دەربارەی نواندنەوەی مێژوویی لە فیلمی نازیدا
لاساییکردنەوە و نواندنەوە
كۆماری ڤایمار (1919-1933) لە شكستی ئەڵمانیا لە
جەنگی یەكەمی جیهان و شۆڕشی نۆڤەمبەری كرێكارانی ئەڵمانیاوە سەریهەڵدا. دەكرێت
كۆماری ڤایمار، دوای هەرەسی ئیمپراتۆریەتە گەورەکانی ڕابردوو، بە یەكەم دیموكراسیی
ڕێژەیی و نیوەناچڵی ئەوروپای خۆرئاوا لەقەڵەم بدرێت. لەو قۆناغەدا، سەرەڕای
كێشەكانی، دژایەتیكردنی سیاسەتمەداران و دەوڵەمەتدارانی ئەو قۆناغە بەرانبەر بە
كولتووری ڕادیكاڵ و پێشكەوتووخواز، بەڵام دەرفەتێك بوو بۆ سەرهەڵدانی چەندین
بزووتنەوەى هونەریی، فیكریی، ئەدەبیی، كولتووریی و سیاسیی. بۆ ماوەیەكی كەم،
سەقامگیریی سیاسیی و ئابوورییشی بەخۆیەوە بینی. ئەگەرچی هەر كۆماری ڤایمار و
دیموكراسییە ڕێژەییەكەى، پاشان، ڕەوایەتیی بە هیتلەر و عاقیبەتی جەنگی دووەمی
جیهان دەدات. بێ باكیی كۆمارەكە و سەرانی ئەو كۆمارە بەرانبەر بە هەڵكشانی بیری
ڕاستڕەویی، دژەجولەكایەتیی، ناسیۆنالیزم و هەروەها دوژمنایەتیی سۆسیال
دیموكراتەكان هاوشانی كۆنزەرڤاتیڤەكان، بەرانبەر بە كۆمۆنیستەكان، شەقامەكەى
هەموار و سافتر كردبوو بۆ هاتنەسەركاری هیتلەر و داگیركردنی دەسەڵات (Machtergreifung)[1]. ئێمە
لە ڕاستیدا لەم توێژینەوە بچووکەدا ناتوانین باس لە وردەکاریی سیاسیی، مێژوویی،
کولتووریی و ئابووریی کۆماری ڤایمار بکەین، چونکە بۆ ئەم مەبەستە پێویستمان بە
لێکۆڵینەوە و کتێبی سەربەخۆ هەیە، بەڵام بە کورتیی دەتوانین باسی سەرهەڵدانی
سینەمای ڤایمار و قەیرانە ئابووریی-سیاسییەکەی بکەین کە بەوجۆرەی زیگفرید کراکاوەر
پاشان وەک پاڵنەری سینەمای نازیزم وەسفی دەکات و ئەم بۆچوونەشی دەبێتە شوێنی
مشتومڕی گەورە و هەروەها سەرهەڵدانی فاشیزم لە ئەڵمانیا و هەوڵی لە گۆڕینی نواندنەوەی
مێژوویی و بردنی بەرەو جۆرێک لە ئێستاتیکا و جوانیناسیی سیاسیی. لەگەڵ هەموو
ئەمانەدا، کۆماری ڤایمار، بەهۆی گەشەسەندنی شارە مۆدێرن و میترۆپۆلەکانەوە، بووە
مەیدانی سەرهەڵدانی سینەمای نوێ.
باربارا مەنڵ، لە کتێبەکەیدا بەناوی شارەکان
و سینەما، کۆماری ڤایمار، و بەتایبەت شاری بەرلین وەک دەستپێکی سینەما
دەبینێت و ئەو ئەفسانەیە ڕەتدەکاتەوە کە دەڵێت سینەما بۆ یەكەمجار لە پاریس
سەریهەڵداوە، بەڵكو یەكەم سینەما لە ئەڵمانیا و لە بەرلین سەرهەڵدەدات و سینەماش
لە قۆناغی كۆماری ڤایماردا دەبێتە سینەمای ڤایمار. كەواتە ئەگەر بتوانین سێ قۆناغی
سینەما لەیەك جیابكەینەوە، دەتوانین بە ڕیزبەندیی بڵێین: 1) سینەمای ڤایمار، 2)
سینەمای نوار، 3) سینەمای هۆلیوود. مەنڵ دەڵێت: "ئەگەرچی ئەفسانەى
دامەزراندنی سینەما دەیەوێت گێڕانەوەیەك دروست بكات كە لەم گێڕانەوەیەدا پاریسی
سەرەتای سەدەى بیست دەكاتە سەنتەری سەرجەمی وەرچەرخانە بەردەوامەكان كە فیلم شوێنی
خۆی تێدا خۆشكردووە، بەڵام حەقیقەتەكە شتێكی دیكەیە: ئاڵوگۆڕە تەكنیكیی و
هونەرییەكان، سەرەڕای پاریس، لەنێوان شارەكانی دیكەشدا وەك لەندەن، بەرلین، مۆسكۆ
و نیویۆرك لە هاتن و چووندا بووە و هەموو ئەم شارانە لە سەرهەڵدانی سەرەتایی
فیلمدا بەشداریان هەبووە. لەم ڕووەوە، گەشە و پەرەسەندنی سینەما پەیوەندییەكی
نەپچڕاو و ناوەكیی بە گەشەى شارەكانەوە هەبووە و شارەكانیش بەنۆرەى خۆیان شایەتحاڵ
بوون لەسەر گەشەكردنی هۆڵەكانی سینەما، وەك شوێنەكانی خۆشگوزەرانیی و سەرگەرمیی.
[...] مادام سەرمایە بۆ بەرهەمهێنان بەگشتیی لە شارەكاندا دەبینرێتەوە، و بەو
هۆیەشەوە دانیشتوانی شار دەرامەتێكی بەرزتر و كاتی بەتاڵی زیاتریان هەبووە،
لەبەرئەوە هۆڵەكانی سینەما، بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر، لە شارەكاندا دەرفەتی
سەرهەڵدان و دروستبوونی دەبێت"[2].
بێگومان مەنڵ دەیەوێت ئەم دەربڕینانە لە پەیوەندیدا بە بەرلینەوە بخاتەڕوو.
ئەگەرچی ناچێتە ناو وردەكاریی گەشەكردنی لەناكاوی بەرلین بەرەو میترۆپۆلێكی
جیهانیی هەم لەڕووی كولتووریی و هەم لەڕووی پیشەسازیی خێرا و ئابوورییەوە، بەڵام
ئاماژە بەوە دەكات كە سەرجەمی فیلمە جیهانییەكانی سەرەتای سەدەى بیست، هەموویان
لەیەك دەیە و لە یەك شاردا سەریانهەڵدا: بەرلین[3].
سینەمای ڤایمار لە ١٩١٩ تا ١٩٣٣ بە زۆر قۆناغی
جۆراوجۆردا دەڕوات، بەرزی و نزمییەکی زۆر دەکات، ڕەنگە لێرەدا دانانی ناوونیشانی
"لە کالیگارییەوە بۆ هیتلەر" لەلایەن زیگفرید کراکاوەرەوە بۆ سینەمای
ڤایمار، لە نیگای یەکەمدا مشتومڕساز دەربکەوێت، چونکە لەو نیگایەدا، یەکەم فیلمی
کۆماری ڤایمار، کابینەکەی دکتۆر کالیگەریی (١٩٢٠) لە دەرهێنانی ڕۆبەرت ڤینە تا فیلمی سەرکەوتنی
ئیرادە (١٩٣٥)، لە دەرهێنانی سینەماکاری نازیی، لێنی ڕیفنشتال، وادەردەکەوێت
هێڵێکی نەپچڕاوی ڕاستەوخۆ لە ڤینەوە تا ڕیفنشتال هەبێت و ئەم هەڵە تێگەیشتنەش لە
ناوونیشانی ئینگلیزیی کتێبەکەی کراکاوەرەوە بە دونیادا بڵاوبووەتەوە "لە
کالیگارییەوە بۆ هیتلەر: مێژووی سایکۆلۆژیی فیلمی ئەڵمانیی" (From
Caligari to Hitler: A Psychological History of the German Film) کە یەکەم کتێبییەتی بە زمانی ئینگلیزیی
نووسیبێتی، دوای ڕاکردنی لە ئەڵمانیاوە بۆ ئەمریکا و ڕاسپاردنی لەلایەن زانکۆی
پریسنتۆن و مۆزەخانەی هونەرە هاوچەرخەکانی نیویۆرک بۆ پێشکەشکردنی لێکۆڵینەوەیەک
لە کۆمەڵگای ئەڵمانیی و ئەو پاڵنەرانەی وایانکرد ڕێگا بۆ سەرهەڵدانی هیتلەر
خۆشببێت. لە ناوونیشانی كتێبەكەدا بە زمانی ئینگلیزیی Form Caligari to Hitler، لێرەدا ئامرازی پەیوەندیی (to) (بۆ) بە مانای بە ئاراستەى یان گەیشتن بە... دێت، بەو مانایە
فیلمی كابینەكەى دكتۆر كالیگاریی بۆ ئەوە دەرهێنراوە ڕاستەوخۆ بە
ئاراستەى گەیشتن بە ڕایشی سێیەم (هیتلەر) بگات. بەڵام لە وەرگێڕانی كتێبەكەدا بۆ
زمانی ئەڵمانیی، ئەم ناڕوونییە بە ئاستێك چارەسەر كرا: “Von Caligari bis
Hitler” (From Caligari until Hitler)، لێرەدا ئامرازی پەیوەندیی (until) (هەتا یان تا) ئاماژە بە ڕوودانی شتێك لە كاتێكی زەمەنیی
دیاریكراودا دەكات[4].
