تریان دەکەونە ئەم دیوو سنورەوە لە سیڤەرەک لە تورکیادا.
دایکی گیونەی، گوڵێ خانم، بە ڕەچەڵەک کوردێکی دانیشتووی گوندی ڤارتۆ دەبێت لە نزیک دەریاچەی وان لە ناوچەکانی موش لە باکوری کوردستان. خانەوادەکەی سەر بە هۆزی جیبران دەبێت و بەهەمان شێوەی باوکی گیونەی، خانەوەدا و هۆزی دایکیشی پەرتەوازە دەبێت. بەهۆی جەنگی جیهانی یەکەم و هەروەها بەهۆی جەنگی ڕووسیا لەگەڵ عوسمانیەکاندا ساڵانێک پێشتر، وە بە تایبەتی دوای ئەوەی سنوورە نوێکانی ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکرێن و کوردستان دابەش دەکرێت، هۆزەکەی دایکی، هۆزی جیبران، ئەندامەکانی دابەش دەبن بەسەر ئەم سنورە نوێیاندا. زۆربەی ئەندامانی هۆزەکە دەکەونە ناو سنوری ووڵاتی تورکیاوە، بەشێکیان دەکەونە سنووری ووڵاتی ئەرمینیا. ئەندامانی ئەم هۆزە بەرە گوند و شارەکانی تری باکوری کوردستان کۆچ دەکەن. خانەوادەکەی دایکی گیونەی کۆچ دەکەن بۆ ناوچەکانی ئەدەنە، وە کاتێک کە گوڵێ خانم تەمەنی لە نێوان دە بۆ چواردە ساڵدا دەبێت، لە لایەن باوکیەوە ناچار دەکرێت کە هاوسەرگیری بکات لەگەڵ پیاوێکی بەتەمەنتر لە خۆی و دوو منداڵی دەبێت. بەڵام لەبەر ئەوەی کە مێردەکەی کەسێکی توندوتیژ دەبێت، گوڵێ خانم لە دەستی هەڵدێت، جیا دەبێتەوە و لە تەمەنی بیست ساڵیدا لەگەڵ باوکی گیونەیدا، حەمید، هاوسەرگیری دووەمی دروست دەکات.
لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی تورکیای نوێ لە ساڵی ١٩٢٣ لە لایەن موستەفا کەمال ئەتاتورک، نەهامەتی کوردەکان لە باکوری کوردستاندا ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر بەرە و تراجیدی دەڕوات. لە تورکیادا یەکەم وتاری دەوڵەت، مێژوونووسان و تەنانەت ڕووناکبیر و بیردۆزەکانی ووڵاتەکە خۆی دەبینیەوە لە تیڕوانینیان کە گوایە:
“کورد بونی نیه و زمانی کوردیش نیه"
کوردەکان پێناسە دەکرێن وەکوو "تورکی شاخی"، گوایە ئەمانە تورک بوون و لە هۆزێکی تورکین، بەڵام لەبەر ئەوەی کە چەندان ساڵ لە شاخەکاندا ژیاون و دابڕاون لە تورکەکانی تر، لە شاخەکاندا بە بەفردا هەمیشە کۆچیان کردووە و کاتێک کە قاچەکانیان خستۆتە سەر بەفر، پێڵاوەکانیان بەسەر ئەم بەفرەدا دەنگێکی دروست کردووە وەکوو "کورت، کورت، کورت"، کە گوایە لەمەوە ووشەی "کورت" لە زمانی تورکیدا دروستبووە بۆ پێناسەکردنی کوردەکان.
لە قوتابخانەکاندا لە تورکیادا، منداڵان، تەنانەت لە زانکۆکانیشدا، قوتابیان فێر دەکرێن کە کە کوردەکان قەرەج و کۆچبەرن لە هندستانەوە هاتوون، یان نەتەوەیەکی فارسی کۆچبەرن و لە ئێرانەوە تازە هاتوون بۆ تورکیا و هیچ کاتێک ئەم ناوچانە خاکی خۆیان نەبووە. گەرچی کوردەکان بۆ زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ دانیشتووی ڕەسەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبن، لە کاتێکدا کە تورکەکان چوار هەزار ساڵ دوای کوردەکان دێن بۆ ئەم ناوچانە لە ناوەڕاستی ئاسیاوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی نوێی تورکی، نەتەوەی تورک بە خاوەنی هەموو ئەناتۆلیا دەزانن، نەتەوەکانی تری وەکوو کورد، ئەرمەن و یۆنانی کە بە ڕەچەڵەک نیشتەجێی ئەم ناوچانە دەبن وەکوو هەڕەشەیەک، ئاوارە و کۆچبەر سەیر دەکەن.