کراکاوەر
فیلمەکەی ڕۆبەرت ڤینە، کابینەکەی دکتۆر کالیگاریی وەک ئەلیگۆریی،
تەمسیل و نواندنەوەیەک بۆ ئاراستە کۆمەڵایەتییە ئەڵمانییەکان دەبینێت و دەڵێت
فیلمەکە پەرە بە ئاراستە دەسەڵاتخوازییە تاکڕەوییە سەرکوتکارەکان دەدات کە لەناو
سیستەمی ئەڵمانییدا هەن و ئەم ئاراستانەش شتێکن لە واقیعدا لەسەردەمی هیتلەر و
ڕژێمی نازییدا، جەستەی ڕووتی خۆیان بێ ماسک پیشان دەدەن. کەواتە فیلمەکانی کۆماری
ڤایمار، پێشینەیەکن، کۆمەڵگا ئامادە دەکەن سەرهەڵدانی نازیزم لە ئامێز بگرێت،
چونکە توندوتیژیی واقیعیی نازییەکان، پێشتر لە سینەمای ڤایماردا بەباشیی
پیشاندراوە و ئەمەشە سایکۆلۆژیای تاکی ئەڵمانیی دیاریدەکات[5].
ئێمە لە ڕووی مێژووییەوە بەرزیی و نزمییەکانی کۆماری ڤایمار دەبینین، کە بە چەندین
قۆناغی هەڵاوسانی ئابووریی، ناسەقامگیریی سیاسیی (١٩١٩-١٩٢٣) و پاشان سەقامگیریی
یان ئەوەی بە سەردەمی زێڕین ناسراوە (١٩٢٤-١٩٢٩) و دواتر سەردەمی قەیران و
هەڵاوسانی گەورە (١٩٢٩) کە لە واڵ ستریتەوە دەستپێدەکات و ئابووریی ئەڵمانیا وێران
دەکات و تەنانەت یەک دۆلار حوکمی ئەڵمانیا دەکات. پارەی ئەڵمانیی وەها بێ بەها
دەبێت کە منداڵان لە کۆڵانەکاندا بە گوێنیی پارەکان یاری و خانووی کاغەزیی
دروستدەکەن. ئەم قەیرانە پاڵێکی گەورەتر بە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی و
نازییەوە دەنێت و تا لە ١٩٢٩ بۆ ١٩٣٣ چەندین کارەساتی گەورەی سیاسیی دروستدەبن و
دواجار هیتلەر لە ١٩٣٣دا دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێت، لەم نێوانەدا بەبێگومان
سینەمای ڤایمار هەڵبەز و دابەزی زۆر گەورەی کردووە و گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە.
دیارترین بزووتنەوەی هونەریی لەو قۆناغەدا، بزووتنەوەی ئۆبژێکتیڤیتەی نوێ (Neue
Sachlichkeit)، لە
بوارەکانی ئەدەبیات، هونەرە جوانەکان، فۆتۆگرافیی، سینەما و تەلارسازییدا
سەرهەڵدەدات و فیلمەکانی ئەم قۆناغە لەناو ئەو بزووتنەوەیەدا زیاتر تەركیزێكی نوێتری بۆ سەر ئۆبژێكتەكان دەکرد. بەڵام پێكهێنەرێكی دیكە بۆ
ئۆبژێكتیڤیتە هەبوو. ئاماژەى بە بەها-بێلایەنیی (نیۆترالیتی) دەكرد. لە لایەكەوە،
ئۆبژێكتیڤیتە، زاخلیشكایت، بابەتێتیی ڕووت، پێشنیاری
بیركردنەوەیەكی ڕاستەوخۆی واقیعی دەرەكیی دەكات، نواندنەوەیەكی فۆتۆگرافیی (photographic representation)؛ لە لایەكی دیكەوە، بەبێگومان، لەنێو بەرهەمێكی زۆری
هونەرمەنداندا، ئاراستەیەك، ڕەفتار و سلوكێكی ئۆبژێكتیڤ دەستنیشان دەكات كە
حەقیقەت دەربارەى واقیع ئاشكرا دەكات، ڕێچكەیەك بەرانبەر بە واقیع كە خەریكی
ئایدیالیزەكردن نابێت و بە بەڕەمزیكردنەكان، ئایدۆلۆژییەكان و نادروستییەكاندا
تێپەڕ دەبێت. ڕاڤەكاران بەگشتیی وەسفكارانی وەك "گاڵتەجاڕیی"، "سارد"
و "لابراو و جیاكراوە"یان داوەتە پاڵ كارەكانی ئۆبژێكتیڤیتەى نوێ.
ئەو كارانەى وەها دەبینران ڕەتكردنەوەیەكی هیومانیزم، ڕەتكردنەوەیەكی یاریكردنی
گەمەى هونەرەكان وەك یۆتۆپیا، نەرێكردنێكی هونەر وەك ڕاكردنخوازیی و گاڵتەجاڕییەكی
هەستپێكراو دەربارەى مرۆڤایەتیی فەراهەم بكەن، لانیكەم مرۆڤایەتی هەنوكەیی.
ڕیالیزمەكەى خۆی وەك دژی "ئایدیالیزم" زەق دەكاتەوە، لە مانای تەمەڵانە
بەدووكەوتنی ئایدیالەكان لەودیوی هەبوونیانەوە. هونەری ئۆبژێكتیڤیتەی نوێ بەشێوەیەكی
سارد، بۆ نموونە وەك دژە یۆتۆپیا خۆی پیشان دەدات بەو جۆرەى لە نووسراوەكانی ئەلفرێد
دوێبلن، هانس فالادا یاخود ئێریش كێستنەر (سێ ڕۆماننووس)دا دەردەكەوێت، لە
ستایلێكی ڕیپۆرتاژی ناهەستیار و ناسەنتیمێنتاڵ و بێهەست بە وردبینیی وردەكارییەكان
و ستایشكردنەوە بۆ "واقیع" (ڕاستیی). هونەر و ئەدەبیاتی ئۆبژێكتیڤیتەى
نوێ بەراورد دەكرا بە لێدوانی شایەتحاڵێكی دادگا. هەر لەبەرئەوەشە،
بەناوبانگترین ڕۆمانی کێستنەر، لە هاتوچۆی ناو دادگا دەچێت[6]. لە سینەمادا، فیلمی بەرەی خۆرئاوا ١٩١٨
(١٩٣٠) لە دەرهێنانی گیۆرگ ڤیلهێلم پابست، نموونەی ئەمجۆرە نواندنەوە سینەماییە و
بەفیلمکردنی واقیعی سارد، بەڵام بێلایەنانە و دادگاییائاسای کارەساتە
کۆمەڵایەتییەکانی کۆماری ڤایمارە. هەموو ئەو بیرمەندانەی بەدیاریکراوی ڕەخنەی
توندیان لەم ئاراستانەی کۆماری ڤایمار لە نواندنەوەی سینەماییدا دەگرت، لەوانە
زیگفرید کراکاوەر، بێلا بالاش، واڵتەر بنیامین، ئێرنست بلۆخ و هتد، هیچیان مەترسیی
خۆیان لەسەر ئامادەکاریی سینەما بۆ نازیزم نەشاردبووەوە.
واڵتەر
بنیامین لە نووسراوە بەناوبانگەکەیدا بەناوی "کاری هونەریی لەسەردەمی
بەرهەمهێنانەوەی تەکینکییدا (١٩٣٥) بە ئاماژەکردن بۆ سینەمای نازیی، باس
لەوە دەکات کە فاشیزم بەشێوەیەکی لۆژیکیی دەبێتە هۆی بەجوانیناسییکردنی سیاسەت.
واتا ئیشی سیاسەت ئەوە دەبێت بگۆڕێت بۆ بەرهەمهێنانی جوانیی و سەرگەرمیی و لەم
نێوانەدا سینەما دەبێتە ئامادەکارییەک بۆ وەرگەڕاندنی خواستە ڕاستەقینەکانی
جەماوەر، دەرکەوتنیان لەسەر سەکۆی شانۆ و پەردەی سینەما و بوون بە خاوەنی مافی
خۆدەربڕین، بەبێ ئەوەی مافی گۆڕینی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و خاوەندارێتییان
لە واقیعی کۆمەڵایەتییدا هەبێت. وەک بنیامین خۆی دەڵێت فاشیزم "شانسی
خۆدەربڕین بە جەماوەر دەدات، بەبێ ئەوەی مافی گۆڕینی خاوەندارێتییان پێبدات"[7].