ئەم تێڕوانینە نەتەوەپەرستیانەی دەسەڵاتدارانی تورکی دەبێتە هۆی ئەوەی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا زیاتر لە یەک ملیۆن ئەرمەن و دەیان هەزار یۆنانی لەناو ببرێن، لە خاکەکانی خۆیان کە بۆ هەزاران ساڵ نیشتەجێ دەبن دەربکرێن لە کارەساتی کۆمەڵکوژی ئەرمەن و یۆنانیەکان. ناوچەکانی باکوری کوردستان، ئەناتۆلیا و شارەکانی ڕۆژئاوای وەکوو ئەستەمبوڵ بە گشتی لە ئەرمەنەکان و یۆنانیەکان پاک دەکرێنەوە. دوای ئەوەی کە تورکیایی نوێ دروست دەبێت، زمانی ئەرمەنی و یۆنانی و بە تایبەتی زمانی کوردی قەدەغە دەکرێت. هەر کاتێک کە کوردەکان داوای مافە سەرەتایەکانی خۆیان دەکەن، وەکوو بەکارهێنانی زمانیان و پاراستنی کلتوریان، تورکیای نوێ لە ژێر دەسەڵاتداریەتی ئەتاتورکدا بە توندی وەڵامی ئەم خواستانەی کوردەکان ئەدەنەوە لە ڕێگەی توندوتیژی، کوشتن و لەناوبردنیان. یەکێک لە بەناوبانگترین ووتار و تێڕوانینی ئەتاتورک بۆ تورکیایی نوێ خۆی دەبینێتەوە لە ڕستەیەکدا:
"دڵخۆشه ئهو کهسهی که دهڵێت من تورکم"
لە تورکیای نوێدا، گەر تۆ کورد بیت، یان هەر نەتەوەیەکی تر بیت و تورک نەبیت، دەبێت چاوەڕوانی بەدبەختی خۆت بکەیت. لە ژێر ئەم ڕستەیەدا، ئەتاتورک دەست دەکات بە جێبەجێکرنی پیلانی بە تورککردن، هەموو نەتەوەکانی ناو سنوری تورکیا یان دەبێت بە زۆر بکرێن بە تورک، یان دەبوایە چاوەڕوانی بەدبەختی و نەهامەتی خۆیان بکەن.

ئەم ڕستەیەی ئەتاتورک: "دڵخۆشه ئهو کهسهی که دەڵێت من تورکم"، لە ساڵانی داهاتوودا چەندان جار گیونەی لە ساتێکدا لە پێشینەی چیرۆک و ڕووداوی فیلمەکانیدا نمایشی دەکات، هەمیشە وەکوو ڕەنگدانەوەیەکی ڕەمزی و سیمبۆل بۆ ئازاری کارەکتەرەکانی کە لە ژێر ئەم سیاسەتە نوێیەی ئەتاتورکدا چەندان نەهامەتیان بەسەردا دەبێت. بە تایبەتی ئەم ڕستەیە لە فیلمی “دیوار” دووبارە دەبێتەوە: سەر دیوارەکانی زیندانێک بەم ووتەیەی ئەتاتورک ڕازاونەتەوە. لە کاتێکدا هیچ یەکێک نە لە زیندانیەکان، نە لە پاسەوانان دڵ خۆش نین، بە گەورەی لەسەر دیوارەکان باسی دڵخۆشییان دەکرێت بە بوونیان وەکوو تورکێک.
لە ساڵی ١٩٣٠ بە دواوە، ئەتاتورک ناو دەنرێت "سەرکردەی هەمیشەیی". وێنەکانی ئەتاتورک لە هەموو شوێنێکدا هەڵدەواسرێن، ووتەکانی لە هەموو تورکیادا بڵاو دەکرێنەوە و وەکوو یاسایەک پەیڕەو دەکرێن. ئەو پارتە سیاسیەی کە ئەتاتورک دروستی دەکات، پارتی کۆماری، بۆ چەندان ساڵ دەبێتە تەنها پارتی سیاسی لە تورکیادا. سەرۆکی ئەم پارتە خودی ئەتاتورک دەبێت، هەر خۆشی سەرۆکی تورکیا و دەسەڵاتداری یەکەمی ووڵاتەکە دەبێت.
ئەتاتورک دەیەوێت هەموو نەتەوەکانی ناو سنوری تورکیا بکات بە تورک، یان نزیکیان بکاتەوە لە تورک، چونکە بە بڕوای ئەو، تەنها ئەو کاتە ئەم نەتەوانە فێری شارستانیەت دەبن. پیلانی دەبێت کە هەموو کوردەکان فێری تورکی بکات، هەموویان لە ساتێکدا ببن بە سەربازی سوپای تورکیا، سوێند بخۆن بە ناوی خۆی و وەفادار بن بۆ تورکیا، لە ژێر ناو و وێنەی خۆیدا دەبوایە سوێندەکانیان بخۆن. لە قوتابخانەدا دەبێت منداڵەکانیان تەنها بە زمانی تورکی بخوێنن، بە تورکی بنووسن، بە تورکی بدوێن و بە تورکیش بیربکەنەوە. دەبێت ئەم نەتەوانە، بە تایبەتی کوردەکان، لە ڕووی سیاسی، کلتوری و کۆمەڵگەییەوە بکرێن بە تورک. بۆ ئەوەی ئەم سیاسەتە سەر بکەوێت، دەبێت هەموو شتێک کە کوردبونێکی تێدایە لە لەناو ببرێت.
زمانی کوردی، میوزیکی کوردی، گۆرانی کوردی، پۆشاکی کوردی، ناوی کوردی، تەنانەت ووشەی کوردیش دەبێت بەکار نەیەت. شتێک بوونی نابێت بە ناوی کوردستان، پیت و ڕێزمانی کوردی نابێت بوونی هەبێت. ناوی شار، شارۆچکە، گوند، تەنانەت ڕووبار و دەشت و شاخەکانی باکوری کوردستان هەموویان دەگۆڕدرێن، شاری "ئامەد" دەبێت بە "دیاربەکر"، دەریاچەی "وان" دەبێت بە "ڤان"، ناوچەکانی "دەرسیم" دەبن بە "تونجەلی". بە بڕوای ئەتاتورک، تەنها تورک مافی دەبێت ئەم خاکە بە ووڵات و خاکی خۆی بزانێت.
لە دوای مردنی ئەتاتورک، ئەم سیاسەتە هەر پەیڕەو دەکرێت، بۆ نموونە جێگرەوەی ئەتاتورک، ئیسمیت ئنۆنۆ، زیاتر لە ئەتاتورک دژی نەتەوەکانی تری ناو تورکیا، بە تایبەتی دژی کوردەکان دەبێت، ئنۆنۆ دەڵێت؛
"تەنها نەتەوەی تورک مافی هەیە کە ڕەگەز و نەتەوەیی خۆی هەبێت لەم ووڵاتەدا. هیچ گروپێکی تر ئەم مافەی نیە"
بە ڕەسمی لە ساڵی ١٩٢٣ زمانی کوردەی قەدەغە دەکرێت. لە ساڵی ١٩٣٨ بە ڕەسمی ناوی کوردەکان دەگۆڕدرێت بۆ "تورکی شاخی". لە هەمان ساڵدا زیاتر لە ٢٠ هەزاری ناوی کوردی ناوچە جیاوازەکانی باکوری کوردستان دەگۆڕدرێن. کوردبوون قەدەغە دەکرێت و تەنانەت وەکوو تاوانێک سەیر دەکرێت گەر منداڵەکان ناوی کوردیان لێ بنرایە. ڕێگە نادرێت ناوی منداڵەکان بە ووشەی "ئۆ" کۆتای بێت، ووشەیەک کە لە زمانی کوردی کرمانجیدا زۆر دووبارە دەبێتەوە. هەر منداڵێکی کوردی ناوێکی کوردی لێ بنرێت، ناسنامەی پێ نادرێت تاوەکوو ناوەکەی نەگۆردرێت.
لە ساڵانی دواتردا تەنانەت کوردێک ئەگەر لە دەرەوەی تورکیادا لە دایک بوایە و ناوێکی کوردی هەبووایە، لە کونسوڵخانەکانی دەوڵەتی تورکیادا لەم ووڵاتانەدا پاسەپۆرتی پێ نادرێت. کوردەکان نەک ناچار دەکرێت کە ناوی تورکی وەربگرن، بەڵکوو ناچار دەکرێن کە ناوێک هەڵبژێرن کە دەبێت بیسەلمێنن کە تورکن، ناوێکی وەکوو "ئۆزتورک" کە بە مانای "تورکی پاک" دێت، ئەم ناوە دەبێتە نازناوی هەزاران کورد. باکوری کوردستان پێناسە دەکرێت وەکوو "ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا"، یان "ڕۆژهەڵاتی باشووری تورکیا". بەکارهێنانی ووشەی کوردستان سزای زیندانی بە دواوە دەبێت و وەکوو تاوانێک سەیر دەکرێت.
بە سڕینەوەی ناو و ناسنامەی کوردەکان، ئەتاتورک خواستی دەبێت کە لە گەڵیدا، مێژوویان، ناسنامە، نەتەوە، بیرەوەری و کلتوری ملیۆنان کوردی باکوری کوردستان بسڕێتەوە.