لێرەدا بنیامین بە دیاریکراویی بیر لە ئامێری پروپاگەندەی نازیی دەکاتەوە، کە
سینەما پێکهێنەرە سەرەکییەکەیەتی. دەگوترێت سینەمای نازیی، جگە لە فیلمی سەرکەوتنی
ئیرادە، بەگشتیی مەیلی بەلای بەرهەمهێنانی سەرگەرمییدا بووە، واتا
بەرهەمهێنانی جوانیی، بەڵام ئەوەی بنیامین ناوی دەنێت "بەجوانیناسییکردنی
سیاسەت" (Ästhetisierung der
Politik) بە
قوڵیی لە ناو ئەوەی پێیدەگوترێت "سینەمای سەرگەرمیی"دا ئیشدەکات و لە
بنەڕەتدا "سیاسەتی سەرگەرمیی" (The Politics of
Entertainment)
دادەمەزرێنێت. کەواتە ئامانجی سینەمای نازیی، بریتیی نییە لە خۆشحاڵکردن و
سەرگەرمکردنی جەماوەر، بەڵکو لەڕێگای سیاسەتی سەرگەرمییەوە، گۆڕین و
ئاوەژووکردنەوەی تێما بنچینەییە مێژوویی، سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانە لە نواندنەوەی
سینەماییدا. لێرەوەیە فاشیزم لە بەشێکیدا دەبێتە بەرهەمێکی نمایش (Product of
Spectacle). وەکچۆن
کاڕڵ مارکس بەشێوەیەکی بەناوبانگ لە بەشی یەکەمی بەرگی یەکەمی کتێبی سەرمایە(١٨٦٧)دا
ئاماژەی پێدەکات: "سامانی ئەو کۆمەڵگایانەی تێیاندا مۆدێلی بەرهەمهێنانی
سەرمایەداریی باڵادەستە، خۆی وەک 'کەڵەکەکردنێکی زەبەلاحی کاڵاکان' نمایش
دەکات"[8]، بنیامین
ئەم تێزە وەردەگێڕێتە سەر نواندنەوەی کاڵایی لە سینەمای فاشیستییدا، هەموو شتێک
دەبێت بە کاڵایەک بۆ نواندنەوە، دامەزراندنی سیاسەتی سەرگەرمیی و پاشان بە ئامانجی
گۆڕینی ڕەوتی مێژوو بەو ئاراستەیەی فاشیزم خۆی دەیەوێت و بەمجۆرەش ئەو جادووە لە
دانیشتوان دەکات، کە وێنەی سینەماییان لێ ببێت بە وێنە ڕاستەقینە مێژووییەکە.
فاشیزم لۆژیکی نمایش دەباتە ناو هەرێمی سیاسەتەوە، ڕابەرە کاریزماییەکانی دەبنە
فیگەری نوێی مرۆیی، و ڕەمز و لۆگۆسە تازەکانی دەسەڵات بەئەبەدیی دەکرێن، بەوەدا
مێژوو لە دروستبوونییەوە بۆ ئەوە لێرەیە تا لە هیتلەردا بگاتە لوکە.
ژانری فیلمی چیا
"دەکرێت لە دوو لایەنەوە بیر لە مێژوو بکرێتەوە،
ئەویش بە دابەشکردنی بۆ نێو مێژووی سروشت و مێژووی مرۆڤایەتیی. بەڵام دابەشبوون
لەنێو ئەو دوو لایەنەدا نییە تا ئەو کاتەی مرۆڤ بوونیان هەبێت، مێژووی سروشتیی و
مێژووی مرۆیی یەکتر تەواو دەکەن".
- کاڕڵ مارکس، ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانیی[9]
ژانری
فیلمەکانی چیا (Bergfilme) ژانرێکی
فیلم و سینەما بوو لە کۆماری ڤایمار سەریهەڵدا و تێما سەرەکییەکانی دیمەنی چیاکان
و ڕوودانی جەنگی مرۆڤەکان دژی سروشت بوو کە لە چیاکان ڕوودەدەن. بە زمانی ئەمڕۆیی
دەتوانین بڵێین فیلمی سەرکێشیی ئەو پاڵەوانانەی لە چیاکان و دوای جەنگ و
ململانێیەکی زۆر دەگەڕێنەوە، چیتر هەمان کەسانی پێشوو نین، هەمیشە گەڕاوەی چیاکان
دەبنە خاوەن حیکمەت و دانایی و ڕۆشنگەریی. یەکەم ژانری فیلمی چیا لە ئەڵمانیا لە
١٩٢٤ بڵاودەبێتەوە، بەناوی چیای چارەنووس (Berg des
Schicksals) لە
دەرهێنانی ئارنۆلد فانک و پاشان فیلمی چیای موقەدەس (Der
heilige Berg)، هەمان
دەرهێنەر و ئەمجارە لێنی ڕیفنشتال ڕۆڵی سەرەکیی لە فیلمەکەدا دەبینێت.
پێكهاتەیەكی دیمەنە خەرمانەگرتووەكان (auratic landscapes)،
كەش و هەوا و ئەتمۆسفێرە لەڕادەبەدەر هەناسەبڕەكان، و هەست و هەڵچوونە تیژ و خێرا
و زۆرەكان، فیلمەكانی چیا ئەو پێكهێنەرانەى ژانرێكی فیلمی ڤایمارن، كە بەگشتیی وەك
پێشینەى نازیزم قسەیان لەسەر دەكرێت و باس دەكرێن. ئەم گێڕانەوانە، وەك ڕاڤەكاران
باسی دەكەن، شانازیی بە خۆبەدەستەوەدان بە چارەنووسێكی ڕەق و ئەو ڕەگەزانەیە كە
پێشبینیی سەرهەڵدانی فاشیزم وەك هێزێكی ناعەقڵانیی و جانەوەرئاسا دەكات. ئەم
بابەتانەش ڕۆڵێكی بنچینەیی لە شیكارییەكەى كراكاوەردا بۆ سینەمای ڤایمار دەگێڕن.
وەك ژانر، فیلمەكانی چیا وەك پێشینەى هاتن و
سەرهەڵدانی "گوڵچینێكی هەست و سۆزە پێش-نازییەكان" لەقەڵەم دەدرێت، واتا
ئەو فەنتازییا كۆنەپارێزییانەى خۆراك بە هاندان و قەناعەتە دژە-مۆدێرنەكان دەدەن.
كراكاوەر لە كتێبەكەیدا، لە كالیگارییەوە بۆ هیتلەر، بەمجۆرە باس لە
فیلمەكانی چیا دەكات:
"سپیایی سەرسوڕهێنەری بەفری ڕووبارەكانی دژ بە ئاسمانی تاریك، ڕۆڵێكی
سەنجڕاكێشی ئەو هەورانەى بەسەر كێوەكانەوە، چیایان درست دەكرد، ستالاكتیتەكانی
بەستوو كە لە سەقفەكانەوە تا خوارووی پەنجەرەى كوخە بچكۆلەكان بە بەستراویی
هەڵواسرابوون و فۆرم و شكڵە سەیرو سەمەرە بەستووەكانی ناوەوەى درزەكان كە بەهۆی
ڕووناكیی مەشخەڵەكانی گروپەكانی ڕزگارییەوە لە شەودا بە ڕەنگەكانی پەلكە زێڕینە
گیانیان دەكێشرا، لای هەموو بینەرانی ئەو فیلمانە، شتێكە لەبیرناكرێت و هەمیشە
بەبیریان دێتەوە"[10].
ڕێبازی ڕێوڕەسم و كولتئاسای ئەم فیلمە چیاییانە و
شاخەوانی ناو فیلمەكان یەكێك بوو لە ڕەهەندەكانی دژە-عەقڵانییەت، باوەڕ و ئیمانێك
بە خودایەك و سروشتێكی پڕ لە ڕاز و نهێنیی، جۆرێك سوكایەتییكردن و ئیهانەكردن بە
پێكهاتەكانی شارستانێتیی و دانیشتوانی شارە گەورەكان. کراکاوەر هەروەها دەڵێت:
"لێرە و لەوێی ئەڵمانیادا كۆمەڵە گروپی چكۆلەى لاوان هەن دەیانەوێت دژی هەموو
شتێك بووەستنەوە كە خۆیان پێیدەڵێن میكانیزەكردن و ئەم كارەش لەڕێگای پەرستنی
لەڕادەبەدەری سروشتەوە ئەنجام دەدەن، واتا بەهۆی شێوازێكی ترسی تایبەت لە شتێكی
نەبوو"[11].
بێگومان یەكێك لە ئەندامانی ئەو گروپە خوێندكارییانە یۆزێف گۆبڵز (Jpseph Goebbels)
بوو، كە پاشان دەبێتە وەزیری پەروەردە، پروپاگەندە و كولتووریی نازیی و
متانەپێكراوترین كەسی هیتلەر[12].