لە بەرامبەر ئەم سیاسەتی ئەتاتورک و دەسەڵاتدارانی نوێی تورکیادا، کوردەکان هەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەی تورکیادا دەست دەکەن بە شۆڕشی چەکداری. هەر یەکێک لەم شۆڕشانەیان بە توندی سەرکوت دەکرێن، هەزاران کورد لەناو دەبرێن و ملیۆنانیان ئاوارە دەبن.
لە دوای چەندان شۆڕش و شکست، لە ساڵانی نێوان ١٩٢٩ بۆ ١٩٣٠، بۆ جارێکی تر کوردەکان دەست دەکەنەوە بە شۆڕش، ئەمجارە شۆڕشی ئاگری بە سەرکردایەتی ئیحسان نوری پادشا، کۆنە ئەفسەرێکی سوپای عوسمانی و ئەندامانی هۆزی جیبران، هەمان هۆزی دایکی گیونەی. شۆڕشەکە لە ناوچە شاخاویەکانی ئاگری و سنوورەکانی نێوان کوردستانی ڕۆژهەڵات و باکوردا هەڵدەگیرسێت، بەڵام وەکوو شۆڕشەکانی پێشتر، سەرکوت دەکرێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی ئەتاتورک لەگەڵ ڕەزا شای ئێراندا واژۆی ڕێکەوتنمایەکە دەکەن، سوپای ئێران و تورکیا بەیەکەوە شۆڕشەکە سەرکوت دەکەن. لە دوای شکستی شۆڕشەکە، بۆ جارێکی تر دەسەڵاتدارانی تورکی دەست دەکەن بە کۆمەڵکووژی و ڕاگوازستنی کوردەکان، نزیکەی دە هەزار کورد، بە تایبەتی لە هۆزی جیبران لەناو دەبرێن، ئەوانی تر لە ژێر سیاسەتی ڕاگوازستندا سزا ئەدرێن، ئەندامانی هۆزی جیبران پەرتەوازە دەکرێت، لە ناویاندا دایکی گیونەی کە ئاوارە دەبێت بۆ ناوچە کەنار دەریای وان و پاشان ئەدەنە.
لە دوای سەرکوتکردنی شۆڕشی ئاگری، وەزیری دادی تورکیا، مەحمود عیزەت بۆزهورست لە ووتارێکیدا دەڵێت؛
"بڕوام وایە کە تورک دەبێت تەنها دەسەڵاتدار بێت لەم ووڵاتەدا، تەنها بەڕێوەبەری ئەم ووڵاتە بن. ئەوانەی کە ڕەگەزی پاکی تورکیان نیە تەنها یەک مافیان هەیە لەم ووڵاتەدا، کە خزمەتکار و کۆیلە بن"
وەزیری دەرەوەی تورکیا، تۆفیق ڕوشدی بۆ ڕۆژنامەوانی بیانی شی دەکاتەوە، کە کوردەکان هیچ کلتورێکیان نیە و دەبێت تەمێ بکرێن، گەرچی خواستی نابێت و نایەوێت لە لێدوانەکەیدا ناوی کوردیش بهێنێت:
"لە بارەی دۆسیەکەی ئەوانەوە (کوردەکان)، کلتوریان ئەوەندە نزمە، هزریان ئەوەندە دوا کەوتووە، ناتوانن هیچ کاتێک ببن بە بەشێک لە سیاسەت لە تورکیادا. لەناو دەچن و دەمرن، لە ڕووی ئابووریەوە، ئەوان نەگونجاون بۆ ڕکابەری لە ژیاندا لەگەڵ کلتور و پێشکەوتتی تورکەکاندا. زۆربەیان دەتوانن کۆچ بکەن بۆ عێراق و ئێران، ئەوانیر دەبێت لەناو بچن لە ژێر یاسای گەردوونی لە ناوچوونی نەگونجاوەکاندا"
ئەم خواستەی دەسەڵاتدارانی تورک بۆ ئەوەی کوردەکان لە باکوری کوردستان کۆچ بکەن و دیمۆگرافی باکوری کوردستان بگۆڕدرێت لە ساڵانی سەرەتای بیستەکان بەدواوە پەیڕە و دەکرێت. هەزار کورد بە زۆر ئاوارەی ناوچەکانی تری ڕۆژئاوای تورکیا دەکرێن بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگە و کلتوری تورکیدا بتوێنەوە، پەرتەوازەبن و نەتوانن هێزێکی یەکگرتوویان هەبێت. هەزاران تورکی ناوچەکانی پێشتری دەسەڵاتداریەتی عوسمانیەکان لە ووڵاتانی یۆنان، بولگاریا و ناوچەکانی تری بەلکان لە باکوری کوردستان و شوێنی ئەم کوردانە نیشتەجێ دەکرێن، ۆ ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی تورک زیاد بکرێن لەم ناوچانەدا.
لە بەر ئەوەی کە باکوری کوردستان هەم پێگەیەکی گرنگی جیۆگرافی دەبێت بە بەستنەوەی تورکیا بە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ناوچەیەکی بەپیتی کشتوکاڵی دەبێت، وە هەم گرنگترین سەرچاوە ئاویەکانی تورکیای تێدا دەبێت، بە تایبەتی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، هەر بۆیە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ناوچانە دەکرێت لە ڕێگەی گۆڕانکاری دیمۆگرافی. لە نێوان ساڵانی ١٩٢٥ بۆ ١٩٣٨ ، نزیکەی نیو ملیۆن کورد یان لە ناو دەبرێن، یان ناچار دەکرێن کۆچ بکەن بۆ ناوچەیەکی تری تورکیا لە ڕۆژئاوا، لە جێگەی ئەواندا و لە خاکە بەپیتەکانیاندا، دانیشتوانێکی تورک نیشتەجێ دەکرێن.
بەڵام لەبەر ئەوەی کە ڕێژەی لە دایکبوون لە ناو کوردەکان، بە تایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکاندا زۆرتر دەبێت لە ڕێژەی لە دایک بوونی تورک، کوردەکان دەتوانن لە زۆر ناوچەدا پێگەی خۆیان و ژمارەی زۆرینەیان بپارێزێن. هەروەها لەبەر ئەوەی ئەم گوندنشینانە بەشێکیان نەخوێندەوار دەبن، یان قوتابخانە لە گوندەکانیاندا نابێت، یان منداڵەکانیان نانێرن بۆ قوتابخانە، هەر بۆیە دەتوانن زمان و کلتوری کوردی خۆیان لە ناو چوون بپارێزێن.
گەورەترین شۆڕشی کوردان لە باکوری کوردستان لە نێوان ساڵانی ١٩٣٦ بۆ ١٩٣٨ لە ناوچەکانی دەرسیمدا هەڵدەگیرسێت، لە هەمان ئەو ساڵانەدا کە گیونەی لە دایک دەبێت. هۆکاری سەرهەڵدانی شۆڕشی دەرسیم دەگەڕێتەوە بۆ یاسای ساڵی ١٩٣٤ کە لە پەرلەمانی تورکیا دەردەکرێت، یاسای بە تورککردن، هەرسکردن و قوتاندنی کورد و نەتەوەکانی تر بە تورک، بە تایبەتی یاسای ڕاگواستن.
لە ژێر ئەم یاسایەدا، دەسەڵاتدارانی تورک دەست دەکەن بە پرۆسەی لەنابردنی کلتورەکانی تر، بە تایبەتی کوردەکان. لە سێ پیلاندا ئەم یاسایە جێبەجێ دەکرێت: ئەو شوێنانەی کە زۆرینەی کورد دەبن، دەبێت کوردەکانی لێ کەم بکرێتەوە و تورک بخرێتە جێگەیان، دەبێت دانیشتوانی ئەم شوێنانە فێری زمانی تورکی بکرێن، زمان و کلتوری خۆیان قەدەغە بکرێت. دەبێت ئەم ناوچە کوردنشینانە بکرێن بە ناوچەیەکی سەربازی و لە ڕووی ئابووری و سیاسی و کلتوریەوە کەمترین خزمەتگوزاریان بۆ بکرێت، دەبێت چەندان پێگەی گەورەی سەربازی سوپای تورکیا لەم ناوچانەدا دروست بکرێت و لە ژێر چاودێری وورد و بەردەوامی سوپادا بن.
لە ژێر ئەم یاسایەدا، دەسەڵاتدارانی تورک دەست دەکەن بە پاکتاوی ڕەگەزی کورد و عەلەویەکانی ناوچەکانی دەرسیم. هەر بۆیە کوردەکان و عەلەویەکان دەست دەکەن بە هەڵگیرساندنی شۆڕش بە سەرکردایەتی سەید ڕەزا. ئەمجارە تورکەکان بە سەرکردایەتی ئەتاتورک خۆی، زیاتر لە جاران، بە توندوتیژترین شێوە دەست دەکەن بە لەناوبردنی کوردەکان و عەلەویەکان، زیاتر لە پەنجا هەزار سەرباز، بە فڕۆکە، تانک و چەکی مۆدێرنەوە ناوچەکانی دەرسیم بۆمباران دەکەن، چەکی کیمیاوی بەکار دێت، بەشێکی شاری دەرسیم خاپور دەکرێت و دانیشتوانەکانی بۆ ناوچە گوندنشین و شاخەویەکان هەڵدێن.