گێڕانەوەكانی فیلمەكانی چیا، لە ئاكت و
نواندنەكانی پاڵەوانپەرستیی(heroism)دا دەگەنە لوتكە، كە جۆرێك وازهێنان لەخۆ و هەروەها خۆ-كردنە
قوربانیی ئاوێتەى ئەم پاڵەوانپەرستییە دەبێت و ئەمەش "مێنتاڵیتە و
عەقڵییەتێكی گونجاوی ڕۆحی نازیی" دووبارە دەكاتەوە. "پێنەگەیشتوویی و
جۆش و خرۆشی چیا، یەك بوون"[13]. فیلمی چیایی زیاتر هەڵوێستێكی وریایانە لەنێوان
ستایشكردنی دیمەنە سەرەتایی و كۆنەكان و بەكارهێنانیان لە ئایدیۆلۆژییە
ناسیۆنالیستییەكاندا دەگرێتەبەر. لەڕوانگەى هەستیارییە ئێستاتیكاییەكانەوە،
ڕێبەرانی سەرەكیی ئەم ژانرە نزیك لە ئێستاتیكای واقیعییانەى ئۆبژێكتیڤیتەى
نوێ، ئیتۆسی دۆكۆمێنتاریی فۆتۆگرافیی نوێ و بێگومان فۆرمی
نا-گێڕانەوەیی فیلمی كولتووریی دەوەستن. هەموو ئەم كاریگەرییانە بەیەكەوە لە فێڵ و
تەڵەكە تەكنیكییە بەرچاوەكان و هێزە فیزیكییەكاندا بەیەكەوە دێن، كە لەلایەن هانس شنییبێرگەر (Hans Schneeberger)، سینەماتۆگرافەری دیار و
بەرچاوی ئەم ژانرەوە، كاری لەسەركراوە. لەلایەكەوە، ئەم ژانرە تەكنیكی مۆدێرن تا
ئەوپەڕی بەكاردەهێنێت، بەڵام لەلاكەى دیكەوە، دەستدەكات بە ستایشكردن و
موقەدەسكردنی سروشتی كۆن و سەرەتایی، میتافیزیكی شوێن و وابەستەیی، و
ئایدیالیزەكردنی كۆمۆنیتییە پێش-پیشەسازییەكان، ئەمەش ئەو ڕەهەندەیە بەهۆیەوە
دەچێتە پاڵ ڕیتۆریك و بەلاغەى ڕاستڕەو-فاشیست و نۆستالژیای كۆمۆنیتییە
فیودالییەكانەوە. وەك پێشتر لە كتێبی "دیالەكتیكی هونەری سێیەم"دا باسمكردبوو،
مۆدێرنیتە دوو ڕەهەندی هەیە: شۆڕشگێڕ و كۆنەپارێز، تەكنیكیش بە هەمان شێوە،
تەكنیكی یەكەم و دووەم، فیلمەكانی چیا چوونە پاڵ كەمپی كۆنەپارێزییەوە، هاوشانی
خیانەتی بۆرژوازیی لە تەكنیك، دەستدەكەن بە ئیستغلالكردنی تەكنیكی مۆدێرنیست. وەك
ئەریك ڕێنچلە باسی دەكات، ئەم فیلمانە بە شێوەیەكی فراوان بەشدارییان لە
فراوانكردنی فۆرمە جۆراوجۆرەكانی ناعەقڵانییەت و ناسیۆنالیزمەكاندا لە سەروبەندی
كۆتایی كۆماری ڤایماردا كردووە[14].
ئەگەر لێرەوە لە بەسروشتییکردنی مێژووەوە بڕۆینە سەر نواندنەوەی مێژوویی لە
سینەمای نازییدا ئەوا ئەم تێزانەی لەم نووسینەدا خراونەتەڕوو، زیاتر بۆ خوێنەر
ڕوون دەبنەوە.
نواندنەوەی مێژوویی لە فیلمی نازییدا
"سروشتی فەلسەفیی دەبێت وەک مێژوو ببینرێت و
مێژووش وەک سروشت".
- تیۆدۆر ئادۆرنۆ، [15]
هەموو هێز، چین و توێژە
باڵادەستەکان ناتوانن بەبێ مێژوو هەنگاوێک بچنە پێشەوە، بمێننەوە، حوکم بکەن و
ڕەوایەتیی بە حوکمەکەیان بدەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە بۆ چینەکانی خوارەوە باسی
مێژووی "گەورەپیاوان" (Great Men) دەکەن، بەو مانایە، مێژوو
شتێک نییە لە ڕەوت و گەشەی پچڕ پچڕ و جۆراوجۆر پێکهاتبێت، بەڵکو مێژوو
گەشەسەندنێکی ڕاستەهێڵییە لە "پاشایانەوە بۆ پاشایان" ئاخود بۆ نموونە
مێژوو گەشەسەندنە لە ئەلێکساندەری مەکدۆنییەوە بۆ دۆناڵد ترەمپ. لەبەرئەوە، لای
چینە باڵادەستەکان، مێژوو ڕەهەندی مێژووگەرایی وەردەگرێت، واتا دەبێتە کەرەستە و
ڕێبازی حوکم. ئیشی مێژووگەرایی وەک واڵتەر بنیامین لە "تێزەکان
دەربارەی چەمکی مێژوو"دا باسیکردووە، "مێژووگەرایی
وێنەی 'ئەبەدیی' ڕابردوو پیشان دەدات"[16].
مێژووگەرایی
(Historicism) ڕاستەوخۆ دەبێتە دوژمنی ئەوانەی لەلایەن ئەم ڕێبازەوە بە ئامانج
گیراون. مێژووگەرایی ئاست و شێوازێكی "ئیزافیی" بەكاردەهێنێت، كۆڵێك لە
ڕاستیی و فاكتەكان بۆ سەرڕێژكردنی زەمەنی بەتاڵ و چوونییەك پیشان دەدات، كە مێژوو
بەبێ دەستێوەردانی مرۆیی تێدەپەڕێت، حیكایەتێكی "گەورەپیاوان" پیشان
دەدات، گەورەپیاوان وەك ئێمە، بەڵام نەك تەواو وەك "ئێمەى خەڵكی بچووك".
بنیامین ڕەوتێكی سەرەكیی ناو فەلسەفەى مێژووگەرایی ئاشكرا دەكات: تێگەیشتن لە
ڕەوتی پێشكەوتووانەى بەردەوامیی مێژوو وەك كەڵەكەكردنی ڕووداو لەدوای ڕووداو.
بنیامین دەڵێت، مێژووگەرایی دڵخۆشە بە دامەزراندنی پەیوەندییە هۆكارەكییەكانی
نێوان ساتەكان لەمێژوودا، بەستنەوەی دەرەنجامی ڕووداوەكان بەیەكەوە وەك بڵێیت
ئەوانە لە ئەسڵدا دانەكانی نێو پەتێكی تەسبیحن[17].
مێژووگەرایی هاوهەستیی لەگەڵ ئەو نوسخەیەى ڕابردووی مێژووییدا دەكات كە لەلایەن
چینی حاكمەوە داڕێژراوە. ئەم ڕابردووە ڕێگا نادات لەگۆشەنیگای خەڵكی چەوساوە و
سەركوتكراوەوە، هەڵسەنگاندن و نرخاندنی دووبارەى بۆ بكرێت. لە "تێزەكان"دا
باس لەوە دەكات كە چۆن مێژووگەرایی پشت بە گێڕانەوەى كۆنی پاڵەوانە ستایشكراوەكانی
مێژوو لە فۆرمی مۆنۆمێنت و حەماسییدا دەبەستێت و ئەم نوسخەیەش بەهیچ جۆرێك هیچ
شتێك دەربارەى "بێناوان"ی مێژوو ناڵێت[18].