کوردەکان لە شاخەکاندا دەست دەکەن بە جەنگێکی گەریلایی، ئەتاتورک یەکێک لە توندوتیژترین و نەتەوەپەرسترین سەرکردەکانی سوپا دەنێرێت بۆ کۆتایهێنان بە شۆڕشەکە، ئاڵپ دۆگان و ئازادییەکی تایبەتی پێ ئەدات کە ئەم شۆڕشە سەرکوت بکات. دۆگان بە خواستی خۆی هەموو یاساکانی جەنگ دەشکێنێت و دەست دەکات بە کۆمەڵکووژی، لە تەنها ڕۆژێکدا لە ئەشکەوتەکانی کوتوزیکداغدا لە دۆڵی لیکۆسر، ئەو کورد و عەلەویانەی کە لە ترسی بۆردوومانەکان لە ئەشکەوتەکەدا خۆیان حەشار ئەدەن، دوای ئەوەی هەتک و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ئافرەتەکان دەکرێت، هەموویان دەخرێنەوە ناو ئەشکەوتەکە، بە بۆمب و داینەمایت ئەشکەوتەکەیان بەسەردا خاپور دەکرێت.
ئافرەتانی کورد و عەلەوی لە ترسی هەتکردن و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەریان، لە جیاتی ئەوەی خۆیان بدەن بە دەستەوە، بە لێشاو لە شاخەکانەوە خۆیان هەڵ ئەدەنە ناو ڕووباری مونزورەوە. لە ئێستاشدا دانیشتوانی دەرسیم ساڵانە گوڵ دەبەن بۆ سەر ڕوباری مونزور، شوێنێک کە جێگەی گۆڕی هەزاران ئافرەتانی کورد و عەلەوییە. لە چیرۆک و لاوانەوەکانیاندا، باسی ئەم ڕووداوە تراجیدیانە دەکەن، کە گوایە بۆ دە ڕۆژ ڕوباری مونزور ڕەنگی سور بووە لە بەر خوێنی ئافرەتان. منداڵانی ئەم ئافرەتانە، بە تایبەتی کیژە بچکۆلەکانیان و منداڵانی ئەو خێزانەی کە کۆمەڵکووژ دەکرێن، لە لایەن سوپا و سەربازانەوە دەڕفێندرێن بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ئەدرێن بە خێزانی تورک بۆ ئەوەی بەخێو بکرێن، ناسنامەی کوردبوونی ئەم منداڵانە بۆ هەمیشەیی دەسردڕێتەوە و دەکرێن بە تورک.
دوای دوو ساڵ لە شۆڕش و سەرکوتکرنی شۆڕشەکە، لە پێنجی ئەیلوولی ١٩٣٧، سەید ڕەزا و دوو کوڕی، لەگەڵ چەندان ڕێبەرانی تری شۆڕشەکە، لە سێدارە ئەدرێن. بەڵام کوردەکان هەر بەردەوام دەبن لە شۆڕش، تا وەکوو لە تشرینی یەکەمی ١٩٣٨ دا چەک و تەقەمەنیان پێ نامێنێت، ئەو کات یەک لە دوای یەک شۆڕشگێڕەکان گولەباران دەکرێن.
لەم دوو ساڵەدا زیاتر لە چل هەزار کوردی دەرسیم لەناو دەبرێن، هەزاران گوند خاپوری زەوی دەکرێن، سەدان هەزاران کوردی تر بە زۆر لە ناوچەکانیان دوور دەخرێنەوە و ئاوارە دەبن بۆ شارە گەورەکانی تورکیا.
لە هەوڵێکی تری ئەتاتورکدا بۆ هەرسکردن و سڕینەوەی ناسنامەی کوردەکان. سیاسەتێکی توندتر پەیڕە دەکرێت، زیاتر لە ڕابردوو هەموو جۆرە لێدوانێک بە زمانی کوردی، نمایشکردنێکی پۆشاکی کوردی، خوێندن، نووسین، تەنانەت میوزیک و گۆرانی کوردیش قەدەغە دەکرێن، ئەو کەسانەی کە نمایشی بوونێکی کوردی خۆیان دەکەن، دەخرێنە زیندانەوە.
بە ڕادەیەک ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەکرێت، کە کوردەکان ناتوانن لە شارەکاندا، وە یان لەو شوێنانەی کە تورکی تێدا دەبێت، لە دەزگاکانی دەوڵەتدا، بە زمانی کوردی بدوێن، تەنانەت دەترسن لە ناو خۆشیاندا بە کوردی بدوێن لە دەرەوەی ماڵەوەیان. هەندێک خانەوادە بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بتوانن داهاتوویەک بۆ خۆیان دابین بکەن، ناچار دەبن کە تەنانەت لە ماڵیشەوە بە زمانی تورکی لەگەڵیاندا بدوێن، نەوەیەک لە کورد گەشە دەکات کە زمانی کوردی خۆشیان نازانن.

هەر وەکوو چەندان نەتەوە و کەمایەتی تری ناو تورکیا، کلتور و زمانی کوردەکان لە ژێر هەڕەشەی لەناوچوون و سڕینەوەدا دەبێت لە ژێر سیاسەتی هەرسکردن و بە تورککرندا. شۆڕشی دەرسیم، دەبێتە دوا شۆڕشی هۆزێک و ناوچەیەکی دیاریکراو باکوری کوردستان، بۆ ئەوەی شۆڕشێکی تر دووبارە نەبێتەوە، دەسەڵاتداران و سوپای تورکی لە باکوری کوردستاندا سەدان بنکەی سەربازی و کامپی تایبەتی دروست دەکەن. سوپایەکی تایبەتی لە ژێر ناوی "لیوای شاخەکان" دروست دەکرێت، کەسانێک بەکرێ دەگیردرێت بۆ بۆ پاسەوانیکردن و کارکردن بۆ سوپا. هەروەها بۆ سەرکوتکردنی هەموو جۆرە هەستێکی کوردایەتی و شۆڕشگێڕی، گروپانی چەتەی تایبەت بە سوپا دروست دەکرێن بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی دەوڵەت. لە ساڵانی داهاتوودا ناوی ئەم چەتانە دەنرێن بە "پاسەوانی گوند"، ناوی دەرسیم دەگۆڕدرێت بۆ تونجەلی و بۆ دەیان ساڵ بەکارهێنانی ناوی دەرسیم قەدەغە دەکرێت.
دانیشتوانی دەرسیم یان لەناو دەبرێن، یان بە گشتی ئاوارە دەبن. بۆ دەیان ساڵ ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی تورکیا پەیڕە دەکرێت، ڕێگە نادرێت بە گەڕانەوەی کوردەکان بۆ خاکی خۆیان لە دەرسیم، هەمیشە سوپایەکی گەورەی تورک لەم ناوچانەدا دەبن، تەنانەت لە ساڵی ١٩٨٨، کاتێک کە دانیشتوانی شاری دەرسیم نزیکەی بیست هەزار کەس دەبن، زیاتر لە دوو هەزار سەربازی تورک و سێ سەد کۆماندۆ لە شارەکە و ناوچەکانی دەوریدا نیشتەجێ دەبن، بۆ دەیان ساڵ دەرسیم دەبێتە گەورەترین زیندانی کراوە لە جیهاندا.
لە ساڵانی داهاتوودا گیونەی سیمولانە نمایشێکی ئەم کۆمەڵکووژیەی دەرسیم دەکات لە فیلمی “گورگە برسیەکان”؛ لە فیلمەکەدا گیونەی ڕۆڵی چەتەیەک دەبینێت بە ناوی سەرچێ، لە شاخەکانی باکوری کوردستاندا چەکی هەڵگرتووە و بەرامبەر بە سەربازانی جەندرمەی تورک و چەتە بەکرێگیراوەکانیان دەجەنگێت. سەرچێ کۆنە مامۆستایەکە کە ناچار بووە چەک هەڵبگرێت، چونکە هاوسەرەکەی لە ئەشکەوتەکاندا هەتک کراوە. دوای ئەم هەتکردنە، هاوسەرەکەی لەبەر هەستکردن بە شورەیی شەرمەزاری لە شاخەکانەوە خۆی فڕێ داوەتە ناو ڕووبارەکانەوە و خۆی کوشتووە. بۆ تۆڵەندنەوەی ئەم هاوسەرەی، سەرچێ واز لە مامۆستایەتی دەهێنێت، چەک هەڵدەگرێت، دەڕواتە شاخ و دژی جەندرمە و چەتە بەکرێگیراوەکان دەجەنگێت.
گەرچی لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا مێژووی ئەم شۆڕشانەی کورد، کۆمەڵکوژی کوردەکان و نەتەوەکانی تری وەکوو ئەرمەن لە لایەن مێژوونووسانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا وەکوو جەنگێکی سەرکەوتن و سەربەخۆیی دەوڵەتی تورکیا پێناسە دەکرێن و لە قوتابخانەدا و لە وانەی مێژوودا فێری گیونەی منداڵ دەکرێت کە ئەمانە ساتی گرنگی سەرکەوتنی دەوڵەتی تورکیا بوون. بەڵام لە ساڵانی داهاتوودا و لەگەڵ ڕۆشتنی کاتدا، گیونەی ئاشنای مێژووی ڕاستەقینەی تورکیا دەبێت و تێڕوانینێکی جیاوازی دەبێت بۆ مێژوو.
تێڕوانینی گیونەی بۆ ئەم مێژووە توندوتیژە هەم لە فیلمەکانیدا ڕەنگ ئەداتەوە، وە هەم لە نووسینە تیۆری و سیاسیەکانیدا، بە تایبەتی لە ساڵانی هەشتاکاندا کاتێک کە گیونەی ئاوارە دەبێت و لە ئەوروپادا نیشتەجێ دەبێت.