لەگەڵ
سەرهەڵدانی سینەما، بەدیاریکراوی دوای ئەوەی هێزە باڵادەستەکان تێگەیشتن کە
دەتوانن وەک ئامرازی هەژموون و پیادەکردنی دەسەڵات بەسەر خەڵکانی خوارەوەدا بەکاری
بهێنن، چەمکی مێژوو و نواندنەوەی مێژوویی نەک تەنها پانتایی تێمای فیلمی مێژوویی
پێکدەهێنێت، بەڵکو تەنانەت نواندنەوەی مێژوویی دەبێتە هیوایەک لای حاکمان، لە
باسکردنی مێژوودا، ساتی ئێستای خۆیانی زیاتر پێ پتەو بکەن. تا ساتی جەنگی ئیمپریالیستیی ١٩١٤-١٩١٨، هێزە باڵادەستەکانی ئەوروپا
(بەجێماوانی ئەریستۆکرات و فیودالەکان) سینەمایان وەک ئامرازێکی بێ کەڵک و سەرگەرمیی
جەماوەران و چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا دەبینی، بەڵام لە ناوەڕاستی جەنگدا، ئێریش لودندۆرف (١٨٦٥-١٩٣٧)، ژەنەڕاڵی باڵای سوپای
ئەڵمانیای قەیسەریی، یەکەم کەس دەبێت لەوە تێدەگات ئەو جەنگەی لەگەڵ بریتانیا
ئەنجامی دەدەن جەنگێکی ناو مەیدانەکان و بەرەکانی جەنگ نییە بەتەنها. بەڵکو
هەروەها جەنگی پڕوپاگەندە و جەنگی وێنەکانە. ئەمەش لەوەدا بۆی دەردەکەوێت کە لە جەنگی
سۆمەدا بریتانیا فیلمێکی ساختەی دۆکۆمێنتاریی و پڕوپاگەندەیی لە ١٩١٦دا
بەرهەمدەهێنێت و وێنەی کارەساتە دڕندەکانی ئەڵمانیا لە بەلجیکا پیشان دەدات،
بێگومان داگیرکاریی ئەڵمانیا دڕندانە بوو، بەڵام تا ئەو کاتە ئەڵمانیا لە هێزی
وێنەی جوڵاو و بەکارهێنانی لەلایەن هێزی دوژمنەوە تێنەگەیشتبوو. ئەوەبوو لە
ژەنەڕاڵ لودندۆرف لە ٤ی حوزەیرانی ١٩١٧دا نامەیەکی بەناوبانگ بۆ وەزیری جەنگ و
بەرگریی دەنووسێت و تێیدا داوای دامەزراندنی ئەو شتە دەکات کە ئەمڕۆ بە
"ئوفا" (ئونیڤێرسوم-فیلم ئاکتنگیزێلشافت یاخود کۆمپانیای پشکداری
بەرهەمهێنانی فیلم) دەیناسین و لە بەرلین-پۆتسدام دادەمەزرێت. لودندۆرف لە
نامەکەیدا دەنووسێت: "جەنگ باڵایەتیی وێنە و فیلمی وەک کۆمەڵە ئامرازێکی
پەروەردە و کارتێکردن پیشان داوە... بەداخەوە دوژمنانمان بەفراوانیی توانای خۆیان
لەم بوارەدا خراپ بەکارهێناوە و بەم هۆیەشەوە ئێمە زیانی زۆرمان بەرکەوتووە"[19].
پێویست بە گوتن ناکات کە لودندۆرف پاشان دەبێتە یەکێک لە ڕابەرە دیارەکانی پارتی
نازیی و ڕۆڵی لە پێشخستنی هەژموونی وێنەیی میلیتاریی ئەو ڕژێمەدا دەبێت و ئێمە
لێرەدا ئەم چیرۆکە درێژە پێنادەین.
ئەوەی گرنگە لێرەدا زیاتر باسی بکەین، چۆن مێژوو دەبێتە
کەرەستەیەکی نواندنەوەی فیلمیی لە کۆی نەک تەنها نەزمی نازییدا، بەڵکو هەروەها ئەو
فیلمانەی کۆماری ڤایماریش، کە تێیاندا مێژوو و یاخود نواندنەوەی "مێژووی
گەورەپیاوان" دەبێتە پێشینەیەک بۆ فیلمەکانی نازیی. فیلمە مێژووییەکان، وەک
باسکرا، بە سانایی فیلم نین بۆ پیشاندانەوەی ڕابردوو، یاخود تەنها مەبەستیان
سەرگەرمیی بێت، بەڵکو هەروەها هەوڵی سەقامگیرکردنی ساتی ئێستای هێزە
باڵادەستەکانیشن. وەک فریدریک جیمسنی فەیلەسوفی هاوچەرخی ئەمریکیی باسی دەکات،
فیلمە مێژووییەکان لە ڕاستیدا "نۆستالژیای ساتی ئێستا"ن[20]،
بەو مانایە ئێمە فیلمە مێژووییەکانمان وەک کۆمەڵە تاسە و نۆستالژیا و حەسرەتێکی
ڕابردووی لەدەستچوو بینیوە، کەچی ئێستا بۆمان دەردەکەوێت، نواندنەوەی مێژوویی لە
سینەمای باڵادەستەکاندا، هەر بەڕاستیی تاسەیەک نییە بۆ ڕابردوو، حەسرەت و
نۆستالژیایەکە بۆ ئەوەی پێگەی سیاسیی و ئابووریی و کولتووریی چینە باڵادەستەکان،
کتومت لە ساتی بەرهەمهێنانی فیلمە مێژووییەکاندا، بەهێزتر ببێت. کەواتە ئێستا دوای
ئەم کورتە تیۆرییە، دەچینە سەر پرسێکی دیاریکراوی نواندنەوەی مێژوویی لە فیلمی
نازییدا.
دەزانین نازییەکان بە فراوانیی سینەمایان بەکارهێنا،
وەزیری پڕوپاگەندەی نازیی، یۆزێف گۆبلز، هەمیشە بڕوای وابووە سینەمای نازیی
دەتوانێت هەژموونی ئەم ڕژێمە بەسەر جیهاندا، بەباشیی دابمەزرێنێت. لە ماوەی
١٩٣٣-١٩٤٥ – هەڵبەت ئەگەر ئەو ماوەیەی کۆماری ڤایمار ئەژمار نەکەین کە زۆر فیلمی
تێدا بەرهەمهات هەم نازییەکانی دواتر ڕاستەوخۆ دەستیان تێیدا هەبووە یان فیلمەکان
ڕێگاخۆشکەری بنچینەیی بوون بۆ سینەمای نازیی، یاخود ئەوەی کراکاوەر پێیاندەڵێت:
"پێش-فیلمی نازیی" (pre-nazi film) – ڕژێمی نازیزم بە تەنها لەسەرووی هەزار فیلمی بەرهەمهێناوە.
گۆبڵز و هیتلەر، ١٩٣٥، چاودێریی
بەرهەمهێنانی فیلم دەکەن لە کۆمپانیای ئوفا
لەنێو ئەو حەشاماتەی فیلمەکاندا، ژانری فیلمی مێژوویی
ڕۆڵێکی زۆر سەرەکیی دەبینێت و پێگەیەکی بنچینەیی وەردەگرێت. فیلمە مێژووییەکانی
ڕایشی سێیەم (ئەڵمانیای نازیی)، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە مێژووی سیاسییەوە
هەیە، بەشێوەیەکی بنچینەیی دەستوپەنجە لەگەڵ سێ قۆناغی مێژووییدا نەرم دەکەن: ١)
پروسیای فریدریشی مەزن، بەتایبەت لە سەروبەندی جەنگی حەوت ساڵەی نێوان ١٧٥٦-١٧٦٣؛
٢) پروسیا لە جەنگیدا دژی ناپۆلیۆن ١٨٠٥-١٨١٣؛ و ٣) پروسیا و دامەزراندنی
ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیی ١٨٦٠-١٨٨٠؛ و جاروبار ئیمپراتۆریەتی ڤیلهێلم، بە جەنگی
یەکەمی جیهانیشەوە. ئەوەی هەموو فیلمەکان تێیدا هاوبەشن ئەو ئەرگومێنتەیە کە
پروسیا یان ئەڵمانیا لە دژی ئەو دوژمنانەی دەوریانداوە و هەڕەشە لە بوونی دەکەن
یان ڕێگەی لێدەگرن ببێتە نەتەوە و ئیمپراتۆرێت، دەبێت بە جەنگ بەرگریی لە خۆی
بکات. گوتاری مێژوویی هەڕەشەی کوشندە –ی ناو فیلمە مێژووییەکان - کە لە دەرەوە دێن
ئەو داوایە لە تاکەکانی دەکات بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەنە قوربانیی ئەڵمانیا و
لەناو کۆمەڵی گەلی ئەڵمانیی (Volksgemeinschafft)دا بیتوێننەوە و خۆیان ڕادەستی دەسەڵاتخوازییەکی ڕێکخەر و
فەرماندەر بکەن بۆ ئەوەی نەتەوە لە هەڕەشەی دەرەکیی بپارێزێت. فیلمەکان بەردەوام
تەرکیز دەکەنە سەر کۆمەڵە ڤەزیلەت و بەهایەک کە بەگشتیی لە فیلمە مێژووییەکاندا
خۆیان لەم فەزیلەت و بەهایانەدا دەبیننەوە: ژیانی سەربازانە، بەها و فەزیلەتی
نێرانەی کۆمەڵایەتیی و ئەنجامدانی ئەرکەکانی تاک، جەنگان – بە ئامادەیی بۆ مردنەوە
– لە پێناوی کۆمەڵی گەلدا. وەک هێلموت ڕێگل سەبارەت بە فیلمی سرودی لۆیتن(١٩٣٣)ی
کاڕڵ فرۆیلیش ئاماژەی پێکردووە، کۆی مەنزومە و گەلەستێرەی فیلمەکە بریتییە لە
"فەرمانی تاقانە و گوێڕایەڵیی وەفادارانە"( einsamen Befehls und des gläubigen Gehorsams)[21]. لەو
فیلمانەی نازیی کە تێما و ناوەرۆکەکەیان نواندنەوەی قۆناغی ١٨٥٠ بەدواوەیە، جۆرێک
هەڵوەستە لەسەر جەنگی دژە-پەرلەمانیی هەیە؛ ئەمەش بە ئامانجی ڕەوایەتییدان بە
هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان (بوندستاگ) کە نازییەکان دەیانگوت هێمای هەموو لاوازییەکانی
ئەڵمانیا و سوکایەتییکردنە دەرەکییەکانە بە سیاسەتی ئەڵمانیی. لەناو هەموو
فیلمەکان، کە باسی ئەو قۆناغە دەکەن، مەیل و ئاراستەی دژە-دیموکراتیی پیشان دەدات
کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە هەڵمەتەکانی ڕاستڕەو و فاشیستەکانی کۆماری ڤایمارەوە
هەیە بەوەدا دەیانەوێت دژی "گەڕەلاوژە"ی "ڕۆژگاری سیستەمەکە"
(Systemzeit) بجەنگن
و لەو فیلمانەشدا بە وردیی لە ڕووخساری کارەکتەرە مێژووییەکاندا، ترسی
وردەبۆرژوازیی ئەڵمانیی کۆماری ڤایمار دەبینین لە ناسەقامگیربوونی پێگە
ئابوورییەکەی و بەربوونەوەی بەرەو پرۆلیتاریا.
ئەوەی لە فیلمە مێژووییەکاندا بە ڕاشکاویی دەردەکەوێت
ئەوەیە کە "هیتلەر دەبێت وەک بەرجەستەبوونی بەردەوامیی مێژوویی پیشان بدرێت،
نەک وەک پرۆسەیەک، بەڵکو وەک دووبارەبوونەوەیەکی ئەو شتەی هەبووە"[22].
هەڵبەت ئەم مۆدێلەی دووبارەبوونەوەی شتەکان، هێندە تازە نییە تایبەت بێت بە سەردەمی
نازیی، بەڵکو نەریتی مێژوونووسیی بۆرژوازیی خۆی بناغەکەی لەسەر ئەم ڕەهەندە
دامەزراندووە. بۆرژوازیی گەشەی مێژوو وەک بەدوای یەکداهاتنی دانەکانی تەسبیح
دەبینێت. بۆیە سەیركردنی مێژوو وەك دەنكەكانی تەسبیح لەلایەن
مێژووگەراییەوە سەیركردنی ڕووداوەكانی مێژووە وەك گەشەكردن و بەدوای یەكداهاتنێكی
نەپچڕاو، واتا بزركردنی خەباتی چینایەتیی و خەباتەكانی خوارەوەی كۆمەڵگا دژی چینە
باڵادەستەكان. لەم نوسخەیەی مێژوودا، گەشەكردنی كۆمەڵگا مرۆییەكان وەك گەشەیەكی
ڕوولەپێشی بێ دابڕان دەبینرێت، مێژوو لە چاوی حاكمان، پاشایان و پاڵەوانە
ستایشكراوەكانەوە دەخوێنرێتەوە. بونیادنانی دەروازەكانی شاری تیبس، هەڕەمەكانی
میسر، كاتیدڕاڵەكانی سەدەكانی ناوەڕاست، كۆشك و قەڵاكان، و هتد، هەموویان وەك
خوڵقێنراوی پاشایان و حاكمان دادەنرێن، وەك بڵێیت لەڕێگای پەیامێكی ئیلاهیی و لە
شەو و ڕۆژێكدا بە فەرمانی قۆرییەكەى عەلادین دروستكراون. باسی كاری ئەو ملیۆنان
كۆیلە و زەحمەتكێش و ڕەنجكێشانە ناكرێت كە بونیادنەری ڕاستەقینەى ئەم میراتەی
مرۆڤایەتیین[23].
ئەوەش ڕاستە کە پاڵەوانەکانی فیلمە مێژووییەکانی ڕایشی
سێیەم "شاعیر، شێوەکار، پەیکەرساز، لێکۆڵەر، دۆزەرەوە، سیاسەتمەدار،
ژەنەڕاڵ" هەمیشە "دەرهاویشتەکانی ڕابەرن". تەنانەت لەو فیلمانەش کە
لەسەردەمی نازیزمدا بۆ هونەرمەندانی بلیمەتی ئەڵمانیی تەرخانکراون، بەتایبەت
فیلمەکانی نێوان ١٩٤٠-١٩٤٢، لەوانە فریدریش شیلەر (١٩٤٠)، دەرهێنانی
هێربەرت مایش، فریدمان باخ (١٩٤١)، دەرهێنانی تراوگۆت مولەر، و ئەندریاس
شلوتەر (١٩٤٢)، دەرهێنانی هێربەرت مایش، هەمان خستنەسەر و دەرهاویشتە هەن.
ئێمە لەم نووسینەدا، فیلمی پاشای مەزن (Der große König) لە دەرهێنانی فایت هارلان (١٩٤٢)
تاقیدەکەینەوە.
فیلمی پاشای مەزن یان پاشا مەزنەکەی هارلان، دەکرێت وەک "بەرهەمێکی باڵا"ی پڕوپاگەندەی ناو فیلمی نازیی سەیری بکەین. یۆزێف گۆبلز، هەم وەک وەزیری پڕوپاگەندە و هەمیش وەک بەڕێوەبەری باڵای فیلم و پڕوپاگەندەی ڕایشی سێیەم، لە ڕۆژانەنووسییەکەیدا لە ١٩٤٠ ستایشێکی زۆری فیلمێکی دیکەی هارلان بەناوی زوسی جولەکە (Jud Süss) دەکات و ئەمەش وادەکات هارلان هان بدات "بەڵام ئێستا فریدریشی دوای کونەرسدۆرفی دەوێت نەک فریدریشی ساباتنشین"[24]. لێرەدا مەبەستی گۆبلز لە فریدریشی دوای کونەرسدۆرف نەک فریدریشی چادرنشین، ئاماژەیە بەو جەنگە دەکات کە لە ١٢ی ئابی ١٧٥٩ لە نزیک کونەرسدۆرف (ئێستا کونۆڤیچ لە پۆڵەندا) لەسەردەمی جەنگی حەوت ساڵەدا ڕوویدا، جەنگەکە دوای شکستی سوپای فریدریکی مەزن، لەلایەن هاوپەیمانیی سوپای ڕووسەکان و نەمساییەکانەوە، دووبارە سەربازانی پروسیی بە ورەی بەرزەوە دژی هەردوو سوپاکە ڕادەپەڕنەوە. و لێرەشدا کاتێک گۆبلز ئاماژە بە فریدریشی چادرنشین دەکات، مەبەستی سەردەمی ئاشتیی پێش جەنگ و ئاوەڵاکردنەوەی دەروازەی زانکۆکان بۆ ڕۆشنبیران و هەروەها گفتوگۆ فەلسەفییەکانی فریدریکی مەزنە. سەردەمی پێش نازیی، بەشێک لەو فیلمانەی بۆ فریدریشی مەزن تەرخانکرابوون، زیاتر هەڵوەستەیان لەسەر قۆناغی چادرنشینی فەلسەفییانەی فریدریش دەکرد، بەڵام وەک باسمانکرد، فیلمی نازیی لە نواندنەوەی مێژوویی ناو فیلمە مێژووییەکاندا، دەبوو گرنگیی بە فەزیلەتە جەنگییەکانی وەک هێز و ورەی سەربازیی و میلیتاریی و پیاوانەیی بدات نەک سەردەمی ئاشتیی، چونکە بەشی هەرە سەرەکیی فیلمە مێژووییەکان، دەبوو پاساو بۆ جەنگی نازیی بهێننەوە کە لە ١٩٣٩ دەستی پێکردبوو. ئەگەرچی ململانێی زۆر لەسەر فیلمەکە، دوای تەواوبوونی، لەنێوان گۆبلز و هارلاندا دروستدەبێت و گۆبڵز باس لەوە دەکات کە دوای بینینی نوسخەی کۆتایی "تەواو نائومێدبووم"[25]، بەڵام دواجار هارلان ڕازیدەبێت پێداچوونەوە بە فیلمەکەدا دەکات، بەوەدا کە لە نوسخەی یەکەمدا شکستی یەکەمی فریدریک بەرانبەر بە ڕووسیا و نەمسا پیشاندراوە، بەڵام کاتێک نازییەکان پلانی باربارۆسا (هێرش بۆسەر یەکێتیی سۆڤێت)یان داڕشتبوو، نەدەبوو لە پیشەسازیی سینەمای ئەڵمانییدا، هیچ نواندنەوەیەکی مێژوویی بۆ پیشاندانی ڕووسەکان لەسەردەمی فریدریکی مەزندا لە ئارادا بێت.

زۆر کەس دواتر پاشای مێژوویی ناو فیلمەکە بەراورد بە
ڕابەری نازیی، ئەدۆلف هیتلەر، دەکەن[26]،
بەڵام بەگشتیی فیلمەکە بۆ توانای بەکارهێنانی بەهێزی تەکنیک و ماتریالی مێژوویی،
ستایشکراوە.