لە بارەی مێژووی کورد، تورک و ئەرمەنەکان لە چوارچێوەی سنوری تورکیادا، گیونەی دەڵێت؛
"لە قوتابخانەدا، وەکوو منداڵەکانی تر فێری مێژووی عوسمانیەکان دەکراین، مێژووی داگیرکاری و جەنگیان. من هیچ خۆشەویستیەکم بۆ ئەم مێژووە نەبوو، چونکە ئاشنای نەهامەتی و چەوساندنەوەکانی ئەم مێژووە بووم. ئەو کەسانەی کە بڕوایان بە دادپەروەری هەیە ناتوانن بۆ هەمیشەیی بێدەنگ بن بەرامبەر بە ڕابردووی مێژووی تورکیا.
بەبێ گومان، دەڕوانمە ڕاستی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان کە لە ژێر پیلانێکی ڕەگەزپەرستی نەتەوەیدا ئەنجام دراوە، سەرکردە تورکەکان خواستیان بوو کە ئیمپراتۆریەتی توران دروست بکەن لە تورکیاوە بۆ ناوەڕاستی ئاسیا، بەڵام لەبەر ئەوەی کە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای تورکیا کە زۆربەی دانیشتوانەکانی تورک بوون لەگەڵ ناوچەکانی قەوقاز و ناوەڕاستی ئاسیادا، دوو نەتەوەی تر لە نێوانیاندا هەیە، کورد و ئەرمەنەکان. بۆ ئەوەی ئەم "بەربەستانە" نەمێن، بۆ بەدیهێنانی خەونی ئیمپراتۆریەتی توران، دەسەڵاتدارانی تورک بڕیار ئەدەن کە ئەم دوو نەتەوەیە لە ناو بەرن. لە ساڵی ١٩١٥ و دواتر، ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەکەن لە ڕێگەی کۆمەڵکووژی و بە زۆر ڕاگوازستن، ئەم سیاسەتە هۆکارێک دەبێت بۆ لەناوچوونی ئەرمەنەکان لە تورکیادا لە ساڵانی جەنگی جیهانی یەکەم.
هەر لە ژێر هەمان ئەم سیاسەتەدا، زیاتر لە ٧٠٠ هەزار کورد ئاوارە دەکرێن بۆ ناوچەکانی ناوەڕاستی ئەناتۆلیا. ئەگەر ئەو کاتە ئەم تاوانە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمەڵەی نەتەوەکانەوە بە تاوانی دژە مرۆڤایەتی بە جیهان بناسرانایە و سزای تورکیا بدرایە لە ساڵانی بیستەکاندا، ئەگەری دەبوو کە سەرکردەکان هەمان ئەو کردارانەی کە بەرامبەر بە ئەرمەنەکان ئەنجامیان دابوو، هەمان شتیان بەرامبەر بە کوردەکان ئەنجام نەدایە. کوردەکان کۆمەڵکووژ و ئاوارە نەدەکران لە نێوان ساڵانی ١٩٢٥ بۆ ١٩٤٠. زیاتر لە یەک لەسەر سێی کوردەکان لە ژێر ئەم سیاسەتدا سەرکوت کراون.
ئەگەر ووڵاتێکی دیمۆکراسی تورکیا خۆی پێناسە بکردایە بە ئەنجامدەرێکی ئەم کۆمەڵکووژیانە، ئەو کات ڕەنگە دادپەروەرییەک بۆ ئەرمەنەکان و کوردەکان بگەڕێندرایەتەوە. بەڵام بە داخەوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا کە هاوڵاتیەکانی خۆیان دەچەوسێننەوە، لە ڕێگەی توندوتیژی و تیرۆرەوە دەسەڵاتەکانیان جێبەجێ دەکەن، ناتوانن ئەم جۆرە کردارە ئەنجام بدەن.
ئەم دەوڵەتە تەنانەت ئامادە نیە، پێچەوانە و دژی هەموو بەڵگە مێژوویەکان، دان نانێت بە بوونی ملیۆنان کورد لە ووڵاتی تورکیادا کە زیاتر یەک لەسەر چواری دانیشتوانی ووڵاتەکەن. هەر کاتێک کە کوردەکان داوای مافێکی خۆیان دەکەن، دەسەڵاتدران لە ئەنکەرە هەڕەشەیان لێ دەکەن کە چارەنووسی ئەوان بەهەمان شێوەی چارەنووسی ئەرمەنەکان دەبێت"
تێبینی: شیکاری ورد و پوخت کراوە بۆ ژیان و گشت فیلمەکانی یەڵماز گیونەی لە زنجیرە پەرتووکی “سەد ساڵ سینەما، سەد دەرهێنەر”