ململانێ و پێکدادانی جەنگیی نێوان هەموو زلهێزەکانی
ئەوروپای ئەو ڕۆژگارە بەبێگومان گرنگترین ڕووداوە لەم فیلمەدا پیشان دەدرێن. شتێکی
زۆر کەم بە ڕاشکاویی دەربارەی فریدریکی دووەم و کارەکتەری ئەو دەگوترێت، زۆربەی
زانیاریی لەسەر کارەکتەرەکانی ناو ڕووداوەکەیە. بێگومان پاشا، کرۆکی گرێچن و پڵۆتی
فیلمەکە پێکدەهێنێت. دوایین نوسخەی فیلمەکە
بەبێگومان، تەنها فیلمێکی ڕووتی مێژوویی نییە کەسایەتیی پاشایەکی وەک فریدریشی
مەزن بەرجەستە بکاتەوە، بەڵکو ئەلیگۆریی و تەمسیلێکە هەم ئاراستە سیاسییەکانی
ڕۆژگارەکە (ئەوروپای ناو جەنگ) نمایش دەکات و هەمیش لە ژێر کاریگەریی ئەو
ئاراستانەدا ئیش دەکات. بەڵام فیلمەکە بە فراوانیی مامەڵە لەگەڵ جەنگی حەوت ساڵەدا
و بەدیاریکراوی جەنگی کونەرسدۆرف دەکات.
لە سەرەتای فیلمەکەدا ئێمە مەیل و ئاراستەی دەرهێنەر بەرانبەر بە پاڵەوانی
فیلمەکە "تاقانەترین مەزنێتیی لە هەموو مێژوودا" (in der ganzen Geschichte einzigartige
Größe) دەبینین، هەم دەربڕینی ڕوونی
ستایشی شا و گرنگییە مێژووییەکەی. یەکێک لە دیمەنە سەرەتاکانی فیلمەکە، شا فریدریک
پیشان دەدات گفتوگۆیەکی کورت لەگەڵ گروپێکی بچکۆلەی ئەفسەران ئەنجام دەدات، دیالۆگەکە
خۆبەخۆ ئەوە لای بینەری ئەوکات دروستدەکات وەک بڵێیت مامەڵە لەگەڵ فیگەری هیتلەردا
دەکات کە لە جەستەی فریدریشی مەزندا بەرجەستەبووەتەوە و چووەتە سەر پەردەی سینەما:
"بەڵام دوای گەشەسەندنەکەی [بڕیار دەربارەی
داهاتووی ئەوروپا] ئاسمان ساماڵ و خۆشحاڵ دەبێت".
ئێمە لە کۆی دیالۆگی ئەو سەردەمەی هیتلەردا لەگەڵ ئەفسەرانی، بەتایبەت لەو دیالۆگانەی پاشان بە گفتوگۆکانی سەر مێز ناسران، دەبینین چۆن هیتلەر باس لە داهاتووی ئەوروپا دەکات، ئەو چەمکی ئەوروپایەی فریدریشی مەزن لە فیلمەکەدا دەریدەبڕێت، ئەو مانایە نییە کە لەسەدەی هەژدە و لەسەردەمی شا فریدریکدا هەبووە، بەڵکو کتومت ئەو مانایەیە کە هیتلەر و نازییەکان بە چوارچێوەی جوگرافیاییی ئەوروپایان بەخشیبوو[27].
یەکێک لەو گۆڕانکارییانەی لە دیالۆگەکەدا ڕوویداوە،
گۆڕینی وشەی "aufklärt"
(ڕۆشنبوونەوە) بۆ "klärt"
(ڕوون بوونەوە یان ساماڵ بوون لە سیاقی ئاسماندا)، لە سەردەمی فریدریشی چادرنشیندا
ئاماژەبوو بە پرسی ڕۆشنگەریی "Aufklärung"
بەوەدا کە فریدریش پێش جەنگ پروسیای کردبوو بە ناوچەی میوانداریی فەیلەسوفان و
میوانی هەمیشەیی پاشا، ڤۆلتێری فەیلەسوفی ڕۆشنگەریی فەڕەنسیی بوو، بەڵام نازییەکان
بە دژایەتیکردنی پرەنسیپەکانی ڕۆشنگەریی دەناسرێنەوە، بەوەدا لای ئەوان چەمکەکانی
"ئاشتیی هەمیشەیی، گەردوونگەرایی، جەماوەر، دیموکراسیی و مافی چارەی
خۆنووسین" دەگۆڕێن بۆ "پرەنسیپەکانی ڕابەر" (Führerprinzip) و بوونی مرۆڤ (Mensch) دەگۆڕێت بۆ "ڕەگەز" (Rasse) و گەردوونگەرایی (Universalism) دەگۆڕێت بۆ "کۆمەڵی گەلی
ئەڵمانیی" (Volksgemeinschafft) و هتد. وەک مێژوونووسی بەناوبانگی فاشیزم، زییف شتێرنهێل ئاماژەی
پێکردووە، خەسڵەتی هاوبەشی فاشیزمی ئەوروپیی، دژایەتیکردنی پرەنسیپەکانی ڕۆشنگەریی
بووە[28].
کەواتە دەبێت میتافۆر و وشەی "ڕۆشنایی" (Lichtmerapher) لە گوتارەکەی فریدریشدا بە ئاسانیی
بگۆڕدرێت بۆ وشەی ڕوونبوونەوە و ساماڵبوون، تا لە مانا و خەسڵەتە ڕۆشنگەرییەکانی
دووربخرێتەوە.
لەبەرئەوەی بەگشتیی زۆربەی دیمەنەکانی فیلمەکە لە
ژینگەیەکی میلیتاریی و جەنگییدا ڕوودەدەن (ڕەوایەتیدان بە جەنگ)، زۆر زەحمەتە
بتوانین لە ئاراستە و مەیلی خەڵک/گەل (Volk) تێبگەین. بە گشتیی لە فیلمەکەدا تەنها دوو
ئەکتەر هەن دەکرێت وەک نوێنەری خەڵک ببینرێن. لویزە، تەنها کەسە دەکرێت بڵێین سەر
بە گروپی خەڵکی ئاساییە. ئەم ژنەلاوە لە کونەرسدۆرف لەگەڵ خێزانەکەیدا دەژیا، و لە
میانەی جەنگەکەدا خێزانەکەی و براکەی دەمرن، بەڵام لویزە لە ڕۆژانی دوای جەنگەکە
ئەمەی بۆ دەرناکەوێت. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی سیاسەتی پڕوپاگەندەی نازیی بۆ جیهان
ئەوە بوو کە "گەلی ئەڵمانیی" لە پشت نازیزمەوەیە، بەڵام لە ڕاستیدا
خەڵکی ئاسایی و جەماوەری ئەڵمانیی ڕۆڵێکی زۆر لاوەکیان لەناو نەزمی ڕژێمەکەدا
هەبووە.
پێکهێنەری گشتیی فیلمە مێژووییەکانی نازیزم بەستنەوەی
جەنگ و میلیتاریزمە بە ژمارەی گەورەی دیمەنەکانی جەنگ و مەرگ. بەڵام چۆن خەڵک و
سەربازان لەسەر بیرۆکەی بوون-بەرەو-مەرگ ('Sein-Zum-Tod' چەمکە بەناوبانگ و خۆشەویستەکەی مارتین هایدیگەری
فەیلەسوف، کە ساڵی ١٩٣٣ دەبێتە ئەندامی پارتی نازیی) ڕابهێنن؟ بەڵێ نازییەکان
لەڕێگای کەڵەکەکردنی وێنە جوڵاوەکانەوە ئەم کارەیان ئەنجامدا. زیادەڕۆییکردن لە
کەڵەکەکردن و کۆکردنەوە و ناردنی وێنە جوڵاوەکانی مەرگ، "شەهیدبوونی خۆبەخشانە
بۆ ئەڵمانیا" ئەو شێوازە بوو ترس لە مەرگ لای سەربازان هەڵدەگرێت و کۆی
ئامانجی بوون وەک ڕۆیشتن بەرەو مەرگ لەقەڵەم دەدرێت، بەوجۆرەی لە کتێبی "بوون
و کات"(Sein und Zeit)ی مارتین هایدیگەر لە ١٩٢٧دا بە فراوانیی فۆرمولە کراوە و
داڕێژراوە[29]. ترس لە
مەرگ، وەک جۆرە بوونێکی ناڕەسەن، مرۆڤی شارنشین و جەماوەری بێ شووناس لەقەڵەم
دەدرێت و لە فەلسەفەی بوونگەرایی هایدیگەردا نازناوی "das Man" (واتا بوونەوەری بێ ڕیشە) وەردەگرێت و
لە فەلسەفەی ڕاسیزمی نازییشدا، ڕیشەی ئەم وشەیە بۆ سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی
بیست دەگەڕێتەوە، کە تێیدا جولەکەکان وەک جەماوەرانی بێ ڕیشەی نیشتەجێی شارە
گەورەکان لەقەڵەم دەدران کە ئامانجیان سەقامگیرکردنی ئاشتیی و ناشرینکردنی جەنگە
لە پێناوی ئەوەی بتوانن زیاتر سامان کەڵەکە بکەن و "کولتووری ڕەسەن و باڵای
ئەڵمانیی کە گرنگیی بە فەزیلەتی جەنگ دەدات وەک کۆنترین فەزیلەت" بێ بەها
بکەن.
سەرچاوەکان
یەک: بە زمانی ئەڵمانیی و ئینگلیزیی
1. Barbara Mennel, Cities and Cinema, Routledge, New York
and London, 2008.
2. Eric Rentschler, West
German film in the course of time, Redgrave, London, 1984.
3. Fredric Jameson, Postmodernism,
or, The Cultural Logic of Late Capitalism, Duke University, Durham, 1991.
4.
Heinz Boberach (hrsg.), Meldungen
aus dem Reich 1938-1945. Die geheimen Lageberichte des Sicherheitsdienstes
der SS. 17 Bände, Pawlak Verlag,
Herrsching, 1984.
5.
Helmut Regel, Die
Fridericus-Filme der Weimarer Republik. In: Marquardt und Rathsack, 1981.
6.
Henry Picker, Hitlers
Tischgespräche im Führerhauptquartier, Propyläen Verlag, 2003.
7.
Joseph Goebbels, Die
Tagebücher von J. G. Sämtliche Fragmente. Teil I: Aufzeichnungen
1924-41, 4 Bände, herausgegeben von
Elke Fröhlich, Saur Verlag, München, 1987.
8.
Karl Marx, Das Kapital:
Kritik der politischen Ökonomie, Band 1, Anaconda
Verlag, 2009.
9.
Karl Marx, Die deutsche
Ideologie, in Karl Marx - Friedrich Engels - Werke, Band 3, Dietz Verlag,
Berlin/DDR, 1969.
10. Klaus Kreimeier, The
Ufa Story: A History of Germany’s Greatest Film Company 1918-1945,
translated by Robert Kimber and Rita Kimber, Hill and Wang, New York, 1996.
11. Klaus Schoenbemer, Das Preußenbild im deutschen Film. Geschichte und Ideologie. In: Marquardt
und Rathsack, 1981.
12. Martin Heidegger, Sein und Zeit, de Gruyter Verlag, Berlin und München, 2006.
13. Siegfried Kracauer, From Caligari to Hitler: A
Psychological History of the German Film. Princeton University Press,
Princeton, 2004.
14. Theodor Adorno, Jargon der Eigentlichkeit: Zur deutschen Ideologie,
Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 1973.
15. Walter Benjamin, Das Kunstwerk im Zeitalter seiner technischen
Reproduzierbarkeit, in in
Gesammelte Schriften, Band I.I, Herausgeben von Hermann Schweppenhäuser und Rolf Tiedemann, Suhrkamp Verlag,
Frankfurt am Main, 1991.
16. Walter Benjamin, Über den Begriff der Geschichte, in Gesammelte Schriften, Band I.I,
Herausgeben von Hermann Schweppenhäuser
und Rolf Tiedemann, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, Auflage: 8, 1974.
17. Zeev Sternhell, The
Birth of Fascist Ideology, Princeton University Press, Durham, 1993.
دووەم: بە زمانی کوردیی
18.
پێشڕەو
محەمەد، دیالەکتیکی هونەری سێیەم: دەربارەی مۆدێرنیتە، شار، سینەما،
فۆتۆگرافیی، تەکنیک، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠١٩.
19.
پێشڕەو
محەمەد، کەرنەڤاڵی شکستخواردوان: خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ تێزەکان دەربارەی چەمکی
مێژووی واڵتەر بنیامین، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠١٩.
20.
پێشڕەو محەمەد، لە
کۆدگۆڕینی کانتەوە بۆ تیۆری فیلم: دەروازەیەک بۆ فینۆمینۆلۆژیای ماتریالیستیی زیگفرید
کراکاوەر، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠٢١.
21.
پێشڕەو
محەمەد، دیالۆگە پچڕاوەکانی ڕیالیزم و مۆدێرنیزم: دەروازەیەک بۆ کورتەمێژووی
سیاسیی و کۆمەڵایەتیی فۆتۆمۆنتاژ، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠٢١.
[1] پێشڕەو محەمەد، لە کۆدگۆڕینی کانتەوە بۆ تیۆری فیلم: دەروازەیەک بۆ
فینۆمینۆلۆژیای ماتریالیستیی زیگفرید کراکاوەر، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند،
سلێمانیی، ٢٠٢١، لل.٢٩٨-٢٩٩.
[2] Barbara Mennel, Cities and
Cinema, Routledge, New York and London, 2008, pp.19-46.
[3] بۆ زانیاریی زیاتر سەبارەت بە بوونی بەرلین بە پایتەختی سینەما و پاڵنەری
مۆدێرنیتە بۆ نواندنەوەی نوێی سینەمایی، بگەڕێنەوە بۆ:
پێشڕەو محەمەد، دیالەکتیکی هونەری سێیەم: دەربارەی
مۆدێرنیتە، شار، سینەما، فۆتۆگرافیی، تەکنیک، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند،
سلێمانیی، ٢٠١٩.
[4] بۆ لێکۆڵینەوەیەکی دوور و درێژ لەم بارەیەوە بەڕێنەوە بۆ: پێشڕەو محەمەد،
لە کۆدگۆڕینی کانتەوە بۆ تیۆری فیلم، سەرچاوەی پێشوو، بەشی: فەزاکانی سینەمای
ڤایمار، دەربارەی کتێبی لە کالیگارییەوە بۆ هیتلەر، لل٣٢١-٣٣٥.
[5] Siegfried Kracauer, From Caligari to Hitler: A Psychological
History of the German Film. Princeton University Press, Princeton, 2004.
[6] سەبارەت بە سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوە و کاریگەرییەکانی لە فۆتۆگرافیی،
سینەما و تەلارسازییدا بگەڕێنەوە بۆ:
پێشڕەو محەمەد، دیالۆگە پچڕاوەکانی ڕیالیزم و
مۆدێرنیزم: دەروازەیەک بۆ کورتەمێژووی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی فۆتۆمۆنتاژ،
ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠٢١.
[7] Walter Benjamin, Das Kunstwerk
im Zeitalter seiner technischen Reproduzierbarkeit, in in
Gesammelte Schriften, Band I.I, Herausgeben von Hermann Schweppenhäuser
und Rolf Tiedemann, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am
Main, 1991, s.467.
[8] Karl Marx, Das Kapital: Kritik
der politischen Ökonomie, Band 1, Anaconda Verlag, 2009,
s.21.
[9] Karl Marx, Die deutsche
Ideologie, in Karl Marx - Friedrich Engels - Werke, Band 3, Dietz Verlag,
Berlin/DDR, 1969, s.5-530.
[10] Siegfried Kracauer: From Caligari to Hitler,
op.cit, p.111.
[11] Ibid, p.400.
[12] بڕوانە: پێشڕەو محەمەد، لە کۆدگۆڕینی کانتەوە بۆ تیۆری فیلم، سەرچاوەی
پێشوو، بەشی: ژانری فیلمەکانی چیا،، لل٣٠٧-٣١٨.
[13] Kracauer, From Caligari to Hitler, ob.cit,
p.112.
[14] Eric Rentschler, West German film in the course of
time, Redgrave, London, 1984.
[15] Theodor Adorno, Jargon der
Eigentlichkeit: Zur deutschen Ideologie, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am
Main, 1973, s.98.
[16] Walter Benjamin, Über den Begriff
der Geschichte, ebenda, s.702.
[17] Walter Benjamin, Über
den Begriff der Geschichte, s.704.
[18] بۆ زانیاریی دەربارەی چەمکی مێژوو و جۆرەکانی مێژوو لای واڵتەر بنیامین
بگەڕێنەوە بۆ:
پێشڕەو محەمەد، کەرنەڤاڵی شکستخواردوان:
خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ تێزەکان دەربارەی چەمکی مێژووی واڵتەر بنیامین، ناوەندی
ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠١٩.
[19] Klaus
Kreimeier, The Ufa Story: A History of Germany’s Greatest Film Company
1918-1945, translated by Robert Kimber and Rita Kimber, Hill and Wang, New
York, 1996, p.8..
[20] Fredric Jameson, Postmodernism, or, The Cultural
Logic of Late Capitalism, Duke University, Durham, 1991, pp.279-297.
[21] Helmut Regel, Die
Fridericus-Filme der Weimarer Republik. In: Marquardt und Rathsack, 1981, s.124-134.
[22] Klaus Schoenbemer, Das Preußenbild im deutschen Film.
Geschichte und Ideologie. In: Marquardt und Rathsack,
1981, s.29.
[23] پێشڕەو محەمەد، کەرنەڤاڵی شکستخواردوان، سەرچاوەی
پێشوو، لل.١٩١-١٩٢.
[24] Joseph Goebbels, Die Tagebücher von J. G. Sämtliche Fragmente. Teil I: Aufzeichnungen 1924-41, 4 Bände, herausgegeben von Elke Fröhlich, Saur Verlag, München, 1987, s.129.
[25] هەمان سەرچاوە، ل.٦٧١.
[26] Heinz Boberach (hrsg.), Meldungen
aus dem Reich 1938-1945. Die geheimen Lageberichte des Sicherheitsdienstes
der SS. 17 Bände, Pawlak Verlag, Herrsching, 1984, s.375.
[27] بڕوانە:
Henry Picker, Hitlers Tischgespräche im Führerhauptquartier, Propyläen Verlag,
2003.
[28] Zeev Sternhell, The Birth of Fascist Ideology, Princeton
University Press, Durham, 1993.
[29] Martin Heidegger, Sein und
Zeit, de Gruyter Verlag, Berlin und München, 2006, s.46-53.